کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کارەساتی ١٧ی خه‌رمانان و تەناهی نێودەوڵەتی

19:26 - 30 خەرمانان 2718

له کاتی نوسینی ئەم دێرانه ٨ ڕۆژ بەسەر کارەساتی ١٧یخه‌رمانان دا تێ دەپەرێ، بەڵام لە ئاستی دیپلۆماسی نێودەوڵەتییدا هەڵوێستێکی بەرچاو نابیندرێ. ئەگەر بمانەوێ ئەو کارەساتە لە ڕوانگەی نێودەوڵەتییەوە تاوتوێ بکەین، باشتر وایه لە ڕەهەندی تەناهی نێودەوڵەتییەوە تاوتوێ بکرێ. لە پاش ١١ سێپتامبری ٢٠٠١ دیاردەیەکی نوێ لە تەناهی نێودەوڵەتییدا سەری هەڵدا، دیاردەکە ئەوە بوو، "هێزێکی بچووک بتوانی هێزێکی گەورە لەسەر خاکی خۆی تووشی قەیرانی تەناهیی نێوخۆیی بکا". پێشتر و لە سەردەمی شەری سارددا، هێزی چەکداری نادەوڵەتی وەک دیاردەیەکی تەناهی لە تەناهیی نێودەوڵەتییدا سەریان هەڵدا بوو. سەرەکیترین هۆکار کە هێزی چەکداری نادەوڵەتی لە تەناهیی نێودەوڵەتییدا بایەخیان پەیدا کرد، شەڕی سارد یان هەمان ململانێی نێوان بەرەی سەرمایەداری و بەرەی کۆمۆنیست بوو. بەڵام ئەو شەڕە بە وەکالەتە تەنیا توانیبووی لە ئاستی نێودەوڵەتییدا و لە دەرەوەی خاکی زلهێزانی پشت شەرەکە ئەوان تووشی قەیران بکا، نەک لەسەر خاکی خۆیان. لە پاش ١١ سێپتامبری ٢٠٠١ جۆرێ قەیرانی نوێ لە تەناهیی نەتەوەییدا هاتۆتە ئاراوە، ئەویش گرێدانی زیاتری تەناهیی نێوخۆیی زلهێزان بە ڕۆلی ئەوان لە تەناهیی نێودەوڵەتیدا، بەو مانایە کە چیتر ئامریکا یان وڵاتێکی ‌تر ناتوان تەنیا لە ڕێگایی هێزی سەربازی و لە دەرەوەی وڵات لەگەڵ گرووپی چەکداری نادەوڵەتی بەرەوڕوو ببێتەوە، بەڵکوو ئەگەری هەیە هێزیکی بچووک بتوانێ لەسەر خاکی وڵاتێکی زلهێز قەیرانێکی گەورەی تەناهی ساز بکا. کە دوایین  نمونەکانی پرۆژەی "گورگی تەنیا"ی رێکخراوە ئیسلامییەکان لە یەکیه‌تیی ئورووپایە. بۆ ڕوونبوونەوەی زیاتر دەبێ بڵێن پێش ١١ سێپتامبر گرووپە چەکدارە نادەوڵەتییەکان لە تەناهی نێودەوڵەتییدا تەنیا وەک ژانەسەرێک یان کەرەسەیەک بۆ دەستەبەرکردنی ئارمانجی سیاسی و ئابووری  لەلایان هێزە جیهانی و ناوچەییەکانەوە سەیریان دەکرا، بەڵام دوایی ١١ سێپتامبر ئەو گرووپانە بوون بە مەترسییەک بۆ سەر تەناهی نێوخۆیی زلهێزانی ناوچەیی و جیهانی. ئەو دیاردەیە بۆ هەموو وڵاتانی دنیا ڕاستە، واتە هێزێکی چەکداری نادەوڵەتی بێئەوەی هاووڵاتیی وڵاتیک بێ، دەتوانێ مەترسی بۆ سەر تەناهیی نێوخۆیی ئەو وڵاتە هەبێت. کە واتە لە پاش ١١ی سێپتامبره‌وه‌ تەناهیی نێوخۆی هەر وڵاتێک گرێدراوە بەوەی لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا هەڵسوکەتی لەگەڵ گرووپە چەکدارە نادەوڵەتییەکان