کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیولیبڕاڵیزم لە ئەزموونی زەمەندا

16:00 - 3 رەزبەر 2718

مێژووی سەرهەڵدانی نیولیبڕاڵیزم وەک ئایدیۆلۆژییەک دەگەڕێتەوە کۆتایی ساڵەکانی دەیەی ١٩٣٠، کاتێک لە پاریس، دەستەیەک لە ڕووناکبیرە لیبڕاڵەکان لە ساڵی ١٩٣٨دا کۆبوونەوە بۆ ئەوەی مەترسییەکانی تەوایەتخوازیی "حیزبی نازی ئاڵمان" و بەرنامە‌دارشتنی کۆخوازانەی ئابووریی دەوڵەتی "کینزی" ئینگلیس و سیاسەتی نوێ ئەمریکا واتە "نیوودیل"ی فرانکلین ڕۆزوێڵت لێک بدەنەوە. ئاکامی ئەم کۆبوونەوەیە داهێنانی چەمکی نیولیبڕاڵیزم و گەڵالەکردنی بیرۆکەیەک بوو کە "گرنگیی دەوڵەت وەکو پارێزەی"بازاری ئازاد"ی لە پێوەندی لەگەڵ مسۆگەڕکردنی ڕەوتی بەرێوەبەری قانوون دەدی. بەشێک لە هۆیەکانی پێکهاتنی نیولیبڕاڵیزم پێوەندی بە ڕێبازی ئابووری ئوتریش (نەمسا)وە هەیە. بەپێی ئەم ڕێبازە" لابردنی هەر چەشنە نفووز و کۆنترۆڵێکی دەوڵەت بۆ دەرخستنی پارە و لە ڕاستیدا سەرجەمی بەشەکانی سیستمی ئابووری، تەنیا ڕێگای گەیشتن بە بازارێکی ڕاستەقینەی ئازادە". لەو کاتەدا ئابووری، ڕاستەوخۆ گرێدراوی دوو بۆچوونی لودویگ فۆن میزس(۱۸۸۱-۱۹۷۳) و فردریش فۆن هایک (۱۸۹۹-۱۹۹۲) بوو، کە بە هۆی دارشتنی چوارچێوەی سەرەتایی ئایدیۆڵۆژیی نیولیبڕالەکان وەک باوکی نیولیبڕاڵیزم پێناسە دەکرێن. لە ڕوانگەی فۆن میزس_ ەوە "خۆویستیی قانوون بنەمای کۆمەڵگه‌یە" و بۆ هایکیش "ئازادیی بازار سەرتر لە ئازادییەکانی دێموکراتیکە و تەنیا کاپیتالێزم توانای مسۆگەڕکردنی دێموکرسی هەیە". شەڕی دووهەمی جیهانی و كۆچکردنی ئابووریناسەکانی ئوتریشی وەکوو فۆن میزس، فریتز مەکلاپ و مایکەڵ پۆڵانی، بوو بە هۆی پەرەسەندنی بیری نیولیبڕاڵی لە تەواوی جیهان. پاش شەڕی دووهەمی جیهانی ڕێکخراوە و ڕێبازە نیولیبڕاڵییەکان وەکو ئەنجوومەنی مۆنت پێڵرین پێک هات، ئەم ڕێکخراوەیە لقە جۆراوجۆرەکانی نیولیبڕاڵیی وەکو کۆچەرە ئوتریشییەکان، ڕووناکبیرە بریتانیاییەکانی ڕیبازی ئابووری لەندەن و زانستگای مەنچستر، ئەمریکاییەکانی ڕێبازی شیکاگۆ، هەروەها میلتن فریدمن و ئاڵمانییەکانی ڕێبازی فرایبورگی لە دەوری یەک کۆکردەوە. درەنگتر، ڕێکخراوەکانی ژووری بیرو هزری نیولیبڕاڵیزم وەک ئەنستیتوی کاروباری ئابووری لەساڵی ١٩٥٥ لە بریتانیا و ناوەندی کەلەپوور لە ساڵی ١٩٧٣ لە ئەمریکا دامەزران. ئەم