کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بزووتنەوەی کورد و پرسی کورد لە ئێران لە دەلاقەی ڕووداوه‌که‌ی ١٧ خەرمانانه‌وه‌

16:57 - 30 خەرمانان 2718

هێرشی مووشەکی ڕێژیمی تاران بۆ سەر بنکەی دێموکڕاتەکان لە دەشتی کۆیە ئاوێنەی دەرخەری چۆنیەتیی تێڕوانینی دەوڵەتی ئێران و بەڕێوەبەرانی سیاسەت و بڕیار بەرامبەر بە پرسی کوردە. هێرش بۆ سەر مەکۆی سەرەکیی دێموکڕاتەکان لە قووڵایی باشووری کوردستان و لێدانی ورد لە شوێنی مەبەست، جێگای تێڕامان و هەڵسەنگاندنی زیاترە. مەبەستی ئێران لەو هێرشانە ڕەنگاوڕەنگن و جیا لە تۆڵە کردنەوە، هەڵگری ئامانجی کورتماوە و درێژخایەنن. پەیامی ڕێژیم لە ڕووداوی ١٧ خەرمانان (هێرشی مووشەکی و لەسێدارەدانی چەند کەسێک) نیشاندانی هێز و توانای نیزام بە خەڵک، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هەرێمی کوردستان و هێزە نەیارەکانیەتی. نیزامی ئاخوندی بەم هێرشەی خوازیارە بە هەموو لایەک ڕابگەیەنێ، کە لە قووڵایی خاکی جیرانەکانیدا زەبری گەورە و ورد لە نەیارەکانی دەدا. باوە دەڵێن، لە شەڕدا گوڵ نابەشنەوە، بەڵام هێرشی ئەمجارەی ڕێژیم بۆ سەر بنکەی دێموکڕاتەکان لە کۆیە لەگەڵ هێرشی ئاسمانی و تۆپباران و تەنانەت تەقینەوەی بۆمب و تیرۆردا جیاوازی بەرچاوی هەیە. ئاشکرایە کە دوای ئەو هێرشانە ڕەنگە داواکاری ڕێژیم دژ بە پارت و ڕێکخراوە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات، کە لە باشوور جێگیرن ڕەنگە لە بەغدا و هەولێر چڕتر ببنەوە. ئێران لە دوو مەیدانی نێوخۆ و نێودەوڵەتیدا لەگەڵ ژمارەیەک ئالەنگاری دژوار و هەستیار رووبەڕوو بۆتەوە. خەڵک لە ناوەند و شارە گەورەکانی وڵات زیاتر لە جاران لە سەر شەقامەکان ئامادەن و درووشمی ڕەق و دژکردەوەی توند بەرامبەر بە سیاسەتەکانی ڕێژیم دەنوێنن. کاربەدەستانی ڕێژیم لە جوڵە نێوخۆییەکان دەترسن و دەزانن، کە ئەگەر پەرەبستێنن و کانالیزە بکرێن زەبری گەورە لە نیزام دەدەن. کاربەدەستانی ڕێژیم ئاگادارن، کە کوردەکان لە ڕۆژهەڵات و پارتە سیاسییەکانیان دەتوانن لە دەرفەتدا زیاتر لە حیزب و ڕێکخراوەکانی دیکەی ئێران هەڕەشە و مەترسی بۆ ڕێژیم بخوڵقێنن. هەڵوێستی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و سیاسەتی دەرەکی بۆ پاڵەپەستۆ خستنە سەر ئێران دەسەڵاتی ئاخوندەکانی زیاتر لە جاران کردۆتە ئامانج.   بەرپرسانی ڕێژیم تێگەیشتوون، کە سیاسەتی ناردنەدەرەوەی قەیران و نانەوەی ئاژاوە ناتوانێ لەوە زیاتر قەیرانە نێوخۆییەکان پووشبەسەر بکا. لە ئاکامدا، ئەندازیارانی سیاسەت و دەسەڵات لە تاران بۆ ڕەواندنەوەی مەترسییەکان و کۆنتڕۆڵکردنی تەوژمی هەڕەشەکان دژ بە پایەکانی نیزام، بازنەی تۆقاندن و پەلامارەکانیان بۆ سەر خەڵک و هێزە ئۆپۆزیسیۆنە کوردییەکان زیاتر کردوە. پرسی کورد و ئازادییەکان لە ئێراندا پێویستی