کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ستراتێژیی سەرکەوتن بەسەر ئێراندا

16:12 - 1 خەزەڵوەر 2718

نووسەر فردریک دەبلیو کەیگان لە گۆڤاری «کۆمێنتەری مەگەزین»دا وتارێکی دوورودرێژی لەژێر ناوی «دەتوانین ئێمە وەدوای ستراتێژییەکی سەرکەوتن بەسەر ئێراندا بکەوین؟» بڵاو کردووەتەوە. ئەو وتارە کورتکراوەی نووسراوەی ناوبراوە. سەرنجڕاکێشیی بەکارهێنانی ئەو سیاسەتانەی کە بوونە هۆی تێکڕووخانی ئاشتییانەی یەکیەتیی سۆڤییەت لە هەشتا و سەرەتای نەوەدەکانی زایینی، کە زۆرجار وەک «ستراتێژیی سەرکەوتن» ئاماژەی پێ دەکرێ بەدژی ئێران شتێکی ئاشکرایە. ستراتێژییەکە بووە هۆی دڵخوازترین ئاکام بۆ کۆتاییهێنانی شەڕی سارد، سەرکەوتن بۆ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و هاوپەیمانەکانی بەبێ ناکۆکییەکی مەزنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ یەکیەتیی سۆڤییەت. بە هۆی وێکچوونەکانی نێوان یەکیەتیی سۆڤییەت و ئێران ئەوە شتێکی عەقڵانییە کە گریمانەی ئەوە بکەین کە بەکارهێنانی هەمان سیاسەت ببێتە هۆی هەمان ئاکام. ئەو گریمانەیە دەتوانێ بە کردەوە دروست بێ و هەندێک  شێوە ستراتێژیی وەک سیاسەتی گوشارهێنان بۆ ئێران بێگومان ئەوڕۆ سیاسەتێکی دروستە. بەڵام فاکتەری گرینگی پێکهاتەیی، ئەزموونی و کەسایەتیی جیاوازییەکی بەهێز لەنێوان مەرجەکانی ئەوڕۆ لەگەڵ هی کۆتاییەکانی شەڕی سارد درووست دەکەن. ئەو جیاوازییانە لەوانەیە ببنە هۆی شکستی «ستراتێژیی سەرکەوتن»، ئەوان بێگومان بەو مانایەن کە تەنانەت ئەگەر بە سەرکەوتووییش جێبەجێ بکرێن ببنە هۆی ئاراستەیەکی زۆر جیاوازتر و گەلێک خوێناویتر. بەڵام ئەو جیاوازییانە بەو مانایە نین کە وڵاتە یەکگرتووەکان نابێ شێوەیەکی دیاریکراو لە ستراتێژیی سەرکەوتن ڕەچاو بکا. ستراتێژییەکە کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر زۆربەی لایەنەکانی جێگای نیگەرانیی وڵاتە یەکگرتووەکان دەبێ تەنانەت ئەگەر بە ئاکامی تەواو نەگەن کە ئاڵوگۆڕی ئاشتییانەی ڕێژیمی ئێستای ئێرانە. لەبەر ئەو هۆیە بیر کردنەوە لە جیاوازییەکان بە واتای دژایەتیکردنی ستراتێژییەکە نییە، بەڵکو هێنانەخوارێی ئاستی چاوەڕوانییەکان لەبارەی ئاکامەکانی و پێشنیاری ڕێگاچارە بۆ گونجاندنی جێبەجێکردنەکەی بە شێوەیەک کە باشترین ئاکامی دژی ئەو بەرهەڵستکارە دیاریکراوە هەبێ. ئەوەی کە ڕێژیمی ئێران دەیکا جێبەجێکردنی ستراتێژیی ئەوپەڕی زەخت، ستراتێژیی سەرکەوتن کە گونجاوی ئێران بێ، ناکارامەیی ئابووریی ئێران تا ڕادەیەکی زۆر خراپتر دەکا و هاوکات سامانەکانی ڕێژیم بۆ کڕینەوەی خەڵک یا سەرکوتکردنیان کەم دەکاتەوە. ستراتێژییەکی ئەوتۆ دەتوانێ ببێتە هۆی پەرەپێدانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان و ببێتە هۆی جووڵانەوەیەکی جەماوەری کە سەقامگیریی و مانەوەی بە چالش بکێشێ، ئەگەرچی ئەو قەیرانە ئابوورییە بە ئاشکرا هۆیەکەی هەوڵی دژبەرانی بیانیی بێ، ئاکامەکەی بە ناچار هەر ئەوە دەبێ. ڕێژیم چی دەکا؟ ئەو بێگومان ئاکاری خۆی بەرامبەر بە ناڕەزایەتییەکانی پێشوو دووپات دەکاتەوە، بەسیجی ژێر دەستی سوپای پاسداران لەگەڵ هێزی پڕچەک و ڕاهاتووی ئینتیزامیی ناڕەزایەتییەکان سەرکوت دەکەن و تا ئەو جێیەی پێویست بێ بۆ ئەو مەبەستە توندوتیژی بەکار دێنن. لەوانەیە ڕێژیم هەندێک پاشەکشەی سنوورداری ئابووریش بکا تا ناڕازییەکان لێک دوور بخاتەوە، هەر وەک لەو دواییانەدا وای کردووە. ئەگەر دۆخەکە دژوارتر بێ، لەوانەیە ڕێژیم هەوڵ بدا ناڕەزایەتیی خەڵک ئاراستەی دەوڵەتی هەڵبژێراو بکا، کە دەتوانێ وەک سوپاپێکی متمانە ئیش بکا تا زەختەکە کەم بکاتەوە. چونکە دەوڵەتی هەڵبژێراو لە کردەوەدا کۆنتڕۆلی هیچ شتێکی حەیاتیی بەدەستەوە نییە، لە ڕوانگەی ڕێژیمەوە دەتوانێ لە کاتی پێویستدا وەلای بنێ. تەقریبەن نامومکینە کە بیر لەوە بکەینەوە کە بەڕێوەبەریی ڕێژیم دەستهەڵگری کوشتار بێ یا سوپای پاسداران و بەسیجی سەر بە سوپای پاسداران خۆ لە سەرکوت بپارێزن یا تێکەڵی ناڕازییەکان بن. ئەڕتەشیش بە هەمان شێوە وێناچی کە تیکەڵی خەڵکی ناڕازی بێ و ڕێژیم لەوانەیە هەوڵی بەکارهێنانی ئەرتەش بۆ سەرکوتکردن نەدا. بۆیە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بە دژواریی دەستیان بە خەڵکی شەڕکەر و شارەزای کەڵکوەرگرتن لە چەکی پێشکەوتوو ڕادەگا کە بووە هۆی پەرەئەستاندنی کوشەندەترین (بۆ ڕێبەران) سەرهەڵدانەکانی بەهاری عەڕەبی. بۆیە چاوەڕوانکراوترین ئاکامی ناڕەزایەتییەکانی جەماوەری لە مێژووی هەنووکەیی ئێراندا، وێدەچێ سەرکوتکردنی خوێناویی و پتەوکردنی کونتڕۆڵی ڕێژیم بێ. هەر جۆرە سێناریۆی  هەرەسهێنانی وەک یەکیەتیی سۆڤیەت ئەگەری زۆر کەمە. ئەوە هەروەها گرینگە کە لە بیرمان بێ کە سەرەڕای لێکدانەوەی هەندێک لە پسپۆرانی پرسی ئێران، سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی هێشتا کۆنتڕۆڵی ڕێژیمی بەدەستەوە نییە، بەڵام دەتوانێ بێتە دەستی. بۆ وێنە جێبەجێکردنی ستراتێژیی ئەوپەڕی گوشار لە کاتی دەستبەکار بوونی جێێنشینی ڕێبەر، یا لە کاتی سەرقاڵیی یا لاوازیی دەتوانێ ببێتە هۆی هاندانی ڕێبەریی سوپای پاسداران کە بەرەو بەدەستەوە گرتنی کۆنتڕۆڵی وڵات (ئەگەرچی سوپا وێدەچێ هەوڵ بدا وا بنوێنێ کە بە هۆی ئایدیۆلۆژیکییەوە لە خزمەت ڕێبەری مەزن دایە، تەنانەت ئەگەر واش بێ، دەسەڵات دەگرنە دەست). وەرسووڕانێکی