چۆنە. پێش ١١ سێپتامبر تەناهیی نێوخۆی زیاتر گرێدرابوو بە جۆری پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتەکان، نەک جۆری هەڵسوکەت لەگەڵ گرووپە چەکدارییەکان. لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، بەتایبەتی لە قۆناغی پاش بەهاری عەرەبی پێگەی گرووپە چەکدارییە نادەوڵەتییەکان وەک ئەکتێرێکی نێو یارییە تەناهی و سیاسییەکانی ئەو ناوچەیە زۆر چۆتە سەرێ و بەشێوەیەک که بەشێک لەو گرووپانە لەم ساڵانه‌ی دواییدا وەک ئەکتێری نێودەوڵەتی ناسێندران و دانیان پێداهێندرا. لێرەدا دەبێ چوونە سەرێی پێگەی گرووپە چەکدارییەکان لە بەستێنی تەناهیی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی‌نێوەراستدا زیاتر تاوتوێ بکەین. پێش ١١ی سێپتامبریش تەناهیی نێوخۆیی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست تایبەتمەندیی خۆی هەبوو، لەو ناوچەیەدا تەناهیی نێوخۆی لە ڕاستییدا درێژکراوەی تەناهیی ناوچەییە و پێچەوانەکەشی ڕاستە تەناهیی ناوچەیی دەبێتە هۆی ئەوەی تەناهیی نێوخۆی سەقامگیرتر بێ. هۆکاری ئەو تایبەتمەندییەی ڕۆژهەڵاتی ‌نێوەراست دەگەرێتەوە بۆ پێنج دیارەی گرینگ کە لەو ناوچەیەدا هەیە، لە هەموو قەیران و پرسە سیاسی و تەناهییەکان ئەو پێنج دیاردەیە ڕۆل دەگێرن دیاردەکان بریتین لە: ١: ئیسرائیل وەک وڵاتێک کە بەشێک لە دراوسێکانی دانی پێدا ناهێنن و هەتا ئێستا سنوورەکانی ئەو وڵاتە ڕوون نییە. ٢: ئەو ناوچەیه‌ی وەک ڕۆژهەڵاتی نێوەراست دەناسرێ٧٠% وزەی دنیا لەو ناوچەیەوە دابین دەکرێ و تەناهی ئەو ناوچەیە ڕاستەوخۆ کارتێکەری دەکاتە سەر تەناهیی وزە و تەناهیی نێودەوڵەتی و تەنانەت تەناهیی نێوخۆیه‌ وڵاتانی کریاری وزە. ٣: پرسی کورد وەک پرسێک کە چوار وڵاتی ناوچە هەر چەشنە ئالوگۆرێکی ناوچەیی لەو پرسەدا وەک پرس یان قەیران لە بەردەم تەناهیی نێوخۆیی خۆیاندا سەیر دەکەن . ٤: فەلەستین وەک وڵاتێک کە هەتا ئێستا چارەنوسی دیار نییە. ٥: خەونی وەدیهێنانی هیلالی شێعه وەک ئامانجێکی ناوچەیی کۆماری ئیسلامی ئێران. ئەو پێنج  دیاردە گرینگه وای کردووە که لە ئاستی تەناهیی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا لەگەڵ سێ جۆر ئەکتیر بەرەوڕوو بین: یەکەم: زلهێزە جیهانییەکان، وڵاتانی خاوەنی مافی ڤێتۆ و ٨ وڵاتی پیشەی جیهان چون ئەو وڵاتانە زیاترین وزەی دنیا بەکار دێنن. دووهەم: دەوڵەتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست. سێهەم: هێزە چەکدارەکانی ناوچەکە کە لێرەدا وەک ئەکتێری نادەوڵەتی پێناسەیان دەکەین، ئەو هێزە چەکدارانە دەتوانێ هێزی ڕزگاریخواز