ناوەندانە دژ بە سیاسەتی کینزی و دەستێوەردانی دەوڵەت لە کار و باری بازار بوون. داکەوتنی سیستمی "برێتۆن وودز" لەساڵی ١٩٧١ کە هاوکات لەگەڵ ڕاگرتنی قابلییەتی گۆڕانی دۆڵار بە دراو لە ئەمریکا بوو، دەرفەتێکی باشی بۆ بردنە پێشەوەی پڕۆژە سیاسییەکانی نیولیبڕاڵیی وەکوو "بەهرەبەریی، کەمترین ڕادەی دەستێوەردانی دەوڵەت و بازارە ئازادەکان" پێک هێنا. پڕۆژەی نیولیبڕاڵیزم لە ڕاستیدا لە لایەن کۆی چینی سەرمایەدارەوە بۆ بووژاندنەوەی هێزی چینایەتی‌ و بەرهەڵستکردنی هێزی چینی کرێکار هاتە بەرهەم و هەوڵی ویشککردنی نەمامی لە حاڵی گەشەسەندنی کۆمۆنیزمی دەدا. هێزەکانی چەپ لە سەرەتای دەیەی ٧٠ی زایینی‌ سەدەی ڕابردوو، هاوکات لەگەڵ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە توانییان بەشێکی بەرچاو لە ویستەکانیان وەکوو "بەرگریی لە ژینگە، ئاسایش و سڵامەتی پیشەیی، پاراستنی مافی‌ بەکارهێنەر و گەلێک شتی دیکە بەسەر سەرمایەدارەکاندا بسەپێنن، ئامانجی تەواوی ئەم بزووتنەوە و خەباتانە بە هێزترکردنی چینی کرێکار بوو. چینی دەستەڵاتداریش لەم بارودۆخە مەترسیدار و هەستیارەدا بۆ بەرهەڵستکردنی هێزی چینی کرێکار کەڵکی لە بیرۆکەی نیولیبڕاڵی وەرگرت. ئەم پرۆژەیە لە زۆربەی بوارەکاندا پرۆژەیەکی دژ بە شۆڕش و سەرکووتکەری بزووتنەوەکانی شۆڕشگێرانە لە وڵاتەکانی لە حاڵی گەشەسەندن وەک موزامبیک، ئانگۆلا و هتد بوو. تەنانەت دەستەیەک لە ئابووریناسەکانی شیلیا، بارهاتوو لە ژێر سەرپەرستی میلتن فریدمن لە زانستگای شیکاگۆ، پاش سالانی ١٩٧٣ یارمەتیدەری دیکتاتۆڕێک وەک ئاگۆستیو پینۆشە، بە پێی بیرو هزری ئابووریی ئازاد بۆ خۆییکردنی ئابووری لە شیلیا بوون. لە دەیەی ٧٠ی سەدەی ڕابردوو، بەشێک لە سیاسەتوانانی ڕاست وەکو مارگرت تاچێر لە بریتانیا و ڕۆناڵد ڕێگان لە ئامریکا، پارێزەرانی پڕۆژەی ئابووری‌ نیولیبڕاڵەکان بوون. تەنانەت دنگ شیائۆپینگ، ڕێبەری کۆماری گەلی چین لە ساڵی ١٩٧٨ هەنگاوگەلێکی گرینگی بۆ ئازادکردنی ئابووریی، بەڵام لە ژێر کۆنترۆڵی ڕیساکانی کۆمۆنیستی لە چین هەڵ گرت. پاش ئەوەی کە تاچێر و ڕێگان بە دەستەڵات گەیشتن ڕەوتی دابەزینی بەرچاوی باجی دەوڵەمەندەکان، سەرکوتی یەکیەتی کرێکاران، لابردنی ڕێساکان، و ڕکەبەری لە خزمەتگوزاری گشتیی دەستی پێ‌کرد. خۆییکردنی خزمەتگوزارییەکانی گشتی وەکوو وزە، ئاو، قەتار، ساغیەتی