کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مووشەک تێگرتن لە "ئەوانی تر"

19:51 - 30 خەرمانان 2718

سەرلەبەیانیی ڕۆژی ١٧ی خەرمانان سێ لاوی کورد لە سێدارە دران کە بە بۆچوونی پارێزەرەکانیان و هەروەها بەشێک لە مافناسان، ئەم کردەوەیە وەک "قەتڵی سیاسی" پێناسە دەکرێ؛ چوونکە ڕەوەندی دادخوازییەکانیان، تەنانەت بە پێی یاساکانی ڕێژیمیش، کۆتایی پێ نەهاتبوو. چەند کاتژمێر بەداوی ئەو قەتڵە سیاسییەدا، بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەکرێتە ئامانجی هێرشێکی مووشەکی و بەداخەوە بەشێک لە کادری رێبەریی حدک و کۆمەڵێک لە کادر پێشمەرگەکانی حدک و حدکا شەهید و بریندار دەبن. ئێوارەی هەمان ڕۆژ، سپای پاسداران لە راگەیاندراوێکدا بەرپرسایەتیی ئەو هێرشە دەگرێتە ئەستۆ و وەک کردەوەیەکی ئازایانە باس لە چۆنیەتیی جێبەجێکردنه‌که‌ی دەکا. ڕۆژی دواتر لە لایەن ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران داوا لە خەڵکی کوردستان کرا کە ٢١ی خەرمانان بە هەڵوێستێکی شیاو و یەکگرتووانە بەرەوڕووی تاوانەکانی ئەو ڕێژیمە ببنەوە و ڕۆژانی دواتر چالاکانی سیاسی و مەدەنیش لە نێوخۆی کوردستانەوە پشتگری مانگرتنیان کرد. شارەکانی کوردستان بەپیر ئەو بانگەوازەوە هاتن، ڕۆژی ٢١ی خەرمانان لە ماڵەکانیاندا مانەوە و بەم چەشنە ڕکۆردی گەورەترین مانگرتنی گشتی و لە هەمان کاتدا کردەوەییترین شێوەی نافەرمانیی مەدەنییان لە کوردستانی ئێراندا تۆمار کرد. میدیاکان ڕووماڵی ئەم دوو ڕووداوەیان کرد و چاودێرانی سیاسی لە گۆشەنیگای جیاوازەوە شرۆڤەیان کرد. بەڵام ئەو شتەی کە جیگای سەرنجی ئەم وتارەیە؛ شرۆڤە و چۆنایەتیی ڕووماڵی ئەو هەواڵانە بوو کە لە نێوان دوو قۆناغی پێش مانگرتن و دوای مانگرتندا گۆڕانێکی ڕێژەیی بە خۆیەوە بینی. ئاوڕدانەوە لەو گۆڕانە ڕێژەییە یارمەتیمان دەدا سەرنجێکی زیاتر بە دیاردەیەک بدەین بە ناوی "ئەوانی تر" کە دواتر لەم وتارەدا باسی لێ دەکرێ. بۆ ئەو کەسانەی کە لەگەڵ کاری میدیاییدا ئاشنان، حەتمەن لە کاتێ ڕووماڵی هێرشە مووشەکییەکانی ڕێژیم بۆ سەر بنکەی دەفتەری سیاسیی حدک، هەستیان بە ڕەوەندێکی ڕۆتینی کردبێ لە هەواڵەکاندا: باس لە ڕووداوێک دەکرێ لە شوێن و کاتێکی دیاریکراو و زیانەکانی، دواتر سەرنجی میدیاکان لەسەر توانای لوجیستیکی ڕێژیم چڕ دەبێتەوە و لە ئاکامدا ئەم پرسیارە بە شێوەیەکی گوماناوی ئاراستەی ڕای گشتی دەکرێ کە داخوا ئەم حیزبانە لە کوێی هاوکێشەکاندا ڕاوەستاون کە بەم چەشنە هێرشیان دەکرێتە سەر؟ هەروەها لە پرسیارەکاندا بە گومانەوە سەیری پێوەندیی نێوان ئۆپۆزیسیۆنی کورد و کۆمەڵگه‌ی خۆیان دەکرا و حیزبەکانی ڕۆژهەڵات زیاتر وەک گرووپێکی چەکداری ئیزۆلەکراو پێناسە دەکران کە لەمێژە لەگەڵ کۆمەڵگه‌ی خۆی نامۆیە. بەم چەشنە بەشێک لە میدیاکان ئەم ڕووداوەیان وەک ڕەوتێکی ئاسایی پیشان دەدا کە درەنگ یا زوو دەبوایە ڕوو بدا. هەڵبەت ئێمە دەتوانین لەوە تێبگەین کە لە کاری میدیاییدا پێشمەرجە فکرییەکان زەمینەی هاتنە ئارای پرسیارەکانیش خۆش دەکەن، بەڵام داخوا ئەو پێشمەرجانە چین کە میدیاکانی بەرەو ئاراستەیەک پاڵ پێونا کە وەها پرسیارێک بەرز بکەنەوە؟ بۆ تێگێشتن لەو پێشمەرجانە ئێمە ناچارین ئەم ڕەوەندە وەک دیاردەیەک قبووڵ بکەین، دواتر لە کۆنتێکستی خۆیدا سەرنجی پێ بدەین و دواجار وەک هەموو دیاردەکان شرۆڤەی هۆکارە دەرەکی و دەروونییەکانی بکەین.   هۆکارە دەروونییەکان بەشێکن لەو خەسارناسیانەی کە لەلایەن حیزبەکان و هەروەها چاودێرانی سیاسیییەوە بە بەردەوامی ئاماژەیان پێ کراوە. حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەرەتای دەیەی هەشتای هەتاوییەوە بە ڕادەیەک سەرقاڵی دێموکراسیهی دەروون حیزبی و کێشە سەلیقەییەکانیان لەمەر بەرێوەبەری لە حیزبدا بوون کە بەداخەوە پێگەی کۆمەڵایەتی و ئەرکی سیاسیی خۆیان لەبیر کرد و لە ئەنجامدا حیزبەکانی تووشی لەتبوون کرد. ڕەوتی ئینشیعابی حیزبەکان و شێوازی مامه‌ڵەکردنیان لەگەڵ یەکتر، هەڕەشەیەکی جیددی بوو بۆ سەر سامانی سیاسیی کوردستانی ئێران و تا ڕادەیەکی زۆر خەڵک و تەنانەت حیزبەکانیشی ناهومێد کردبوو. ئەم دۆخە وای لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات کرد کە وزە و توانای خۆیان بۆ پاساوی جیابوونەوەکانیان تەرخان بکەن و کەمتر هەوڵ بۆ گەشەی سامانی سیاسیی بزووتنەوەی کورد لە ئێراندا بدەن. ئەم هۆکارەی کە ئاماژەی پێدرا و هەروەها دەرکەوتنی تەکنۆلۆژیای دیجیتاڵیش، زەمینەخۆشکەری هۆکارە دەرەکییەکەش بوون و دەستی ڕێژیمی لە جاران ئاوەڵاتر کرد بۆ بردنە پێشی سیاسەتە نەرم ئامێری و سەخت ئامێرییەکانی. ڕەنگە سیاسەتی سەخت ئامێریی رێژیم کە مۆدێڕنیزەکردنی کۆنترۆڵی هاووڵاتیان و تەکنۆلۆژیای شەڕە، بابەتێکی ئاسایی بێ ئەگەر سەرنج بە هەڵکشانی ساڵانەی بودجەی نیزامی رێژیم بدەین. بەڵام سیاسەتی نەرم ئامێری ڕێژیم بۆ لاوازکردنی ئوپۆزیسیۆن، بابەتێکی سایکۆ_فکری بوو کە ئەگەر حیزبەکان و چالاکانی سیاسی