ئەوتۆ دەبێتە هۆی ڕادیکاڵیزە بوونی سیاسەتی دەرەوەی ڕێژیم لەوەش زیاتر و دیاریکەرانی ئەو سیاسەتانە ناچار دەکا کە کات و سامانی زیاتر بۆ کۆنتڕۆڵی نێوخۆ تەرخان بکەن. کاردانەوەی ئابووریی ڕێژیم بەرامبەر بە جێبەجێکردنی «ستراتێژیی سەرکەوتن» جیاواز دەبێ لە وەڵامی سۆڤییەت بە ڕەیگان. کاتێک کە ڕەیگان هاتە سەرکار، ڕێبەریی سۆڤییەت لەسەر بیرۆکەی چاکسازیی ئابووری تاقیکارییان دەکرد. لە کاتێکدا کە سیاسەتەکانی ئەو هاوکات زەختیان خستە سەر یەکیەتیی سۆڤیەت و تێچووی کێبڕکێ لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکانی بەرز کردەوە، ڕێبەریی یەکیەتیی سۆڤییەت هەوڵەکانیان بۆ خێراترکردنی چاکسازیی ئابووری چڕتر کرد بێ ئەوەی کە بە تەواوی بیر لە ئاسەوارەکانی بکەنەوە. بە پێچەوانە، ڕێبەرانی ئێران ماوەیەکە ئاگاداری قەیرانی ئابوورییەکەیان بوون. سەرۆک کۆمار ڕووحانی کاتێک کە ڕاوێژکاری خامنەیی بوو «ستراتێژیی مقاومەت»ی لەگەڵ خامنەیی داڕشت. سەرجەم پلاتفۆرمی سیاسەتی نێوخۆی ڕووحانی لە چوارچێوەی جێبەجێ کردنی ئەو ستراتێژییە دایە. بەرداشتی ڕووحانی بە تەواوی لەگەڵ هی ڕێبەری مەزن جیاوازە، سەرۆک کۆمار بەدوای گونجاندنی قووڵی ئێران لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی وەک ڕیگاچارەیەکە بۆ ئەوەی کە گەمارۆخستنە سەر ئێران ببێتە شتێکی بەژان بۆ کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی، لە کاتێکدا کە ڕێبەری مەزن! بەتەمای خۆدابینکەرییە کە بتوانێ گەمارۆی داهاتوو بێ سوود بکا. چەندین ساڵ هەردوو بە دیققەت بیریان لە هەڵوێستی خۆیان کردۆتەوە و چاودێریی کاردانەوەی جێبەجێکردنی ئەوانیان کردووە. بەڵام ڕووحانی بە شێوەیەکی بەربڵاو نە تەنیا لە بەر چاوی ڕێژیم بێ ئیعتیبار بووە، بەڵکوو لەنێو خەڵکی ئێرانیش، تەنانەت ڕێفۆرمخوازەکانیش. ئەو لە گشت لاوە کەوتووەتە بەر ڕەخنە و جێگای سەرنجە دوایین ناڕەزایەتییەکان دژی ئەو و دەوڵەتەکەی و هەروەها تووندئاژۆکان بوون. وێدەچێ کە بیرۆکەی چاکسازیی و ئاڵوگۆڕی ئابووری لەگەڵ خۆی ڕەواییان لەدەست داوە. بێچگە لەوە مۆدێلی سیاسیی نۆرماڵی ئێران وێدەچی ئەوەبێ کە سەرۆک کۆمارێکی توندئاژۆ جێگای ئەو ڕێفۆرمخوازە بگرێتەوە (هەر وەک لە هەڵبژاردنی پێشوو کاتێک کە سەرۆک کۆماری پێشوو نەیتوانی خۆی بەربژێر بکا). بۆیە ئێران دەگەڕێتەوە بۆ مۆدێلی خۆدابینکەری و دەوڵەتداریی سەرکوتکەر و سیاسەتی ئابووری لەجیات سیاسەتێکی جیددی چاکسازیی. خۆدابینکەری و سیاسەتی ئابووریی سەرکوتکەرانە بۆ ئابووریی ئێران گەلێک زیانبارە و بە بێ لەبەرچاوگرتنی زەختی ڕۆژئاوا ڕووخان خێرا دەکا. زیادکردنی زەختی ڕۆژائاوا وێدەچێ ئەو