کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جووڵانەوەی نەتەوەیی و ئەرکە هەنووکەییەکانمان

16:26 - 1 خەزەڵوەر 2718

قۆناغی ئێستای خەباتی گەلی کورد زۆر هەستیارە و کورد هەم وەک نەتەوەیەکی جیاواز لەنەتەوەکانی دیکەی ئێران کە دەیان ساڵە بۆ دەستەبەر کردنی ماف و ئازادییەکانی تێ دەکۆشێ و هەم وەک هەموو خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئەو وڵاتە دەبێ بەشدار بێ لە خەبات بە دژی ڕێژیمی گەندەڵی کۆماری ئیسلامی و گۆڕینی دۆخەکە بە قازانجی خۆی و سەرجەم خەڵکی ئێران. ئەو خەباتە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ و دەکرێ بڵێین بووەتە خەباتێکی جەماوەریی بەربڵاو کە خەریکە هەرەس بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دێنێ. لە ئێستادا ڕۆژ نییە لە چەند شاری وڵات شاهیدی وەڕێکەوتنی شەپۆلی ناڕەزایەتی خەڵکی وەزاڵەهاتوو نەبین، کرێکاران لە کارگە و ناوەندە بەرهەمهێنەرەکان بۆ دابینکردنی مافە پیشەییەکانیان مان دەگرن، کامیۆنداران لەماوەی ساڵێکدا چوار جار مان دەگرن و مامۆستایانی قوتابخانەکانیش لە حەرەکەتێکی سەرانسەریدا بۆ ماوەی دوو ڕوژ لە زیاتر لە ٥٠ شاری ئێران و کوردستان ناچنە سەرپۆلەکان و داوای مافەکانی خۆیان دەکەن. خوێندکاران، چالاکانی مەدەنی و ژنان و بەگشتی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵ، جگە لە دەستە و تاقمەکانی سەر بە ڕێژیم کە بوونی خۆیان لە بوون و مانەوەی کۆماری ئیسلامیدا دەبینن، هەموو لەو بارودۆخە ناڕازین و کوردگوتەنی کێرد گەیوەتە سەر ئێسقانیان. ڕووداوەکان هێند بەخێرایی تێپەڕ دەبن کە پێشبینیکردنیان سەختە و ناکرێ لە ئێستاوە  بڵێین بە کام ئاقاردا تێ دەپەڕن و چارەنووسی  ئێران و کۆمەلانی خەڵکی ئەو وڵاتە بەرەو کوێ دەچێ! بەڵام ئەوەی گرینگە ئەوەیە کە لە لایەک تابۆی ترس و تۆقان لە کۆماری ئیسلامی شکاوە و چیدی سەرکوت، زیندان، ئەشکەنجە و کوشتن ناتوانێ کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لە ویست و داخوازییەکانیان پاشگەز بکاتەوە و لە لایەکی دیکەش بەلەبەرچاوگرتنی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئاستی نێوخۆیی و دەرەوەدا چاوەڕوان ناکرێ ڕێژیم دەروەستی ئەو هەمووە قەیرانانە بێتەوە و ئاوێک بەو ئاورەدا بکاتەوە کە خۆی هەڵی ئایساندووە. لەو بەینەدا ئێمە وەک نەتەوەی کورد و هەروەها وەک بەشێک لە کۆمەڵانی خەڵکی ئێران کە تایبەتمەندیی خۆمان لەهەموو بوارەکاندا هەیە، هەروەها حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان بە گشتی دەبێ خۆمان بۆ هەموو سیناریۆیەک و هەموو ئەگەرەکان ئامادە کردبێ. گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان فاکتەرێکی گرینگە لە خەبات بە دژی کۆماری ئیسلامی و بە درێژایی چوار دەیەی ڕابردوو هەتا ئێستا بە هەموو شێوەکان بە دژی ئەو ڕێژیمە خەباتی کردووە. کۆماری ئیسلامی دەزانێ گەلی کورد هەر لەسەرەتای هاتنەسەرکارییەوە نەک هەر ڕەوایی ئەو دەسەڵاتەی خستووەتە ژێر پرسیار، بەڵکوو بەرەنگاری بووەتەوە و لە مەیدانی بەربەرەکانی بە دژی سەرەڕۆیی و دیکتاتۆڕی دەسەڵاتداراندا هەمیشە پێشەنگ بووە. هەربۆیەش سەرکوتی گەلی کورد و جووڵانەوەی