سەرمایەیان بۆ تەرخان کردبا ڕەنگە تا ئەو ڕادەیە سەرکەوتوو نەدەبوو. ئاشکرایە کە ڕێژیم هەمیشە ترسی لە نیهادەبوونی ئایدیای کۆمەڵگه‌ی مەدەنی بووە و هەشە، بەڵام سیاسەتی نەرم ئامێری ڕێژیم لە هێندێ دۆخی تایبەتدا توانی لە ڕێگای دیسکۆرسی مەدەنییەوە هەوڵ بۆ لاوازکردنی خەباتی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بدا و لە بەرچاوی کۆمەڵگه‌ی ئێراندا ئەم حیزبانە وەک ڕەوتێکی نامەدەنی بناسێنێ، چوونکە چەکدارن. هەڵبەت لەم دیسکۆرسە مەدەنییەدا دیار نەبوو کە بۆچی ڕێژیم مافی مەشرووعی هەیە بۆ دەستبردن بۆ چەک! جێی وەبیر هێنانەوەیە کە ئیدەی پێشمەرگە وەک نیهادێکی نەتەوەیی، لە چوارچێوەی کۆنتراکتێکی نیشتمانیدا و لە سەردەمی کۆماری کوردستان باسی لێ کراوە و تەنانەت ماف و ئەرکەکانیشی لە یاسای کۆماری کوردستاندا دیاری کراون. ساڵی ١٣٥٧ ئیدەی دامەزرانەوەی هێزی پێشمەرگە وەک نیهادێکی نیشتمانی بۆ پاراستنی ئەمنیەتی کوردستان و دەسکەوتەکانی شۆرش دیسان هاتە ئاراوە. لە هەر دوو قۆناغدا تاکتیک و ئیستعدادی نیهادی پێشمەرگە بەرگریکردن بووە و بۆیە قەت نەیتوانی لە چوارچێوەی بەرگری دەرچێ. بەڵام نیهادی پێشمەرگە لە ساڵی ١٣٥٧ بەو لاوە ئەرکی مەدەنیشی لە ئەستۆ بوو؛ بۆ نموونە لە ناوچە ئازادکراوەکاندا پێشمەرگە تەنیا نیهادێک بوو کە بە ناوی مامۆستای شۆڕش هەوڵی دەدا کە منداڵانی کوردستان لە خوێندن دوا نەکەون، لە بنبڕکردنی دیاردە ناپەسەندە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕۆڵی کاریگەری هەبوو، هەروەها پێشمەرگە ئەرکی ژینگەپارێزیشی لە ئەستۆ بوو بۆ پاراستنی دارستانەکانی کوردستان. چاوپۆشیکردن لە کارکردی مەدەنیانەی ئەم نیهادە نیشتمانییە و ناساندنی وەک هێزێکی چەکدار کە هەوڵ بۆ ڕووخانی رێژیم دەدا، وای لە ئۆپۆزیسیۆنی کورد کرد کە لە حەوزەی عموومیدا کەمتر دەرکەوێ. هەڵبەت سیاسەتی نەرم ئامێری ڕێژیم بەمەش نەوەستا و هەوڵی دا پێناسەیەکی دیکە لە ناسیۆنالیزم دابهێنێ و ڕای گشتی کوردستانی پێوە سەرقاڵ بکا. بزووتنەوەی میللی دێمۆکراتیکی کوردستان هەر لە سەرەتای دەسپێکی خەباتیدا کۆمەڵێ نۆرمی لە ئیدەی ناسیۆنالیزمی کوردیدا نەهادینە کردبوو کە مەجالی تەعامولێکی دێمۆکراتیکی لەگەڵ گەلاندا هەموار دەکرد. بەڵام ئەو ناسیۆنالیزمەی کە لە ڕێگای سیاسەتی نەرم ئامێری ڕێژیمەوە کاری لەسەر دەکرا لەو نۆرمە دێمۆکراتیکانە بەتاڵ کرابوو. ئەم دیاردەیە وای کرد کە بە بۆچوونی