کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قۆناغی نوێی تیرۆری نەیاران لە دەرەوەی وڵات و پێویستیی بەرپەرچدانەوەی

04:43 - 15 رەزبەر 2718

لەو چەند ساڵەی دواییدا، جگە لە تیرۆر و بۆمبدانانەوە و مووشەکباران دژی بنکە و تێکۆشەرانی حیزبەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان کە بە داخەوە شەهید و برینداربوونی دەیان تێکۆشەری سەر بە حیزبی دیموکراتی کوردستان و حیزبەکانی دیکەی بە دواوە بووە، چەندین چالاکیی تیرۆریستی لە وڵاتانی ئورووپایی بە هۆی بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی و دامەزراوەکانی سەر بەو ڕێژیمە بەڕێوە چوون. بەداخەوە هێندێک لەو کردەوە تیرۆریستییانە ئامانجەکانیان پێکاوە و بوونە هۆی کوشتنی چەند کەسێک لە نەیارانی ئەو ڕێژیمە لە دەرەوەی وڵات. ژمارەیەکیشیان کەوتوونە ژێر چاوەدێڕیی  پۆلیس و دەزگا ئەمنیەتییەکانی  چەند وڵاتێکی ئورووپایی وەک هولەند، فەرانسە، بێلژیک و ئەلمان و، ئەو کەسانەی دەستیان  تێدا هەبوون- کە هیچ گومانێک لە بەستراوەییان بە نوێنەرایەتی و باڵوێزخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا نەبووە- گیراون. لە وڵاتی هولەند هەر لە ماوەی ٢-٣ ساڵی ڕابردوودا ٢ کەس بە هۆی تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی گیانیان لێ ئەستێندراوە کە بریتین لە: ١- "عەلی موعتەمید" لە دیسامبری ٢٠١٥ و ٢- "ئەحمەد مەولا ئەبو ناهز"(ناسراو بە ئەحمەد نیسی) لە ٨ی نوامبری٢٠١٧. ئەم ڕۆژانەش ڤیدیۆی کەسێکی بە توندی بریندار و لێدراو کە چالاکێکی سیاسیی بەلووچە بە ناوی "  محەمەد رەزا ناروویی"، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان‌دا ئەم دەست و ئەو دەست دەکا. بە قسەی ئەو چالاکە بریندارە، چەند بەکرێگیراوی دەزگا جاسووسییەکانی ڕێژیمی ئێران بە پێی نەخشەیەک ناوبراو بانگ دەکەنە شوینێکی دیاریکراو و بە دەمانچە و چەقۆ هێرشی دەکەنە سەر، کە  دیارە ناوبراو بە نیوەگیانی، خۆی لە دەستانیان ڕزگار دەکا! بەڵام ئەو زانیارییانەی لە بارەی پیلانی بۆمبدانانەوەی تیرۆریستەکانی سەر بەو ڕێژیمە لە کۆبوونەوەی ساڵانەی هاوینی ڕابردووی ڕێکخراوی موجاهیدین لە فەرانسە بڵاو بوونەوە و میدیاکانیان تەنیوەتەوە، سەلمێنەری بەرینیی پیلانەکە و هاوکاری و هاودەستیی سەفارەتخانەکان و کۆنسۆڵگەرییەکانی ئەو ڕێژیمە لە چەند وڵاتی ئورووپایین. گومانی تێدانیە کە ئەم جۆرە پیلانانە، تەنیا بە پێی بەرنامە و بە هاوهەنگاوی لە گەڵ بەرزترین ئۆرگانە دەوڵەتی و حکوومەتییەکان ڕێک دەخرێن و بەڕێوە دەبرێن. وەدەرنان و قۆڵبەستکردنی ژمارەیەک لە کاربەدەستانی سەر بە دامەزراوە بە رواڵەت دیپلۆماتیکەکانی ڕێژیمی ئێران و تەحویلدانەوەی ژمارەیەکیان بە وڵاتی پێوەندیدار، هەر وەها داخستنی