کوردستان بەلای کۆماری ئیسلامییەوە زۆر گرینگە و ئەو ڕێژیمە دەزانێ گەلی کورد بەم ئەزموونە دوور و درێژەی کە لەخەبات لەهەموو ڕەهەندەکاندا هەیەتی و بەو هزر و شعوورە بەرزە سیاسییە و بوونی ئەو حیزب و ڕێکخراوە سیاسییانە کە کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا هەیە، دەتوانێ ڕێنیشاندەر و هاندەر بێ بۆ گەلانی ئێران و ئاگری کوورەی خەبات بە دژی کۆماری ئیسلامی لەنێو کۆمەلانی خەڵکی ئێراندا بەتینتر بکاتەوە. خەباتی کۆمەڵانی خەلک کوردستان تەنیا بە چەند ساڵی ڕابردوو و بەتایبەت بە مانگی بەفرانباری ٩٦ و ڕاپەڕینی جەماوەری گەلانی ئێران بەرتەسک ناکرێتەوە. ئەو خەباتە لەسەرەتای هاتنەسەرکاری کۆماری دژی گەلی و جینایەتکاری ئیسلامی دەستی پێ کردووە و بەهەموو شێوەکان و لەهەموو ڕەهەند و بەستێنەکاندا، بە پێی هەلومەرج و ئامرازەکان بەردەوام بووە. لەخەباتی چەکدارییەوە بگرە هەتا خەباتی نهێنیی ڕێکخراوەیی و چالاکییە فەرهەنگیی و مەدەنییەکان و ژینگەپارێزی و مانگرتنەکان لە پێوەندی لەگەڵ کوشتاری بەردەوامی کۆڵبەران و کاسبکارانی سەرسنوور و لەو ماوەیەشدا مانگرتنی پڕشکۆی سەرانسەری خەڵکی کوردستان بە دژی مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات و لەسێدارەدانی لاوانی کورد لە بەندیخانەکان. ئەوانە هەمووی لاپەڕە پرشنگدارەکانی مێژووی خەباتی گەلی کوردن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و قەت لەبیر ناچنەوە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە کە کۆماری ئیسلامی بۆ مانەوەی خۆی لەسەر دەسەڵات دەست بۆ هەموو ئامرازەکانی سەرکوتی گەلانی ئێران دەبا و هیچ باکی نییە کە لەو پێناوەدا چ جینایاتێک بخوڵقێنێ، خەڵکی ئێران و بەتایبەت کوردستان دەبێ باش بزانن لە باروودۆخی ئێستادا باشترین ڕێکار بۆ پاشەکشە پێکردنی ڕێژیم و ئۆرگانە سەرکوتکەرەکانی، خەباتی مەدەنییە لەهەموو بوارەکاندا. ڕەچاوکردنی ئەو شێوە خەباتە لە کوردستان لەدوو بارەوە گرینگیی زۆری هەیە و دەتوانێ پەرە بستێنێ بۆ بەشەکانی دیکەی ئێرانیش، بەتایبەت کە پێوەندییەکان بە بوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زۆر سانا بوونەتەوە و ڕێژیم ناتوانێ بەکەیفی خۆی کۆنتڕۆڵیان بکا. لەبارێکەوە کۆماری ئیسلامی زۆر بەگومانەوە دەڕوانێتە کوردستان و هەروەک هەتا ئێستا نیشانی داوە زۆر لە کورد قین لەدڵە و بۆ سەرکوت و کوشتاری گەلەکەمان هیچ سنوورێک ناناسێ و ناپارێزێ؛ هەروەک چۆن قەڵای دێموکراتی مووشەکباران کرد و دەیان تێکۆشەری حیزبەکەمانی شەهید و بریندار کرد، یان چۆن لاوەکانی کوردستان لە بەندیخانەکان لەسێدارە دەدا، هەر ئاواش دەتوانێ جینایەتی زۆر گەورەتر بخوڵقێنێ. هەربۆیەشە خەڵکی کوردستان و بەتایبەت چالاکانی مەدەنی و سیاسی و بەگشتی هەموو ئەو کەس و لایەنانەی بەپەرۆشن بۆ گەلی کورد، دەبێ بە وریاییەوە بڕواننە ئەو پرسە و بیانووی خوێنڕشتن نەدرێ بە سەرکوتکەرانی کۆماری ئیسلامی. ئەوە بەومانایە نییە ئێمە وەک کورد خۆبدزینەوە لە خەبات و ترسمان هەبێ لە قوربانیدان! گەلی کورد چ لەسەردەمی پاشایەتی و چ لە ماوەی دەسەڵاتدارێتیی کۆماری ئیسلامیدا نیشانی داوە لەمەیدانی خەباتدا چاونەترسە و بەڵگەش بۆ ئەم ڕاستییە، هەزاران