کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شێلم جاڕان، چیرۆکێک لە فیداکاریی پێشمەرگە

16:24 - 1 خەزەڵوەر 2718

نه‌ته‌وه‌ی کورد به‌ درێژایی مێژوو له ‌ژێر زۆڵم ‌و سته‌مدا بووه‌ و بۆ ڕزگاری له‌و ژیانه‌ تاڵه‌ی به‌سه‌ریدا سه‌پاوه،‌ به‌رده‌وام له‌ به‌ربه‌رەکانی له‌گه‌ڵ چه‌وسێنه‌ران و داگیرکەراندا بووە و بۆ مسۆگەرکردنی ژیانێکی ئینسانی و ئارەزوومەندانە، هیچ کات دەستی لە خەبات و تێکۆشان هەڵ نەگرتووە. پاش هەر نسکۆیەکیش ڕاساوەتەوە و بە گژ داگیرکەرانی خاک و نیشتمانەکەیدا چۆتەوە. ئەمە چیرۆکی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستانە. کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان زیاتر لە حەوت دەیەیە حیزبی خۆیان هەیە‌ و ئه‌و حیزبه‌ زۆر ڕێگای تاقی کرده‌وه‌ تاکوو‌ بتوانێ له ‌ڕێگای ئاشتییانە و لە چوارچێوەی ماف ‌و پڕەنسیپه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانەوە چاره‌سه‌ری کێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی گەلەکەی بکا، به‌ڵام دوژمنانی کورد به‌به‌رده‌وامی هەو‌ڵه‌ ئاشتیخوازانەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان به‌ ئاور و ئاسن ‌و گولله ‌‌و، تێرۆری ڕێبەرانی ئەم حیزبە و تەنانەت بە مووشەک وڵام داوەتەوە‌. حیزبی دێمۆکرات سه‌ره‌ڕای ئەوەی کە نەتەنیا لەلایەن حکوومەتی ناوەندییەوە وەک حیزبێکی هەڵوەشاوە ڕاگەیەنراوە و بە هەموو شێوەیەک هەوڵی سڕینەوە و تێدابردنی دراوە و دەرفەتی ئەوەی پێ نەدراوە تاکوو لە کەشێکی ئاشتییانە و دوور لە به‌کارهێنانی چەک و توندوتیژیی، خەبات و چالاکیی سیاسیی خۆی بکا، بەوحاڵەش له‌ خه‌بات نه‌وه‌ستاوه ‌و به‌به‌رده‌وامی بۆ دابین‌کردن‌ و وه‌دیهێنانی ئامانجه نەتەوەییەکانی نه‌ته‌وه‌ی کورد زۆر شێلگیرانه‌ خه‌باتی درێژه ‌داوه‌. هەر له ‌ڕاستای بەرهەقبوونی ویست و ئامانجە ڕەواکانی حیزبی دێموکراتدا، ڕۆڵه‌کانی کورد بۆ به‌ربه‌ره‌کانی بە‌ دژی داگیرکه‌ران، لە قۆناغی جیاجیادا پۆل ‌پۆل پەیوەست بە  ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان‌ بوون و بە خەبات و بەرەنگاریی قارەمانانەیان، مێژوویه‌کی پڕ له ‌شانازییان بۆ نه‌ته‌وه‌که‌یان تۆمار کردووه‌ که،‌ ئێستاش وه‌ک چیرۆکی تەژی لە ئازایەتی و فیداکاری له‌نێو بیر و زەینی خه‌ڵکی خه‌باتگێڕی کوردستاندا دەوترێتەوە. ئەگەر چاوێک بە هەگبەی شاخ ‌و شۆڕش ‌و به‌ربه‌ره‌کانی ڕۆڵه‌کانی دیموکرات‌ له‌ به‌رامبه‌ر هێزی په‌لامارده‌ری کۆماری ئیسلامیدا بخشێنین، بۆمان دەردەکەوێ کە کەم ڕۆژ لە ساڵدا هەبوون کە هەڵگری‌ مێژوویه‌کی پڕ له‌ سه‌روه‌ریی بۆ خەباتکاران و داکۆکیکارانی ماف و ئازادییەکانی گەلی کورد نەبێ. ڕۆژی ٨/٨/ ١٣٦٣ یه‌کێک له‌و ڕۆژه‌ مێژووییانه‌یه‌ که‌ حیزبی دێموکراتی کوردستان شانازی به‌ حەماسەخوڵقێنی و بەربەرەکانیی جوامێرانەی ڕۆڵه‌کانی کورد ده‌کا. له‌و سه‌روبه‌نده‌ هه‌لومه‌رجی سیاسی ‌و نیزامی و ئه‌منییه‌تیی ناوچه‌ی پیرانشار بۆ حیزبی دیموکراتی کوردستان گرینگییه‌کی تایبه‌تیی هه‌بوو، چونکە له‌و کاته‌دا کۆماری ئیسلامی پڕوپاگه‌نده‌ی ژه‌هراوی له‌نێو خه‌ڵکدا بڵاوکردبۆوە کە پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکرات هەر نەماون یان هاتوونەوە و خۆیان تەسلیم کردۆتەوە یا سەری خۆیان هەڵگرتووە و وڵاتیان جێ هێشتووە. پێشمەرگە گیان لەسەردەستەکانی دێموکرات، بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو ئیددیعا بێ بنەمایانەی کۆماری ئیسلامیی دەستیان بە گەشتێکی سیاسی‌ لەو ناوچەیە کرد. گوندی شێلم جاڕان لەو سەروبەندەدا ٣٠ ماڵ و هەموو دانیشتووانی نزیک بە ١٥٠ کەس دەبوون. لە شەوێکی پاییزی ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی، پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێکهاتوو لە دوو لک بۆ پشوودانێکی یەک ڕۆژە چوونە ئەو گوندە خنجیلانەیە کە لە ناوچەی لاجانی پیرانشار هەڵکەوتووە و لەگەڵ پێشوازیی گەرمی خەڵکی ئەو ئاواییە ڕووبەڕوو بوون. سەعاتی ٥ی بەرەبەیانیی  ٨ی خەزەڵوەر، هێزەکانی کۆماری ئیسلامی که ‌خه‌به‌ری بوونی پێشمه‌رگه‌یان له‌و ناوچه‌یه‌ بیستبوو بە دەیان ماشێنی پڕ له‌ جاش ‌و پاسدار و کەرەسەی نیزامییەوە پەلاماری گوندی شێلم جاڕانیان ‌دا. ڕێژیم تا ڕووناکایی بەیانی بە سەدان کەسی بەڕێی دەورووبەری ئاوایی ‌و بەرزایییەکانی ئەو گوندە کرد و لێیان دامەزران. قارەمانەتیی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بەرەنگاریی لەشکریانی پەلاماردەر بۆ خۆی چیرۆکێکە لە فیداکاری ‌و کۆڵنەدەریی پێشمەرگەکانی هێزی ئاوارەی ئەو کات‌ و، لاپەڕێکە لە لاپەڕەکانی پڕ لە شانازیی حەماسە خۆڵقێنەرەکانی نەتەوەکەمان کە دەبێ نەوە بە نەوە بۆ نەسلەکانی داهاتوو بگوازرێتەوە و تەنانەت بۆ ئەوەی لە یاد نەچێتەوە و ببێتە بەشێک لە مێژووی بەرەنگاریی ڕۆڵە ئازا و چاونەترسەکانی گەلەکەمان، لە هەلی گونجاودا فیلمی لێ‌ساز بکرێ و بخرێتە بەرچاوی هەموو دنیا. ئەو ڕۆڵە تێکۆشەرانەی ئەو حەماسەیەیان خوڵقاند، دوای ئەو قارەمانەتییە بێ وێنەیە بوونە مامۆستایەکی شارەزا و کارامە لە کاری نیزامیدا و لە ڕۆژان و ساڵانی داهاتوودا، بە سەدان قارەمانی کۆڵنەدەر و فیداکار لە مەکتەبی ئازایەتی و خەباتگێڕیی ئەم تێکۆشەرە بە بیروباوەڕانە‌دا پێگه‌یشتن. سەرەنجام ئەزموونی خەبات‌ و تێکۆشانی ئەوانە لەو ڕۆژە‌ ئەستەم و سەختانەدا، دەریخست کە نەتەوەی کورد تا خاوەنی کەسانی ئەوتۆ بێ، تا سەرکەوتن لە خەبات کۆڵ نادا. هێزەکانی کۆماری ئیسلامی پاش دامەزرانیان لە هەموو شوێنەکانی دەورووبەری ئاوایی، بە چەند ماشێنی پڕ لە چەکدار ڕوو لە ئاوایی دەکەن، کە بە توندیی بەرپەرچییان دەدرێتەوە و تێکدەشکێنرێن. لە یەکەمین گوللەوە کە لە لوولەی چەکی پێشمەرگە دێتەدەر بۆ ماوەی ١١ سەعات شەڕ لە ئاوایی شێلم جاڕان بەردەوام دەبێ. چەندین جاری دیکە هێرش بۆ نێو ئاوایی دەست پێدەکاتەوە کە، پێشمەرگە ئازاکانی هێزی ئاوارە لە سەنگەری ئازادیدا بەرەنگاری دوژمن دەبنەوە و حەماسە‌یەک لە فیداکاری و قارەمانەتی دەخوڵقێنن. لەم بەربەرەکانییە ئازایانەدا دەیان ماشێنی دوژمن سووتێنران، بە سەدان کەس لە هێزی دوژمن کوژران و هێزەکانی ڕێژیم بە تانک‌ و تۆپ ‌‌و  هێلی‌کۆپتێڕ تەنانەت لە پادگانی پیرانشارەوە مەیدانی شەڕیان دەکوتا. سەرکەوتنە یەک بەدوای یەکەکانی ‌هێزی پێشمەرگە لە بەرە و شوێنە جیاجیاکانی شەڕەکەدا، شادی ‌و خوشحاڵیی زۆری خستبووە نێو پێشمەرگە و خەڵکی ئاواییەوە. خەباتکارانی دێموکرات سەرەنجام پاش ١١ سەعات بەرخۆدان‌ و فیداکاری، هێزی زۆر و زەوەندی دوژمنیان تێکشکاند و سەربەرزانە مەیدانی شەڕەکەیان جێ هێشت. لەو عەمەلیاتەدا سەرکەوتن نەسیبی پێشمەرگە بوو و، شکست ‌و سەرشۆڕی بە بەژنی دوژمنانی ئازادیی بڕا و بەسەدان جەندەکی داگیرکەران لە مەیدانی شەڕدا بەجێ مابوو. ئەو سەرکەوتنە مەزنە، خوێنبایی ٣ قارەمان بە ناوەکانی برایم جەناخی، ڕەحمان خزرزاده‌ ناسراو به‌ ڕه‌حمان دۆشکە و حه‌سه‌ن ناقولی بوو. هه‌روه‌ها ژنێک به ‌ناوی ئایشێ محه‌ممه‌دزاده ‌و منداڵێک بە ناوی عوسمان ڕه‌سووڵی شه‌هید بوون. یادی شەهیدان بەرز و پیرۆز. بیرەوەریی نەمران و پێشمەرگە ئازاکانیش هەرمان و هەمیشە زیندوو.