بە تەکانێکی بەهێز، بەردەوام و خاوەن بەرنامەیە. هێشتا ئەم پرسە لە سەرتاسەری ئێراندا نەبۆتە بابەتی دیالۆگ و بە تەواوەتی پەراوێز خراوە. لە ڕوانگەی دەوڵەت و هەروەها بژاردەی نەتەوە باڵادەستەکانی وڵات، خەباتی کوردان و گەلانی دیکەی ئێران دژ بە ئاسایش و هێمنایەتی ئێرانە و لە گەڵ یەکیه‌تیی و سەروەری سیاسیی دەوڵەتدا ناتەبایە. هێرش و دژکردەوەکانی ١٧ی خەرمانان بۆ سەر بنکەی دیموکڕاتەکان و سیاسەتی سێدارە سەلماندی، کە چارەسەرکردنی پرسی کورد و ئازادییەکان له‌ ئەمڕۆدا و لە ئێرانی بنده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی خەونێکی نەزۆکە. ئەو ڕووداوانە بە درێژەی سیاسەتی دەوڵەت و هێزە سەرکوتکەرەکانی بەرامبەر بە داخوازییە ڕەواکانی کورد لە ئێراندا پێناسە دەکرێن. سیاسەتێک، کە پڕاوپڕ لە توخمی رەشەکوژی و تیرۆریزمی دەوڵەتی و هەروەها سڕینەوە و لێدان لە  هەوێنی خۆناسینی مرۆڤی کوردە. بزوتنەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە دوای ڕووداوەکەی ١٧ی خەرمانان لە جاران زیاتر بە ڕەچاوکردنی ڕێباز و سیاسەتێکی تازە مەحکومە. شیاوی باسە، کە پێداویستیی ئاڵوگۆڕ لە شێواز و ستایلی خەبات لە هەموو گۆڕەپانەکاندا لەمێژ ساڵە قسەی لەسەر دەکرێ، بەڵام بە هۆکاری جیاواز پەراوێزخراوە. سیاسەتی کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا پێویستی بە وەرچەرخانێکی ڕیشەیی هەیە و ناکرێ لە سەر بەستێنی تەنیا دروشم و که‌فوکوڵ بەرامبەرکێ لەگەڵ دوژمن و پیلانەکانیاندا بکا. ئەو ئاڵوگۆڕانە بە قسە جێبەجێ نابن، بەڵکوو بیرکردنەوە و هزری ورد، پلان، ئامرازەکانی جێبەجێکردن و ویستێکی ساغی دەوێ. ئاڵوگۆڕەکان دەبێ لاقیان لەسەر زەوی بێ و ئەکتەرەکانی جیهانی سیاسەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا پێویستە بگۆڕدرێن. ئەلفبێی ئەو وەرچەرخانە بریتییە، لە بەهێزکردنی هێزی مەنتق و لۆژیک لە ناخی سیاسەت و کردەوە، ڕەفتاری سیاسیی پارت و ڕێکخراوە کوردییەکان و بژاردەی کۆمەلگەدا. ئەگەر کولتووری بیرکردنەوە، پلاندانان و کار و تێکۆشان نەگۆڕدرێن، بێگومان ڕووبەڕووبوونەوەی ئالەنگارییە تازە و بەتەوژمەکان کارێکی دژوارە. لە ئاکامدا، قەیرانەکان زیاتر لە سەر یەکتر کەڵەکە دەبن و کورد توانا و نەخشەی پەڕینەوە لە قەیرانەکانی نابێ.  لێرەدا ئاماژە بە چەند خاڵێک دەکرێ، کە لە کاراکردنی بزوتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نیشتماندا ڕۆڵ و نەخشی بەرچاو دەگێڕن. یەکەم؛ حیزبایەتی، تێکۆشان، ڕێکخستنی سیاسی و شێوازی شەڕی پێشمەرگانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا لە قەیران دایە. پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکان لە قۆناخی ڕزگاریدا دەبێ سنووری پلۆراڵیزمی سیاسی و ئاناڕشیزم و بێسەرەوبەرەیی تێبپەڕێنن. بارودۆخی