و سڵامەت، بارهێنان، ڕێگا و بان، هەروەها بەندیخانەکان یان بە وتەیەکی دیکە، ئەسپاردنی ئەوان بە بازار، ئەم دەرفەتەی بە بنگەکان دا هەتا بنکەکانی وەرگرتنی باج وەڕێ بخەن. سیاسەتە نیولیبڕاڵییەکان لە ڕیگای سەندووقی نێونەتەوەیی پارە، بانگی جیهانی، پەیمانی ماستریخت و سازمانی بازرگانی جیهانییەوە، ناڕەزاییەکی زیاتری لەنێو بەشێکی بەرچاوی وڵاتانی جیهان پێک هێنا. سەرنجڕاکێش، قەبووڵ وبەرێوەبردنی سیاسەتەکانی نیولیبڕاڵی لە لایەن حیزبگەلێک وەکوو کرێکار و دێموکراتەوە بوو کە سەردەمێک خۆیان لە بەرەی چەپدا دەدیتەوە. لە کۆتایی دەیەی ٧٠ی سەدەی بیستەم سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لە بریتانیا، بوو بە هۆی ئاوسانی ئابووری، دابەزینی بودجەی دەوڵەت و بەرزبوونەوەی خەرج ‌و مەخارجی دەوڵەتی خۆشبژیویی کرێکار، هەروەها بێکاری بەرفراوان و مانگرتنی کرێکاریی و پەنابردنی دەوڵەتی حیزبی کرێکاری ئینگلیس بۆ سندووقی نێونەتەوەیی پارە و وەرگرتنی قەرز لە ساڵەکانی ٧٦-١٩٧٥. لەم پێوەندییدا دوو بەربژار بەرەورووی حیزبی کرێکار بووەوە: قوربانیکردنی بەرژوەندی دارایی دەوڵەتی بریتانیا واتە چاوپۆشی لە"لیرەی بە هێزی ستێرلینگ" لە جیهانی سەرمایەداریی ماڵیی، یاخود مل دانەواندن بۆ شەرت و مەرجەکانی سیاسەتی ڕەنج و سەختیی سندووقی نێونەتەوەیی پارە، واتە دابەزاندنی بودجە و خەرج و مەخارجی خۆشبژیویی. حیزبی کرێکاری بریتانیا بە هەڵبژاردنی خاڵی دووهەم لە کردەوەدا دژ بە بەرژوەندی ماددی پارێزەرانی نەریتی خۆی جووڵایەوە. ئەم سیاسەتە ناڕەزایەتی و کشانەوەی لایەنگرانی دێرینەی حیزبی کرێکار و لە ئاکامدا شکستی ئەوان لە ڕێفراندۆمی ١٩٧٩ و سەرکەوتنی مارگرت تاچێری لێ کەوتەوە. تاچێر وەک نوێنەری نیولیبڕاڵیزم هەموو هەوڵی خۆی تەرخانی لەنێو بردن و پاککردنەوەی تەواوی شوێنەوار و نیشانەکانی حکوومەتی ڕابردوو و جێگیرکردنی نیولیبڕاڵیزم کرد و لە ماوەی دە ساڵدا بریتانیای کردە وڵاتێک بە داهاتی تا ڕادەیەک کەم و هێزێکی کرێکاری دەستەمۆ (بە بەراورد لەگەڵ بەشەکانی دیکەی ئورووپا). تاچێر بە کردنەوەی درگا بۆ سەرمایەنانەوەی بیانی، بەرگری نەکردن لە بەرژوەندیی پیشەسازیی خۆماڵیی و ڕێدان بە ڕکەبەری و سەرمایەنانەوە لە پیشەسازیی بریتانیا، نەک هەوڵی بۆ دابەزاندن و لاوازکردنی زۆرتری یەکیەتییەکانی کرێکاری