بەشێک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کورد، ناسیۆنالیزمێکی سەقەت لە کوردستانی ئێراندا سەرهەڵ بدا کە بەرچاوگەیەکی لێلی هەبێ بۆ گەیشتن بە ئامانج. بێجگە لەمە ڕێژیم لەو ساڵانەی دواییدا مەیدانی بە بەشێک لە نوخبەی کورد دابوو کە لە چوارچێوەیەکی دیاریکراو، لەسەر بنەمای فکریی ئەو ناسیۆنالیزمەی کە لای ڕێژیم قەدەغە نییە و بە هەڵوێستێکی ڕێژەیی باس لە گرفتی کورد وەک دیاردەیەک بکرێ کە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێراندا هەیە. ئەم شتانەی کە باس کران و زۆر هۆکاری دیکە، هەوڵی دەدا ڕەوتی خەباتی میللی دێمۆکراتیکی کورد لە ئێران وەک بزووتنەوەیەکی پاسیڤیزم دەربخا و بێگومان پێشمەرجە فکرییەکانی میدیاکاران بۆ شرۆڤە و ڕووماڵی هەواڵەکانی ڕۆژهەڵات لە دەوری وەها بازنەیەکی تەسکەدا دەخولانەوە. بەیانی ڕۆژی ٢١ی خەرمانان، کاتێ وێنە و گرتە ڤیدۆییەکانی مانگرتن بە دونیای مەجازیدا بڵاو بوونەوە، نەک ڕێژیم بەڵکە میدیاکانیشی تووشی شۆک کرد و بە هەمان ڕادە شرۆڤەکانیش تووشی گۆڕانێکی رێژەیی هاتن. لە باری نیشانەناسییەوە دەتوانین ئەم گۆڕانە ڕێژییە بەسەر دوو کانسێپتی نێوخۆیی و دەرەکیدا دابەش بکەین. مەبەست لە کانسێپتی نێوخۆیی شێوەی تێگێشتن و شرۆڤەکردنی چاودێرانی سیاسی نێو ماڵی کوردە کە بەشێکی بەرچاویان هەڵمەتی نافەرمانی مەدەنی خەڵکی کوردستان بە دژی ڕێژیمیان وەک پەیامێکی مانادار شرۆڤە دەکرد کە یەکێ لە بەردەنگەکان حیزبە کوردییەکانن و پێیان وا بوو خەڵک بەم کارەیان حیزبەکانیان ئاگادار کردەوە کە هەرچەشنە جموجۆڵێک بۆ پشتیوانی لە بزووتنەوەی کورد لە گرەوی یەکگرتوویی حیزبەکان دایە. بەڵام کاتێ سەرنج بە کانسێپتی دەرەکی دەدەین، واتە ئەو چاودێرانەی لە دەرەوەی ماڵی کورد شرۆڤەی ڕووداوەکانیان دەکرد، کاردانەوەکان جیاواز بوون. بەشێکی بەرچاو لە شرۆڤەکاران لە ئاست گەورەیی ئەم کردەوەی خەڵکدا بێدەنگیان هەڵبژارد و بەشێکی دیکە بەدەنگەوەهاتنی خەڵکیان وەک هێمایەک بۆ پێگەی بەهێزی کۆمەڵایەتی حیزبە کوردییەکان لە نێوخۆی وڵات قبوڵ کرد. ئەو شتەی کە لەم میانەیەدا جێگای سەرنجە و ڕەنگە ئامانجی سەرەکیی ئەم وتارەش بێ، دیاردەیەکە بە ناوی "ئەوانی تر". تیۆری "ئەوانی تر" سەرەتا لە زانستی کۆمەڵایەتی و لەمەڕ پرسی ناسنامەدا هاتە بەر باس. تاک ناسنامەی خۆی بە پێی ئەو جیاوازییانە پێناسە دەکا کە لە "ئەوانی تر" دا نییە. بەڵام لە سیاسەتدا "ئەوانی تر" هەر لە بەستێنی ناسنامەدا نەمایەوە بەڵکوو لە خانەی ئاپارتاید و