ئەمڕۆی کورد لە ڕۆژهەڵات سادەکردنەوەی خەبات و دوورکەوتنەوە لە پەرتەوازەیی دەخوازێ. دابڕان و جیابوونەوەی پارتە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات، جووڵەی خەباتی کوردانیان بەتەوەژم نەکرد و دەستی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان بۆ زەبروەشاندن لە حیزب و ریکخراوە سیاسییەکان زیاتر ئاوەڵا کرد. قەیرانە نێوخۆییەکانی ڕێکخراو و پارتە سیاسییەکان، پایە کۆنەکانی ڕێکخستن و ئیدارەی لە بەریەک هەڵتەکاندن و کۆڵەکەی جێگرەوە و جێگای متمانەی ساز و ئامادە نەکرد. لە ژێر سێبەری ئەو پەرتەوازەییەدا خەباتی چەکداریی و هێزی پێشمەرگە پاش سڕکرانی درێژخایەن  وڵامدەری چاوەڕوانییەکان نابێ. سەرکەوتن لەو مەیدانەدا بیری ورد، بەرنامەی عەمەلی، ناسین و پێناسەکردنی خاڵە لاواز و ئەرێنییەکان دەخوازێ. سیاسەتکار و کۆنەکارەکان لەو گۆڕەپانەدا ئەرکی گەورەیان لەسەر شانە و نابێ بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە کەسییەکانیان سوکانی حیزبەکان بە گوێرەی تێڕوانینی خۆیان بسووڕێنن. لەم قۆناخەدا شەڕی پێشمەرگانە پێویستی بە سیاسەتی تازە و گۆڕینی ستراتیژی جووڵە و تەنانەت ئامانجە. بۆ سەرخستنی بەرنامە و پلانی تازە ناکرێ چاوپۆشی لە ئاڵوگۆڕەکانی ناوچە و جیهان و تەنانەت لایەنە بەهێزەکانی دوژمن بکرێ. ئەگەر لە ناسین و خوێندنەوەی ڕێژیمی تاران و پلانەکانیدا هەڵە بکرێ، دەرفەتی زەبروەشاندن لە بزوتنەوەی کورد و پرسی کوردان زیاتر دەخوڵقێ. دووهەم؛ چۆنیەتیی مانەوە لە باشوور و کەڵکوەرگرتن لە بنکە و مەکۆکان پێویستیان بە خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی تازەیە. حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان ڕەنگە درەنگ یان زوو لەو جۆغرافیایەدا بخرێنە ژێر پاڵەپەستۆ و تەنانەت داوای دەرکران، چەککران و ڕادەستکردنەوەیان بکرێ. بزوتنەوەی کورد و چالاکانی کوردی ڕۆژهەڵات لە ماوەی زیاتر لە نیوسەدەی ڕابردوودا مێژووییەکی ئاڵۆز و تاڵیان لەسەر مانەوە لە باشوور تۆمار کردوە.  باشووری کوردستان بە عورفی سیاسی و جیرانەتی ناتوانێ و تەنانەت ئیرادە ناکا و نه‌یویستووه‌ وردە پارێزگارییەک نەک لە پارتە سیاسییەکان بەڵکوو لە خەباتی ڕەوا و ئاشتیخوازنەی نێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان بکا. لە ژێر تیشکی ئەو بارودۆخەدا بیرکردنەوە لە جوغڕافیا و شوێنی مانەوەی هێز و بنکەکان کارێکی گرینگ و ڕۆژانەیە. بۆ چارەسەرکردنی ئەو هاوکێشەیە چەند ئاڵترناتیڤ و جێگرەوەیەک هەن، کە ڕەنگە هیچیان لە باشترەکان نەبن، بەڵام بۆ مانەوە ڕۆڵی گرینگیان هەیە. یەکێک لەو ئاڵترناتیڤانە جیاکردنەوەی دوو باڵی چەکداری و سیاسییە. ئاشکرایە، کە ئەو کارە پێویستی بە وەسەریەککەوتنەوەی حیزب و پارتە دابڕاوەکانە و ناکرێ حیزبەکان بەو پەڕتەوازەییەی ئەمڕۆ ئەو