کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتنی کوردستان و یەکریزیی نەتەوەکەمان

22:44 - 30 خەرمانان 2718

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە مانگرتنی سەرانسەریی بێوێنەی خۆیان لە ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەرمانان، لاپەڕەیەکی زێڕین و مێژووییان لە خەبات و بەرەنگاربوونەوە بە دژی ڕێژیمی کوردکوژی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵ دایەوە. ئەو مانگرتنە کە لەسەر بانگەوازی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو و لەلایەن کەسایەتییە ناسراوەکان و چالاکانی مەدەنی و ئایینی و بەگشتی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان پشتیوانی لێ کرا، بوو بە شەپۆلی ڕق و توورەیی و خرۆشانی نەتەوەیی لە بەرانبەر جینایەتکارانی زاڵ بەسەر ئێراندا. ئەو مانگرتنە دەربڕ و هەڵگری زۆر لە ڕاستییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو؛ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەو خرۆشانە بەربەرینە نیشانیان دا که‌ چیتر لە ئاست تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی بێدەنگ نابن و ئامادە نین دەست لەسەر دەست دابنێن و شاهیدی مووشەکباران و شەهیدکرانی بەکۆمەڵی تێکۆشەرانی دێموکرات و لەسێدارەدرانی ڕۆڵەکانیان لە گرتووخانەکانی ڕێژیمدا بن. جگە لەوەش بەپیلەوەهاتنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بۆ بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران نیشانی دا سەرەڕای تەبلیغاتی چەندین و چەند ساڵەی کۆماری ئیسلامی لەمەر بەناو نەمان و توانەوەی حیزبەکانی کوردستان! و نەبوونی پێگە و باوەڕی خەلکی بەوان! دیتمان و هەموو دۆست و دڵسۆزانی نەتەوەکەمان و دوژمنەکانیشمان شاهید بوون کە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان چۆن بە گوڕوتینەوە وەخۆکەوتن و لە زۆربەی شارەکانی کۆردستان دوکان و بازاڕەکانیان داخست و بیزاریی خۆیان لە سیاسەتە دژی گەلییەکانی ڕێژیم جینایەتکاریی کۆماری ئیسلامی نیشانی خەڵکی ئێران و جیهان دا. ئەو خرۆشانە دەربڕی ئەو ڕاستییە بوو کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەسەرووی هەموویانەوە "حیزبی دیموکرات" لە دڵ و دەروونی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا ڕیشەیان داکوتاوە و دوورکەوتنەوە لە ڕۆژهەڵات بەهۆی هێرش و سەرکوتی هەمەلایەنەی کۆماری ئیسلامی لەماوەی دەسەڵاتدارێتی خۆیدا، نەیتوانیوە جێگە و پێگەیان لەرزۆک بکا و کۆمەڵانی ئازادیخوازی کوردستان لە حیزبەکانیان دوور بکاتەوە. هەوەها ئەو مانگرتنە جارێکی دیکە ئەو ڕاستییەی سەلماند کە کۆماری ئیسلامی بەپێچەوانەی چەواشەکاریی و درۆ و دەلەسەکانی، هیچ پێگەیەکی لەنێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا نییە و ئەوەی توانیویەتی ئەو ڕێژیمە لە کوردستاندا لەسەرپێ ڕاگرێ ئەڕتەش و سپای پاسداران و بەگشتی زه‌بروزه‌نگه‌ و خەڵکی کوردستان ڕابردوویەکی زۆر تال و خوێناوییان لەگەڵ ئەو ڕێژیمە هەیە و هیچکات لەبیریان ناچێتەوە کە هەر ئەو ڕێژیمە بوو خەڵکی بێتاوانی کوردستانی کۆمەڵکوژ کرد، و خومەینی دامەزرێنەری ئەو نیزامە بوو کە فتوای جیهادی لە دژی گەلی کورد دەرکرد. هەر ئەو کۆماری ئیسلامییە بوو کە بە فێڵ و تەڵەکە ڕێبەرانی حیزب و گەلەکەمانیان لەهەندەران شەهید کرد و بە سەدان کادر و پێشمەرگەی دێموکرات و تێکۆشەرانی ڕێکخراوە سیاسییەکانی دیکەی کوردستانیان لە باشووری کوردستاندا تێڕۆر کرد. خەڵکی کوردستان دەزانن کۆماری ئیسلامی ئەوەی بۆی گرینگ نییە، گیانی