کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ساڵی نوێی خوێندن و وەرزێکی دی لە بێبەشیی خوێندن بە زمانی دایکی

16:18 - 16 رەزبەر 2718

ساڵی نوێی خوێندن لە ئێران دەستی پێکردووە، بەڵام وەک هەموو ساڵانی دی دیسانەکەش بێبەشیی منداڵانی کورد لە خوێندن بە زمانی دایکی، کێشەی سەرەکیی کۆمەڵگەی کوردستانە لە پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردندا. کێشەکە لەوەڕا دەست پێدەکا کە ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیە، بەڵام تەنیا یەک نەتەوە باڵادەستە کە فارسەکانن و، تەنیا یەک زمانیش ڕەسمییە کە زمانی فارسەکانە. ئیدی منداڵ کە چووە قوتابخانە لەپڕ بە سەر کۆسپێکی گەورەدا دەکەوێ و تووشی بارودۆخێکی گەلێ ناخۆش دەبێ. منداڵانی کورد دەبێ کتوپڕ فێر ببن ئەوەی تا ئێستا پێیان گوتووە "دەوری" دەبێ لەوەدوا پێی بڵێن "بوشقاب" و؛ ئەوەی تا ئێستا پێیان گوتووە "خلیسکێن"، ئەوە دەبێ پێی بڵێن "سورسورە" و ... خۆ هەر بەپێی ئامارە ڕەسمییەکانی ناوەندە حکومەتییەکان لە ساڵدا هەزاران کەس لە ناوچە دووزمانەکان هەر بەم هۆیە واز لە خوێندن دێنن. زانایانی بواری زمان و پەروەردە و دەروونناسی هەموو لەسەر ئەوە کۆکن کە زمانی دایک و پەرورەدە بەو زمانە کاریگەریی یەکجار زۆری لەسەر شکڵگرتنی شوناس و کەسایەتیی منداڵ هەیە. منداڵ لە ڕێگەی زمانەوە بوونی خۆی بە ڕەچەڵەک و شوناسی باووباپیرانی گرێ دەدا و هەر بەو زمانەی زگماک فێری بووە دەتوانێ باشترین دەربڕینی لە هەست و سۆز و تێگەیشتنەکانی لە دەورووبەر هەبێ. منداڵێک کە بە زمانی خۆی دەخوێنێ ساناتر فێر دەبێ و پێ دەگا، کەم نین ئەو پسپۆڕانەی زمان کە پێیان وایە نەبوون یان کاڵبوونی پەروەردە بە زمانی دایک و ناچارکردنی منداڵان بە خوێندن بە زمانی فارسی و فێربوونی زۆرەملێی ئەم زمانە لە ناوچە نافارسەکان، بە واتای کوشتن و نەهیشتنی زمانی ئەو نەتەوانە دێ؛ ئەویش لە کاتێکدا کە زیاتر لە نیوەی خەڵکی ئێران لە نەتەوە نافارسەکان پێک دێن. ئەوەش واتایەکی دیکەی ئەمەیە کە سسیتماتێک ڕێ لە گەشە و پەرەپێدانی وڵات دەگیرێ و هەموو ئەوانەش ئامانجی سیاسیی شوینیستیی نەتەوەی باڵادەستی فارسی لە پشتە. ئەوەی کە لە ماوەی چوار دەیە دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامیدا بۆ تواندنەوە و سڕینی شوناسی کوردان دەکرێ و بە بەرنامە و سیستماتیک دەچێتە پێشێ، میراتی شوومی دەسەڵاتدارەتیی پەهلەوییە کە لێ بڕابوو ئێرانێکی یەک نەتەوە و یەک زمان دروست بکا؛ بۆ ئەوەش دەبوا بە گژی هەموو زمانەکان و پێکهاتە نەتەوەییەکانی دیکەدا بچێ و ڕێگری لە خوێندن بە زمانی زگماک؛ شاکلیلی ئەو شوناسە دەسکرد و درۆیینە بوو. وە ئەلحەق کە کۆماری ئیسلامیش میراتگرێکی باش بۆ ئەو ڕێژیمە سەرکوتگەرە بوو. بەو جیاوازییە کە ئەمەیان بەپیلانی نەرمتر بەرنامەکانی دەباتە پێشێ. ئێستا باس لەوە نییە کە ڕێگری لە خوێندن بە زمانی