کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەلەقاژەکانی کۆماری ئیسلامی و لێکەوتەکانی

15:54 - 16 رەزبەر 2718

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرەو قۆناخێکی نوێ لە تەمەنی خۆی دەچێ و ڕووداوەکانی ئەو چەند مانگە چ لە ئاستی نێوخۆ و چ لە دەرەوە، پێمان دەڵێن ئەو ڕێژیمە زیاتر لە هەمیشە تووشی قەیرانی هەمەلایەنە بووە و ئەو جارە خۆدەربازکردن لێیان بۆ خامنەیی و باڵی زاڵ بەسەر دەسەڵاتدا، ئەگەر محاڵ نەبێ، ئاستەمە. ئەو ڕاستییە بەو مانایە نییە کە کۆماری ئیسلامی پێش ئەم چەند مانگە و کەڵەکەبوونی قەیرانە نێوخۆیی و دەرەکییەکان دەریای مەند بووە و نە بای هاتووە و نە بۆران! بەڵام ڕەوتی قەیرانەکان کە بەرەو قووڵبوونەوە و پەرەسەندنی زیاتر دەچن و ڕێڕەوی سیاسەتەکانی ڕێژیم کە لەسەر بەستێنی ساڵانی ڕابردوو دەڕوا، لە لایەک و لەلایەکی دیکە ناڕەزایەتییەکانی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران و داماویی ڕێژیم لە چارەسەری هۆکارەکانی و کێشە دەرەکییەکانی، بەتایبەت لەو ئاست و قەبارەیەدا، دیاردەیەکی تازە و چارەنووسسازن و دەکرێ ببن بە خاڵی وەرچەرخان لەو دۆخەدا و تەنگەژەکانی بەرەو ڕووی ئێران و گەلانی و چارەنووسی کۆماری ئیسلامی یەکلایی بکاتەوە. شک لەوەدا نییە ئەو ڕێژیمە هەر لە سەرەتای هاتنەسەر کاریەوە لەگەڵ زۆر قەیرانی جۆراوجۆر بەرەوڕوو بووە کە بە زەبری هێز و گرتن و لەسێدارەدان و سەرکوتی بێبەزەییانە، توانیویەتی خۆی لێ دەرباز بکا و لە ڕاستیدا دەسەڵاتەکەی ئاوێتەی توندوتیژیی ترس و تۆقاندنە و هەتا هاتووە بۆ لەسەر پێڕاگرتنی نیزامە گەندەڵەکەی زیاتر دەستی بۆ کوشتوبڕ و جینایەت ڕاکێشاوە و لەو مەیدانەدا ڕووی ڕێژیمی پاشایەتیی سپی کردۆتەوە. لە ئاستی دەرەوەش کۆماری ئیسلامی لەسەر هەمان ڕێڕەوی درێژخایەنی خۆی، واتە بەناو "ناردنە دەرەوەی شۆڕش" دەڕوا و هەوڵی داوە بە هەموو شێوەیەک جێگە و پێگەی خۆی و دەستە و تاقمە گوێڕایەڵەکانی لە وڵاتانی ناوچەدا بەرفراوانتر بکا. ئەو دوو سیاسەتەی ڕێژیم لە نێوخۆ و لە دەرەوە بووەتە هۆی بێهیوایی بە داهاتوو و لە هەمان کاتدا تووڕەیی و بێزاریی گەلانی ستەملێکراوی ئێران و لە ئاستی دەرەوەشدا وڵاتانی ناوچەی نیگەران کردووە و ناچاری کردوون لەبەرانبەر ئاژاوەگێڕی و مەزنیخوازی ئەو ڕێژیمە سەرەڕۆیەدا هەڵوێست بگرن و داوا لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بکەن سنوورێک بۆ پەلهاویشتنەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دابنێن. لە دوای ڕاپەڕینی بەرینی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لە بەفرانباری ڕابردوو بە دژی سەرەرۆیی و سیاسەتە دژەگەلییەکانی کۆماری ئیسلامیدا و هەروەها پەرەسەندنی بێوێنەی قەیرانە هەمەلایەنەکان، بەتایبەت قەیرانی ئابووری و درێژەی ناڕەزایەتییەکانی چین و توێژە هەژارەکانی کۆمەڵگەی ئێران کە هەموو بەشەکانی گرتەوە، ڕێژیمی دەسەڵاتدار لە جیاتی گرتنەبەری