کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مووشەک‌ بارانی قەڵای دێموکرات و ورەی بەرزی پیشمەرگە

19:04 - 31 خەرمانان 2718

حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕۆژانی ته‌نگانه‌ی زۆری بوون که‌ هه‌موویانی ئه‌گه‌رچی به‌ زیان، به‌ڵام به‌ سه‌ربه‌رزی تێ په‌ڕاندووه‌. 17ی خه‌رمانان یه‌ک له‌و ڕۆژانه‌یه‌. ڕۆژی ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی لە کاتێکدا کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان له‌ کۆبوونەوەدا بوو، کاتژمێر ١٠و ٤٥ دەقیقەی پێش نیوه‌ڕۆ کەوتە بەر هێرشی مووشەکی دوورهاوێژی کۆماری ئیسلامی ‌و ژمارەیەک لە ڕۆڵە قارەمانەکانی گەلی کورد گیانی خۆیان کردە چرای ڕێگای تێکۆشانی داهاتووی نەتەوەی کورد. لە نێو شەهیدەکاندا شه‌ش ئەندامی رێبەرایەتیی حیزب و پێنج کادری بەوەجی ماندوونەناس و سێ پیشمەرگەی قارەمانی نەسرەوتوو، بوونە قووربانی و بە خوێنی گه‌شی خۆیان ئاڵای خەباتیان نه‌خشاند. پەلاماری ڕۆژی شەممە ١٧ی خەرمانانی کۆماری ئیسلامی هه‌ر درێژه‌ی چوار ده‌یه‌ سیاسەتی دژەکورد و سه‌رکوتی جووڵانه‌وه‌ی کورد بوو، به‌ڵام دیسانه‌که‌ش ئاسنی ساردکوتانه‌، چونکی هه‌م بزووتنه‌وه‌ی کورد له‌سه‌ر پێیه‌ و هه‌م تێکۆشه‌رانی کورد لێ بڕاون هه‌تا دوا قۆناغی سه‌رکه‌وتن له‌ مه‌یدانی خه‌باتدا بمێننه‌وه‌. ئاشکرا و به‌ڵگه‌نه‌ویسته‌ که‌ لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا حیزبی دێموکرات به‌هێزترین ڕێکخراوی سیاسی بووه‌ کە به‌رهه‌ڵستی سیاسەتەکانی کۆماڕی ئیسلامی و پیلانه‌کانی له‌ کوردستاندا بۆته‌وه‌. مێژووی خه‌باتی حیزبی دێموکرات بۆ زۆر له‌وه‌ پێشتریش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. ئه‌م حیزبه‌ هه‌ر لە یەکەم ڕۆژی دامەزرانی دوایه‌ش به‌ پێکهێنانی کۆماری کوردستان و نهادینه‌کردنی بیری نه‌ته‌وه‌یی و شوناسخوازی و، هەروەها به‌ خەباتێکی بێوچان بۆ وەدەستهێنانی مافی گەلی کورد، هەمیشە کۆسپێکی گەورەی بەردەم ده‌سه‌ڵاته‌ ناوه‌ندییه‌کان له‌ تاران بووه‌. حیزبی دێموکرات له‌ هه‌موو ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتداره‌تیی کۆماری ئیسلامیدا پێشه‌نگی خه‌بات و به‌ربه‌ره‌کانی له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕێژیمه‌ بووه‌ و هێزی پێشمه‌رگه‌ی ئه‌م حیزبه‌ کارنامه‌یه‌کی پڕ سه‌روه‌رییان هه‌یه‌ له‌ تێکشکاندنی هه‌یمه‌نه‌ی ئه‌م ڕێژیمه‌. ڕووداوه‌که‌ی 17ی خه‌رمانانیش ده‌ری خست که‌ ئیراده‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ به‌رامبه‌ر هێزی مووشه‌کیی ڕێژیم چه‌ند قات به‌رزتره‌ و ئه‌وه‌ی له‌و نێوه‌دا به‌زیوه‌ و ده‌ستی به‌رداوه‌ته‌وه‌، هه‌ر کۆماری ئیسلامییه‌. هه‌موو ساته‌وه‌خته‌کانی ئه‌م ڕۆژه‌ ئازایه‌تی و نه‌به‌ردی و نه‌سره‌وتن بوو... ئەوە یەکەم جار نییە کە تێکۆشەرانی دێموکرات لە قەڵای بەرخۆدان گیانی خۆیان بە سەخاوەتەوە بۆ هاوسەنگەرە شەهیدەکانیان خستە مەترسی، بەڵکوو بەدرێژایی مێژووی خەباتی چەکداری دژی ئەو رێژیمە زۆردارە دەیان بەڵگە و دێکومینت لەبەردەست دایە کە سەلمێنەری ئەم ڕاستییەن. لە مێژووی ورەبەرزیی تێکۆشەرانی دێموکراتدا