دایک چ زەبرێکی قورس لە پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردنی ئەو منداڵانە دەدا کە دەبێ بەزۆرەملێ فێری زمانێکی دیکە ببن، باس لەوەش نییە کە کێشە لە نیزامی پەروەردە لە کۆماری ئیسلامیدا تەنیا بێبەشکردنی کورد و نەتەوە نافارسەکانی دیکەی ئێران کە خوێندن و فێربوون بە زمانی دایکی و زگماکییانە؛ چونکی پەروەردەی ئیدئۆلۆژیک لەسەر بنەمای سڕینەوەی جیاوازی و جۆراوجۆرییەکان و بارهێنانی منداڵ لەسەر بنەمای ملکەچی و خۆبەکوشتدان و باسکردن لە خەسارەکانی زۆر لەوە زیاتر هەڵدەگرێ؛ باس ئەوەیە کە ئاکامی چوار دەیە حاشاکردنی کۆماری ئیسلامی لە زمانی نەتەوەکان چی بووە؟ ڕاستە ئێستاش خوێندن بە زمانی کوردی وەک مافێکی بنەڕەتی و سروشتی لە خەڵکی کوردستان زەوت کراوە، بەڵام زمانی کوردی وەک کۆڵەکەی شوناسی نەتەوەیی کورد بەردەوام ڕوو لە گەشە و خەمڵین و پشکووتندا بووە. ڕاستە لە نیزامی ئامووزشیدا ڕێگری لە خوێندن و فێربوونی زمانی کوردی دەکرێ، بەڵام لەسایەی زەحمەت و ماندووبوون و ئەرکوەخۆگریی چالاکانی مەدەنی و خەمخۆرانی زمان، شوێن لەو کوردستانە نییە فێرگەی زمانی کوردیی لێ دانەنرابێ و مانگانە فێرخوازی زیاتر وەرنەگرن. ڕاستە لەلایەن دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییەوە چل ساڵە هەوڵی تواندنەوەی زمانی کوردی دەدرێ، بەڵام دەبینین کە پرسی خوێندن بە زمانی کوردی بابەتێکی هەرە هەستیاری کۆمەڵگەیە و لە هەموو هەڵبژاردنەکانی نێو حاکمییەتدا _چ سەرکۆماری و چ مەجلیس و شووڕاکاندا_ لە بەرنامە و دروشمەکانی بەربژێرەکاندا ڕەنگ دەداتەوە؛ چونکی دەزانن خەڵک ئەوە بە ماف و ویست و داوایەکی سەرەکیی خۆیانی دادەنێن و ئەوانیش ئەمەیان لەبەرچاو ون نییە و هەموو کاتێ بە بانگەشە و درووشمی بێ کردەوە کەلکی خراپیان لەو بۆشاییە وەرگرتووە. ئەوەی تا ئێستا کۆماری ئیسلامیی ئێران وەدووی کەوتووە و پێی نەگەیشتووە نەهێشتنی زمانە نافارسییەکان و تواندنەوەیان لەو زمانەدا بووە. ئەوان بەو خوێندنەوەیە کە زمان نەک وەک پاژێک، بەڵکوو بنەمای شوناسی نەتەوەییە و ئەوەشیان بە مەترسییەکی گەورە بۆ ئەمنیەتی میللیی! خۆیان زانیوە، هەوڵیان داوە ئەم زمان گەلە لە پەنا و پەسیوان باوێن و لەو رێگەیەوە ڕێگە لە نەشونومایان بگرن. ئەوەی کە چەندە گۆڕان لەو جۆرە بیرکردنەوەیەدا پێک هاتووە و چەندە لە ئێستادا وەک دەگوترێ قەیرانی ئابوورییە ڕێگەی لە پلاندانان بۆ خوێندن بە زمانی دایکی یان خوێندنی زمانی دایکی گرتووە هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێ کە خەڵکی کوردستان پتر لە هەموو کاتێک لەسەر ئەو مافە ڕەوایە دەڕۆن. قەیرانی ئابووریش بیانوویەکی پڕوپووچە، چونکی خەڵک دەپرسن چۆنە بۆ پەرەپێدانی زمانی فارسی هەموو بوودجەیەک تەرخان دەکرێ و لە ڕێگەی دەیان دامەزراوەی فەرهەنگی و ئەمنیەتییەوە کاری بۆ دەکرێ، بەڵام کە دەگاتە سەر زمانەکانی دی ویشکایی دێ؟