کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٧ی خەرمانان و ١٧ی سێپتامبر دوو "شاکار"ی دەستی تاوان

16:59 - 30 خەرمانان 2718

٢٦ ساڵ لەمەوبەر لە ١٧ی سێپتامبری ١٩٩٢دا ڕێژیمی تاریکپەرستی کۆماری ئیسلامی لە شاری بێرلێنی ئەڵمان و لە نێوجەرگەی ئورووپای "لانکی ئازادی"دا تاوانێکی سامناکی دەرهەقی حیزبی دێموکڕات بەڕێوە برد. لەوڕۆژەدا تێرۆریستە پیاوکوژەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دوکتۆر سادق شەڕەفکەندی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتیان دەگەڵ دوو لە هاوڕێیانی کاک فەتاحی عەبدولی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و نوێنەری حیزب لە ئورووپا، و کاک هومایوونی ئەردەڵان، نوێنەری حیزب لە ئەڵمان و تێکۆشەرێکی ئێرانیی دۆستی حیزب بە ناوی "نووری دێهکۆردی" دایە بەر ڕەهێڵەی گوللەی غەدر و تاوان و شەهیدیان کردن. ئەمساڵیش لە بەرەبەری یادی ٢٦ ساڵەی کوشتاری بێڕلیندا ڕێژیمی جەور و جینایەت کارەساتێکی گەورەتری خوڵقاند. لە ڕۆژی ١٧ی خەرماناندا بە مووشەکبارانی بنکەی ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بە دەیان کادر و پێشمەرگەی دێموکڕاتی شەهید و بریندار کرد کە لەنێو شەهیدەکاندا شەش ئەندامی ڕێبەریی حیزب دەبینرێن. جێی سەرنجە ڕێژیمی پیاوکوژان هەروەک لە ساڵی ١٣٥٨دا ڕاست ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژ ساڵوەگەڕی کۆدیتا شوومەکەی ڕێژیمی حەمەڕەزاشای بۆ دەرکردنی فەرمانی کوشتاری بە کۆمەڵی خەڵکی کوردستان هەڵبژارد، ئەمساڵیش بۆ بەڕێوەبردنی ئەم کردەوە پڕشوورەییە، ١٧ی خەرمانان ساڵوەگەڕی کوشتاری ڕێژیمی شا لە مەیدانی ژاڵەی تارانی بەگونجاو زانی تا کەس پێی وا نەبێ ڕێژیمی شاهەنشاهی بێ ­پاشەوارە و دنیا بزانێ کە کۆماری ئیسلامی لە تاوان و خوێنڕێژیدا دەستی ڕێژیمی پێشووی لەپشتەوەڕا بەستووە. شایانی باسە کە پیاوکوژە خوێنمژەکانی حاکم بەسەر ئێراندا هەر ئەم ڕۆژەیان بۆ بەڕێوەبردنی حوکمی ئیعدامی ڕامین حوسێن­پەناهی و زانیار و لوقمان مورادی، سێ زیندانیی سیاسیی کورد بە دەرفەتێکی گونجاو زانی تا سیناریۆی دڕندەیی و دژەمرۆیی هیچ کەموکوڕییەکی نەمێنێ. حاشا لەوە ناکرێ کە جینایەتی سامناکی ١٧ی خەرمانانی ئەمساڵ نەک­ هەر زەبرێکی بەژان لە پەیکەری حیزبی دێموکڕات بوو، بەڵکوو ویژدانی بەکۆمەڵی هەموو نەتەوەی کورد و تەنانەت خەڵکی ئێران و بیروڕای گشتیی جیهانیشی هەژاند، بەڵام حیزبی دێموکڕاتی قاڵبووی مەیدانی خەبات دژی سەرەڕۆیی و کۆنەپەرستی و لەویش زیاتر خەڵکی هەمیشە قارەمانی کوردستان نیشانیان دا کە دارێک نین