پرۆسەیە خێراتر بکا. بەڵام هەر وەک سۆڤییەت، کۆرەی باکوور، کوبا و ئابووری ناکاریگەری بەرکەوتووی گەمارۆی قورس نیشانیان داوە، دەوڵەتێک کە لە سەرکوتکردن خۆ ناپارێزێ وێدەچی بتوانێ قەیرانی ئابووری بەربڵاو تێپەڕ بکا. بۆیە وڵاتە یەکگرتووەکان دەبێ ئەو گریمانەیە بکا کە هیچ پلەیەک لە زەختی دەرەکی نابێتە هۆی هەرەسهێنانی خێرای کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەڵام زەختێکی ئەوتۆ دەتوانێ ببێتە هۆی سەرکوتی بەربڵاو و خوێناوی کە لەسەرەتادا دەسەڵاتی سوپای پاسداران و توندئاژۆکانی دیکە بەهێز دەکا. ستراتێژیی سەرکەوتن پشوودرێژیی و تەحەممولی خراپتربوونی دۆخەکان لەسەرەتادا لەجیات چاکتر بوون دەخوازێ. دۆخی نێو کۆڕی سیاسیی وڵاتە یەکگرتووەکان و لەناو خەڵکی ئامریکا وێناچی بەشێوەیەک بێ کە بە باشی هەڵسوکەوت لەگەڵ گەشەساندنێکی ئەوتۆ بکەن. ئێمە هەروەها دەبێ دوایین جیاوازیی هەستیار کە دەتوانێ ببێتە هۆی شکستی هەر شێوە ستراتێژیی سەرکەوتن لەبەر چاو بگرین. یەکیەتیی سۆڤییەت یەکێک لە مەزنترین و بەهێز ترین دەوڵەتەکان بوو کە لە هاوپەیمانیی ڕۆژئاوادا نەبوو. کاتێک کە لاواز بوو و کەوتە لەرزین، هیچ وڵاتێکی دیکە نەبوو کە بتوانێ داوای یارمەتیی لێ بکا. ئێران بەو شێوەیە نییە. بۆ وێنە ئەگەر تاران بتوانێ پەیوەندی قایم لەگەڵ چین و ڕووسیە دروست بکا، هەردوو هێندە بەهێز و دەوڵەمەندن کە بتوانن ئێران نەجات بدەن، ئەگەر بیانهەوێ ئەو کارە بکەن (ئەگەرچی ڕوسیە لەوانەیە بە ویستی خۆی ئەو کارە نەکا). لەو ڕوانگەیەوە ئێران تا ڕادەیەک وەک کۆرەی باکوور دەچێ تا یەکیەتیی سۆڤییەت، ئەو دەتوانێ وەک مشتەرییەکی ئابووری درێژە بە ژیان بدا ئەگەر بتوانێ زلهێزێک ڕازی بکا کە لە بن باڵی خۆی بگرێ تا کاتی «ستراتێژیی سەرکەوتن» تێپەڕ دەبێ. بێگومان ستراتێژیی سەرکەوتن زوو شکست دێنێ ئەگەر وڵاتە یەکگرتووەکان نەتوانێ بەرەیەکی یەکگرتووی بەهێز لەگەڵ ئوروپاییەکان بەرامبەر بە ئێران بپارێزێ. هەرەسهێنانی بەرەیەکی بەهێزی ڕۆژئاوایی دژی ئێران دەبێتە هۆی گەیشتنی سەرمایەی ئابووری و زانستی بە ئابووری ئێران کە ئەو شێوە زەختە نابێتە هۆی ڕووخانی ئەو ڕێژیمە خاوەن بڕیارە و لە هەمان کاتدا ئایدیۆلۆژیکە. لێرە ئەندازە گرینگە. گەیشتنی ڕێژەیەکی کەمی سەرمایە بە دەست دەسەڵاتدارانی یەکیەتیی سۆڤییەت بۆ لاوازتر بوونی ئابووریی ئەو وڵاتە یەکلاکەرەوە نەبوو، بەڵام ڕێژەیەکی کەمی پارە و زانست کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئابوورییە زۆر بچووکترەکەی ئێران و هێزی سەربازییەکەی دەبێ تا درێژە بە ژیان بدەن. بۆیە گرینگترین ئاکامگیریی هەموو ئەوانە، ناخۆشترینیانە. هەر هەوڵێک