رێوشوێنی گونجاو بۆ چارەسەری قەیرانەکان و کەمکردنەوەی ئازار و مەینەتیی چەوساوەکان، وەک پیشەی هەمیشەیی خۆی، دەستی دایە سەرکوت و گرتن و ئەشکەنجەی خەڵکی ناڕازی و بۆ چەواشەکردنی بیروڕای گشتی، پەنجەی تاوانی بۆ لای بە قسەی خۆیان دوژمنانی دەرەکیی نیزام درێژ کرد و پاساویان بۆ جینایەتەکانیان هێناوە. لەو ماوەیەدا هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامی لە ئاستی دەرەوەدا نەک هەروەک پێشوو درێژەی بەووە، بەڵکوو دەبینین ڕێژیم لە دوای هاتنەسەرکاری کۆماریخوازەکان لە ئەمریکا لە حاڵەتی بەربەرەکانی هاتۆتە دەرێ و لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا لە بەرانبەر گوشارە نێودەوڵەتییەکان، توانا مووشەکییەکانی بەچاودا داونەتەوە و لە دەرەوەی سنوورەکانی دەست بە تاقیکردنەوەیان دەکا. نموونەی هەرە بەرچاوی ئەو کردەوانە، هێرشی مووشەکیی بۆ سەر قەڵای دێموکرات و شەهید و بریندارکردنی دەیان خەباتگێڕی حیزبی دێموکرەات و هەروەها مووشەکبارانی ڕۆژهەڵاتی چۆمی فوڕات لە سووریە بوون کە لە هەر دوو عەمەلیاتدا جگە لە مووشەکی بالێستیکی دوورهاوێژی "خاڵکوت"، لە فرۆکەی بێفرۆکەوانیش سوودی وەرگرتووە. ئەو کردەوانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە خامنەیی و سپای پاسداران ئامادە نین ملکەچی ئیرادەی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران و یاسا و ڕێسا نێونەتەوەییەکان بن و بە دڵخوازی خۆیان چاوێک بە سیاسەت و ئاکار و بۆچوونەکانیاندا بخشێننەوە. قسەکانی ڕۆژی پێنجشەممە، ١٢ی خەزەڵوەری عەلی خامنەیی لە کۆبوونەوەیەکی بەریندا لە ستادیۆمی ئازادی بۆ هەزاران بەسیجی و گوێ‌ لەمستی خۆی بەڵگەیەکی ئاشکرایە بۆ ئەو بۆچوونەی سەرەوە. خامنەیی لەو کۆبوونەوەیەدا وێڕای داننان بە کەموکووڕی و کێشە ئابوورییەکان لە نێوخۆی وڵات باسی لەوە کرد کە نیزام ڕاستە عەیب و عاری زۆرن، بەڵام تووشی بن‌بەست نەبووە. ڕێبەری ئەو ڕێژیمە گەندەڵە جارێکی دیکە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دایە بەر هێرش و باسی لە هێز و هەیمەنەی کۆماری ئیسلامی کرد و دووپاتی کردەوە کە گەمارۆ ئابوورییەکان ناتوانن ئابووریی ئێران بەچۆکدا بێنن! هەرچەند خامنەیی باسی لە هەستیاریی دۆخەکە کرد و نەیشاردەوە کە ئەگەری دانوستان ڕەت ناکاتەوە، بەڵام ئەو قسانە بەڵگە نین بۆ گەرەنتی و "بیمە"کردنی تەمەنی ئەو ڕێژیمە و هۆکار و ئەگەرەکانی داڕمانی کۆماری ئیسلامی زۆر زیاترن لە مانەوەی لە داهاتووی نە زۆر دووردا. لەئاستی نێوخۆدا: ــ کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لە ڕێژیم لە تەواویەتی خۆیدا دابڕاون و متمانەیان پێی نەماوە و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بە سەرکوت و بەندیخانە و هێزە سەرکوتکەرەکانییەوە بەندە و گەلانی ئێران بە هەموو نەتەوەکانییەوە، بە ژنان و خوێندکاران و چالاکانی مەدەنی و ... ئەو ڕێژیمەیان ناوێ، لێی بێزارن و دۆخەکە