بەو بایانە بلەرن و تاوان هەرچەندی سامناکتر بێ ڕقی پیرۆز و هەستی تۆڵەی گونجاو لە دڵی ئەواندا پتر دەبزوێنێ. ئەگەرچی هەقی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری تەنیا بە وەدیهاتنی ئاواتەکانیان وەردەگیرێ، بەڵام ئەوەی خەڵکی کوردستان لە ڕۆژی چوار شەممە ٢١ی خەرمانانی ئەمساڵدا لە خۆیان نیشان دا جوابێکی پڕبەپێست بۆ هەموو ئەو گەمژە و نەزانانەبوو کە پێیان وایە بە جورم و جینایەت دەتوانن کورد ناچار بکەن واز لە داوای ماف و ئازادییە ڕەواکانی خۆی بێنێ. جینایەتی ١٧ی خەرمانانی ئەمساڵ دەگەڵ هەموو بەژانی و کارەساتباریی خۆی، تاوانی ١٧ی سێپتامبری ١٩٩٢ی ڕێستوورانی میکۆنووسی بێڕلین لە بیر تێکۆشەرانی دێموکڕات و کۆمەڵانی هەمیشە سەربەرزی خەڵکی کوردستان ناباتەوە، چونکە ئەوان تێ دەکۆشن هەموو غەمەکانیان بکەنە گڕ بۆ ئاورتێبەردانی تەخت­ و بەختی ستەمکاران و هەموو فرمێسکەکانیان بکەنە لافاو بۆ ڕماندن و ڕاماڵینی کۆشکی زۆرداران. بەڵێ، شەهیدکرانی دوکتۆر شەڕەفکەندی و هاوڕێکانی، بەتایبەتی لەبەر ئەوەی هێشتا برینی شەهیدبوونی ڕێبەری هەڵکەوتەی کورد دوکتۆر قاسملوو و هاوڕێکانی لەسەر جەستەی حیزبی دێموکڕات و نەتەوەی کورد بەتەواوی ساڕێژ نەببۆوە کە ئەو کۆستەی بەدوادا هات، کارەساتێکی دڵتەزێن و زەبرێکی ناخهەژێن بوو. (دەزانین کە ماوەی نێوان تێڕۆری ئەو دوو ڕێبەرە تەنیا سێ ساڵ و دوو مانگ و چوار ڕۆژ بوو)، بەڵام گەلی قارەمانپەروەری کورد و ڕێبەری کاریزمای دێموکڕات تێکۆشەرانی ڕێگای ڕزگارییان وا ڕاهیناوە کە بەرگەی زەبری زۆر قورس بگرن و کارەسات هەرچەند جەرگبڕیش بێ، ئیرادەیان نەڕووخێنێ. دوکتۆر شەرەفکەندی ئەو ڕێبەرە بەتوانایەی دێموکڕات و ئەو قوتابییە بەوەفایەی دوکتۆر قاسملوو بوو کە دەگەڵ ئەوەی نەمانی قاسملوو کەلێنەکەی پێش هەمووان لە ژیانی سیاسی و خەباتگێڕانەی ئەودا خۆی دەردەخست، بەجۆرێک ئەرکەکانی ڕێبەری لەدەستچووی گرتنە دەست و بەڕێوەی بردن کە نە دۆست نە دوژمن نەبوونی دوکتۆر قاسملوو بە حیزبی دێموکڕات و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازنەی کوردی ئێرانەوە کە بە یەکێک لە دژوارترین قۆناخەکانی­دا تێدەپەڕی، نە­بینن وهەستی پێ نەکەن. لێرەدا وەبیرهێنانەوەی هێندێ لە تایبەتمەندییەکانی دوکتۆر شەڕفکەندی -یان وەک هاوڕێکانی بانگیان دەکرد- کاک سەعید بەتایبەتی بۆ شارەزابوونی بەرەی لاوی تێکۆشەرانی دێموکڕات بە گونجاو دەزانین. باسی ئەوە ناکەین کە ئەو ئینسانە لەخۆیدا چەندە زیرەک و بەتوانا و لێوەشاوە بوو. قسە لەو خەسڵەتانەیە کە بۆ ئەوە دەبن هەر دێموکڕاتێک یان هەر تێکۆشەرێکی