کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەقی وتاری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە کۆڕیادی شەهیدانی ١٧ی خەرماناندا

16:18 - 1 خەزەڵوەر 2718

مستەفا مەولوودی: کۆمەڵگەی جیهانی دەبێ سنوورێک بۆ قەیرانخوڵقێنیی کۆماری ئیسلامی دابنێ (دەقی وتاری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە کۆڕیادی شەهیدانی ١٧ی خەرماناندا) هاونیشتمانیانی خۆشەویست! میوانه‌ بەڕێزەکان! به‌شدارانی به‌رێزی یاد و بیره‌وه‌ریی شه‌هیدانی ١٧ی خه‌رمانانی ١٣٩٧ی هه‌تاویی قه‌ڵای دێموکرات! به‌خێربێن. بەخێر بێن بۆ کۆڕیادی شه‌هیدانی ڕۆژی ٨ی سێپتامبری ٢٠١٨ی زایینی که‌ له‌و ڕۆژه‌دا  به‌هۆی هێرشی مووشه‌کیی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سه‌ر ناوەندی سیاسی و ڕێبه‌رایه‌تیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ١٤ کادر و پێشمه‌رگه‌ی حیزبی دێموکراتی کوردستان شه‌هید و زیاتر له‌ چل که‌سیش بریندار بوون. لەو دەرفەتەدا ڕێگەم بدەن جارێکی دیکه‌ش به‌ ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سه‌ره‌خۆشی بکه‌م له‌ خه‌ڵکی کوردستان، له‌ بنه‌ماڵه‌ و کەسوکاری سەربەرزی شه‌هیدان و هاوسه‌نگه‌ره‌کانیان.   به‌رێزان! پاساو و بیانووی سەرەکیی حکوومه‌تی کۆماری ئیسلامی بۆ مووشه‌کباران کردنی قه‌ڵای دێموکرات هه‌روه‌ک له‌ میدیاکانی سوپای پاسداراندا باس دەکرێ ئەمەیە: ئەوان بەڕوونی دەڵێن «ئه‌م ناوه‌نده‌ی‌ ئێمه‌ لێمان داوە و هێڕشمان کردووەتە سەر، ئه‌منییه‌تی وڵاتی ئێرانی وه‌مه‌ترسی خستبوو...» دیاره‌ هه‌ر وه‌ک لەو‌ ڕاگه‌یاندراوه‌دا باسی کراوە و لەو دێکیومێنتە ڤیدیۆییەدا کە لە عەمەلیاتەکەیان بڵاویان کردووەتەوە، ڕوونە کە به‌ فرۆکه‌ی بێ فرۆکه‌وان بەسەر ئاسمانی قەڵای دێموکراتدا دەخولێنەوە و سێرە لە ئامانجەکەیان دەگرن کە شوێنی کۆبوونەوەی ئەو ڕۆژەی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی به‌ ئانقه‌ست وا نیشان ده‌دا کە حیزبی دێموکرات کرده‌وه‌یەکی سەربازیی ئەوتۆی کردووە و حکوومه‌تی ناچار به‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی له‌م چه‌شنه‌ کردووە. ڕێژیمێک لێرەدا باس لە ئەمنییەت دەکا کە خۆی لە ماوەی چوار دەیە تەمەنیدا لە نێوخۆی وڵات به‌ پێشێلکردنی سیستماتیکی مافی مرۆڤ، به‌ زه‌وتکردنی مافی پێکهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و دینی و مه‌زهه‌بییه‌کان، به‌ دیکتاتۆری و سه‌رکوتکردنی هه‌موو جۆره‌ ئازادییه‌کی سیاسی و مەدەنیی کۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ڵکی ئێران و؛ لە دەرەوەی وڵاتیش به‌ ده‌ستێوه‌ردانی له‌ کاروباری وڵاتاندا، و به‌ پێشێلکردنی سه‌روه‌ریی قانوونیی وڵاتان خۆی گه‌وره‌ترین قه‌یران و نائه‌منی له‌ ناوچه‌دا خۆڵقاندوه‌. هەڕەشەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئەمنییەت و سەقامگیریی ناوچە بەڕادەیەکە که‌ ئه‌گه‌ر پێشی پێ نه‌گیرێ، هیچ دوور نییه‌ بەو هۆیەوە ئاگری شەڕ و لێکدانی بەردەوام لەو ناوچەیەدا هەر دەم ڕوو لە پەرەئەستندا بن. جێگە و پێگەی کۆماری ئیسلامی لە پێوەندی لەگەڵ پرسی ئەمنییەت لە نێوخۆی ئێران و ناوچەش له‌ حالێک دایه‌ که‌ حیزبی دێموکراتی کوردستان به‌ سیاسه‌تی دروست و به ‌له‌به‌رچاو گرتنی هه‌لومه‌رجی ناوچه‌ و ئەو بارودۆخەی لە عێراق و هه‌رێمی کوردستان هەیە؛ نەک به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک سه‌روه‌ریی یاسایی ئه‌و وڵاته‌ و هه‌رێمیان پێشێل نه‌کردووه‌، به‌ڵکوو بۆ پاراستنی سەقامگیری و به‌رژه‌وه‌ندییەکانی هه‌رێمی کوردستان بەشێک لە بەرنامە و کار و چالاکییەکانیشی تا ڕادەیەکی زۆر سنووردار کردوون. ته‌نیا له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ ده‌کرێ ئه‌و قسه‌یەی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بە ڕاست دابندرێ که‌ کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی دێموکرات، وەک ناوه‌ندێک بێ بۆ هەڵگرتنی هەراس و ئەمنییەت لە بیر و هۆش و خه‌یاڵی به‌رپرسانی ئەم حکوومه‌تە سەرکوتگەرە. لەبەر ئەوەی ئەو پەیامەی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە بڵاو دەبێتەوە و ئەو پرس و سیاسەتەی ئەم حیزبە لەسەری دەڕوا؛ هەیمەنە و بناغەکانی دەسەڵاتی ئەم ڕێژیمەیان خستووەتە مەترسییەوە. ئامانج و بەرنامە و سیاسەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان جێگیرکردنی بەها و بایەخەکانی دێموکراسییە لە وڵاتێکدا کە نیزامێکی نادێموکراتیک حوکمی دەکا؛ هەوڵدان بۆ دابینکردنی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان و سەرجەم پێکهاتەکانی وڵاتە کە لەلایەن دەسەڵاتەوە زەوت کراوە؛ خەبات و تێکۆشان بۆ یەکخستنی وزەی خەباتگێڕیی هێز و لایەنە سیاسییەکان و جەماوەری کوردستان و؛ لە نیهایەتدا لێکگرێدان و هاوخەباتیی بزووتنەوەی سیاسیی کورد لەگەڵ بزاوتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی سەرانسەری وڵاتە. کار و سیاسەتی حیزبی ئێمە ئاراستەبەخشین، وەجووڵەخستن، داکۆکی و پشتیوانی لە هەڵسوورانی چالاکانی مەدەنی و خەباتی جەماوەریی خەڵکی کوردستانە و هەر ئەوەشە کە خەو و ئاسوودەیی لە کاربەدەستانی ڕێژیم هەڵگرتووە. کۆماری ئیسلامی 40 ساڵە لە دژی حیزبی دێموکراتی کوردستان پیلان دەگێڕێ و هەنگاو دەنێ. لەو بەربەرەکانییەدا چەک و پیلان نەبووە و نەماوە لە دژی حیزبی دێموکرات تاقیی نەکاتەوە بۆ ئەوەی بیوەستێنێ. ئەمجارەیان هەموو سەرنج و ئامانجە وردەکەی، وەک لە دێکیومێنتەکەی خۆشیاندا دانی پێدادەنێن ئەوەیە، مووشەکی خاڵکوت لە کۆبوونەوەی ڕێبەریی ئەم حیزبە بگرێ و بە لێدان لەو ناوەندە، زەبرێکی گورچکبڕ و قەرەبوونەکراوە لە بزووتنەوەی سیاسیی خەڵكی کوردستان بدا. پیلانێکی دی کە ئەمجارەش سەری نەگرت و  وەک دەبینین حیزبی دێموکراتی کوردستان هەر بەپێوەیە و لە تێکۆشان بەردەوامە.   