کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەسەرهاتی گیرانم (بەشی ١)

15:52 - 1 خەزەڵوەر 2718

ساڵی ١٣٣٨ی هەتاوی لە گوندی بابخاڵاواێی شنۆ لە دایک بووم. ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی گیرام. سزای زیندانی تاهەتاییم بەسەردا سەپا و ماوەی 6 ساڵ لە بەندیخانەکانی ڕێژیمدا بەند کرام. ئەوەی دەینووسمەوە بە کورتی باسێکە لەو بەسەرهاتە. ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی بوو. هەموو ئەندامانی کۆمیتەی ئێمە لە ناوچەی شنۆ بووین. ئەو ڕۆژە چوارشەممە و ٥ی خەزەڵوەر بوو. شەهید برایم باشوو کە بۆ کاری شەخسیی خۆی هاتبۆوە ناوچە، داوای لێکردم کە لەگەڵی بچم بۆ سەردانی برادەرێکی لە کوێستانەکانی سامڕەندان و ئیشکەشیو. بۆ شەوەکەی چووینە گوندی قەڵاتیانێ و بەیانییەکەی وەڕێ کەوتین. گەیشتینە زار دۆڵی ئیشکەشیوێ. هێشتا هەتاو هەڵ نەهاتبوو لە بڵیندایی گردی بەرازان تەقەمان لێ کرا. ئەو هێزەی لێمان ڕاسابوو، هێزێکی کوردیی باشووری کوردستان بوو. ئێمەش کەوتینە خۆ کە سەنگەر بگرین، بەڵام لە لایەکیتریش دەستڕێژمان کرایە سەر، ناچار بووین بکەوینە دیفاع و خۆپاراستن، کە کەوتینە دەشتاییەکی کەم کە خۆ بگەیەنینە شوێنێک بە ناوی دۆڵ هەنگوین کە تاکە ڕێگا بوو بتوانین لێی لە گەمارۆ دەرچین. گەیشتینێ، بەڵام شەهید برایم باشوویان پێکا. من نەمهەویست برایم بە برینداری بە جێ بێڵم و لە نیزیکی ئەو سەنگەرم گرت. دوای ماوەیەک تەقە و شەڕ شەهید برایم  هەرای کرد: «عومەر  پێیان بڵێ بە شەرتێک تەحویلی پاسدارانمان نەدەنەوە تەسلیمیان دەبین.» پێشمەرگەکانی ئەو هێزە کوردییەش قەولیان دا و هاتن بردیانین بۆ لای بەرپرسەکانیان. بەڵام بەداخەوە  بەڵێنەکەیان نەبردە سەر و هەر ئەو ڕۆژە برایمیان ڕادەستی سپای پاسداران کرد و ئەمنیشیان دوای دوو ڕۆژ هەر بەو دەردە برد. بەمجۆرە ڕادەستی ئیتلاعاتی ورمێ کرام. چاوم بەسترابوو، گوێم لێبوو بە یەکێکیان گوت :یک لقمەی چاق و چلە براتون آوردەام.» چاویان کردمەوە. گوتی من قاسمیم پێ دەڵێن و بەرپرسی پێشووی ئیتلاعاتی شنۆیەم. دێن پرسیارت لێ دەکەن، دڵنیابە هەموو شتێک دەزانین دەمانهەوێ بزانین تۆ دەڵێی چی. بردیانمە سلولی تاکەکەسیی ژمارە ١٠.  ژوورێکی دوو بە یەک بوو. دوو سێ پەتووی ڕەشی سەربازیی لێ داندرابوو، هەتا بڵێی پڕ لە ئەسپێ. هەر لە دوانیوەڕۆی ئەم ڕۆژەوە بازجوویی دەستی پێکرد. کاغەزیان خستە بەردەمم و گوتیان هەرچی دەیزانی بینووسە. بازجووەکەم شەوێ هاتەوە و دیتی ٧ خەتم نووسیوە. تووڕە بوو: «اینا واسە عمەت خوبە.» ئیدی وابوو کە ئەشکەنجە دەستی پێکرد. بۆ دوو شەو و ڕۆژان لێیان نەدام، بەڵام هەر نیو سەعات دەخەوتم و دوو سەعات دەیانبردم بۆ پرسیارلێکردن. شەوێک لێم گەڕان بخەوم . بەیانی لای قاوڵتوون بردیانمە ژوورێکی و لە سەر سەندەڵییەک دایاننام. دەنگی قاسمی دەنگی هات: «حاجی آغا اینە فقط و فقط نمیدونم بلدە.» کابراش گوتی: «مشکلی نیست الان بە حرفش میاریم.» دەستووری دا چاویان کردمەوە. دیتم مەلایەکی زەبەلاح دانیشتبوو و گوتی من حاکمی شەرعم و ناوم «ئیمامی»یە. گوتی: بۆ زانیارییەکانت نادەی! ئێمە بۆ ئیسلام خەبات دەکەین و دوژمنانی خوا هەموویان لە نێو دەبەین. منیش گوتم ئەوەی زانیومە پێم گوتوون. قورئانێک لە بەردەمی داندرابوو، گوتی  ئەگەر هەرچی بکەن ئەو کوردستانە دەکەین بە باڕووت و دەیتەقێنینەوە. منیش