کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێژیمێکی تێرۆریستپەرەوەر بە زمانێکی لووسی دێپلۆماتیکەوە

11:28 - 4 رەزبەر 2718

ناوەرۆکی قسەکانی حەسەن ڕوحانی، سەرۆکۆماری ئێران لە کۆبوونەوەی ساڵانەی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆرک جیا لە کۆمەڵێک ئیدیعا و درۆی زەق کە بە زمانێکی لووسی دێپلۆماتیک بەیان کرا، بە گاڵتەگرتنی دەرک و فەهمی ئامادەبوانی ئەم کۆڕەیش بوو. بەتایبەت لە پێوەندی لە گەڵ ڕۆڵی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەر بنەمای دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە و پشتیوانیکردنی ئەم رێژیمە تێرۆریستپەروەرە لە تاقم و گرووپە توندڕەوە تێرۆریستەکان و هەروەها ئەو ئیدیعا درۆزنانەیەی لە سەر "باوەڕمەندبوونی نیزام بە دێموکراسی و سەقامگیربوونی ئارامی لە ناوچەکە"، ڕوحانی زۆر بێ‌شەرمانە خۆی لێ گۆڕابوو کە بە نوێنەرایەتی لە چ رێژیمێک قسە دەکات. ڕوحانی لە حاڵێک دا باسی لە پشتیوانیی رێژیمەکەی لە وڵاتانی عێراق و سوریە دەکرد کە هەر لە ماوەی دوو حەوتووی ڕابردوودا خەڵکی ئەم دوو وڵاتە لە چەند خۆپێشاندان‌دا نارەزایەتیی خۆیان دژ بە بوونی رێژیمی ئێران لە وڵاتەکانیان دەربڕی و بە دەنگێکی بەرز درووشمی "ئێران بۆ دەرەوە لە وڵاتمان"یان بەرز کردوە. ڕوحانی لە حاڵێک دا حزووری ئاژاوەگێڕانەی رێژیمەکەی لە سووریە لە حزووری چەند ڕاوێژکاری نیزامی‌دا کورت دەکاتەوە کە تا ئێستا نزیک بە سێ‌هەزار کەس لە هێزەکانی ئەم رێژیمە لە سوریە کوژراون کە بە "داکۆکیکارانی حەرەم" ناویان دەهێنن. سەرکۆماری ئیسلامی ئێران لە پێوەندی لە گەل قەزیەی ئێسرائیل و فەلستین‌دا بە جۆرێک رێژیمەکەی بە پشتیوانی لە فەلەستینییەکان پێناسەکرد کە وەک بڵێی ئەم رێژیمە جیا لە سیاسەتە ئاژاوەگێڕانەکانی ئەم پرسەدا، لە نێو وڵاتەکەی خۆیدا هیچ کێشەیەکی لە گەڵ کەمایەتییە نەتەوەیی و مەزهەبییەکانی ئەم وڵاتە نەبێ. ئەوە لە حاڵێک دایە کە لە ئێستای ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی‌دا نە تەنیا مافی هیچکام لە کەمایەتیە نەتەوەیی و مەزهەبییەکان بە ڕەسمی ناناسێندرێ، بەڵکوو لە درێژەی سیاسەتی سەرکوت و داپڵۆسین‌دا، رۆژ نیە چالاکان و تێکۆشەرانی نەتەوەیی و مەزهەبی بە تاوانی داکۆکیکردن لە ماف و ئازادییەکانیان سزای قورسیان بەسەردا نەسەپێ و لە سێدارە نەدرێن. حەسەن ڕوحانی کە لە چوارچێوەی دیاریکردنی سیاسەتەکانی رێژیمەکەی‌دا وەک سەرکۆمار خاوەنی چووکەترین سەڵاحییەتی یاسایی و بەڕێوەبەری نیەو ئەوە تەنیا رێبەری نیزامە کە بڕیادەرە نە کەسێكی دیکە، بە جۆرێک باس لە پابەندبوون بە دەروەستبوون و تەعەهوود لە پرسی تەوافوق و وتوێژدا دەکات  و دۆناڵد ترامپی سەرکۆماری ئامریکا ئاموژگاری دەکات، وەک ئەوەی لەبیری چووبێتەوە کە ئەوەی ئەوان و رێژیمەکەیان لەم پێوەندییەدا یان پێوە گرتووە، نە تەنیا شکاندنی تەعەهود و دەروەستی نەبووە و نیە، بەڵکوو نواندنی بێ‌ئەخلاقی و بێ‌پڕنسیپی لە هونەری وتوێژ و دیپلۆماسی‌دا بووە. ئەوە ئەوان و رێژیمەکەیان بوون کە وڵامی داخوازییە ڕەواکانی نەتەوەیەکی ئاشتیخوازی ماف‌ویستیان لە سەر مێژی وتوێژ بە کوشتنی رێبەرانیان دایەوە. ئەوە ئەوانن کە تا ئێستایش بانگەوازی مافخوازانەی بزووتنەوەی خەڵکی کوردستان بە موشەکبارانکردنی بنکە و بارەگای حیزبە ئاشتیخوازەکانیان دەدەنەوە و تێکۆشەرانیان بە پیلانی جۆراوجۆر تێرور دەکەن، دەیانسووتێنن و لە سێدارەیان دەدەن. حەسەن ڕووحانی کە لە پشت تریبوونی بەرزترین ئۆڕگانی نێونەتەوەییەوە درۆزنانە خۆی بە قوربانیی تێرۆریزم دادەنێ و وڵاتانی ناوچەکە بە "داڵدەدانی تاقم و گرووپی تێرریستیی دژ بە رێژیمەکەی" تاوانبار دەکات، پێی وایە خەڵکی وڵاتەکەی و بە تایبەت خەڵکی کورستان بەم خێراییە لەبیریان دەچێتەوە کە هەر ١٥ رۆژ پێش ئێستا بوو(١٧ی خەرمانان) کە بە بەزاندی هەموو سنوورێک، باندی مافیای سپای پاسداران مووشەکبارانی "قەڵای دێموکرات"ی کرد کە لە ئاکامدا بە دەیان پێشمەرگە، کادری رێبەری و ژن و منداڵ شەهید و بریندار بوون. لەوانەیە سەرکۆماری بێ‌دەسەڵاتی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بتوانێ بە زمانێکی لووسی دیپلۆماتیک بۆ ساتێک بە ئیدیعا بێ‌بنەماکانی تریبوونی ئۆرگانێکی بەرزی وەک رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داگیر بکات، بەڵام ئەم رێژیمە لە بیر و زەینی بیروڕای گشتیی جیهانی و بەتایبەت کۆمەڵگای ئیران‌دا رێژیمێکی بێزراو و تێرۆریستپەرەوە.