بەڕێزان! دوای ئەم مووشەکبارانە کە بەزاندنی هەموو سنوورێکی قانوونی و مرۆیی و ئەخلاقی و پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێڕاق و هەرێمی کوردستان و هەموو پڕەنسیپە نێودەوڵەتییەکان بوو، لە نێوخۆی وڵات، لە دەرەوەی وڵات و لە نێوکۆڕ و کۆمەڵە سیاسییەکاندا ئەم کردەوەیە و، ئەم دەستدرێژییە مەحکووم کرا. ئەوەندەی دەگەڕێتەوە سەر عێڕاق کە سەروەریی خاکەکەی پێشێل کرابوو، هەڵوێستە فەرمییەکە ئەوە نەبوو کە چاوەڕوان دەکرا. ئەوان وەک بڵێی تەنیا گلەییان ئەوە بووبێ کە ئێران ئەوانی لەو هێرشە ئاگادار نەکردووەتەوە و؛ ئەمە هەڵوێستێکی تابڵێی نەشیاو لەگەڵ سەروەری و بەرژەوەندییەکانی ئەم وڵاتە و تەنانەت زۆر جێی لێوردبوونەوە و تێڕامان بوو. بێدەنگیی عێڕاق لە پەلامارە مووشەکییەی کۆماری ئیسلامی لە شەوی 1ی ئۆکتۆبری 2018دا کە لە کرماشانەوە و بە ئاسمانی وڵاتی عێڕاقدا بۆ سەر خاکی سووریەی کرد، دەری خست کە دەبێ حکوومه‌تی ئێران ئیزنی که‌ڵکوه‌رگرتن له‌ ئاسمانی ئه‌و وڵاتەی‌ وه‌رگرتبێ؛ که‌ ئه‌گه‌ر وابێ هه‌موو لایه‌ک پێویستە بیزانن کۆماری ئیسلامیی ئێران ئه‌م جاره‌ بێ سڵه‌مینه‌وه‌ له‌ به‌ربه‌ستی یاسایی و به‌کرده‌وه‌ی وڵاتی عێراق و هاوپه‌یمانان به‌ جەسارەتی زیاتره‌وه‌ پەرە بە قەیرانخوڵقێنی له‌ عێراق و ناوچه‌دا دەدا. لە هەڵوێستەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشدا ئەگەرچی ئەم کردوەیەی کۆماری ئیسلامیی ئێران مەحکووم کرابوو، بەڵام لە جەوهەری بەیاننامەکەدا ئەوە بەدی دەکرا کە نابێ هیچ هێزێک له‌ هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ ئه‌منییه‌تی وڵاتی ئێران بخاتە مەترسییەوە. ‌ له‌ حاڵێکدا کە ئەوە حکوومه‌تی ئێران بوو کە له‌ دووریی زیاتر له‌ 70 کیلۆمیتره‌وه‌ مووشه‌کی بالستیکی لە کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی دێموکرات، له‌ عێراق و له‌ نیزیک شاری کۆیه‌ له‌ خاکی هه‌رێمی کوردستاندا گرت‌ و، گیانی 16 پێشمەرگەی ستاند که‌ 6 که‌سیان ئه‌ندامی ڕێبه‌ریی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوون و زیاتر له‌ 40 کەسیش بریندار کرد. هەروەها زۆر لە وڵاتانی ئورووپا و بە تایبه‌تی ولاتە یەکگرتووەکانی ئه‌مریکا ئەم هێرشەیان مەحکووم کرد و ئەمریکا ته‌نانه‌ت ئه‌و باسەی بردە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کانیش؛ به‌ڵام سەرەڕای هەموو ئەوانە بە باوەڕی ئێمە، ئه‌و جۆره‌ ئیدانه‌کردنانه لەو فۆڕمەدا‌ گوشار و تێچوویەکی ئەوتۆ ناخاتە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران تا له‌ بەردەوامیی کرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌کانی سڵ بکا. بۆیە نیگەرانیی ئێمە لە دووپاتبوونەوەی ڕووداوی لەمجۆرە زۆر جیدییە. بۆیه‌ حیزبی دێموکراتی کوردستان داوا له‌ کۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی، له‌ هاوپه‌یمانان به‌ تایبه‌تی ئه‌مریکا دەکا و، به‌تایبه‌تیتر له‌ ده‌وڵه‌تی عێراق و هه‌رێمی کوردستان ده‌خوازێ سنوورێکی ڕوون و جیدی بۆ پێشلکارییه‌کانی حکومه‌تی ئێران دابنێن و ڕێ لە قەیرانخوڵقێنیی زیاتری ئەم ڕێژیمە لە ناوچەکەدا بگرن.   