کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قۆرتێکی گەورە لە بەردەم ڕێژیمی ئێران

03:35 - 31 خەرمانان 2718

راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بارەی ڕێژیمی ئێران کە کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک پشتیوانی تیرۆریزمی جیهانی دەناسێنێ و هەر لەم مانگە دا بڵاو بۆوە، قسەکانی ئەمڕۆ(٢١/٩/٢٠١٨)ی "نیکی هیلی" باڵوێزی ئەمریکا لە ئەنجومەنی ئاسایشیشی هاتەسەر. هاوکات دۆنالد ترامپ، سەرکۆماری ئەمریکا، رای گەیاندوە کە بۆ خۆی سەرپەرستیی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش لە پیوەندی لە گەڵ ئێران دا-کە حەوتووی داهاتوو پێک دێ-  دەگرێتە ئەستۆ. قسەکانی ئەمڕۆی نیکی هیلی و راپۆرتی ساڵانەی ئەمریکا لە بارەی تیرۆریزم، دەری دەخەن کە ئەمریکا لە گەڵ ئێران هەر تەنیا لە سەر کەیسی ناوکی کێشە و ناکۆکی نیە، بەڵکوو لە سەر چەکی مووشەکی و دەستێوەردانەکانی ئەو ڕێژیمە لە ناوچە و، پشتیوانی کردنی لە گرووپە تیرۆریستییەکانیش، کێشەی جیددی هەیە. لە کاتی دەرچوونی ئەمریکا  لە پەیماننامەی بەرجام، کۆماری ئیسلامی دڵی بە وڵاتانی ئورووپایی خۆش بوو کە پشتی بگرن و لە نیوان ئەمریکا و ڕێژیمی ئێران، کۆماری ئیسلامی هەڵ بژێرن. بەڵام لە گەڵ ئەوەی هێندێک لە وڵاتە گرنگەکانی ئورووپا بەڵێنێکی لەو چەشنەشیان دا، کاتێک زانیان ئەمە لە ڕووی ئابوورییەوە، چەندە بە زیانیانە، بەڵێنەکەیان نەبردە سەر.لەو ماوەیەدا ئەو ڕێژیمە نەک هەر نەیتوانیوە لە ژێر قورسایی پشت شکێنی شوێنەوارە ئابووری و بازرگانییەکانی دەرچوونی ئەمریکا لە بەرجام و دەستپێکردنەوەی گەمارۆکانی راست بێتەوە، بەڵکوو هەتا دێ پتر تێیاندا  نوقم دەبێ. بەو حاڵەشەوە (شڕی و وێرانیی  دۆخی ئابووری لە لایەک و، سەرڕێژ بوونی ناڕەزایەتیی سیاسی و ئابووریی خەڵکیش لە لایەکی دیکە) دەبێ بەرەوڕووی کێشەیەکی دیکەش بێتەوە. کێشە و ململانێیەک کە لەویان دا، هەر بە تەنیا لە گەڵ ئەمریکا بەرەوڕوو نیە. لەم کێشەیەدا، وڵاتانی ئورووپایی و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەرژەوەندێکیان نیە لە گەڵ ڕێژیمی ئێران‌دا بن. (لە دەرەوەی ئەو جۆگرافیەش ڕووسیە و چین دەمێنن کە لەنگەر بۆ  ئەو ڕێژیمە ڕابگرن کە ئەمەش ناتوانێ هەتا سەر بێ.) جاری پێشوو لە کاتی هاتنەسەرشەقامی خەڵکی شارەکانی ئێران دژی کۆماری ئیسلامی و توند و تیژی نواندنی ئەو ڕێژیمە بەرامبەر خەڵکی نارازی، ئەمریکا ئەو پرسەی بردە ئەنجومەنی ئاسایش. ئەمە پشتیوانییەکی سیاسیی دیار بوو لە مافەکان و داخوازەکانی ئەو خەڵکە وەزاڵەهاتوە. بەلام زۆر لە ولاتانی ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش دژی هەڵوێستەکەی ئەمریکا وەستانەوە و سەرکوتی خەڵكی ناڕازیی زیاتر لە ١٠٠ شاری ئێرانیان بە کێشەی خۆیان و ئەنجومەنی ئاسایش نەزانی. بەڵام هاسان نیە کێشەی پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران لە تیرۆریزمی جیهانی و دەستێوەردانەکانی ئەو ڕێژیمە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەراست و، هەڕەشەکانی بۆ سەر هاوپەیمانانی خۆیان و بەرژەوەندەکانیان لەو ناوچەیەش، هەر بەکەم بگرن و دژی تێهەڵپێچانەکانی ئەمریکا بەرامبەر ڕێژیمی ئێران بوەستنەوە. هەموو نیشانەکان پێمان دەڵێن کۆماری ئیسلامی قۆرتی گەورەی لە پێشن. کۆماری ئیسلامیی ئێران، چۆن لەم قۆرتە گەورە دەرباز دەبێ؟ وڵامەکەی لە گرەوی سەرکەوتنی ئەمریکا بۆ پێکهێنانی ئیرادەیەکی جیهانی بە مەبەستی ملکەچکردنی ئەو ڕێژیمە و کۆتاییهێنان بە یاغیگەرییەکانی دایە. بەڵام بێ دروستبوونی خێرای ئەو ئیرادە جیهانییەش، تێکەوتنی کۆماری ئیسلامی لە گەڵ ئەمریکای شێلگیر و لێبڕاوی سەردەمی ترامپ، هاسان نیە. قادر وریا ٢١/٠٩/٢٠١٨