کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەو هەمووە تانک و تۆپ و هێزە بە چ مەبەستێک؟

02:36 - 18 رەزبەر 2718

دوای جێگیر بوونی هێزی پێشمەرگەی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەتایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچە سنورییەکان و بەرچاوبوونی حزووری هێزی پێشمەرگە لە نێو خەڵک، مەترسییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پرسی ڕیفراندۆم بۆ ڕاگەیاندنی حکومەتێکی سەربەخۆی کوردی و گڕژی و ئالوگۆرە خێراکانی ناوچەکە لە عێراق و سووریەی دوای داعش، بوونی هێزەکانی ڕۆژئاوایی، ئیدی ڕۆژ نییە هەواڵی مانۆڕ و ڕاگواستنی تانک و تۆپ و هێزی چەکداری پوشتەی سپای ئێران بۆ کوردستان و کەوشەنەکەی نەبیستین. سپای پاسداران لەو ماوەیەدا دەیان جار ئەو ناوچە سنوورییانەی تۆپباران کردووە و زەرەر و زیانی ماددیی زۆری بە لەوەڕگە، مەڕ و ماڵات و مووچەی خەڵکی بێتاوانی باشووری کوردستان گەیاندووە، تەنانەت لە چەند حاڵەتدا ئەو دەستدرێژییانە شەهید و برینداریشی لێ کەوتۆتەوە و هیچ کەس و لایەنێک بە شێوەیەکی ئەوتۆ هەڵوێستی بڕمێنی نەگرتووە. ڕۆژی ١٧ی خەرمانان دوای جێگیربوونی هێزێکی یەکجار زۆری سپای پاسداران لە سەر سنوور لە تازەترین هێرشی خۆیاندا بە مووشەکی زیرەک(خاڵکوت) قەڵای دێموکرات(بارەگای حیزبی دێموکراتی کوردستان)ی کردە ئامانج کە بەداخەوە خەسارەیەکی زۆری گیانی لێ کەوتەوە، دوای ئەو هێرشە بۆ یەکەم جار(بە نیسبەت پرسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان) وڵاتانی جیهان بە تایبەت هاوپەیمانانی هێنا سەرخەت و نیکی هێلی، نوێنەری ئەمەریکا ئەم باسەی بردە شوورای تەناهیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان. بەڵام لە هەمووی گرینگتر پشتیوانی و هەڵوێستی(٢١ی خەرمانان) قارەمانانەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو کە سوکناییەکی خستە دڵی برینداری شۆرشگێران و جارێکی تر ژیلەمۆی خەباتی گەشاندەوە. لە کاتی شەڕی ئێران و عێراقیشدا هێزێکی وا زۆر بەو چەک و چۆڵ و ئیمکاناتە لە پێوانەی خۆیدا لە ناوچە سنووریەکانی کوردستان(ڕۆژهەڵات و باشوور)جێگیر نەکرابوون، جیا لەو باس و شرۆڤانەی دەکرێن تاکتیکێکی تری ڕژیمی ئیسلامی ئێرانە کە کەمتر ئاماژەی پێکراوە و زۆر جار کەڵکی لێ وەرگرتووە و سەرکەوتووش بووە. کاتێک ڕێژیم لە شوێنک سەرقاڵی ئاژاوەنانەوە یا جموجۆڵی زۆرە و بە دزی و بە ئاشکرا(وەک دەبینین بە بەر چاوی خەڵک لە شەقامە سەرەکییەکانی شارەکانی کوردستاندا تانک و تۆپ دەگوازێتەوە) جیا لە ئامانجی تایبەتی خۆی کە لە سەرەوە ئاماژەی پێکرا، ئەوە لە شوێنێکی تریش زۆر پیس خەریکە! ئەمە بەلاڕێ دابردن و چەواشەکردنی چاوی جیهانە! کورد گوتەنی دەیهەوێ بە بەردێک لە دوو کێلان بدا، ناوچەی بەرامبەری ڕۆژئاوای ئێران (کە کوردستانە و هەمووی تەنیوە) دەبێتە ڕۆژهەڵاتی ئێران کە لەوێش ئەتنیکێکی مافخوازی دژبەری کۆماری ئیسلامی واتە بەلووچەکان لێی دەژین، خۆ ئەوانیش هێز و حیزبیان هەیە و ناچالاکیش نین، بەڵام بە حوکمی جوغرافیایەکەی گەلێک دەربەندی ستراتژیکی لێیە بۆ یارمەتیدانی تالیبان و هێزە توندئاژۆیەکانی تری دژ بە ڕۆژئاوا. من وای بۆ دەچم ڕێژیمی فێڵباز لە تاکتیکی پاشکەسەری کامێراکان کەڵک وەردەگرێ!، بەم جۆرە، چاوەکان دەگەڵ ڕەوانەکردنی هێز و چەک بۆ کوردستان دەسووڕێن کە ئەمە ئامانجی خۆی لە پشتە، بەڵام لەوبەریش کە کەمتر دیدی هەیە خەریکە یارمەتیی هێزە ڕادیکاڵەکان دەکا نەک هەر لە ئەفغانستان بەڵکوو لە پاکستان، وڵاتانی ئەفریقی و عەرەبی، ڕێک ئەو کارەی وڵاتانی ڕۆژئاوایی لە سەرەوەی هەموان ئەمەریکا لێی دەترسێ(زەربە لێدان لە بەرژەوەندیەکانیان، تیرۆر، تەقینەوە، ئاژاوە لە بەشی هەرە زۆری ئەم گەردوونە). ئەو هەمووە پەلەقاژە و بە خێرایی هێز بڵاوکردنەوەیە، لەم کاتە هەستیار و ناسکەدا کە ئابووری ئێران تووشی قەیرانێکی بێ وێنە بووە و لە نێوخۆش ڕۆژ نییە مانگرتن و ئیعترازە مەدەنییەکان بەرێوە نەچن هەروەها ترس بۆ لەدەستدانی یەمەن و سووریە، بۆنی داڕمانی یەکجارەکی دەستەڵاتەکەیان بۆدێ. بۆیە دەخوازن ماکیاڤێڵانە بە هەرشێوەک بۆیان دەڵوێ تەمەنی خۆیان درێژ بکەنەوە.