نادادپەروەریشدا دەکار دێ. کەوایە "ئەوانی تر" لە سۆنگەی سیاسەتدا تەعامولێکی نادێمۆکراتیکە لە نێوان زۆرینە و کەمینە، ناوەند و پەراوێز، ڕەنگ و دەنگە جیاوازەکاندا. دەرکەوتەی ئەم تیۆرە لەسەر کەمینە و پەراوێزنشینەکان دەرەنجامێکی پێچەوانەی هەیە و دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی هەستی "خۆ بوون". لە ڕووماڵی هەواڵ و شرۆڤەکانی ئەم چەند ڕۆژەدا، چ لە کانسێپتی ناخۆیی و چ لە کانسێپتی دەرەکیدا، ئێمە هەست بە نێشانەکانی کارکردی تیۆری "ئەوانی تر" دەکەین. لە گشت شرۆڤەکان کە لە کانسێپتی نێوخۆییدا ئاماژەیان بەم ڕووداوانە کردووە، پرسی کورد لە خانەی "خۆ بوون" و لە کانسێپتی دەرەکیشدا پرسی کورد لە خانەی "ئەوانی تر" کە هێندێ جار لە تێگێشتنێکی ئاپارتایدانەش نزیک بوون، شرۆڤە کراوە. کەوایە پرسی کورد لە هەر دوو کانسێپتدا دیاردەیەکە کە دەبێ بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئاوڕی لێ بدرێتەوە. ئەم تێگێشتنە لە مەڕ پرسی کورد بە گشتی و پرسی "ئەوانی تر"، لە ڕاستیدا بەرهەمی تەعامول و گوتاری نەرم و بەرپرسانەی بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی کوردە لەگەڵ نێوخۆی نیشتمان و بە تایبەت چالاکانی مەدەنیی کورد. گۆرانی گوتاری ڕۆمانسیانەی کورد بەرەو عەقڵییەتێکی پراگماتیک کە خۆی لە خانەی ئادیالۆژیدا زیندان ناکا، بەڵکوو چاوی لەو فاکتۆرە عەقڵانیانەیە کە بزووتنەوەی کورد لە ئامانج نزیکتر دەکاتەوە، توانیویەتی زەمینەی سەرهەڵدانی شەپۆلی سێهەمی ناسیۆنالیزم لە کوردستان فەراهەم بکا. پرسی ژینگە، یەکسانیی ڕەگەزی، ئەخلاق، بەرپرسیارەتیی نیشتمانی، ئازادی، دێمۆکراسی، دادپەروەری و گشت نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان، لە خانەی ئەم ناسیۆنالیزمەدا جێی بۆ کراوەتەوە و بەرچاوگەی وەدیهێنانی خەونەکانی کوردی ڕوونتر کردووە. ئەگەر کانسێپتی دەرەکی بەتەمایە لەگەڵ دیاردەی "ئەوانی تر"دا تەعامول بکا، پێویستە سەرەتا تەمرینی تەعامولێکی دێمۆکراتیک بکا لەگەڵ پرسی "ئەوانی تر" و ئەوجار بیر لە سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی چەمکی دێمۆکراسی، ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی بکاتەوە و بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە "ئەوانی تر" بەشدار بن لەو مەیدانەدا. ڕێژیمی ئێران لە ڕاستیدا سیلەی مووشەکەکانی لە "ئەوانی تر" گرت بۆ ئەوەی ئەم گوتارە عەقڵانی و سیاسییە بێدەنگ بکا.