کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژنانی وڵاتی من!

15:37 - 16 رەزبەر 2718

کچەکە دەستی بە پرچی دا‌هێنا و ڕوومەتی دەرکەوت، قژە شۆڕ و خاوەکەی، جوانییەکی تایبەتیی پێ بەخشی بوو، شێوەی ڕوانینی وای دەنواند نایهەوێ لەگەڵ کەس تێکەڵ ببێ، لێم پرسی: خەڵکی کوێی؟ کیژۆڵەکە بە هەمان نیگای مەند و قووڵەوە کە وای دەنواند نایهەوێ لەگەڵ کەس بدوێ، گوتی: ئەمن کوردم، خەڵکی کوردستانم! ئەمنیش بە سەرسووڕمانەوە گوتم: ئەها دەزانم کوێ دەڵێی! ئەو شوێنەی وا کچانی جەنگاوری هەیە و بوێر و چاونەترسن و دیتوومە چۆن بەگژ داگیرکەردا دەچن. بەڕاستی ئەوان ئازاترین ژنانی جیهانن. کچەکەش کە من قسەم بۆ دەکرد بە لەراندنی سەر و بریقەی نێوچاوانی گوتی: بەڵێ منیش لە هەمان ئەو کچ و ژنانەم و بریسکەیی شایی بەخۆبوون لە چاوانیدا درەوشایەوە. ڕەنگە ئەم چەشنە وتووێژە بۆ هیچ ژنە کوردێک نامۆ نەبێ، کە لە هەر شوێنێک لێیان دەپرسن خەڵکی کوێن؟ هەر ئەوەندە بەسە بڵێ ژنە کوردم و ئیدی بە ژنان و کچانی ئازا و بوێر ناویان دەهێنن. لێرەدا با منیش ئاوڕێک بدەمەوە لە مێژووی خەباتی زانستی و نیزامیی ئەو ژنانەی کە باسیان دەکەین. ژنانی کورد هەموو کاتێک لە مێژوودا ناونیشانی دیار و بەرچاویان هەبووە، لەو پێوەندییەشدا دەتوانین ئاماژ بە نموونەگەلێک بکەین. یەکێک لەوانە شازادە ماندانا، کچی "ستیاگ ‌شا"ی کوردە، کە بوو بەهۆی دروستبوونی پێوەندیی سیلسلەی گەورەی ئیمپڕاتۆریی ماد لەگەڵ قەومی فارس، هەروەها لە قوناغی دیکە لە مێژوودا، زۆهرەخاتوونی ئەیووبی، کچی مەلەک عادڵی ئەیووبیمان هەیە. لەبەرچاوترین کارەکانی زۆهرەخاتوونی ئەیووبی دەتوانین ئاماژە بە بنیاتنان و دامەزراندنی قوتابخانەی گرینگی موعادلیەی شاری دەمیشق بکەین کە دەگوترێ هەتا کۆتایی ژیانی تێچووی ئەو قوتابخانەیە و مامۆستاکانی وە ئەستۆ گرتبوو. هەروەها لە ژنانی سەدەی هاوچەرخ دەتوانین گەورەژنی کورد ماهـ شەرەف بانوو، ناسراو بە مەستوورەی ئەردەڵان ناو ببەین، کە یەکێکە لە ژنانی شاعیر و قەڵەمبەدەستی کوردی سنەیی و یەکەم ژنەمێژوونووسی کوردە. مەستوورەی ئەردەڵان لە بنەماڵەیەکی لێهاتوو و زانا، لەدایک دەبێ و لەژێر کاریگەریی بنەماڵەکەی درێژە بە زانست و فێربوون دەدا و، چ سەردەمی خۆی و چ دواتریش بە ژنێکی سەرکەوتوو ناوبانگی دەرکردبوو. مەستوورە ئەردەڵان جیا لە نووسینی مێژوو، تاقە ژنێکە لەو سەردەمەدا، کە ڕیساڵەیەکی فقهیی لەبارەی هەڵسوکەوتی ژنان نووسیوە و لە پانتایی ئەدەبیاتیشدا بە دوو زمانی کوردی و فارسی ئەسپی هەستی تاو داوە. لە ژنانی دیکە کورد کە ناوێکی ئاشنایە، خاتوو مینا ئەسکەندەری خەڵکی شاری مەهابادە. میناخانم لە بنەماڵەی حاجی‌بەگ و لە عەشیرە ڕەسەنەکانی مەهابادن کە دوای پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لەگەڵ پێشەوا قازی محەممەد لە هێنانە مەیدانی ژنانی کورددا، دەوری بەرچاوی هەبوو. ئەو خاتوونە لە سەرەتای دامەزرانی کۆماری کوردستاندا یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی دامەزراند و، خۆی وەکوو بەڕێوەبەر و بەرپرسی ئەم ڕێکخراوەیە ئەرکی سەرەکیی لەسەر شان بوو. خۆ هەر لە خۆیدا دامەزراندنی ڕێکخراوەیەکی تایبەت بە ژنان لەو سەروبەندە و لە ئێرانی ئەو کاتدا کارێکی بێ‌وێنە و ناوازە بووە. گرینگیی هەوڵی میناخانم لەوەدا بوو لە سەردەمێکدا کە کۆی ئێران و، پیاوان لەژێر فەرمان و دەسەڵاتی دیکتاتۆڕیدا بوون، لە بستێک لەو کوردستانە ئازادکراوەدا ژنانی کورد لە نێو سیستەمێکی دێموکراتیکدا بەرپرسایەتیی گەورەیان گرتبووە ئەستۆ. دەتوانین بێژین میناخانم لەو ڕێگایەوە