دا، بەڵکوو لە ماوەی چەند ساڵدا بەشێکی بەرچاوی سەنعەتی نەریتی بریتانیای وەکوو پیشەسازیی پۆڵای شێفیلد، کەشتی‌سازیی گڵاسکۆ و سەنعەتی خۆماڵیی ماشێن‌سازی، لەنێو برد و بریتانیای کردە گۆڕەپانی چالاکی شیرکەتە ژاپۆنییەکان کە هەوڵیان دەدا دەستیان بە بازارەکانی ئورووپا بگا. ئەم شیرکەتانە کەڵکیان لە کرێکارانی دەرەوەی یەکیەتی کرێکاران وەردەگرت کە ملیان بە شێوەی کاری ژاپۆنی دابوو. بریتانیا یەکێک لەو وڵاتانەیە کە خاوەنی کۆنترین حیزب و یەکیه‌تیی کرێکاران، هەروەها دەوڵەتی خۆشبژیوی ئورووپایی بووە، هەوەها پاش شەڕی دووهەمی جیهانی هەتا پێش دەیەی ١٩٦٠ نموونەیەکی باش لە دەسەڵاتی کرێکاریی لە ئورووپا بوو، و لە نێوان ساڵانی دوو شەڕی جیهانیدا لە سەدا ٧٠ی ڕێژەی دانیشتووانی چالاکی ئابووریی بریتانیا کرێکارانی جەستەیی پیشەسازیی، کانزایی و بیناسازیی بوون. لە هیچکام لە وڵاتە ئورووپاییەکاندا ئەم ڕێژەیە تەنانەت نەدەگەیشتە سەدا ٥٠ و لە ئەمریکا سەدا ٤٠ یش. وێدەچێ هۆی بەشێک لە دابەزینی گرنگی چینی کرێکار لە کۆتایی دەیەی ١٩٨٠ لە سەردەمی تاچێردا، پێوەندیی بە داکەوتنی ژمارەی ئەوان لە نێوان دانیشتووانی بریتانیا بووبێ. بریتانیا لە درێژایی چەند دەیەدا لە کۆمەڵگه‌یەکەوە کە زۆرترین ژماری چینی کرێکاری هەبوو، بوو بە کۆمەڵگایەک کە ڕادەی پرۆڵتاریای بە بەراورد لەگەڵ سوید، ئاڵمان، فەرانسە و ژاپۆن گەیشتە ئاستێکی نزمتر. مارگارێت تاچێر لە ڕێگای خۆییکردنەوە، هەوڵی خۆی بۆ تێکشکاندنی هێزی یەکیەتیی کرێکاران دا. لە نێوان ساڵانی ١٩٧٩ و ١٩٩٤دا، ڕێژەی کار لە بەشی دەوڵەتیی بریتانیا لە ٧ میلیۆنەوە بۆ ٥ میلیۆن دابەزی. بۆ تاچێرێک کە باوەڕی بە بوونی دیاردەیەک بە ناوی کۆمەڵ نەبوو و تەنیا ژن و پیاوی جیاجیای دەدی، شۆڕاکانی شار[ کە بە پێی ئامانجی سۆسیالیزمی شاری بەرێوە دەچوون]، بەربەستێک لە سەر ڕێگای سیاسەتەکانی نیولیبڕاڵی ئەو بوون. بەم پێیە، بە کەمکردنەوەی بودجە و چاکسازیی لە کاروباری دارایی شارەوانییەکان و شۆڕای شار، هەروەها دانانی ماڵیاتی سەرانەی کۆنەپارێزانە لەجێی باجی مڵک ‌و ماڵ، دەستی بە سەرکوتکردنی شۆڕاکان کرد. خۆییکردنی بەشەکانی ئابووری و پێشەسازیی وەکو پیشەسازیی هەوا – کەشی "فەزایی"، دەزگای هەواڵگری (موخابەرات)، ڕێگای هەوایی بریتانیا، پیشەسازیی پۆڵا، کارەبا، گاز، نەوت، خەڵووز، ئاو، پاسی