بن وەک هێزە کوردییەکان، هێزەکانی سەر بە بزوتنەوەی فەلەستین یان هێزی جیهادی بن وەک گرووپ گەلی داعش "دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام"، تۆری ئەلقاعیدە، حیزبووڵڵای لوبنان و حوسییەکان. ئەگەر پاش ئەو خوێندنەوەیە بچینە سەر باسی موشکەبارانی بنکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە دەکرێ لە ڕوانگەی تەناهییەوە سێ خوێندنەوە بۆ ئەو کارەساتە بکەین: ١:کۆماری ئیسلامی ڕاستەوخۆ ویستی به ئیسرائیل و سعودی بڵێ کە ئەو توانایی موشەکیه خاڵکوتی هەیە و باشتر وایه هێزی مووشەکیی ئێران تاقی نەکەنەوە. ٢:کۆماری ئیسلامی خۆی بۆ قۆناغێکی نوێ لە بەرەڕووبونەوەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ئامادە دەکا و دەیەوێ هێزی چەکداری بەرهەڵستکاری خۆی بە تەواوی لە نێو بەرێ، چوون وەک باسمان لێ کرد هێزی چەکداری نادەوڵەتی لە ئێستادا پێگەیان لە تەناهیی نێودەوڵەتیدا زۆر چۆتە سەرێ. ٣:سپای پاسداران بەو کارە دەیەوێ کارتێکەری بخاتە سەر ململانێی نێوخۆیی ڕێژیم و ئەو ململانێیە بە قازانجی باڵی خۆی بشکێنێتەوە، ڕوونە ململانێی نێوخۆیی ڕێژیم چەند ڕەهەندییە و بەمانایی ئەوەش نییە کە لایەنێک لە نێو ڕێژیم بۆ کورد باشترن لە لایەنێکی ‌تر. لێرە پرسیارێکی‌تر دێتە گۆرێ، ئایا سپای پاسداران توانیویەتی ئامانجە تەناهیەکانی بپێکێ؟ بۆ وڵامی ئەو پرسیارە، سەرەتا پێویستە کە پرسی مووشەکیی ئێران لە ڕوانگەی تەناهیی نێودەوڵەتییەوە تاوتوێ بکەین. بەپێی تەناهیی نێودەوڵەتی، یەکێ لە مەترسییەکانی سەر ئەو تەناهییە لە ئێستادا پرسی موشەکیی ئێرانە بە سێ مانا: یەکەم: ئێران لە ناوچەکەدا خولیای وەدیهێنانی هیلالی شێعەی هەیە و ئەوەش بۆتە مەترسی بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی و هاوکات ئێران دەستی لە شەڕی بەوەکالەتەکانی ناوچەکەدا هەیە. شەڕی بە وەکالەتی ئێران لە وڵاتانی ئیسلامی_عەرەبی بۆتە هۆکاری تیکڕووخانی تەواوی تەناهی وڵاتانی عێراق، سووریه‌، یەمەن، لیبی و هەر وەها مەترسیی تەناهی خستۆتە سەر بەحرەین و کوێت. دووهەم: توانایی مووشەکیی ئێران دەتوانێ مەترسی بێت لەسەر تەناهیی وزە چون ئێران لە ئێستادا لە ڕێگای حوسییەکانەوە دەتوانێ مەترسی بخاتە سەر هاتووچۆ لە "تەنگەڵانی بابولمەندب" هەر وەها لە خاکی خۆشیەوە دەتوانێ مەترسی بخاتە سەر هاتوچۆ  لە "تەنگەڵانی هۆرمۆز" لە کەنداودا. هەر چەشنە مەترسییەکی هاتوچۆ لەو دوو تەنگەڵانە دەتوانێ مەترسیی تەناهیی نێوخۆیی لە وڵاتانی کریاری وزە ساز بکا و هاوکات تەناهیی نێودەوڵەتیش تووشی قەیرانی زۆر گەورە بکا. سێهەم: بە تەواوی دەرکەوتووە کە ئێران چەک وچۆلی تایبەت دەدا بە دەستوپەیوەندییەکانی لە ناوچەکەدا، لێرە مەبەست لە دەستوپەیوەندی گرووپە چەکدارە نادەوڵەتییەکان وەک حیزبوڵڵا و ..