کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامیی ئێران، بانکی ناوەندیی تێڕۆریزمی نێودەوڵەتی

15:26 - 17 رەزبەر 2718

ئەو سەردێرەی سەرەوە قسەی جان بۆڵتەنی ڕاوێژکاری ئەمنییەتیی سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا دۆنالد ترامپە. هەڵبەت بۆ خەڵکی ئێران و کورد و ناوچەکە ئەم قسەیە نە شتێکی سەیرە نە دەتوانێ تازەیش بێت. چونکی ئازادیخوازانی ئێرانی و بەتایبەت تێکۆشەرانی کورد بۆ ماوەی چوار دەیەیە تێرۆریستبوونی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان بە کردوە لە سەر خۆیان باوەڕ پێ‌هێناوە. تێرۆریستبوونی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی پێش ئەوەی هەڕەشە بێت بۆ سەر کۆمەڵگای جیهانی و، ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی سیاسەت و بەرژەوەندییەکان‌دا مامەڵەی پێوە بکرێ، هەر لە سەرەتاوە سەر ئازادیخوازانی کورد و ئێرانی تاقی کرایەوە و تا ئێستایش بە پێشکەوتووترین شێوازی تیرۆر هەر لە سەریان بەردەوامە. ئەوەی کە ئامریکاییەکان و ئورووپاییەکان دێن و هەرجارە و بە دەستەواژەیەک پێناسەی ڕیژیمی تێرۆریستپەروەری کۆماری ئیسلامی ئێرانمان بۆ دەکەن - تا ئەو کاتەی هەر خۆیان لە سەر ئاستی بەرژەوەندییەکانی خۆیان مامەڵەی پێوە دەکەن - هیچ شتێک لە مەسەلەکە ناگۆڕێ. کاتی خۆی بیل کلینتۆن، سەرکۆماری پێشووتری ئامریکا، ڕایگەیاند کە رێژیمی ئێران "ماکەی تێرۆرە لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی"، جۆرج واکێربووشی هەمدیسان سەرکۆماری پێشووتری ئامریکا، ڕایگەیاند کە "رێژیمی تاران یەکێک لە مێحوەرەکانی شەرارەتە"، ئێستایش دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ ئێران بە "بانکی ناوەندیی تێرۆریزمی نێودەوڵەتی" دەزانێ. پرسیارەکە ئەوەیە؛ ئەوەی تا ئێستا دەوڵەتی ئامریکا و رۆژاواییەکان بەرانبەر بەم "ماکەی تێرۆر"، "مێحوەری شەرارەت"ە و "بانکی ناوەندیی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی"یە کردوویانە چی کراوە کە توانیبێتیان پاشەکشێیەکی هەرچەند کەمیش بێت بەم رێژیمەی بکەن؟! لە ماوەی ٢٥ ساڵی ڕابردوودا ئەوە ئامریکاییەکان و ئورووپاییەکان لەم ناوچەیە و لە دەورووبەری ئێران کردوویانە ئەگەر بە قازانجی ئێران و بۆ بازارگەرمیی خۆیان بۆ فرۆشی چەک و چۆڵ و کردنەوەی بازاڕەکانی دیکە نەبێت، هیچی بە زیانی ئەم ڕێژیمە تێرۆریستپەرەوەرە نەبووە. رووخانی دوو رێژیمی دژ بە تاران (تاڵبان لە ئەفغانستان و سەدام حوسێن لە عێراق)، کردنەوەی پێی ئێران بۆ عێراق و ئاوەڵاهێشتنەوە دەستی ئەم رێژیمە بۆ ئەوپەڕی دەستێوەردان لە کاروباری ئەم وڵاتە، دەستئاوەڵاهێشتنەوەی ئەم رێژیمە لە سووریە و دەربازبوونی هێزێکی تێرۆریستی وەک "مدافعین حرم" بۆ ئەم وڵاتە بە بەرچاوی کەمپی ئامریکاییەکانەوە و دەستێوەردانی ئاشکرای ئەم وڵاتە لە کارووباری وڵاتی یەمەن، بەحرەین، لوبنان وهەروەها چاوپۆشی‌کردن لە هێرش بۆ سەر بنکەوبارەگای موجاهدینی خەڵکی ئێران و لە کۆتایی‌دا دوورخستنەوەیان لە سنوورەکانی ئێران و بێ‌ەڵوێستی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بەرانبەر بە موشەکبارانی بنکەکانی حیزبی دێموکرات و بە ئاماجگرتنی کۆبوونەوەی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان و تۆپبارانکردنی شوێنی پێشمەرگەکانی رێژیم لە ناوچە سنوورییەکان و....هەموو ئەو ڕووداو و ئالوگۆڕانە بوون کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بە قازانجی تێرۆریزمی نێودەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران تەواو بوون. کەوابوو بەکارهێنانی ئەم دەستەواژە و تەعبیرانە دژ بە کۆماری ئیسلامی بە مەرجێک کە هیچ کردەوەیەکی بەمەبەستی پێشگرتن بەم رێژیمە لە پشت نەبێ، نەتەنیا ناتوانێ هیچ ئاکامێکی بە قازانجی خەڵکی ئێران و ئاشتەوایی و ئارامی ناوچەکە لێ‌بکەوێتەوە بەڵکوو، دەبنە هۆکاری ترس و دڵەڕاوکەی زیاتری وڵاتانی دژبەری رێژیمی ئێران لە ناوچەکە کە قازانجەکەی تەنیا بە کڕینی چەک و چۆڵ دەچێتە گیرفای ئامریکاییەکان و وڵاتانی قازانجپەرەستی دیکە و، ئەوەی لەم نێوەدا زەرمەند دەبێ خەڵکی ئێران و ئەو بزووتنەوەی مافخوازنەیە کە دژ بەم رێژیمی تێرۆریستە لە ئارا دایە.