قورئانەکەم هەڵ گرت و گوتم بەو قورئانەی ئەوەی ئەوان لێم دەپرسن نایانزانم. قورئانەکە کەوتە خوارێ و لێک بڵاو بوو... ئیدی بڕیاری دا لە تەختم ببەستن گوتی ٣٩ قامچیی لێ بدەن ئەگەر لە نیوەشدا گوتی دەیڵێم بیکەنەوە. بەستیانم و ٣٩ کابڵیان لە بەری پێم دا، زۆر بە ئازار بوو، هیچم نەگوت. دەستووری دا بمکەنەوە. کردیانمەوە و بە کورتی بەو دەستوور و فەرمانەی لە ماوەی حەوتوویەکدا ١٥_١٦ جار ئەو ٣٩ قامچییەم پێ دەبڕا... هەر پێش ئەوەی بگیرێم قژم زۆر بوو. شەوێکیان لە نیوەشەوێدا سەریان لوول دام و نازانم سیم بوو چ بوو بەوەیانەوە بەستم و هەڵیان واسیم. تا بەیانی تەنیا پەنجەم لەسەر زەوی بوو. لای بەیانی بوو کردیانمەوە و لەبەر بێهێزییان کەوتمە خوارێ و هەتا دەور و بەری نیوەڕۆ هەر لەوێ کەوتبووم. لای نیوەڕۆ خواردنیان لە بەر دەم دانا، بەڵام نەمدەتوانی بیخۆم. ئیدی بڕستم لێ بڕابوو. بڕیارم دا خۆم بکوژم و کۆتایی پێبێ.  بۆ ئەو مەبەستە لامپی بەرقی کە شۆڕ ببۆوە هێنامە خوارێ و لە لامپەکەیم پچڕی و  لە خۆم بەست. بەداخەوە نەیکوشتم و فیوز فڕێی دابوو... شەوێکی دیکەیان بردیانمە ژووری بازجوویی و گوتیان زانیارییەکانت نەدەی ئیعدامت دەکەین. دوای پرسیارگەلێکی زۆر، بردیانم بۆ دەرەوە وەل بڵێی دەمبەن ئیعدامم دەکەن. بۆ ترساندنم تەقەیان لێ کردم. بە دەنگەکەی زانیم فیشەکی مەشقین. ئەوانیش گوتیان هێشتا ئەجەلت نەهاتووە...! کاک «سۆفی ئەحمەد»یان لە بەندی گشتی هێنابۆوە ئیتلاعات و پێیان گوتبوو عومەر قسەی لە سەر تۆ کردووە و بە منیشیان دەگوت سۆفی قسەی لە سەر تۆ کردووە. لە دیوێک ئەویان شکەنجە دەکرد و لە دیوێکیتر من، ئەگەر سۆفییان هێنایە ئەشکەنجەگاکەی من لاقی خوێنیان لێ دەهات و ڕیشیان هێندە کێشابوو دەمو چاویان بریندار کردبوو. پاشان دەرکەوت درۆیان لەگەڵ هەر دووکمان کردبوو. رۆژێکی بەهاری ١٣٦٢ منیان بردە لای کابرایەک. خۆی پێ ناساندم. شەهید کەماڵ دەباغی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات بوو. دەگەڵ ئەو بردیانین بۆ تاران بۆ زیندانی ئیوین. ٢٦ ڕۆژ لە کۆریدووری بینایەکدا مابووینەوە بە چاوبەستراوی و بە بێ پەتوو. لە سلوولی رەدیفی ١٠ی بەندی ٢٠٩ تان هاویشتین. بە منەوە بووین بە پێنج کەس. شەهید کەماڵ دەباغی، دوکتۆر محەممەد مەلەکی، کەسێک کە بە ئینتزاریون ناویان دەبرد و یەکێک لە جێگر یان ڕاوێژکارەکانی بەنی سەدر بوو لەگەڵ کوڕێکی ئەندامی حیزبی موجاهیدن. داوایان لە من دەکرد تەشکیلاتی حیزبیان لە تاران پێ بڵێم.  ئەمنیش دەمگوت کەس ناناسم و هەر بەڕاستیش کەسم نەدەناسی. بەڵام هەر لەسەر ئەوە  ئەشکەنجەیەکی زۆریان کردم. دیمەنی خەڵکی ئەشکەنجەکراوی دیکەیان پیشان دەدام بۆ ئەوەی ورە بەردەم. دەنگی قیژە و هاواری زیندانییەکان کە ئەشکەنجە دەکران گوێی کەڕ دەکرد. شەوێک بردیانم بۆ ژێر زەمین و دەستیان لە پشتەوە (قەپانچەلە) بەستم و بۆ سەعات و نیوێک هەڵیان واسیم، ئەوەندە بە ژان بوو کە دوایە و بۆ زیاتر لە ٥ مانگتش باسکم هەر سڕ بوو و کاری نەدەکرد. شەهید کەماڵ دەباغی بەهۆی ئەشکەنجە و لێدان قامکی چووکەی لاقی شکابوو و زیندانبانەکانیش گوێیان نەدەدایە. وابوو قامکی ڕزی و رۆژێک دەری هێنا و لە ئاشغاڵدانی هاویشت. ئەوکات کاک کەمال ١٦ مانگ بوو دەرێ و ئەمنیش ٨ مانگ بوو هەتاومان نەدیتبوو. شەهید کەماڵ ددانەکانی بە پووکەوە دەڵەقین و جار و بار خوێنیشی لێ دەهات.