یه‌. دانی چەکی تایبەت وەک مووشەک و ... بە هێزی چەکداری نادەوڵەتی  ئەگەر لەسەر بنەمایی ئەو دیاردە نوێیە کە "هێزی چەکداری بچووک دەتوانێ تەناهیی نێوخۆیی زلهێزان تووشی تەنگژە بکا" سەیر بکەین ئەوە بەو مانایه‌یە کە وڵاتگەلی وەک ئامریکا کە ئێستا سەرکردایەتیی بەرەی دژە ئێران دەکەن، توانایی مووشەکیی ئێران بۆتە مەترسییەکی  نێوخۆیی بۆ ئەوان. هەر لەو بەشەدا دەتوانین ئاماژە بە مەترسی مووشەکی حوسییەکان بۆ سەر بنیاتە نەوتی و ئابوورییەکانی پاشایەتیی سعوودی و مەترسی مووشەکی حیزبوڵڵا بۆ سەر بنیاتە هەستیارەکانی ئیسرائیل بکەین. کە وایە ئەگەر ئێستا بمانەوێ پاش ئەو لێکدانەوەیە باس لەسەر ئەوە بکەین کە ئایا مووشەکبارانی بنکەکانی حیزبی دێموکرات لەلایان سپاوە بۆ کۆماری ئیسلامی دەستکەوت بووه‌، یان بە پێی بنەماکانی  تەناهیی نێودەوڵەتی قەیرانێکی نوێییه‌ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا؛ دەکرێ بڵێن: لە ئێستادا کۆمەڵگه‌ی جیهانی توانایی مووشەکیی ئێران وەک قەیرانی تەناهی سەیر دەکا و پاش ئەو کردەوەیە کۆماری ئیسلامی وڵاتانی جیهان لە ئاستی پەیوەندی لەگەڵ ئێران لەسەر توانایی مووشەکیی ئه‌م وڵاته‌ هەستیارتر دەبن، ئەوەش بەو مانایه‌یەکە لە ڕوانگەی تەناهیی نێودەوڵەتییەوە کۆماری ئیسلامی قەیرانێکی ‌تری بۆخۆی سازکردووە و بێباوەری بە کردەوەی ئێران له ئاستی جیهاندا قووڵتر لە جاران دەبێتەوە. گرینگی ئەو قەیرانە نوێیە که ڕێژیم خۆی تووش کردووە زیاتر لە هەموو شتێک پەیوەندی بە کاتی خوڵقانی قەیرانەکەوە هەیە. کۆماری ئیسلامی ئێستا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا تەریک بۆتەوە و درێژبوونەوە و قووڵبوونەوەی قەیرانە نێودەوڵەتییەکانیش زیاتر ئەو ڕێژیمە بەره‌و ئاراستەی "کوره‌ی باکوور" بوون دەبا. هەرچەند ئەگەر کۆی قەیرانە نێوخۆیی و ململانێکانی نێو ڕێژیم لەسەر قەیرانگەلی نێودەوڵەتی کۆماری ئیسلامی دانێن بە ڕوونی بۆمان دەردەکەوێ کە سپای پاسداران و بنەماڵەی خامنه‌یی وەک باڵی دەسترۆیشتووی نێو ڕێژیم زیاتر خوازیاری ئەوەن ئێران بەرەو کۆریای باکوور بوون بەرن. کەوایە لێدان لە بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە کۆیە بێگومان کۆماری ئیسلامی لە ئاستی نێودەوڵەتی زیاتر بەرەو تەریک بوونەوە دەبا و نیشان دەدا ئێران بۆ دەربازبوون لە تەنگژه‌ی ڕووخان ئاراستەی کوره‌ی باکوور بوونی گرتووه‌تە بەر.