تاکی کوردە و لە ماوەی چوار دەیە دەسەڵاتداره‌تی خۆیدا سەلماندوویەتی بۆ سەرکوتی گەلی کورد لە هیچ کاروکردەوەیەکی جینایەتکارانە ناپرینگێتەوە و دەست بۆ هەموو ئامرازەکان دریژ دەکا؛ تەنانەت جینایەتی وەک کوشتاری خەڵکی بێتاوانی شار و گوندەکانی کوردستان و لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی دەیان لاوی کورد کە دەچێتە خانەی کۆمەڵکوژی و ژینوسایدەوە ئەنجامی داوە. لە ئێرانی ژێردەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا تاکی کورد تا ئەو جێگایە پارێزراوە کە داوای ئازادی و مافە نەتەوایەتییەکانی خۆی نەکا و ڕخنە لە دەسەڵات نەگرێ و لە ئاست وێرانکارییەکانی سرووشتی وڵاتەکەی و بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانەکەی کپ و بێدەنگ بێ؛ ئەگینا ئەو کەسانە، واتە تاکی ڕخنەگری کورد لە هەموو بوارەکاندا، بەناو دژی شۆرشە و دەبی سزا بدرێ. دیارە بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کادر و پێشمەرگەکانی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چالاکانی مافی مرۆڤ و ژینگەپارێزان بەگشتی هەرکەسێک کە ملکەچی یاسا دواکەوتووەکانی نەبێ، لە بەرەیەک دایە و لە سۆنگەی ڕێژیمەوە دەبێ بە هەرشێوەیەک بێ بێدەنگ بکری یان لەنێو ببردرێ، جا ئەو کردەوەیە دەتوانێ لە چوارچێوەی جینایەتی بێوێنەی مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات و شەهید و بریندارکردنی دەیان کەس لە ئەندامانی ڕێبەری، کادر و پێشمەرگە و تەنانەت منداڵی پێشمەرگەکاندا بێ، یان لەسێدارەدانی شەش لاوی به‌ندکراوی سیاسیی کورد لە گرتووخانەکان لە ماوەی سێ ڕۆژاندا بێ. بەندکراوانێک کە لەژێر گوشار و ئەشکەنجەی جەلادانی ڕێژیم ناچار بە داننان بە تاوان‌گەلێک کراون کە هیچ چەشنە بەڵگەیەکی دادگاپەسندیان لەپشت نەبووە، پاشان هەر هەموویان وەدرۆخستوەتەوە. کۆماری ئیسلامی بە مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات و شەهیدکردنی کادر و پێشمەرگەکانی حیزب و هاوکات لەسێدارەدانی لاوانی بەندکراوی کورد لە گرتووخانەکان، جگە لە هەڵڕشتنی ڕق و کینی پەنگخواردووی خۆی لە نەتەوەکەمان، لە ڕاستیدا هەویستی لەلایەک زەبرێکی کاریگەر لەو حیزبە بدا و ڕێبەرییەکەی، وەک کاکڵەی ئەو حیزبە لەنێو بەرێ و بە ئاواتی لەمێژینەی خۆی بگا، و لەلایەکی دیکەش بەو هێرشە مووشەکییە و لەسێدارەدانی بەندکراوە سیاسییەکانی کوردستان لەڕۆژێکدا، فەزای ترس و تۆقاندن بەسەر نەتەوەکەماندا بسەپێنێ. بۆ کۆماری ئیسلامی، کوردستان وەک باقی ناوچەکانی دیکەی ئێران نییە و بۆ مان ‌و بوونی ئەو ڕێژیمە سەرکوتکردنی گرینگیی تایبەتی هەیە؛ چونکە کۆماری ئیسلامی باش دەزانێ کوردستان بەو هۆیە کە ڕێژیم هیچ پێگەیەکی تێدا نییە و هەمیشە جووڵانەوەی ئازادیخوازی و نەتەوایەتی و مافخوازانەی تێدا هەبووە و هەیە، لاوازترین خاڵی سەقامگیری ڕێژیمە و دەتوانێ لە ئەگەری هەر ڕووداوێکی ناوچەیی و نێوخۆییدا بەو پۆتانسیەلەی کە هەیەتی ببێ بە پێگە و سەنگەری سەرەکی ئازادیخوازانی ئێران بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و کوردستان زۆر زوو لە کۆنترۆڵی دێتە دەرێ. هەر بۆیەشە ڕێژیم تێچووی نێوخۆیی و ناوچەیی ئەو هێرشە هەرچەند گرانیش بێ قەبووڵ دەکا و نەک لە سەرسنوورەکان، بەڵکوو لە قووڵایی خاکی باشووری کوردستان هێرش دەکاتە سەر بنکەی حیزبی دێموکراتی کوردستان و جینایەتی ١٧ی خەرمانان دەخوڵقێنێ و لاوەکانی لە گرتووخانەکان لەسێدارە دەدا. بەڵام کۆماری ئیسلامی پێشبینی نەدەکرد خەڵکی کوردپەروەری کوردستان دوای مووشه‌ک بارانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و