کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی ئابووری ئێران و دژکردەوەی خەڵک

15:49 - 16 رەزبەر 2718

کێشەیەک کە ئەم ڕۆژانە بەرۆکی خەڵکی ئێرانی گرتووە و بۆتە باسی هەموو دانیشتن و کۆڕێک، ڕەوتی هەڵچوونی بەهای دراوی بیانی و گرانبوونی بێ وێنەی شت و مەک، کەلوپەل و پێداویستیی خواردن و تەوزی یا ناپێویستە. لەم نێوەدا بەشی هەرە زۆری خەڵک تووشی کێشە و گرفتی دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیان بوونە و بەشێکی بچووکی کۆمەڵگەش نەک تەنیا هیچ گرفتێکی نییە بەڵكوو قازانج لەو دۆخە دەکا، جا لێرەدایە دەگوترێ "باشە ڕۆڵی دەوڵەت دەبێ چ بێ؟" ئاخۆ ئەو دۆخە ئاڵۆزەی کە چ لە نێوخۆ چ لە دەرەوە بە هۆی گەمارۆی وڵاتانی زڵهێزی وەک ئەمەریکا هاتۆتە ئاراوە بۆتە هۆی دابەزینی نرخی دراوی نیشتمانی؟ یان بە ڕوانینێکی تر کۆنترۆلی لە دەست دەرچووە و باری وڵات لەناکاو و یەکجێ نەقوستان بووە؟ ئەو نوشست و هەرەج بەرەجەی ئەمرۆ لە ئاکام گەمارۆکان و دۆڕانی چیرۆکی "بەرجام"-ە؟ لێبەلێ بە خوێندنەوەیەکی چڕ و ورد ڕاستییەکان جۆرێکی تر وێنا دەبن. سرنج بدەن کاتێ بودجەی ساڵی ١٣٩٧ بە نرخی هەر دۆلارێک (٣٥٠٠ تمەن) دەبەسترێ واتا خەرجی دەوڵەت بەو نرخە ڕایی دەبێ، کەچی دواتر دەبینین هەر لە سەرەتاوە بەهای دۆلار ٥٠٠٠ تێ دەپەڕێنێ، سەیر ئەوەیە هیچ دژکردەوەیەک لە بازاردا ڕوو نادا، لێرەدا هەنێ لە ئابووریناسان و نوێنەرانی پەرلەمان مەچەکی دەوڵەت دەگرن. حاجی دلیگانی، ئەندامی کومسیۆنی بەرنامە و بودجەی دەوڵەت لەو کەسانەیە کە دەڵێ: هیچ ڕاپۆرتێکمان لە بانکی ناوەندی بە دەست نەگەیوە کە پێش بە چارەسەرکردنی قەیرانی دۆلار بگرێ، بەڵکوو ئەمە حاڵەتێکی ڕەها و گوێ لێئاخێنراوە تەنانەت دەکرێ وەک پلانێک سەیر بکرێ. بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار ئەگەر بۆ خەڵکانێک قازانجی نەبێ بۆ دەوڵەت قازانجی زۆرە، چوونکە دەبێتە هۆی بەرز بوونەوەی داهاتی دەوڵەت. لەوەها دۆخێکدا حوکمەت لە هەر دۆلارەی ١٥٠٠ تمەن قازانج دەکا کە دەبێتە ٤٠% قازانجی زیاتر، جا ئێوە وەرن بە دۆلاری ١٥٠٠٠تمەنی لێکی بدەنەوە! لاهوتی، ئەندامی کومسیۆنی بەرنامە و بودجەی مەجلیس_یش گوتبووی، ڕێکخراوی بەرنامە و بودجە بەرز بوونەوەیەی بەهای دۆلاری پێناخۆش نییە، چوونکە بەم شێوازە کەمی و دابەزینی بودجەی پێ پڕ دەکاتەوە. هەروەها کوچەکی نیژاد، ئەندامی کومیسیۆنی تێکەڵاوی(تلفیق)بودجەی ٩٧ لەم بارەوە دەڵێ: خودی دەوڵەت لە گرانبوونی بەهای دۆلاردا دەستی هەیە. بە پێی پێشبینیەکان و بە سرنجدان بە قەوارە و نرخی فرۆشتنی نەوتی ئێران هەر لە سەرەتای مانگی یەکەمی ئەمساڵ مەزندە دەکرێ دەوڵەت زیاتر لە ٥٠ میلیارد دۆلار لە داهاتەکەی لە ڕێی فرۆشتنی نەوتەوە وەدەست هێنابی، خاڵێکی تر کە پێوەندیی هەیە لەگەڵ گرانبوونی دۆلار لە سەرەتای ئەمساڵ، باسی وەدەرکەوتنی میلیاردەها دۆلار لە وڵاتە. ڕەزا پورئیبراهیمی، بەرپرسی کۆمیسیۆنی ئابووری مەجلیس ڕایدەگەیەنێ کە قەوارەیەکی زۆری ئەرز لە کۆتایی مانگەکانی ساڵی ٩٦ لە وڵات وەدەرنراوە، ناوبراو بە هەواڵدەریی "خانە ملت" دەڵێ: زیاتر لە ٣٠ میلیارد دۆلار لە کۆتایی ساڵی٩٦ ڕەوانەی دەرەوە کراوە هەروەها ٢٠ میلیارد دۆلاریش لە دەرەوەی تۆڕی بانکی دەپاڕێزرێ. بە پێی ئەو قسانە بێ، ئەگە دایبنێین بە شێوەی مامناوەندی دۆلار لە نزمترین ئاستی خۆیدا ٤٦٠٠ تمەن بێ، ئاکامەکەی دەبێتە وەدەرکەوتنی ١٤٠هەزار میلیارد تمەن لەماوەی چەند مانگدا. ئەگەر ئەم ئەژمارەی سەرەوە ڕاست بێ و ئەوەندە پوولە لەو وڵاتە قەیراناوییە وەدەرنرابێ، نیشان لە پیلانێکی سیستماتیکی گەورەیە بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار، سەیرتر ئەوەیە چ ئەو سامانەی دەرەوەی بانکی و چ ڕەوانەکردنی بۆ دەرەوە لە لایەن کاربەدەستان و ئاغازادەکانەوە ڕووی داوە، ڕایەکی تریش کە لە ڕاستی ڕووداوەکە نزیکە هی ئاغای ڕاغفەرە کە لە لێدوانێکدا دەڵێ: ئەم گرانبوونەی نرخی دۆلار دەگەرێتەوە بۆ سیستەمی کاری بانکە تایبەتەکان(خصوصی)کە بە هۆی هەڵڵووشینی پووڵ لە گیرفانی خەڵک لەگەڵ ئێستا بە وێدانەوەیان تووشی گرفت بوونە و، بانکی ناوەندی ڕاستەوخۆ لەم قەیرانەدا بەشدارە. دەکرێ باسی لایەنی تریش بکەین بەڵام ئەوەیکە دەزانرێ ئەوەیە سیاسەتی چەوت و نادرووستی دەوڵەت بۆتە هۆکاری ئەو دۆخە و قەیرانە، ئەگەرچی بە دڵنیاییەوە بەرنامە بۆ داڕێژراوە و لە لایەن دەوڵەتەوە بەڕێوەدەچێ. ئەمرۆ شاهیدین کە دراوی ئێرانیش هەروەک ئەو بەڵایەی بەسەر مارکی ئاڵمانی دوای شەڕی جیهانی یەکەم هات، دێت، بە جۆرێک خەڵک بۆ ئاوردووی سۆبە و خۆگەرمکردنەوە کەڵکیان لەو هەمووە پووڵە وەردەگرت، هەڵبەت ئێرانی ئەمرۆ وەک ئاڵمانی دۆڕاوی گەماڕۆدراوی دوای شەڕی جیهانی نییە و ئێستاشی دەگەڵ بێ بە شێوەیەکی بەرچاو هەناردەی نەوت و سەرچاوەی تریشی هەیە، کەوابوو بە هیچ شێوەیەک ئەو گرانبوونەی دۆلار و شت و مەک سروشتی نییە. پێویستە ئابووریناسان و شارەزایانی ئەم بوارە پتر لێی بکۆڵنەوە و بۆمانی ڕوون بکەنەوە، باشە بۆچی دوای گەڕانەوەی ڕووحانی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و پاش ئەو هەمووە قسە پڕوپووچ و خۆهەڵکێشان و بوختانکردنە دەبینین بۆ پرۆپاگەندەش بێ بەرەبەرە دۆلار چەند هەزار تمەن دادەبەزێ! بۆیە ئەمە دەرخەری ئەو ڕاستییە-یە کە ئەم هەوراز و نشێوەی بەهای دۆلار لە دەستی خۆیان دایە و