به‌رێزان! ڕووداوە سامناک و خوێناوییەکەی 17ی خەرمانان ئه‌گه‌ر له‌ لایه‌ک خه‌سارێکی گه‌وره‌ی له‌ حیزبی دێموکراتی کوردستان دا، به‌ڵام بۆ بزووتنه‌وی سیاسیی خه‌ڵکی کوردستانیش بوو به‌ ده‌رفه‌ت بۆ دەرخستنی ڕەهەندەکانی دیکەی ئەم خەباتە. خه‌ڵکی کوردستان سێ ڕۆژ دوای ئه‌و ڕووداوە به‌ مانگرتنی گشتی لە کوردستان هەم هاوسۆزیی خۆیان له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدان و حیزبی دێموکراتی کوردستان دەربڕی و هەم جارێکی دیکەش حیزبە سیاسییەکانی خۆیان بەخاوەن کرد و لەسەریان وەجواب هاتن. ڕووداوەکەی 17ی خەرمانان و مانگرتنەکەی 21ی خەرمانان، بووە هۆی دروستبوونی وێنایەکی دی لە هاوپێوەندیی و ئاوێتەبوونی بزووتنەوەی سیاسی و بزاوتی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەوان بەو مانگرتنە و بەو هەڵوێستە پەیامێکی زۆر ڕوون و ئاشکرا و، هەروەها زۆر جیددییان بە کۆماری ئیسلامیی ئێران دا کە چوار دەیە سیاسەتی کەلێن خستن و دابراندنی خەڵکی کوردستان و حیزبە سیاسییە تێکۆشەرەکانیان ئاسنی ساردکوتان بووە.   دۆستانی بەڕێز! حیزبی دێموکراتی کوردستان کە بەهۆی گەورەیی و شوێندانەریی لەسەر گۆرەپانی سیاسەت و جووڵەکان لە کوردستانی ئێران کرابووە ئامانج، دوای ڕووداوەکەش وێنایەکی دیکەی لە گەورەیی و قورسایی خۆی پیشان دا. کار و چالاکیی ئۆرگانیزمی حیزبی لە هەموو بەشەکانی ئیداری و دیپلۆماسی و ڕاگەیاندن و هێزی پێشمەرگە لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات، جارێکی دیکەش سەلماندی کە تێکۆشه‌ڕانی دێموکرات خه‌باتکاری ڕۆژه‌ سه‌خته‌کانن‌. تێکشانی هەمەلایەنە لەو ڕۆژە سەختانەدا جارێکی دیکەش فەرموودەی گەورەپیاوانی دێموکراتیان بیر هێنایەوە؛ کە مامۆستا و ڕێبەرمان دوکتور قاسملوو لە پێش تێرۆرکرانیدا فەرموویەتی: «بەخۆشییەوە جێگە و پێگەی تەشکیلاتیی حیزب هیندە بەهێزە کە ئەگەر ڕۆژێک بەهۆی کارەسات و ڕووداوی نەخوازراو چەند کەسیش لە ڕێبەریی حیزبی دێموکرات گیانیان لەدەست بدەن، حیزبەکەمان بەرگە دەگرێ و دەتوانێ درێژه بە کارەکانی بدا.» یان جەنابی مامۆستا عەبدوڵلا حەسەن‌زادە زۆرجار فەرموویەتی «حیزبی دێموکرات لە تەنگانەدا جوانە و لە ڕووداوە ناخۆشەکاندا حیماسەتی لێ ببینە». لەم ڕووداوەدا فەرموودەی هەر دوو لە سەروەران بەڕوونی هاتە دی و حیزبی دێموکراتی کوردستان له‌و ماوه‌ کورته‌دا بۆ دۆست و دۆژمنی سه‌لماند که‌ قاڵبووی کورانی خه‌باته‌ و بەم کاره‌سات و رووداوانه‌ بە چۆکدا نایە.   ڕووحی شه‌هیدانی 17ی خه‌رمانانی قه‌ڵای دێموکرات شاد بێ. سه‌رکه‌وێ بزوتنه‌وه‌ی مافخوازانه‌ی خه‌ڵكی کوردستان و سه‌رکه‌وتنی زیاتر و بەردەوامی بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان و شادی و خۆشیش بۆ ئێوه‌ی ئازیز. ***