نێو شار، هێڵی ئاسن و گەلێک شیرکەتە بچووکە دەوڵەتییەکان، هەروەها قازانجی زۆری زەوییە ئازادکراوەکان بوو بە هۆی پڕبوونی خەزێنەی دەوڵەتی تاچێر. سیاسەتەکانی نیولیبڕاڵی بە‌گشتی، زۆرتر بوو بە هۆی بەرزبوونەوەی نابەرامبەریی کۆمەڵایەتی هەتا گەشەسەندنی ئابووریی و کارامەیی. بۆ وێنە بە پێی ڕاگەیاندراوی ڕۆژنامەی ئیندیپێندتی بریتانیا، بەرهەمی ٤٥ ساڵ نیولیبڕاڵیزم لە بریتانیا بریتی لە هەژارییەکی بەربڵاوە لە نیوان منداڵانی بریتانیا تا ئەو ڕادەیەی کە نزیکەی سەدا ٤٥ ی منداڵان لە لەندەن، بیرمێنگهام و مەنچستر ژیانێکی هەژارانەیان هەیە، هەروەها ١٤ میلیۆن کەس لە بریتانیا تووشی هەژاری بوون کە بەرامبەر بە یەک لە پێنجی ڕێژەی دانیشتوانی ئەم وڵاتەیە. نموونەیەکی دیکەی نیولیبڕاڵیزم، سیاسەتەکانی دەوڵەتی ڕێگانە. ڕێگان لە ساڵی ١٩٨٠ وەکوو نوێنەری حیزبی کۆماریخواز و نیولیبڕاڵەکان بوو بە سەرۆک کۆماری ئەمریکا. ڕێگان سیاسەتەکانی نیولیبڕاڵی بە بیانووی خەبات لەگەڵ ئاوسانی ئابووری لە هەموو ئەمریکادا بەرێوە برد کە بریتیی بوون لە: دابەزاندنی پانتایی و نێوەڕۆکی چاودێری و کۆنترۆڵی دەوڵەتی فیدرال لەسەر گشت چالاکییە‌ پیشەسازییەکان، چۆنیەتی شوێنی کار، چاودێری پزیشکی، پاراستنی مافی بەکارهێنەر و کەمکردنی بودجە، هەروەها لابردنی ڕێساکانی پێوەندییدار بە لایەنە داراییەکان، سەرمایەنانەوە و پێداچوونەوەیەکی بەرفراوان بۆ دیاریکردنی باج ، هەروەها ڕادەستکردنی بێ بەند و بەستی داراییەکانی گشتی بە بەشی خۆیی. ڕێگان بۆ بردنەپێشەوەی سیاسەتی نیولیبڕاڵی پێویست بوو چۆک بە یەکیەتیی کرێکاران دادا. ڕێگان لە ڕێگای وروژاندنی یەکیەتیی کارگێرانی کۆنترۆڵی هەوایی بۆ مانگرتن و پاشان تۆڵە ‌لێسەندنەوە لە ساڵی ١٩٨١ لەلایەکەوە، هەروەها گواستنەوەی چالاکییە پیشەییەکانی خاوەن یەکیەتی لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵات و باکوری ناوەندیی بۆ ئەیالەتەکانی باشوری ئەمریکا کە خاوەنی یەکیەتیی کرێکاری نەبوون و بە پیی یاسا پێویست نەبوو کرێکاران ئەندامی ئەم یەکیەتییانە بن، دەستەڵاتی یەکیەتیی کرێکارانی لاواز کرد. کێوین فیلیپس توێژەری کۆماریخواز و یاریدەدەری پێشووی نیکسۆن سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە کتێبی "سیاسەتی دەوڵەمەند و هەژار - ١٩٩٠" ئاکامەکانی سیاسەتی ڕێگان شی