ڕێگای ڕزگاری فێریان بێت و لە ژیانی خەباتگێڕانەی خۆیدا بەکاریان بەرێ. کاک سەعید چەندی دڵ بخوازێ مودیر و بەبەرنامە بوو. دەگەڵ هەموو هۆشیاری و زیرەکیی خۆی کارەکانی تەنیا بە (حافظە) نەدەسپارد، بەڵکوو دەفتەری یادداشتی هەبوو کە هەموو ئەرک و بەرنامە کارییەکانی تێدا تۆمار دەکرد و بەگوێرەی پێویست ڕۆژانە یان حەوتووانە دەگەڕایەوە سەریان و ئاڵوگۆڕی تازەی لێ زیاد دەکردن. ئەوە وای کردبوو کە هەر بابەتێکی هاتبایە بەر دەست سەراوان و بنەوانی وەک پێویست و بێ کەموکوڕی لەبەر دەم بوو. لە ژیانی ئاسایی خۆیدا هەتا بڵێی سادە دەژیا، دەگەڵ هەموو هاوڕێ و هاوکارەکانی گەرم و میهرەبان و بێ فیزوئیفادە بوو. بەڵام کە کار دەگەیشتە سەر ئەرک و بەرپرسایەتی و کاری حیزبی، کورد گوتەنی "بەسەر بابیشیەوە نەدەچوو" و لە نیزیکترین دۆست و هاوڕێکانیی قبووڵ نەدەکرد لە ئەنجامدانی ئەرک و بەرپرسایەتییە حیزبی و خەباتگێڕانەکانیاندا کەمتەرخەم بن یان خۆ بدزنەوە. ئەگەرچی قەت وەکوو پێشمەرگەیەک (بە مانا تایبەتییەکەی) کاری نەکردبوو، بەڵام لە کاتی تەنگانە و پەلاماری دوژمندا یەک­جار ئازا و ورەبەرز بوو، بەجۆرێک کە زۆرجار ئازایەتییەکەی دەگەیشتە سنووری بێباکی و خۆنەپارێزی، کە دیارە بۆ هیچ خەباتکارێک بەتایبەتی بۆ ڕێبەرێک ڕەوا نییە و هەر بۆیەش دەکەوتە بەر گلەیی و گازندەی هاوڕێکانی. لە باری بڕیاری سیاسییشەوە کاک سەعید هەروا ئازا و بەزیبک­و­زاکوون بوو. دیارە هەڵسەنگاندنی پێویستی بۆ هەنگاوەکانی دەکرد، بەڵام بۆ هەڵێنانەوەی هەنگاوی شۆرشگێڕانە سڵی لە هیچ بڕیارێکی سەخت نەدەکردەوە و لە کۆسپ و لەمپەر نەدەپرینگایەوە. کاک سەعید بە مانای تەواوی وشە نەتەوەیی بوو، کوردی وەک یەک نەتەوەی دابەشکراو سەیر دەکرد و وێڕای لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی نێوخۆیی و ناوچەیی و نێونەتەوەیی ئەوکاتەی قازانجی گشتیی نەتەوەی کورد پێویستی کردبا ئامادە بوو بێ پەروا قازانجی حیزبی و تەنانەت خۆماڵییش فیدای قازانجی گشتیی نەتەوەکەی بکا. نموونەی ئەو هەنگاوانە لەبەر دەستن، بەڵام وەک زۆر شتی دیکە هێشتا وەختی نەهاتوە پەردەیان لەسەر لابدرێ. لەم ساڵوەگەڕەدا بەجێیە و تەنانەت پێویستە یادێک لە هاوڕێ و هاوچارەنووسەکانی کاک سەعیدیش بکرێتەوە. کاک فەتاحی عەبدولی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و نوێنەری حیزبی دێموکڕات لە ئورووپا کادرێکی یەکجار لێوەشاوە و بەتوانا بوو، و بە یەكێک لە هومێدەکانی دواڕۆژی حیزب دادەنرا. ئەو کە بەداخەوە لە تەمەنێکی کەم­دا دەستی تیڕۆر لە باوەشی حیزبەکەی و نەتەوەکەی ڕفاند تا