دوو مەسەلە زۆر گرینگ و بنه‌ڕه‌تین. یەکەم ئه‌وه‌ی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ئازادیخوازان لەخۆبوردوویی و شۆڕشگێریی پیشمەرگەیان زۆر باش ناسیوە‌ و ورەبەرزیی ئەوان لەنێو دڵی خەڵکی کوردستاندا بە تەواوی جێگای خۆی هەیە، بۆ ئه‌وه‌ش سه‌دان چیرۆک و به‌سه‌رهات و حه‌ماسه‌ت هه‌ن که‌ شایهتیی بۆ بده‌ن. دووهەم؛ دوژمنانی ئازادی و بەختەوەری نەتەوەکەمانن که‌ هەمیشە هێزەکانی لە ئاستی هیزی لەشکان نەهاتووی پێشمەرگەدا زەبوون و داماو بوون، بۆیە دەبێ قامک بۆ ئەو راستییە دریژ بکەین کە ئەوەی له‌ ڕۆژی مووشەک بارانی بنکەکانی دەفتەری سیاسیی حیزب هاوسەنگەرانی شەهیدان کردیان، لە مێژووی خوێناویی گەلەکەماندا وەک لاپەرەیەکی پرشەنگدار دەمێنێتەوە. میژووی خویناویی گەلەکمان لە ڕووداوە خۆش و ناخۆشەکانی نێو ئەو میژووە، لە سات بەساتی هەوراز و نشیوەکانی و لە فیداکاری و تەنانەت لە شکستەناخۆشەکان و ڕۆژە تاڵ ‌و شیرینەکان پێک دێن. ئازایەتی هەر ئەوە نییە لەشەڕە تفەنگدا دوژمن بەچۆکدا بێنی و ئازایانە لەبەرامبەر دوژمندا ڕابوەستی، بەڵکوو نەبەزی، تاودانی بریندار و ڕزگارکردنی، خۆڕاگری و پشوودرێژی و چۆڵنه‌کردنی مەیدانی خەبات‌ گەورەترین ئازایەتییە. بەڵگەکان شایه‌دی بۆ خۆڕاگریی هیزی پێشمەرگەی دێموکرات دەدەن کە نەک مووشەکەکانی کۆمار ئیسلامی نەی ترساندن، بەڵکوو فرۆکەی بێفرۆکەوان لە ئاسمانی زاڵ به‌سه‌ر بنکەکەکانی حیزبدا هێشتا تەقەی دەکرد کە پیشمەرگە بەبیر و باوەڕەکانی دێموکرات زۆر زوو وەدەستهاتن و بە چەکی قورسی باوه‌ڕ به‌ره‌نگاریان بوونه‌وه‌. ڕزگارکردنی برینداره‌کان و هێنانه‌ده‌رێی ته‌رمی شه‌هیدان له‌ بن داروپه‌ردووی ڕووخاو و له‌ بن ته‌وژمی ئاگر و دووکه‌ڵ ئه‌ویش له‌ ماوه‌یه‌کی کورتدا له‌ دیمه‌نه‌ پڕ حه‌مه‌ساته‌کانی ئه‌م ته‌نگانه‌یه‌ن. ئەوەی کۆماری ئیسلامی به‌ ته‌مای بوو وەک هەمیشە له‌نێوبردن و هه‌ڵته‌کاندنی یەکجاره‌کیی حیزبی دێموکرات بوو، بەڵام خەون و ئاواتی چەپەڵی دیسانه‌که‌ش بوونەوه‌ بڵقی سەرئاو. هەر چەند ڕۆژ دوای مووشەک بارانی بنکەکانی حیزب بوو که‌ دوژمن دووهه‌م زه‌بری وێ که‌وت، ئه‌ویش له‌ مه‌یدانی سه‌ره‌کیی خه‌باتی حیزبی دێموکراتدا. ئه‌وه‌ بوو که‌ خەڵکی کوردستانی خۆڕاگر، خه‌ڵكی کوردستانی دیموکرات به‌ مانگرتنه‌که‌یان مستێکی توندیان لە دەمی ڕێژیم و ده‌زگای سه‌رکوته‌که‌ی دا و دیسانه‌که‌ش سەلماندیان کە حیزبی دێموکرات نه‌ک بێ پشت و پەنا نییە، بەڵکوو هەر دلۆپە خوینێکی پیشمەرگە دەبێتە هەوێنی ڕزگاری و سەربەستیی ئه‌م کوردستانه‌ و؛ ئەو خوێنانە دەبنە چرای ڕووناکیدەری رێی تێکۆشەرانی دێموکرات. ئه‌وه‌ی له‌ ڕۆژی 17ی خه‌رماناندا رێژیم چاندبووی، لێی بوو به‌ چه‌رمه‌سه‌رییه‌کی گه‌وره‌؛ چونکی چوار ڕۆژ دواتر خه‌ڵکی کوردستان ئه‌و په‌یامه‌ی پێدان که‌ قه‌ڵای سه‌ره‌کیی حیزبی دێموکرات هه‌روا له‌جێی خۆیه‌تی و دڵی ئه‌م بزووتنه‌وه‌ شوناسخوازه‌ له‌ هه‌ناوی کوردستاندا لێ ده‌دا. بۆیه‌ش ئه‌وه‌ی ڕێژیم له‌و ڕووداوه‌دا به‌ نسیبی بوو، دیسانه‌که‌ش هه‌ر زه‌بوونی بوو، دیسانه‌که‌ش به‌چۆکداهاتن له‌به‌رامبه‌ر ئیراده‌ و وره‌ی به‌رز و پۆڵایینی خه‌ڵک و پێشمه‌رگه‌ی دێموکرات بوو.