بەدووریش نییە جارێکی تر بۆ فریودانی خەڵک و گەرمکردنی ئەو شانۆیە هیندێکی تریش دایبەزێنن و تیشکێک لە هیوای قەستی و ساختە بخەنە نێو دڵی خەڵکی کاس و وڕماو. بەڵام خالی گرینگ شێوەی هەڵسووکەوتی خەڵکە لەگەڵ ئەم قەیرانە. ئەگە گەڕۆلێکی بیانی بێخەبەر لەو دۆخەی نێوخۆی ئێران بێت و ئەو سەف و لەدوای یەک ڕاوەستانی دوور و درێژی خەڵک ببینێ کە چۆن بۆ کڕینی پێداویستیی ژیانی ڕۆژانەی خۆیان وەستاون، ڕێک سرنجی دەچتە سەر ئەمە کە ئەو وڵاتە لەحاڵی قەیران دایە و کەل و پەلەکان بە شێوەی کۆپین و گوێ پریشکێن دابەش دەبێ، جا ئەوجار کەسێک لەو غەوارەیە پەیدا بێ و بۆی باس بکا، کاکە وانییە و کۆپینی چی و شتی چی؛ ئەوە هەر نرخەکان بەرز بوونەوە و تەنانەت دەوڵەت خۆی وای کردووە، قەت تشتی وا باوەر ناکا. یان ببینێ کارخانەکان مایەپوچ بوونە و کارگەی هەنێ پێداویستی تر دەرگایان گاڵە دراوە، ئەوجار دڵنیا دەبێ یا ئەو وڵاتە بوونەوەری سەر ڕوو زەوی نین یا لەنێو نەتەوەیەک دایە کە گێژی و گەوجیان لەوپەڕی خۆی دایە. لە نێو زۆرێک لە گەلانی جیهاندا باوە ئەگە شتێک لە بازاردا گران بوو، خەڵک پشتی تێ دەکا هەتا نرخەکەی دێتەوە سەر سکەی جارانی، سەیر ئەوەیە دەگەڵ گرانبوونی شتومەک لە ئێران خەڵک توانای کرینی زیاتر دەبێ و هاوهەنگاو لەگەڵ پیلانەکانی ڕێژیم دەچنە پێش، بە جێگای نەکرین و مانگرتن ڕێک دەچن زیاتری دەکرن و حەمبارانی لێ مژ دەکەن! لەوەها حاڵەتێکدا چ ڕوودەدا؟ دیارە کە زۆرترین قازانج حاکمانی وڵات دەیکەن و زافترین زەرەریش خەڵک، چۆن؟ کاتێ ئێمە سێبەری حوکمەتێکی زاڵم و جەردە و دز بەسەر خۆمانەوە دەبینین کە بۆخۆی هۆکاری سەرەکیی گرانبوون و بەدبەختیی خەڵکە، ئێمەش بەجێگای بایکۆت و دژکردەوە نیشاندان زۆرتر لە جاران دەکڕین و بازاریان بۆ گەرم دەکەین؛ کورد گوتەنی ئەویش لە ئاوی ڵێڵ ماسی خۆی دەگرێ، واتە خۆمان بە دەستی خۆمان پاڵنەری ئەو دۆخەین و لەهەر حالەتێکدا نێچیر خۆمانین. دەوڵەتیش جیا لەوەیکە کورتهێنانی بودجەی خۆی پێ پڕ دەکاتەوە بەشی ئاژاوە و وێرانکردن و ڕمبازێنی خۆی لە ناوچەکەدا پەیدا دەکا؛ واتە بە دۆشینی خەڵکی خۆی ئابووریی وڵات بەرەوپێش دەبا. جەنابی ڕوقحانی مافی خۆیەتی لە نەتەوە یەکگرتووەکان سینگی بێنێتە پێش و بە سانایی بڵێ گەلی ئێران بە ئاسوودەیی ئەو گەمارۆیانە تێ دەپەڕێنن! ئەو نیزامە وەک کەسێکە کە کەوتۆتە نێو قۆپی و زناوێک و نوقمبوونی یەکجارەکیی، سروشتیشە کە دەست بە هەر پنچکێک بگرێ هەتا هەناسەیەک زیاتر بکێشێ و ماوەیەک بمێنێتەوە، لێ، مەحکوومە بە نەمان. کەوابوو هەر چین و توێژێک لەو کۆمەڵگەیە کە هاوتەریبی ئەو سیاسەتە چەوتانە هەنگاو دەنێ، سبەی ڕێک لەتەک ئەو نیزامەدا