بۆ دووبارە کردنەوەی ستراتێژیی سەرکەوتن دژی ئێران وەک ستراتێژییەکی  پەسەندکراو وێدەچێ پێویست بکا کە ئەو ستراتێژییە لە لایەن هەردوو بەرەی سیاسی لە وڵاتە یەکگرتووەکان و هەردوو بەری ئاتلانتیک قبووڵ بکرێ. کاتی پێویست بۆ سەرکەوتنی هەڵوێستی ئەوپەڕی زەخت هێندە درێژە کە ئەو بەڕێوەبەرایەتییە تەنیا دەتوانێ مەرجەکان بۆ سەرکەوتنەکەی دابین بکا و بیداتە دەستی کەسی جێنشین یا ڕەنگبێ چەندی کەسی جێنشین. بۆیە ئەو بەڕێوەبەرایەتییە دەبێ هەوڵ بدا خۆ لە دووپاتکردنەوەی هەڵەی مەزنی کەسی پێشوو، کە سیاسەتێکی تاکلایەنانەی بێ پشتیوانی لایەنەکەی دیکە و (لەو پرسەدا) پشتیوانیی نێونەتەوەیی جێبەجێ کرد کە لە ئاکامدا سەرۆککۆماری دواتر توانی لێکی هەڵوەشێنێ. ستراتێژیی سەرکەوتن چۆن فۆرمولە بکرێ؟ گرینگترین پرسیار ئەوەیە: ستراتێژییەکە دەبێ چی دەستەبەر بکا تا ئاسایشی نەتەوەیی ئامریکا و بەرژەوەندییە نەتەوەییە حەیاتییەکانی دابین بکا؟ ئاڵوگۆڕی ڕێژیم تەنیا ئاکام لە کاتی شەڕی سارددا بوو کە دەیتوانی ئەو ئامانجانە دەستەبەر بکا. ئێران بە هەموو پێوانەیەک زۆر لاوازترە و بەرامبەر بە تەریککەوتنەوە هەستیارتر لە یەکیەتیی سۆڤییەتە، هەر وەک لە سەرەوە باس کرا. ستراتێژیی سەرکەوتن دەتوانێ زۆربەی داخوازییە ئەمنیەتییەکانی ئامریکا دابین بکا بەبێ ئەوەی کە ببێتە هۆی هەرەسهێنانی خێرای ڕێژیمی ئێران. ئەوە شتێکە کە دەکرێ جێبەجێ بکرێ. تەریکخستنەوەی ئێران لە سامانی دەرەکیی و ناچارکردنی ڕێژیم بە جەختکردن لەسەر خەڵکی خۆی دەسکەوتێکی مەزن دەبێ و دەبێتە هۆی وەرچەرخانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست. بنەما سەرەکییەکانی ئەو هەڵوێستە دەبێ ئاوانە بن:       ــ جیاکردنەوەی لایەنگران و دابینکەرانی دەرەکیی لە کۆماری ئیسلامیی. ــ پێشگرتن بە ئێران کە کەڵک لە سامانەکانی دەرەوەی سنوورەکانی وەرگرێ (بە تایبەتی لوبنان، سورییە و عێڕاق) ــ سەپاندنی شکست بەسەر سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی لە گۆڕەپانە هەستیارەکان (سورییە و بە تایبەتی لە عێڕاق) بۆ بێ ئیعتیبار کردنی ئیددیعای رێکخراوەکە کە دەسەڵاتی بێ بەدیلی لە سیاسەتی ئاسایشی نەتەوەیی پێ بەخشیوە _ تێکدانی هەوڵەکانی ئێران بۆ دابینکردنی کەلوپەلی پێویست بۆ درووستکردنی جبەخانەی ئەتۆمیی و توانایی سەربازیی ئاسایی. ــ برەودان بە ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر بە ڕێژیمی ئێران لە نێوخۆ (بەڵام بێ چاوەڕوانی ئەوە کە ئەو ناڕەزایەتییانە ببنە هۆی گۆڕانی ڕێژیم لە ماوەیەکی دیاریکراودا) ــ هاندان و بەرجەستە کردنەوەی دووبەرەکی لەنێو ڕێژیم لەبارەی ویستی درێژەدان بە سیاسەتەکانی پاوانخازانەی ناوچەیی، و ــ کەلکوەرگرتن لە شۆکی جێنشینی رێبەری گەورە، کە دەتوانێ مردنی ستالین بیر بخاتەوە کە گرینگترین دەستاودەست کردنی دەسەڵاتە دوای مردنی خومەینی. ئەوە شتێکی حەیاتییە کە لەبیرمان بێ کە ستراتێژییەکەی بەرامبەر بە یەکیەتیی سۆڤییەت ئەوەشی دەگرتەوە کە ڕۆژئاوای ئورووپا بەشدار بێ لە خەبات دژی هەڕەشەکانی یەکیەتیی سۆڤییەت و پێش بە هەوڵەکانی یەکیەتی سۆڤییەت بۆ ڕاکێشانی هاوپەیمانەکانی ئامریکا بۆ لای خۆی، بە تایبەتی رۆژئاوای ئاڵمان  بگیرێ، لەهەمان کاتدا پشتگیریی (بەشێوەیەکی گونجاو و  سنووردار) سەرهەڵدانی هاوپەیوەندیی لە لێهێستان و بەرخۆدانی دژی سۆڤییەت لە ئەفغانستان. باسکردن لە ستراتێژیی سەرکەوتن دژی ئێران بێ مانایە ئەگەر دژایەتیی کۆنترۆڵ و نفوزی ئێران لە لوبنان، سورییە و عێڕاق نەکرێ و هاوکات بەرەی وڵاتانی عەڕەبیی (لە ناویاندا عوممان و قەتەر) دژی نفووزی ئێران بەهێز نەکرێ. سورییە ئەفغانستانی ئێرانە، ئەوێ گۆڕەپانێکە کە هێزەکانی ئێران لە هەموو شوێنێک زۆرتر ئەگەری زیان پێگەیشتنیان هەیە، شوێنێک کە وڵاتە یەکگرتووەکان دەتوانێ سوپای پاسداران ناچار بکا سامانە سنووردارەکانی خەرجی شەڕێکی بەرگریکارانە بکا. عێڕاق لێهێستانی ئێرانە، ناوچەیەک کە ئێران بە شێوەیەکی سنووردار بەسەریدا زاڵە، و وڵاتێک کە ڕێبەرانی ئێران پێیان وایە کە ناکرێ لە کیسی بدەن. وڵاتە یەکگرتووەکان لە دۆخێکی لە ڕادەبەدەر باشتر دایە بۆ دژایەتیکردنی ئێران بۆ کۆنتڕۆڵی عێڕاق لەوەی کە لەبارەی لێهێستاندا هەیبوو (بە هەمان شێوە وەزعێکی باشتری لە سورییە هەیە لەچاو ئەوەی کە لە ئەفغانستاندا هەیبوو). هەڵوێستێکی درێژخایەن جەختکردن لەسەر درووستکردنی هاوڕایی لەنێوان هاوپەیمانەکانی ئامریکا لە بارەی پێویستیی جێبەجێ کردنی ستراتێژیی سەرکەوتن دەخوازێ. ئەوە ڕوسییەکان و چینییەکان چاوترسێن دەکا کە هەوڵی زیندوو ڕاگرتنی ئێران نەدەن. ئەوە دەبێتە هۆی پچڕانی زنجیرەی دابین کردنی کەلوپەلە ستراتێژیکەکان کە ئێران بۆ گەشە پێدانی تواناییە  ناوەکیی و سەربازییە ئاساییەکانی پێویستییەتی. و ئێران ناچار دەکا کە بە سەختی بۆ دەسکەوتەکانی لە عێڕاق و سورییە بجەنگێ، هاوکات بە هەموو شێوەیەکی مومکین زەخت دەکەوێتە سەر ئابووری ئێران. بێگومان ستراتێژییەکی ئەوتۆ دەتوانێ کۆماری ئیسلامیی ناچار بە پاشەکشە بکا، جووڵانەوەکەی بۆ سەپاندنی هێژێمۆنی ناوچەیی ڕاگرێ و بەراوەژووی بکاتەوە، ناکۆکییەکان لەناو ڕێبەریی ئێران و لە نێوان ڕێژیم و خەڵک پەرە پێبدا، و لەوانەیە، لەگەڵ تێپەڕبوونی کات، و بە شێوەی تایبەتی ئێرانی، ببێتە هۆی ئاڵوگۆڕ لە نێوەرۆکی ڕێژیم. ئەوە ستراتێژییەکی درووستە.