ئەرکە ڕاپەڕێنن. لە ئەگەرێکی ئەوتۆدا، باڵی  سیاسی و چەکداری ناچارە خەباتی شاخ بە مانا ڕاستەقینەکەی و هەروەها ژێرزەمینی بە فۆڕمێکی ئەمڕۆیی دەست پێ بکا. به‌مه‌ شێوازی خەباتی چەکداری و تەنانەت جۆری پێشمەرگایەتی دەگۆڕێ. کەمپەکانیش باشترە بخرێنە ژێر چاوەدێری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و باشتر لەمڕۆ پارێزگاری نێودەوڵەتیان لێ بکرێ. سێهەم؛ گۆڕینی سیاسەتی بەرگریی و گواستنەوە بۆ قۆناخی تۆڵەکردنەوە و سیاسەتی زەبرلێدان لە ڕێژیم. نیزامی تاران لە گەڵ ئازادییەکان ناتەبایە و کاربەدەستانی ئەم نیزامە بۆ سڕینەوەی نەیارەکانیان لە هەموو چەکێک کەڵکیان وەرگرتوە و وەردەگرن. با کەمێک ڕاستگۆیانە لەگەڵ خۆمان و مێژوو بدوێین. هیچ دەوڵەت و نیزامێکی دیکتاتۆر و تەنانەت مەیلە و دێموکڕاتیک بەو خەباتە سارد و سڕەی ئێمە ئامادە نییە تەنانەت وتووێژێکی جیددی و ڕاستگۆیانە لەگەڵ بەرامبەرەکەی بکا. ڕێژیم ناخوازێ باڵی توند و رادیکاڵ لە کوردستاندا سەرهەڵدەن، بۆیە ئانارشیزمەی ئەمڕۆی حیزب و رێکخراوە خاوەن پاشخانە مێژووییەکان و هەروەها بنەماڵەیی و ئینترنێتیەکان بە گونجاو دەزانێ. سیاسەتی بەرگری گەلێکی چەند میلوێنی نابێ ئەوەندە لاواز و سڕ بێ، کە دوژمن و کاربەدەستەکانی بە ئاسانی سەرکوت و تۆقی بکەن. ئیرادەی بەگژداچوونەوەی رێژیم و سیاسەتەکانی پێویستیان بە بیروباوەڕ، تێڕوانین، سیاسەتی تۆڵەکردنەوە و کانالیزەکردنی ڕق و توڕەیی خەڵک هەیە. خەباتی گەلێک بۆ ئازادکردنی گیراو و دیلێک ناکرێ تەنیا هاواری سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بن. تۆڵەکردنەوەی هێرشی مووشەکی ناگونجێ تەنیا نووسین و قسەکردن بێ، بەڵکوو لە ژێر سیاسەتی  خۆپاراستنی ڕەوادا دەکرێ پێشمەرگەی ئەمڕۆیی بۆ لێدان لە بنکە و مەکۆکانی ڕێژیم لە تاران و شارە گەورەکانی دیکەی ئێران ئامادە بکرێن. بەدیلگرتنی مۆرەکانی رێژیم و گۆڕینەوەیان بە دیلە کوردەکان سیاسەتێکە، کە بەرهەمدارە و رێژیم لە سیاسەتی سێدارە بە ڕێژەیەک دوور دەخاتەوە. دەستبەردانەوە و تەسلیمی سێدارە و سیاسەتی سەرکوتی ڕێژیم بوون، ڕێگاچارە نییە.  شایانی باسە، کە لە پانتایی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە نێو بیر و هزری زۆربەی کوردەکانی ئەم پارچەیەی کوردستاندا داخوازییە نەتەوەییەکان و ناسنامەی سیاسی نەبوونە پرسی گشتی. پەروەردە و ڕاهێنان لاوازە و تەنانەت ئیدارەی ناڕەزایەتییەکان کزە. کولتووری پێکەوەبوون و وەستانەوە بەرامبەر بە نیزامی زاڵ گەشەی نەکردوە و هێشتا شەپۆلە گەورەکانی خۆناسین و مافخوازی نەکەوتوونە گەڕ. چوارەم؛ خەباتی میدیایی کوردانی ڕۆژهەڵات لاوازە و توانای وڵامدانەوە بە ڕووداوەکانی گۆڕەپانی سیاسیی ئێران و کوردستانی نییە. مێدیا و کاناڵەکانی ڕاگەیاندن توانای ڕێکخراوکردنی خەبات و