بە دۆڵێدا دەڕوا! ئەو شێوە هەڵسوکەوتەی ئەمرۆ جیا لە چینی باڵادەست و تەنانەت مامناوەندی گرتوویانە بەر، لە کرینی بە ڵێشاوی پێداویستیەکان، ئاکامەکەی کەلێنی چینایەتی زیاتر دەکا، شەبەنگی دەوڵەمەندان، دەوڵەمەندتر و مامناوەندییەکان ڕەق ڕادەگرێ و بەشی هەرە زۆری کۆمەڵگەکە هەژارەکانن و لە ژێر هێلی فەقیرین زیاتر و زۆرتر نوقم دەبن و ئا لێرەیە دیرۆک بە هانامانەوە دێ. هەرکات مەودای چینایەتی زیاتر و چەوساندنەوە زۆرتر بووە شۆرشە کۆمەڵایەتییەکان سەرهەڵ دەدەن کە بەشی هەرە زۆریان خوێناوی بوون؛ هەر وەک شۆرێ مەزدەکیان لە سەردەمی ساسانییەکان یان ڕابوونی زەنگیان لە سەدەی سێهەمی کۆچی لە بەسرە یا ڕەوت و شۆڕشەکانی کرێکاری لە سەدەی نۆزدە و بیستی زایینی لە زۆربەی وڵاتانی جیهان. هەژاری هۆکاری فەساد و گەندەڵییە، ئەمرۆ دەبینین گرانی و کێشە و گرفتی ئابووری بووەتە هۆی سەرهەڵدانی زۆرترین دزی، لەش فرۆشی، کوشتن و ... لە بۆ پارووە نانێک. ڕۆژێک لەنەکاو ئەوانەی حەمبارایان پڕ کردووە و چاوەڕێی گرانیی زۆرترن و لە سەر مۆبڵ و تەختەنەرمەکانی خەویان ئاسوودە ڕۆنیشتوون و پاڵیان داوەتەوە و لە تەڕە دەخۆن و لە ئیشکەش بۆی دەنوون و لە دەلاقەی ماڵەوەیان دەڕواننە خەڵکی سەرلێشێواو و ماڵوێران، ئەوە جەبرێکی مێژوویی و تەنانەت کۆمەڵایەتییە کە لە کاتی دابەشکردنی پشکی وەها نادادپەروەرانە خەڵق بۆ بژێوی ژیان و تێرکردنی زگی برسیی ماڵ و مناڵیان ددان و نەینووکیان لە پەنجەی شێر و پلینگ تیژتر دەبێ. ئێستا ئێمە ئەو پشێوییە لە کوردستان دەبینین، بۆ میناک ئەو شارانەی باغ و بێستانیان زۆرە، خاوەن باغچەکان بە چەکەوە پاڕێزگاری لە میوەکەی دەکەن و شەوانەش کەمین بۆ ئەو کەسانە دادەنێن کە دێن بۆ دزینی چەند کیلۆ سێو و خۆخ، یا ئاژەڵدارەکان بەردەوام بە چەند کەسەوە پاسەوانی لە مێگەلەکانیان دەکەن(نەک لەبەر گورگەکان، بەڵکوو لەبەر مرۆڤە برسییەکان). لەسەرمانە بیزانین، نەکەین بکەوینە داوی ئەو ڕێژیمە چەپەڵە و بە دەستی خۆمان خەڵکی خۆمان برسی و بچەوسێنینەوە، حەمبار کردنی ئەو پێداویستییە سەرەکییانەی ژیانی ڕۆژانە کە بۆتە دیاردەیەکی نگریس و قیزەون نە لە بواری ڕەوشت و ئەخلاق نە لە بواری شەرع و یاسا(هەڵبەت یاسای ڕاستین نەک قانونی ڕێژیمی کۆنەپەرەستی ئیسلامی)ڕەوا نییە و دژی ویژدانی کوردایەتییە. با چاوکراوەتر و گوێ قوڵاختر هەست ڕاگرین، بە جێگای خراپترکردنی ئەو دۆخە و ڕووخان بە سەر هەژاران، فریوی فێڵ و تەڵەکەی ئەو نیزامە نەخۆین و بە هاوفکری و یەکدەنگی دەگەڵ شەبەنگی کۆمەڵانی ڕووناکبیری خۆمان و چینی خواروو لەو قەیرانە وەک پاژنە ئاشیلی ڕژیم کەڵک وەرگرین نەک ئەوە بکەینە هۆی داڕمانی خۆمان.