ڕووبەڕووی دەسەڵاتی دژەژن و دژە بایەخە مرۆییەکان بۆوە و بە پاڵپشتیی هاوسەرە ئازادیخوازەکەی و لە کوردستانی ئازاددا ژنانی هان دەدا کە لە سووچی ماڵەوە بێنە مەیدانی تێکۆشان و لە "شیرین تەشی دەڕیسێ"ەوە ببنە ژنێکی چاوکراوە و فێر زانست و، بەرەو پێشکەوتن و جیهانێکی کراوەتر هەنگاو هەڵێنن. دێینە قۆناغێکی دی لە مێژووی کورد و ئێران. دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، هێندەی نەخایاند کە سیستەمی سیاسیی نوێی ئێران دژایەتیی خۆی لەگەڵ گەلی مافخوازی کورد دەرخست و، شەڕی بەسەر کوردستاندا سەپاند و بە هەزاران ژن و پیاوی ئازادیخوازی کورد لەو شەڕەدا گیانیان دانا و کەوتنە زیندان و بەندیخانەوە. پیشینە و مێژوویی خەباتی ژنانی کورد تەنیا لەو بڕگانەدا قەتیس نابن، بەڵکوو ئەو ڕێچکەیە پڕە لە ڕێبوارانی ئازادی‌ ویست و، ژنانیش قورس و قایمتر لە جاران لەو ڕێگایە دان. ماوەیەک لەمەوپێش ڕۆژانێکی خەماویی و تاسەبار بوو بۆ ئازادیخوازانی ڕاستەقینە، بەتایبەتی بۆ ژنانی شۆڕشگێڕی ڕێگای ئازادی، ژنانێک کە سەلماندیان هەم دایكێکی مێهرەبانن، هەم خوشکێکی دڵسۆز و هەم ئازادیخوازێکی بەورە و باوەڕن. لە سەردەمانێکدا کە بەشێک لە ژنان، تەنیا سەرقاڵی خۆنواندنی ڕواڵەتی و بە تریق وپریقەوە سەرقاڵن، هەمدیسان ئەوە شێرەژنانی کورد بوون کە کە نیشانیان دا، لە پێناوی سەرخستنی گەل و ڕزگاریی ژنان لە نیری یەخسیری و کۆیلایەتی، ڕێگایەکی دیکەیان بۆ ژیان هەڵبژاردووە. "سۆهەیلا و نەسرین" نوێترین شەهیدانی کاروانی خەباتی ژنانی کورد، نموونەیەکی هەرە زیندوون لە بوێری و ئازایەتی و ئاستی وشیاریی ژنانی کورد، تا ڕادەیەک کە کۆماری ئیسلامی لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا مەکۆی ئازادیخوازانی هاوبیر لەگەڵ خاتوو سۆهەیلا قادری و مامۆستا نەسرین حەدادیان کردە ئامانج. ئەمەش تەنیا نیشانەی ترس و نیگەرانیی دوژمنانە لەهەمبەر بیری سەردەمیانە و نوێخوازنەی ژنانی کورد بەدژی سیستەمی تاریکپەرەست و دژە ژن و ستەمکار، کە هەرچەشنە دەنگێکی ئازادیخوازی دەمکوت دەکا. یادوبیرەوەریی سەرجەم ژنانی شەهید بەرز و پیرۆز و ئەستێرەی یادیان بێگومان ئاوابوونی نییە لە خاکێکدا، وا تینووی ئاوی زوڵاڵی ئازادییە. ژنانێک وا شان بەشانی پیاوان شاخیان کردە جێژوانی خەبات و مەتەرێزی شەڕەف. ژنانێک وا لە پێناوی خەباتی ڕزگاریخوازانەدا هەناسەی ژیان و هیوادارییان بە مێرد و منداڵانی خۆیان دەبەخشێ و هەم پاڵپشتێکی چیایی بوون بۆ فیداکاران، هەم لەسەر لانکی خۆڕاگری کۆڕپەی دواڕۆژیان ڕادەژەنی. کەس لەوانی نەپرسی ئەرێ ئێوەش بوغزی ژنانە و خەمی دایکانە و هەستی خوشکانە داتان دەگرێ و ئاسمان ناختان بە هەوری خەمیکی نامۆ داناپۆشرێ؟ تەنیا لە ساباتی تەنیایی و بەدوور لەچاوی منداڵان و مێردەکانیان دڵۆپە فرمیسکی خەمبارییان دەڕشت، بەڵام لە جیا بریسکەی خۆڕاگریی لە نێوچاوانیاندا فرمیسکی بێهیواییمان لێیان نەدی. ئێمە ڕێز بۆ دایکانی شەهیدان دادەنێین کە لە پێش چاوانیان منداڵەکانیان لە سێدارە دران و، لە ناخەوە داڕمان، بەڵام ڕووسوورانە بە دەم ژیان پێکەنین. ئەوە پەیامی بەرز و، بەهێزی ژنی کوردە، کە ئێوە دەتوانن بە جستە لە ناومان ببەن، بەڵام ڕەگاژۆبوونی ڕێشەی ژیانمان لەخاک، لە نێوچوونی بۆ نییە و شین دەبینەوە. ئێمە منداڵانی ئەم ئاو و خاکەین و هەتا ڕۆژێک نەسرینەکان و سۆهەیلاکان، جوانی و جووڵەی ئەم خاکە بن، نە بە فیشەک و نە بە مووشەک، واز لە ڕێگای سووری ئازادی ناهێنین و، ڕێگای سوورخەڵاتی خاتوو سوهەیلا و مامۆستا نەسرین وانەی ئازادی و سەرکەوتنن. ڕێگایان پڕ ڕێبوار.