خەباتگێڕی شەهیدی کوردە کە لەنێویاندا ڕێبەرانی نەتەوەکەمان دەبیندرێن. لەبارێکی دیکەشەوە بەلەبەرچاوگرتنی ئەو کێشە و مەینەتییانەی ڕێژیم ڕۆژانە لە کوردستان دەیانخوڵقێنێ و ئەو ئاستەنگانەی لەبەردەم خەڵکیدا لەماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا پێکی هێناون؛ بابەتەکانی لەسێدارەدانی لاوەکان، کوشتاری کاسبکاران و کۆڵبەران، سووتاندنی سروشت و تۆپ و کاتیۆشابارانی کوێستانەکان، ڕێگری لە خوێندن بە زمانی کوردی و تەنانەت بەکردەنەکردنی ماددەی ١٥ی یاسای بنەڕەتی و زۆر بابەتی دیکە هەن کە دەتوانن ببن بە هەوێنی  جووڵەی سیاسی لە خەباتی مەدەنیدا. هەروەها کوردستان ئەو پۆتانسێلەی هەیە ببێ بە پێشەنگی ئەو شێوە خەباتە و بەدوور لە توندوتیژی لە ئێراندا و کۆماری ئیسلامی ناچار بە پاشەکشەی زیاتر بکا. ئەو شێوەخەباتە لەو قۆناخەدا هەم تێچووی گیانی کەمترە و هەمیش دەتوانێ زۆرترین بەشی کۆمەڵگەی کوردەواری لەخۆیدا کۆبکاتەوە. حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانیش لەو قۆناغەدا ئەرکی زۆریان دەکەوێتە سەر شان کە ڕەنگە گرینگترینیان لە دوو تەوەردا پۆلێن بکرێن. یەکەم؛ دوورکەوتنەوە لە بەرژەوەندیی تەسکی حیزبایەتی و ململانێی بێ ‌بنەما؛ یەکتر قەبووڵکردن و تێکۆشان بۆ پێکهێنانی بەرەی کوردستانی و ڕێکخستنی چالاکییەکان لەهەموو بوارەکاندا و خۆسازدان بۆ هەر ئەگەر و ئیحتمالێک کە دەتوانێ لەداهاتوودا چارەنووسساز بێ بۆ نەتەوەی کورد. لەوەها دوخێک دایە کە ئەگەری ڕوودانی هەرچەشنە کێشە و مەترسییەک کەم دەبێتەوە و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان هیوا و هومێدیان بە حیزبەکان و بەداهاتوویان زیاتر دەبێ. دووهەم؛ بەهێزکردنی ڕێکخستنەنێوخۆییە حیزبییەکان و پێوەندی گرتن بە چالاکانی بوارە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگە و هەروەها هاوهەڵوێستی حیزبەکوردییەکان لە بەرانبەر حیزب و ڕێکخراوە سیاسییە سەرانسەرییەکان و دوورکەوتنەوە لە پەرتەوازەیی و پێداگری لەسەر مافەکانی گەلی کورد و بەبەڵگە کردن و چەسپاندنیان لە ڕێککەوتنەکان لەگەڵ لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سەرانسەری. مەرجی سەرەکی بۆ بەشداریی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان لەهەر بەرەیەکی سەرانسەریدا دەبێ، گەڕەنتی دابینکردنی مافەکانی کورد لە داهاتووی ئێراندا بێ. جگە لەمانەش زۆر کێشە و مەترسی دیکە لەداهاتوودا بەرۆکی گەلی کورد و حیزبەکان دەگرێتەوە کە سەرەکیترینیان دەتوانێ دەستە و تاقمە پان تورکیستەکان لەو بەشانە لە کوردستان بێ کە دوو نەتەوەی کورد و تورک تێیدا دەژین. بەدڵنیاییەوە چۆن لەسەرەتای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی ئەو ڕێژیمە تۆوی دووبەرەکیی لە نێوان پێکهاتە نەتەوەییەکان _بۆ نموونە کورد و ئازەرییەکاندا_ چاندووە، ئەو مەترسییە لەجێی خۆی دایە کە ناکۆکییەکان لەسەر خاک وجوغرافیا، بەستێنی ناکۆکیی ئەم نەتەوانە لەگەڵ یەکتر خۆش بکەن.  هەربۆیەش ئەرکی هەموو حیزب و رێکخراوە کوردستانییەکان و هەروەها چالاکانی مەدەنی و کەسە دیار و ناسراوەکانە کە لەو بارەوە تێ بکۆشن و ڕێ لە سەرکەوتنی پیلانی نەیارانی کورد بگرن.