لەسێدارەدانی لاوانی بێتاوانی کورد، وەها لەسەر تیکۆشەرانی خۆیان و ڕۆڵە لەسێدارە دراوەکانیان بێنە دەنگ و بە پێشوازیی داوای ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانیان بێن و مانگرتنێکی ئاوا مەزن و مانادار وەرێ بخەن. لە ڕاستیدا ئەو مانگرتنە سەرانسەرییە جگە لەوەی کە دەربڕینی خەم و پەژارە بۆ تێکۆشەرانی نەتەوەکەمان و شەهیدانی دیموکرات و لاوە لەسیدارەدراوەکان بوو، "نا"یەکی گەورە بوو کە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە کۆماری ئیسلامییان کوت و لەلایەک ڕق و توورەیی خۆیان سەبارەت بە جینایەتی ١٧ی خەرمانان پێ ڕاگەیاند، لەلایەکی دیکەش بۆ جارێکی دیکە و بەو کردەوە بوێرانەیە بە خەڵکی ئێران و جیهانیان ڕاگەیاند لە کۆماری نگریسی کوردکوژی مووشەک و پەت و سیدارە بێزارن نەفرەتی لێ دەکەن و تەنیا ئەوەی لەدڵیان دایە و هەست و سۆزیان بۆی هەیە تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادیی کوردستانە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ لێدانی قەڵای دیموکرات سەروەریی خاکی عێراق و باشووری کوردستانی شکاند و لەپێناو لەنێوبردنی حیزبی دێموکرات ئامادە بوو سەرکۆنەی هەموو وڵاتانی جیهان قبووڵ بکا و  تێچوویەکەی بدا؛ هەروەها ئەو ڕێژیمە کە هەموو ساڵێ لەلایەن ڕێکخراوەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ سەبارەت بە لە ژێرپێنانی سەرەتاییترین مافەکانی مرڤ مەحکووم دەکرێ سەرەڕای داوای زۆری ئەو ڕێکخراوانە بۆ لەسیدارەنەدانی بەندکراوە کوردەکان، شەش لاوی کوردی لەماوەی سێ ڕۆژدا لەسێدارە دا، بەدڵنیاییەوە ئەگەر زانیبای جینایەتی ١٧ی خەرمانان وەها ڕەنگدانەوەیەکی لە نێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا دەبێ و ئاوا لە نێوخۆ و دەرەوە دەسەڵاتەکەی شەرمەزار و زەبوون دەکڕێ، تەنانەت ئەگەر زانیبای دەتوانێ زیاتر لەوەی خەسارەتی گەیاندووەتە حیزبی دیموکرات، دەسکەوتی دەبێ، هیچکات هێرشی مووشەکی لەوچەشنەی نەدەکرد و لاوانی بەندکراوی لەهەمان ڕۆژدا لەسێدارە نەدەدا. چونکە بەراستی ئەوەی بۆ کۆماری ئیسلامی دوای جینایەتی ١٧ی خەرمانان مایەوە تەنیا ڕووڕەشی و شکست و داماویی بوو لەئاست نەتەوەی کورد و تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی کوردستان. کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لەو خرۆشانەدا بەگژ تەواویەتی ڕێژیمی کۆماری جینایەتکاری ئیسلامیدا هاتنەوە و دووپاتیان کردەوە کە قەلای دێموکرات، تەنیا ئەو قەڵایە نییە کە بنکەی سەرەکیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی لە گیرساوەتەوە، بەڵکوو قەڵا و شوورەی ڕاستەقینەی دێموکرات، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە هەناوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دایە و ئەوانن کە هێزو تین دەبەخشنە ڕۆڵەکان و تێکۆشەرەکانیان. شک لەوەدا نییە تابۆ و هەیمەنەی ڕیژیم لە کوردستان شکاوە و سیاسەتی زەبروزەنگ و چاوسوورکردنەوە کاریگەری نەماوە و ناتوانێ لاوانی کورد بێدەنگ و بێهەڵوێست بکا لەئاست جینایەتەکانی؛ هەر بۆیەشە دەبینین لە مانگرتنی سەرانسەری ٢١ی خەرماناندا سەرکوتکەرانی ڕێژیم بە هەڕەشە و گوڕەشە و گرتن نەیانتوانی بەر بەو حەرەکەتە بگرن. هەروەها ئەو خرۆشە سەرانسەرییەی کوردستان دەتوانێ هاندەرێکی بەهێز بێ بۆ ناوچەکانی دیکە و باقی گەلانی ئێران هەتا ڕاپەڕینێکی بەهێزتر و بەتەوژمتر لە ڕاپەرینی بەفرانباری ڕابردوو دەست پێ بکا و تۆماری کۆماری ئیسلامی تێکەوە پێچێ و بیخاتە نێو لاپەڕە ڕەشەکانی مێژوو.