دەکاتەوە. ئەو باس لە چۆنیەتی گۆڕانکاری بەشینەوەی داهات لە ساڵانی ١٩٧٧ هەتا ١٩٨٨ بە پێی سیاسەتەکانی دوکترینی نیولیبڕاڵ دەکا. لە درێژایی دەیەی ١٩٨٠ مامناوەندی داهاتی لە سەدا ١٠ی بەشی سەرەوەی بنەماڵە ئەمریکاییەکان هەتا سەدا پێنج، و لە سەدا پێنجیان هەتا سەدا بیست و سێ بەرز بۆتەوە، بەڵام ئەم ڕادەیە لە سەدا یەکی هەرە خۆش شانسەکەیان بە هۆی سیاسەتەکانی ڕێگانەوە هەتا سەدا ٥٠ چۆتە سەرێ و داهاتی ئەوان لە ٢٧٠ هەزار دۆڵار گەیشتۆتە  ٤٠٥ هەزار دۆڵار. بەڵام ئەمریکاییە هەژارەکان، واتە لە سەدا ٨٠ی بەشی خوارەوەی کۆمەڵگه‌، هەر کام بە چەشنێک شتێکیان لەدەست داوە، و ئەوانەی کە پاژێک لە هەرە خوارترین بەشی کۆمەڵگه‌ بوون زۆرترینان لەدەست دا و داهاتی لە سەدا ١٠ی بەشی خوارەوەی ئەمریکا بە نزمترین ئاستی خۆی گەیشت. بە پێی لێکدانەوەکانی فیلیپس (پێشتر)، ئەوان لە سەدا ١٥ی نزمە داهاتی خۆیان لەدەست دا: واتە خوارترین ئاستی داهاتی ساڵانەیان کە ٤.١١٣ دۆڵار بوو گەیشتە ٣.٥٠٤ دۆڵار . لە ساڵی ١٩٧٧، لە سەدا یەکی بەشی سەرەوەی بنەماڵە ئەمریکاییەکان مامناوەندی داهاتیان ٦٥ جار زۆرتر لەسەدا ١٠ی بەشی خوارەوەی بنەماڵە ئەمەریکاییەکان بووە. بە پێی ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەرژمێریی ئەمریکا سەبارەت بە میزانی هەژاریی (ساڵی١٩٩٣)، جیاوازیی نێوان دەوڵەمەند و هەژارەکان زۆرتر بووە. لە ساڵی ١٩٩٢ ٣٦.٩ ملیۆن کەس هەژار و دەس‌ بە تاڵ بوون، ئەم ڕێژەیە ١.٢ ملیۆن لە ئاماری ساڵی ١٩٩١ و ٥.٤ میلیۆن لە ئاماری ١٩٨٩ بەرزتر بوونەتەوە. پتر لە سەدا ٤٠ی دەستەنگەکانی ئەم وڵاتە منداڵەکان بوون. نرخی هەژاری لە نێو ئافریقاییە ئامریکاییەکان پتر لە لە سەدا ٣٣ و لە نێو سپانیاییەکاندا ٢٩.٣ بووە. نزیکەی سەدا ١١.٦ لە تەواوی سپی‌پێستەکان لە هەژاری و دەستەنگیدا دەژین. ڕێژەی بێ ماڵ و حاڵەکان لە ساڵی ١٩٩١ دا لە ئەمریکا  ٦٠٠ هەزار کەس بووە و لەم ڕێژەیە نەود هەزار کەسیان منداڵ بوون. لە چەند دەیەی ڕابردوودا نابەرامبەریی داهات و سامان و سەروت گەلێک بەرز بۆتەوە، بۆ وێنە لە ساڵی ٢٠١١ شەش میراتبەری ئیمپراتۆری وال‌مارت خاوەنی نزیکەی ٧٠ میلیارد دۆڵار بوون کە بەرامبەرە لەگەڵ سەدا ٣٠ی سامان و سەروەتی خوارترین بەشی کۆمەڵگای ئەمریکایی. لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا گەشەیەک لە