وەختێکی لە کوردستان بوو لە بواری جۆراوجۆردا ئەرکی حیزبیی بەڕێوە دەبرد کە لە هەموویان­دا سەرکەوتوو بوو. کاتێکیش بۆ نوێنەرایەتیی حیزب نێردرایە دەفتەری پاریس دەگەڵ ئەوەی ئەزموونی کاری دیپلۆماسیی نەبوو، زۆر زوو لێوەشاوەیی خۆی نیشان دا و لەماوەیەکی کورتدا هەم زمانی فەڕانسەیی فێر بوو، هەم پێوەندییەکی بەربەرینی دەگەڵ کۆڕوکۆمەڵ و کەسایەتییە ناودارەکانی فەڕانسە دامەزراند. کاک هومایوونی ئەردەڵانیش کادرێکی بەوەج، تێکۆشەر، مەسئوول و ئازا و بەجەرگ بوو، لە پلەیەکی بەرزی وشیاریی سیاسی­­دا بوو کە دەیتوانی لە خەباتی دواڕۆژی حیزبی دێموکڕاتدا ڕۆڵی کاریگەری هەبێ. ئەویش تا کاتێک لە کوردستان بوو لە هەر بوارێک­دا کاری پێ سپێردرا سەربەرز وسەرکەوتوو هاتە دەر و لە ئەڵمانیش دەگەڵ ئەوەی ماوەی کارکردنی کورت بوو جێگای شیاوی خۆی کردەوە. کاک "نوری دهکردی" تێکۆشەرێکی ئێرانیی دۆستی کورد و حیزبی دێموکڕات بوو. ماوەیەکی زۆر لە بنکەی دەفتەری سیاسیی دێموکڕات ژیا و بەجۆرێک تێکەڵ بە کۆڕی هاوڕێیان ببوو کە ئەوەی شارەزا نەبووایە وای دەزانی ئەندامی حیزبە. ئەو کە نووسەرێکی بەتوانا بوو ماوەیەکی زۆر هاوکاری ڕۆژنامەی کوردستان و ڕادیۆی دەنگی کوردستان بوو. بەڕادەیەک بە بیروباوەڕ لە حیزبی ئێمە نیزیک بوو کە هیچ­کات وتارێکی لەباری سیاسەتی حیزبەوە پێویستیی بە دەستکاری نەبوو. کاتێک چووە ئەڵمانیش هەمیشە هاوکاریی حیزبی دێموکڕاتی ده­کرد و بەجۆرێک دەگەڵ ئەم حیزبە تێکەڵ بوو کە سەرەنجام شان­بەشانی ڕێبەرانی حیزب شەهید بوو. ڕووحی هەموو ئەم عەزیزانەمان شاد و ڕێگایان تا گەیشتن بە ئامانجەکانیان بەردەوام بێ، نەفرەت لە ڕێژیمی تیڕۆریست و تیڕۆریستپەروەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و سەرکەوتن بۆ خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد و هەموو گەلانی ئێران بۆ ڕزگاری لە رێژیمی تاریکی و نەزانی. لەو بۆنەیەدا بەجێیە بە ئەمەگناسییەوە سوپاسی ئەو بەشە لەخەباتگێڕانی ئێرانی بکەین کە لە ماوەی سێ ساڵ دادگای تاوانبارانی تیڕۆری میکۆنووس­دا هەمیشە بەدوای مەسەلەکەوە بوون. هەم کۆمەگیان بە ڕوون­بوونەوەی ڕاستییەکان کرد و هەم تەواوی ڕەوتی دادگایان بە دیکۆمێنت کرد. لەوانە هەروەک نموونە ناوی "پرویز دستمالچی" و "ابوالحسن بنی­صدر" دەبەین. هەر لەو پێوەندییەدا ناهەقی دەبێ ئەگەر قەدرزانی لە دەزگای قەزایی ئەڵمانیش نەکرێ کە بەرامبەر بە هەموو هەڕەشە و فشارێکی ئێران و تەنانەت دەوڵەتی ئەڵمانیش ڕاوەستا هەتا هەقیقەتی تیڕۆری میکۆنووسی ڕوون کردەوە و کۆماری ئیسلامیی لەتەواوەتی خۆیدا ڕیسوا کرد.