نافەرمانیی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتیان نییە و ناتوانن تینوایەتی چین و توێژەکانی خەڵک بشکێنن. ئەوان لە گرێدانی خەبات و جووڵەی کوردانی نێوخۆ و دەرەوەدا سەرکەوتوو نین. ئاشکرایە، کە دونیا گۆڕاوە و نەخش و ڕۆڵی مێدیا و ڕاگەیاندنەکان گۆڕاون، بەڵام کوردە ڕۆژهەڵاتییەکان لەو مەیدانەدا کارا و ئەکتیو نین. مێدیای حیزبەکان لەو نێوەدا سەرکەوتوو نەبوون و بەهۆکاری جیاواز بەشێکیان پاش ماوەیەک تێکۆشان لە کارکردن وەستاون. بژاردەی کورد لە دەرەوەی کوردستان و لایەنگر و ئەندامانی حیزبەکان لە دەرەوەی وڵات لە کۆڵانە داخراوەکانی سیاسەت و ئیدۆلۆژی خۆیاندا ماونەوە. ئەوان لە ژێر ڕەحمەتی ئەو پەرتەوازییە ڕەنگاوڕەنگەدا  سارد و سڕن و بۆیان نەلواوە ناوەندێکی مێدیایی نەبەستراوە و ئازاد دابمەزرێنن. نەبوونی مێدیا و کاناڵی ڕۆژانەی کاریگەر کوردە ڕۆژهەڵاتییەکانی ناچار کردوە، کە چاو لە کاناڵە کوردییەکانی باشوور و باکوور بکەن. لە ئاکامدا خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵات لە ژێر کارتێکەری ئارام و شاراوەی مێدیاکانی دیکەدا ڕوانگەکانیان گۆڕاون و ڕۆژهەڵاتیان بەکردەوە لەبیر کردوە. سەرەڕای ئەوە، نەبوونی کاناڵی فارسی زمان، پرسی کوردی وەک ساڵان لە چاو و گوێی نەتەوە باڵادەستەکانی ئێراندا بە تەمومژاوی هێشتۆتەوە. بزوتنەوەی کوردستان لەو سەردەمەدا پێویستی بە ناوەندێکی مێدیایی بەهێز هەیە، کە دەربڕی ویست و داخوازیی و هەروەها جوڵەی ڕۆژانەی خەڵک و بژاردەی کۆمەڵگە بێ. خەباتی کوردان لە ڕۆژهەڵات و ڕەوتی جووڵەی خەباتکاران لە گۆڕەپانی نێوخۆ، دەرەوە و پارتە سیاسییەکاندا  بەبێ بوونی ناوەندێکی بەهێزی ڕاگەیاندن سەرکەوتوو نابێ. مێدیاکان لە کورتماوە و درێژماوەدا دەتوانن بۆ خەباتی گەلێکی ژێردەست ڕۆڵ و نەخشی گەورە بگێڕن و تاک و کۆی کۆمەڵگە لەگەڵ بەستێنی ڕاستەقینەی خۆیان و ئەوانی دیکە ئاشنا بکەن. مێدیایەک سەردەکەوێ، کە خاوەنی بەرنامەی کار بێ و لەگەڵ سرووشت و کەسایەتیی و کولتووری بینەر و بیسەر بێتەوە و نەبێتە مەیدانی شەڕی زاراوە، ناوچە، ئیدۆلۆژیی و سەلقیەی ئەم و ئەو. پێنجەم؛ نەبوونی یەکدەنگی و هاوهەڵوێستی لە کاروباری دیپلۆماسیی و تێکۆشانی کوردەکانی دەرەوەدا. دیپلۆماسی کوردانی ڕۆژهەڵات، لە ژمارەیەک خۆپێشاندان و بەشداربوون و دیدار لە گەڵ بەرپرساندا کورت دەکرێنەوە، کە قورساییان کەمە. ڕۆژهەڵاتییەکان لەو بەستێنەدا لاوازن و کادری شارەزا، ناوەندی لێکۆڵینەوە و هەروەها جوڵەی کاریگەریان نییە. دیپلۆماسیی حیزبەکان زیاتر لە سەر قسە و وتاری قسەکەری یەکەمی حیزبەکان چەق دەبەستێ و خاوەنی قووڵایی ستراتیژی نییە. ئەو قسەکەرانەی کە ڕەنگە چەند دەییەک بێ لە لوتکەی حیزب و پارتە کوردییەکاندا جێگەیان گرتووە و  لەگەڵ  بەرپرسایەتی و کورسی سەرتاپا ئاوێتەی یەکتر بوون! خەباتی ڕەوای گەلی کورد لە دەرەوە لە سەر بناخەی نەبوونی بەرنامە و پەرتەوازەیی پێوەندیی و کار و تێکۆشانی پارتە کوردییەکان هەڵچنراوە. جووڵە دیپلۆماسییەکان، گیانی خوڵقاندنی شەپۆلی گەورە و لۆبیکردنیان نییە و لە ڕووکار و شکڵدا قەتیس ماوەتەوە. خەباتی دیپلۆماسی کوردانی ڕۆژهەڵات لە دەرەوەی وڵات خەمخۆرییەکی گەورە و لێزانیەکی زۆری دەوێ.  