کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاسایی‌بوونەوەی کوشتنی کۆڵبەری کورد

15:50 - 12 رەزبەر 2718

ئێستا ئیدی کەس بۆ کوشتنی کۆڵبەری کورد بە دەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، هەست ویژدانی ڕاناچڵەکێ!. تەنانەت میدیاکانیش هێندە بەلایانەوە ئاسایی بۆتەوە کە لە ئەولەویاتی چنینی هەواڵەکانی خۆیان‌دا، ئاخرین کاتەکان و پەراوێزخراوترین ستوون و گۆشەکانی بۆ تەرخان دەکەن. کوشتنی کۆڵبەری کورد چیدیکە نەتەنیا ناڕەزایەتی گشتی و جەماوەریی کۆمەڵگای لێ‌ناکەوێتەوە، بەڵکوو لە ڕێوڕەسمی ناشتنی تەرمەکەیشی‌دا تەنیا کەس و کاری دەرەجە یەکی ئامادە دەبن و خزمانی دوور لەوانەیە بە تەلەفوونێک یان بە پەیامێکی دەنگی "بەداخبوون"ی خۆیان ڕابگەیەنن. ئاساییبوونەوەی کوشتنی کۆڵبەرانی کورد جیا لە مانا کۆمەڵایەتییەکەی کە تەعبیر لە جۆرێک کەمتەرخەمی کۆمەڵگا دەگەیەنێ، دەستئاوەڵا هێشتنەوەیەکی ئاشکرای هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی دژ بە کوردی کۆماری ئیسلامی ئێرانە کە زۆر بە ئاسانی بە بێ ئەوەی پێی وابێ هەزینەیەکی دەکەوێتە سەر، بێ‌پەروایانە گیانی ئینسانی کورد بستێنن. لە ماوەی سێ مانگی هاوینی ئەمساڵدا ٦٤ کۆڵبەری کورد لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بوونەتە ئامانجی تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران. بە پێی ڕاپۆرتی وەرزانەی "ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان" هەر لە ماوەی سێ مانگی هاوینی ئەمساڵ‌دا ٢٤ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی رێژیم گیانیان لە دەست داوە و بە دەیان کەسی دیکەیش هەر لەم چینە بێ‌دەرەتانە بریندار و نوقستان بوون. دوایین قوربانیی دەستی هێزەکانی رێژیم کە رۆژی چوارشەممە، ریکەوتی ١٠ی رەزبەر گیانی لێ ئەستێندرا، عەزیمی ئەحمەدی، خەڵکی ناوچەی شوێشمیی هەورامان بوو. ناوبراو کە خاوەن خێزانێکی پێنج کەسی بوو، بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی رۆژانەی ماڵ و منداڵی خەریکی کۆڵبەری بوو کە ئەویشیان پێ ڕەوا نەبینی و گیانیان لێ ئەستاند. ئەوەی لە مەرگی ئەم کەسە بێ‌دەرەتان و شەرافەتمەندە ناخۆشتر و جەرگبڕترە، ئاساییبوونەوەی مەرگی ئەم کەسانە لە لای کۆمەڵگا و رێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤە. کەمتەرخەمیی کۆمەڵگا و بێ‌دەنگبوون بەرانبەر بە کوشتنی ئەم کەسانە مەترسییەکی گەورەیە و رێ بە دەزگای سەرکوتی رێژیم دەدات کە دەستی ئاوەڵابێت لە کوشتن و گیان لێ‌ئەستاندنیان. دەزگای سەرکوتی رێژیم کە خۆی بەشێکە لە باندی مافیای ئابووری لەم وڵاتە، بەردەوام هەوڵ دەدات ئەم کۆڵبەرە بێ‌دەرەتانانە بە قاچاخچی ناو ببات و بە ناوی "بەربەرەکانێ‌ دژ بە هاوردەکردنی شت و مەکی قاچاخ"، ئیزن بە خۆیان بدەن تەقەیان لێ بکەن و گیانیان لێ‌بستێنن. ئاسایی‌بوونەوەی کوشتنی کۆڵبەرانی کورد و بێ‌دەنگیی بەرانبەر بەم پێشێلکارییانە، دەتوانێ ڕاست بە مانای سەلماندی ئێدیعای دەزگای سەرکوتکەری ڕێژیم بێت. ئەوە لە حاڵێک دایە ئەوەی ئەم چینە لە کۆمەڵگای کوردستان لە پێناویدا بوونەتە قوربانی، دابینکردنی تەنیا بژیوی ژیانی رۆژانەی ماڵ و منداڵیانە و هۆکاری ئەم نەهامەتیانەش تەنیا ریژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانە کە گەورەترین باندی مافیای قاچاخ، سپای پاسداران و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی دیکە بەرێوەی دەبەن و خەڵک دەکوژن. ئەرکی چالاکانی سیاسی و مەدەنی، میدیاکان و هێز و لایەنە سیاسییەکان و رێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤە کە ئیزن نەدەن کوشتاری کۆڵبەران و سیاسەتی سەرکوت لە کوردستان ئاسایی بنوێنێ و پێویستە کۆمەڵگای کوردستان بەرانبەر بەم پێشێلکاریانە بێتە دەنگ.