گەیشتۆتە ئاستی ڕاپەڕینی جەماوەری و بەهۆی چارەسەرنەکرانی کێشە هەمەلایەنەکان، ئەگەری زۆر هەیە لە پاش دەوری دووهەمی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریکا و تەنگ‌پێهەڵچنینی کۆماری ئیسلامی، لە بەرەبەری سەرهەڵدانی بەفرانباری ڕابردوو، دیسان کۆمەلانی خەڵکی ئێران بڕژێنە سەر شەقامەکان و ڕاپەڕێنێکی بەتەوژمتر بەرۆکی خامنەیی و دەسەڵاتدارانی ئەو ڕێژیمە بگرێتەوە. ــ ئابووریی ئێران داتەپیوە و بەهۆی نەبوونی ئەولەهی ئابووری کە خۆی بەشێوەی ڕاستەوخۆ بە ئەولەهی سیاسیی و کۆمەڵایەتییەوە بەندە، هەتا بەستێنی پێویست، واتە ئەو دوو خاڵەی سەرەوە دابین نەکرێ، گەشە ناکا و سەرمایەکان (نێوخۆیی و دەرەکی) ناڕژێنە هەناوی ئابووریی ئێران و ڕەوتی هەژاری و چوونە ژێر هێڵی هەژاری زیاتر پەرە دەگرێ. تێبینی: بەوتەی چالاکانی کرێکاری هێزی کڕینی کەلوپەلە سەرەتاییەکانی ژیان لە لایەن کرێکارانەوە لە سەدا نەوەد دابەزیوە. لەئاستی دەرەوەدا: ــ کۆمەڵگەی جیهانی ئامادە نییە چیتر لە ئاست سیاسەتی ئاژاوەگێڕانە و مەزنیخوازی و دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی (سپای پاسداران) لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بێدەنگ بێ و لە ڕاستیدا ئیرادە و کۆدەنگییەکی بێوێنە لە دژی کردەوەکانی رێژیم، بەتایبەت لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەبیندرێ و وێدەچێ ئەم ئیرادە و کۆدەنگییە هەتا بەچۆکداهێنانی کۆماری ئیسلامی دانەمرکێتەوە. ــ ئەمریکا و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی ئامادە نین لە ئاست بەرنامە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی و مەترسیی دەستڕاگەیشتنی ئەو ڕێژیمە سەرەڕۆیە بە چەکی ناوکی بێدەنگ بن و بێگومان لەو پێوەندییەدا لەگەڵ ڕێژیم ڕێک ناکەون، جا بەهەر شێوەیەک بێت لەو پێوەندییەدا ناچار بە ملکەچی لەبەرامبەر ئیرادەی نێودەوڵەتی دەبن. (لێرەدا ماوەی زەمەنی لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی مەرج نییە و، بەندە بە ماوەی خۆڕاگری ڕێژیم) ــ وادیارە بەهۆی تێچووی زۆری ئابووری و سیاسیی وڵاتانی ئورووپایی، ئەو پێداگرییەی چەند مانگ لەمەوبەریان بۆ پاراستنی ڕیککەوتنی ناوکی بەرجام نەماوە. جگە لەوەش ڕیسوایی پیلانی تەقاندنەوەی کۆبوونەوەیەکی ئۆپوزیسیۆنی ئێرانی (کۆبوونەوەی ڕێکخراوی موجاهدینی خەڵکی ئێران) لە فەڕانسە و گیرانی دیپلۆماتێکی ڕیژیم لەو پیوەندییەدا و هەروەها، داخستنی ناوەندی ئیسلامیی "ئەلزەهرا" کە لەڕاستیدا سەر بە کۆماری ئیسلامییە و گیرانی ١٢ کەس و دۆزینەوەی چەکوچۆڵ لەو بنکەیە، بێباوەڕی بە کاربەدەستانی ڕیژیمی لێ کەوتەوە و دەکرێ بڵێین کۆماری ئیسلامی پشتیوانیی وڵاتانی ئورووپایی لەدەست داوە؛ بەتایبەت کە لەو ماوەیەدا لەلایەک مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەل هایکۆ ماس هاوتا ئالمانییەکەی و بێنیامین نەتانیاهوو لەگەڵ ئانگێلا میرکێل سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە دانیشتنیان کردووە و بۆچوونەکانی ئاڵمانیان بۆ لای خۆیان (بەدژی کۆماری ئیسلامی و "بەرجام") ڕاکێشاوە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییانە و هەروەها ئەو قەیرانەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی تێی کەوتووە، ئەو نیزامە گەندەڵ و توتالیتیرە لە تەواویەتی خۆیدا بۆ ڕزگاربوون تووشی دوو ڕێیانێک و ناچار بە هەڵبژاردنی یەک لەو دوو بژاردانەی خوارەوە کردووە کە ئاکامەکەی بە ئەگەری زۆر لە کۆتاییدا هەر یەک بێ. ــ بەردەوامبوون لە سیاسەت و کردەوەکانی تا ئێستایان لە ئاستی نێوخۆ و دەرەوە و پەرەپێدانی سەرکوتی کۆمەڵانی هەژار و وەزاڵەهاتووی خەڵکی ئێران لەلایەک و لەلایەکی دیکەش ململانێ لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە هەموو نرخێک، تەنانەت هەڵایساندنی شەڕی ناوچەیی و دەرەنجامەکانی کە سەرەڕای توانا نیزامییەکانی سپا و ئەرتەش لە هەموو بوارەکاندا، بەدڵنیایییەوە بە زەرەری ئەو ڕێژیمە تەواو دەبێ (سپای پاسداران و مۆرە هەرە توندڕەوەکانی باڵی زاڵ بەسەر دەسەڵاتدا باوەڕیان بەو بەربەرەکانییە هەیە و دەیانەوێ خامنەییش هەر ئەو هەڵوێستەی هەبی). ڕەنگە یەکێک لە لێکەوتەکانی وەها سیناریۆیەک داڕمانی پێکهاتەی دەسەڵات و هێزی سەرکوت (سپا و بەسیج و ...)، ڕاپەڕینی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران و لە کۆتاییدا نەمانی کۆماری ئیسلامی بێ. ــ خواردنەوەی پیاڵە ژەهرەکە لەلایەن خامنەییەوە و پاشەکشە لە سیاسەتەکانی هەتا ئێستایان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ملکەچبوون لە بەرانبەر ئیرادەی نێودەوڵەتی لە ئاستی دەرەوە و لە پێوەندیی لەگەڵ بەرنامە مووشەکییەکان و لە نێو دەسەڵاتیشدا وازهێنانی خامنەیی لە ڕێبەریی نیزام و بەرتەسککردنەوەی سپای پاسداران و ڕەوتی هەرە هاریی باڵیی زال بەسەر دەسەڵاتدا و سەرەنجام، هاتنە کایەی دووبارەی ڕێفۆرمخوازە حکوومەتییەکانی وەک محەممەد خاتەمی و ئازادکردنی ڕێبەرانی بەندکراوی جووڵانەوەی سەوز و ... بەم چەشنە لەلایەک پاراستنی نیزامی گەندەڵی کۆماری ئیسلامی و لەلایەکی دیکەش بە خەیاڵی خۆیان دامرکاندنی ڕق و توورەیی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران و هیوادارکردنیان بەوەی کە ئەو ڕێژیمە دەتوانێ کێشەکان لەمەوبەدوا چارەسەر بکا. (ڕێک سیاسەتی خاپاندن و گەوجاندنی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران). بەدلنیاییەوە ئەو سیاسەتە فرت و فێڵاوییەی کۆماری ئیسلامی لە حاڵەتی دووهەمدا سەرگرتنی ئاستەمە و کۆمەڵانی خەڵکی ئێران، بە هەموو نەتەوەکانییەوە و بە ژنانی ئازادیخواز و بێزار لە سیاسەتی هەڵاواردنی ڕەگەزی و چین و توێژە چەوساوەکانی ئێران چیتر باوەڕ بەو نیزامە گەندەڵ و دژی گەلییە ناکەن و لە ئەگەری ڕوودانی هەر سیناریۆیەکدا واز لە ویست و داخوازەکانیان کە بەر لە هەموویان نەمانی ڕێژیمە ناهێنن.