پارتە کوردییەکان دەرفەتی خوڵقاندنی دەرفەتی زۆریان لەو مەیدانەدا هەبووە، بەڵام لەبەر نەبوونی پلان و بەرنامە و هەروەها لە ترسی دەرکەوتنی روخساری تازە لە پێدەشتەکانی خەباتی کوردایەتیدا بە هیچ جۆر خۆیان لە قەرەی ئەو پرسە نەداوە. شایانی باسە، کە خەباتی دیپلۆماسی، کولتووری، مێدیایی و ئابوری لە جیهانی ئەمڕۆدا لە گەڵ یەکتردا گرێدراون. کوردە ڕۆژهەڵاتییەکان لەو بەستێنانەدا لاوازن. ئەوان خاوەنی هێزی گەورەی مرۆڤین، بەڵام بە هۆکاری جیاواز نە سەرمایەگوزاریان لەسەر کراوە و نە کەڵکیان لێ وەرگیراوە. پارتە سیاسییەکان و بژاردەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پاش هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکە و مەکۆی دێموکڕاتەکان، ناچارن توانا و درووشمەکانیان یەکانگیرتر بکەن. هاوکێشەی کوردە ڕۆژهەڵاتییەکان بە وردبینی و هەڵسەنگاندنی ورد، "فیعلی زۆر" و "قسەی کەم" دەگۆڕدرێ. بزوتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا پاشخانی بەهێزی هەیە، بەڵام بۆ خوڵقاندنی داهاتوویەکی گەش پێویستی بە نەخشە ڕێگایە. لە شەڕدا لایەنەکان زەبریان وێدەکەوێ، بەڵام زەبرەکان جیاوازن و شوێنەواری جیا لە دوای خۆیان جێدێڵن. ئەگەر کەوتن و شکانەکان ئاراستەی سیاسەت و ڕەفتاری لایەن و کەسەکان نەگۆڕن، بێگومان دەرچوون لە داوی جاڵجاڵوکەیی سەردەم و دوژمن کارێکی ئەستەم دەبێ. بزوتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات توانا و ئەگەری کارپێنەکراوی زۆرە و هونەری سیاسەت لەوەدایە، کە چەندە و چۆن لەو بەستێنەدا کار دەکرێ.  بۆ سەرکەوتنی ئەو خەباتە ئیرادە، بڕیار و نەخشەڕێگای کردەیی پێویستن. بزوتنەوەی ڕۆژهەڵات بۆ خۆپاراستن و گەشەکردن و بوون بە بزوتنەوەیەکی سیاسی_کۆمەڵایەتی لە نێوخۆدا بژاردەی ئازا، رێکخستنی تۆکمە، هێزی لۆژیک و لۆژیکی هێزی دەوێ. لە سەر بنچینەی ئەو ڕێکارانە، کورد دەتوانێ لە ڕۆژهەڵاتدا ببێتە خاوەنی پێگەیەکی بەهێز و لە دۆست و دوژمن دیار بێ. کارەساتەکان کۆتایی مێژوو نین، بەڵام هەر ڕووداو و کارەساتێک شوێنەوارێک لە دوای خۆی جێدێڵێ. ١٧ی خەرمانان لە مێژووی بزوتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتدا کەمە و دەکرێ بە وانەوەرگرتن لە خاڵە لاوازەکان و کۆکردنەوەی هێز و توانا و هەروەها دەرچوون لە کۆڵانە داخراوەکانی بیرکردنەوە بکرێتە سەرەتایەکی تازە بۆ خەبات دژ بە رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران.