کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە بەشداری سەدان كەس لە وڵاتی نۆڕوێژ كۆڕی پرسە و ماتەمینی شەھید "مامە قالە ریشە" بەڕێوە چوو.

23:01 - 1 رەزبەر 2718

ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ڕێكەوتی ٢٠ی سێپتامبەری ٢٠١٨ی زایینی بەرانبەر بە ٢٩ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، بە بەشداری سەدان کەس لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بەشێک لە ئەندامانی بەڕێزی بنەماڵەکەی و کوردستانیانی دانیشتووی نۆڕوێژ، كۆڕی پرسە و ماتەمینیی شەھید "قادر عێززەتی" ناسراو بە "مامە قالە ڕیشە" پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموكراتی كوردستان ، لە "ناوەندی ئایینی قازی"ی شاری ئۆسڵۆ پێتەختی وڵاتی نۆڕوێژ بەڕێوە چوو . لەو كۆڕە ماتەمینەدا کەسایەتی ناسراوی ناو بزووتنەوەی کورد و ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەڕێز كاك حەسەن ڕەستگار چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و وێڕای بەخێرھێنانی بەشداربووان ئەو کۆڕە ماتەمینە، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاڕاستەی بەشداران كرد و باسێکی لەسەر كەسایەتی و لێھاتوویی شەھید "مامە قالە ریشە" و تێكەڵاویی بەڕێزیان لەگەڵ ئەو شەهیدە نەمرە و بنەماڵەكەیان خستە ڕوو . ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە كارەساتی ١٧ی خەرمانان و ھێرشی مووشەكیی كۆماری ئیسلامی بۆ سەر قەڵای دێموكرات كرد كە بوو بەھۆی شەھیدبوونی پۆلێكی بەرچاو لە تێکۆشەرانی حیزبی دێموكراتی كوردستان و یەكڕێزی و یەكگرتوویی حیزبەكانی ڕۆژھەڵاتی لەو ئان و ساتەدا بەرز نەرخاند و پێی وابوو ئەو یەكڕێزییە بوو بەھۆی ئەوەی كە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بە گشتی بە پیل بانگەوازی حیزبەكانی ڕۆژھەڵاتەوە بێن و بۆ یەک رۆژ لە ماڵەکانی خۆیان نەیەنە دەرێ و دوکان و بازار دابخەن و پشتگیری خۆیان بۆ هێزەکانی رۆژهەڵات دووپات بکەنەوە و بەو هەڵوێستەیان ئەو کردەوە دزێو و تیرۆریستییەی کۆماری ئیسلامیی ئێران مەحکووم بکەن. ھەروەھا ناوبراو پێی وابوو كە ڕۆژھەڵاتی كوردستان لەو رۆژەدا ڕێفڕاندۆمێكی تریان لە دژی كۆماری ئیسلامی ئێران كرد كە ئەو مانگرتنە گشتییە پیامێكی توند بوو بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران . شەھید "مامە قالە ریشە" یەكێك لە بریندارەكانی كارەساتی ١٧ی خەرمانان بوو كە دوای چەند ڕۆژ بەربەرەكانی دەگەڵ مەرگ، بەداخەوە ڕۆژی چوار شەممە ٢٨ی خەرمان ماڵئاوایی لە ژیان کرد و شەهید بوو.