خۆشبژیوویی باوی ئەمریکایی نەدیتراوە و داهاتی لەسەدا یەکی بەشی سەرەوەی دانیشتووانی ئەمریکا لە ماوەی ٤٠ حەوتوودا زۆرتر لە داهاتی یەک لە پێنجی بەشی خوارەوەی کۆمەڵگه‌ لە ساڵێک دایە. بە پێی ڕاپۆرتی بنکەی سڵامەتی گشتیی زانستگه‌ی ئەمریکا لە سەتا ٤٤ی منداڵانی ئەمریکایی ژێر ١٨ ساڵ (سەرەوەی ٣٠ میلیۆن) ژیانێکی هەژارانەیان هەیە. هێنری گۆنزالێس نوێنەرەی کۆنگرە و سەرۆکی کۆمیتەی کار وباری بانکی، ماڵی و شاریی کۆنگرە لە وتەیەکیدا ئاماژە دەکا کە "ئێمە کارێکمان کردووە ئەمریکاییەکان لە وڵاتی خۆیاندا ماڵ بە کۆڵ بن، ئێمە بنەماڵەگەلێک دەناسین کە لەم وڵاتەدا ئاوارەن، بەشێک لەوان لە ماشێن یان لە ژێر پردەکاندا دەخەون و ڕیزی ئەوان رۆژ بە رۆژیش پەرەدەسێنی". نمونەیەکی دیکە، بەرێوەبردنی نیولیبڕاڵیزم لە کۆماری گەڵی چینە. لە چین چاکسازییەکانی نیولیبڕاڵی بە سەرپەرەستی دەنگ شیاوپینگ توانی لە ماوەی چەند دەیە ئەم وڵاتە بکاتە یەکێک لە هێزە گرینگەکانی بازاری سەرمایەداری. هەبوونی کرێکاری هەرزان، ڕاکێشانی شیرکەتە بەرهەمهێنەرەکانی تایوانی، ژاپۆنی، کۆریایی و تەنانەت ئەمریکایی بۆ سەرمایەنانەوە لە چین، چاکسازیی خۆییکردن و گۆڕان و سپاردنی بەشێکی بەرچاو لەو شیرکەتە دەوڵەتییانەی کە پێشتر لەسەر بنەمای خاوەنداری هاوبەشایەتی دامەزرابوون، بە شیرکەتە خۆییەکان، بوو بە هۆی گەشەکردنی ئابووریی چین و دەوڵەمەند بوونی بەشێکی بەرچاو لە ئەندامەکانی حیزبی کۆمۆنیستی چین کە بەرپرسی ئەم شیرکەتانە بوون، بەڵام ئەم سیاسەتە هاوکات، بوو بە هۆکاری بەرزبوونەوەی ڕادەی نابەرامبەریی کۆمەڵایەتی و جیاوازیی لە داهاتی چین و توێژەکانی جۆراوجۆر، سەرهەڵدانی گەندەڵیی ماڵی_ سیاسیی، هێرشی خەڵکی گوند بۆ شارەکان و سەرهەڵدانی دیاردەیەکی تازە بە ناوی کرێکاری گەڕۆک و گەشەکردنی کاری حەقدەستی و کۆبوونەوەی سەروت و سامان لە نێو دەستەیەکی تایبەت، و بە‌گشتی جەمسەریی بوونی کۆمەڵایەتی. چەوساندنەوەی هێزی کار و بە تایبەتی ژنە کرێکارە لادێیەکانی کۆچەر، هەروەها ئاستی گەلێک نزمی حەقدەستی کرێکاران سەرچاوەیەکی دیکەی گردەکۆیی سەروەت و سامان لە چین بوو. بە وتەی پڕۆفسۆڕ دوکتور "بینگ یان لی" سەرۆکی ئەنستیتوی ئابووری نانجین و مامۆستای ئەنستیتوی ئیداریی ئەیالەتی جیانگسۆ و زانستگای ناوەندی کارو باری ماڵیی و ئابووریی شاری پێکەن، دۆخی