ژمارەیەک لە ناوەندەکانی بەستراوە بە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تاوانی بەشداری لە پیلان و کردەوەی تیرۆریستیدا، لە پەنا ئەمانەش، هەرەشەی پەیتا پەیتای فەرماندەرانی سوپای پاسداران و بەرپرسانی دەزگا ئەمنییەتی و سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە دژی نەیاران لە هەر وڵات و شوێنێک، هەموویان بە سەریەکەوە نیشاندەری چالاکبوونەوەی تیرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی بە دژی نەیارانی سیاسیی خۆی لە دەرەوەی وڵاتن. وا دێتە بەرچاو کە تیرۆریزمی دەوڵەتیی ڕێژیمی ئێران کە بە دوای دەرچوونی بڕیاری مێژوویی دادگای بێرلین لە ساڵی ١٣٧٦ی هەتاوی و شوێنەوارە  سیاسی و دیپلۆماتیکەکانی، چالاکییەکانی خۆی لە وڵاتانی ئورووپایی بە شێوەیەکی کاتی راگرتبوو، چەند ساڵێکە دووبارە چالاک بووەتەوە. ئەم ڕاستییە هەم بۆ ژمارەیەک لە وڵاتانی ئورووپایی کە لە دەیەی ٩٠ی زایینی‌دا ببوونە مەیدانی ڕمبازێنی تیرۆریستەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی، هەم بۆ چالاکانی  سیاسیی ئێرانیی دانیشتووی ئەو وڵاتانە پێویستە ببێتە زەنگێکی مەترسی. وا هەست دەکرێ کە قۆناغی تازەی چالاکبوونەوەی تیرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی و تیرۆرەکانی ئەم ساڵ و چەند ساڵی رابردووی ئەو ڕێژیمە لە دژی نەیارانی سیاسیی خۆی، هەم لە هەرێمی کوردستان و هەم لە وڵاتانی ئورووپایی، نەکەوتبنە بەر سەرنجی راگەیەنە فارسی زمانەکانی دەرەوەی وڵات. هەر بەو پێیە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییە ئێرانییەکان و، میدیاکاران، چالاکانی سیاسی و تێکۆشەرانی بواری مافی مرۆڤ لە دەرەوەی وڵاتیش، ئەو گرنگییەی پێویستە پێیان نەداوە و پێشنیار و بەرنامەیەکیان بە مەبەستی هاوکاری و هەنگاوی هاوبەش بۆ لەقاودانی لایەنە جۆراوجۆرەکان و تیشک خستنە سەر ئامانجەکان وچەند و چۆنی بەڕێوەچوونی قۆناغی تازەی تیرۆریزمی دەوڵەتیی ڕێژیمی ئێران نەخستووەتە ڕوو. کاتی ئەوە هاتوە پشت ئەستوور بە ئەزموونی پێکهێنانی کۆمیتەکانی دژە تیرۆر لە دەیەی ٩٠ی زایینی‌داو، بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی هاوکاریی ئەو کاتی حیزب و ڕێکخراوەکانی ئوپۆزیسیۆن و تێکۆشەرانی سیاسی و بواری مافی مرۆڤ لەو بوارە دا، جارێکی دیکە دەست بکەینەوە بە هاوکاریی چڕ و پڕ لە گەڵ یەکتر و، ئورووپا و هەر وڵات و شوێنێک کە کۆماری ئیسلامی بیەوێ نەیارانی سیاسیی خۆی تێیاندا تیرۆر بکا، بکەین بە ڕاوگەی لەداوخستنی تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی ومەیدانی لەقاودانی پیلانە تیرۆریستیەکانی ئەو ڕێژیمە و، ڕاکێشانی سەرنجی ناوەند و دامەزراوە پێوەندیدارەکان و بیرورای گشتیی ئەو وڵاتانە بۆ دژایەتیکردنیان.