ژیانی کرێکاران لە دەیەکانی ڕابردوو لەژێر کاریگەی سیاسەتی نیولیبڕاڵی گەلێک خراپتر بووە. بە بەراوردی قەبارەی سەرمایەنانەوە لە شیرکەتەکانی پلە یەک و دووی ئابووریدا، ئەمڕۆ سەدا ٥٢ ی ئابووری چین لە دەست بەشی خۆیی و سەدا ٤٨ ی لە دەست دەوڵەتدایە. ئابووری خۆیی لە سەدا ٦٣ی بەرهەمی ناساف(ناخالص)ی نەتەوەیی پێک دێنێ و ئەم ڕێژەیە بەرەو زیادکردن دەچێ. بە پێی ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٠٥ی بەرنامەی گەشەسەندن و تەواوکاریی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەدا ٥٩ی خاوەنداریەتیی لە دەست سەدا ٢٠ی توێژی سەرەوەی کۆمەڵگه‌ی چینە، ئەمەش لە حاڵێکدایە کە تەنیا لە سەدا ٣ی خاوەنداریەتی بۆ سەدا ٢٠ی توێژی خوارەوەی کۆمەڵگه‌ تەرخان کراوە. ئەم ڕێژەیە لە نێوان ئەواندا ٢١ بە یەکە.  بە پێی ڕاپۆڕتی ساڵانەی کۆمیسیۆنی بەرنامەی تەواوکاریی لە پێوەندیی لەگەڵ دابەشکردنی داهات لە چین کە بۆ ئیدارەی ئاماری نەتەوەیی و ئاکادێمی زانستی کۆمەڵایەتی ئامادە کراوە لە سەدا ١٠ی بنەماڵە دەوڵەمەندەکان کە بەرزترین ئاستی داهاتیان هەیە، خاوەنی سەدا ٤٥ی خاوەنداریەتی چینن، ئەمە لە حاڵێکدایە لە سەدا ١٠ی بنەماڵە هەژارەکان خاوەنی ١.٤٪ خاوەنداریەتیین و ئەم ڕێژەیە لە نێوان ئەواندا ٣٢ بە یەکە. سیاسەتەکانی نیولیبڕالی ڕۆڵیکی بەرچاویان لە پەرەسەندنی ژیانی بەکارهێنەریی(مەسرەفی) بووە. لە سالی ٢٠٠٣ دا، چین بەکارهێنەری سەدا ٣٠ ی بەرهەمی خەڵووز، سەدا ٣٦ ی پۆڵا و سەدا ٥٥ ی سمیتی جیهان بووە و پاش ئەمریکا دووهەمین هاوردەکەری نەوتە. چاکسازییەکانی نیولیبڕاڵی چین لە کەمتر لە ١٠ ساڵدا بوو بە هۆی شێواندنی نەریتی دوچەرخە (پاسکیل) لێخورین و چوونەسەرەوەی میزانی ماشێن لێخورین، پیسبوونی لە ڕادەبەدەری ژینگەی چین و گەیاندنی ئەم وڵاتە بە پلەی شازدە لە نێوان بیست وڵاتێک کە پیس‌ترین هەوای جیهانیان هەیە. پاش چاکسازییەکانی بازاری ئازاد لە چین بە میلیۆن منداڵ بە هۆی هەژاریی داراییەوە بۆ یارمەتیدانی بنەماڵە، خوێندنی مەدرەسە‌یان بەجێ هێشتووە و  ملیان ناوەتە کاری هەرزان. کارخانە گەورەکانی پارچەچنین لە شانگهای، بێ هیچ چەشنە بەربەستێک دەتوانن کار بە منداڵانی ١٢ هەتا ١٥ ساڵ بکەن. لە ساڵانی ٩٢ و ٩٣ دا بە هۆی دابەزینی حەقدەست و نارەزایەتی کرێکاران، منداڵان جێگای ئەوانیان پڕکردۆتەوە.