کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پوختەیەک لە قسەکانی د. مەحموود عوسمان لە کۆڕیادی شەهیدانی١٧ی خەرمانانی قەڵای دێموکرات

16:37 - 1 خەزەڵوەر 2718

د. مەحموود عوسمان: کۆماری ئیسلامی ئێران قەت بڕوای بە مافی کورد نەبووە (پوختەیەک لە قسەکانی د. مەحموود عوسمان لە کۆڕیادی شەهیدانی 17ی خەرمانانی قەڵای دێموکرات)   خوشک و برایانی بەڕێز! برایانی سەرکردە و کادرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان! لەم یادە ناخۆش و دڵتەزێنەدا و جارێکی دیکە پرسە و سەرەخۆشیی خۆم بۆ خانەوادەی سەربەرزی شەهیدەکان و بۆ هەموو نەتەوەی کورد ڕادەگەیەنم و دەڵێم کە بەڕێکردنی شەهیدانمان دەبێ هانمان بدا کار بکەین بۆ ئەوەی ڕێبازی ئەو شەهیدانە ون نەبێت. ئەمن لەگەڵ ئەوەی پشتیوانیی هەموو وتەکانی کاک مستەفا دەکەم، دەمەوێ بڵێم ئێران نە لە زەمانی شادا و نە لە زەمانی کۆماری ئیسلامیدا هەرگیز بڕوای بە مافی کورد نەبووە و هەرگیز لە دەستووری(قانوونی بنەڕەتی) ئێران و قانوونەکانیدا ناوی کوردمان نەدیوە و هەمیشە هێزیان بەکار هێناوە بەرامبەر بە کورد کە ویستوویەتی خەبات بکا بۆ مافەکانی خۆی. وە بە کوردیان گوتووە تێرۆریست کەچی خۆیان تێرۆری دەوڵەتییان بەرامبەر بە کورد بەکار هێناوە و لەسەر سنوورەکانیش هەموو جینایەتێکیان کردووە. هەمووشتان لەبەرچاوتانە کە نەیارانی کورد لە ئێران چۆن  بە دەهۆ پەلاماری کۆماری کوردستانیان داو قازی محەممەد و هاوڕێکانیان شەهید کرد. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیش دوکتور قاسملوو کە چووبوو لەسەر ئاشتی وتووێژیان لەگەڵ بکا، لە نێو ژووری گفتوگۆ تێرۆریان کرد و ئێستاش فایلەکەی لە ئۆرووپا داخراوە و لێی ناکۆڵنەوە. دوایە بینیمان کە دوکتور سەعیدمان لێ شەهید کرا و خەڵکی زۆری  دیکەش پاش ئەوانە شەهید کران. کۆماری ئیسلامی پاش ئەوەی کە دیتی شەهیدکردنی کورد ئاسانە و کەس لەسەری نایەتە جواب، لەوە تێ پەڕی کە یەکەیەکە شەهیدیان بکا و ئەمجارە ویستی مووشەکەکانی لەسەر ئێمە تاقی بکاتەوە. ئەو مووشەکانە بۆ یەکەم ‌جار لەسەر کورد تاقی کراونەتەوە، چونکە ئەزانێ کەم کەس لەسەر کورد دێتە جواب و ئەگەر کاردانەوەش هەبێ کورت و کەم ماوەیە. کاک مستەفاش باسی کرد کە کاردانەوەکان لەو ئاستەدا نەبوون کە پێویست بوو و ئەگەر ئەو مووشەکبارانە بۆ شوێنێکی دیکەی عێراق بکرایە کە کوردی لێ ‌نییە، دڵنیام کێشەی گەورەی لێ درووست دەبوو لەلای عێڕاق و  لەلای عەڕەبەکان و دەوڵەتانی دیکەش؛ چونکی ئەم مووشەکبارانە پێشێلکردنی یاسای نێونەتەوەییە، پێشێلکردنی سنوورە و پێشێلکردنی سەروەریی عێڕاق و هەرێمی کوردستانە و تەبعەن دژی مافی مرۆڤ و دژی هەموو بنەماکانی ئینسانی و دینی و هەموو شتێکە. لێرەدا دەبێ ئەوە بڵێین کە ئەوان چ تورکیە و چ ئێران و بەیەکەوە هەماهەنگی دەکەن بۆ لێدانی کورد و دەڵێن کورد تێرۆریستە، بەڵام ئایا پێشمەرگەی کورد کە هەموو ئەفسانەی داعشی شکاند کە گەورەترین هێزی تێرۆریستییە، ئایا ئێمە تێرۆریستین یان ئەوانەی کە ئێمە دەکوژن تێرۆریستن؟ ئەمە شتێکی ئاشکرایە و هیچ پێویست ناکا لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێ. جگە لەوە ئەوان تۆمەتی ئەوەمان لێ دەدەن کە لە سنوورەکانە ئەمنیەتی وڵاتی ئەوان تێک دەدەین، بەڵام ئەمن ئەوەندەی بزانم هەمیشە کوردی ئێران و برایانی دێموکرات و حیزبەکانی دیکەی کوردستانی ئێران کە لێرەن هەمیشە زۆریان حیساب بۆ هەرێمی کوردستان و ئارامیی هەرێمی کوردستانیان کردووە و نەیانویستووە ئەو ئارامییە تێک بدەن. موومکینە ئێمە جارجار کێشەمان هەبووبێ لەگەڵ برایانی پ ک ک بەڵام هەرگیز لەگەڵ حیزبی دێموکرات کێشەمان نەبووە و ئەوان ڕیعایەتی حاڵی ئێرەیان کردووە و ئەوە ڕاست نییە کە لێرەوە ئەچن بۆ ئەودیو، بەڵکوو قسە ئەوەیە کە میلیۆنها کورد هەیە لە ئێران کە هیچ مافێکیان نییە و سەرکوتیان ئەکەن و ئەوانن کە بەرەنگاریان ئەبنەوە. لەو بارەیەوە خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە ئەوان هەمیشە باسی ئەوە دەکەن کە ئەوە کورد پێویستیی بەوە هەیە کە یەعنی کورد نابێ هیچ نەوعە جووڵانەوەیەکی هەبێ. زۆر باشە کورد هەمیشە داوای ئاشتیی کردووە و میللەتێکی ئاشتیخوازە. کەی کورد ڕۆژێک شەڕی بە خەڵک فڕۆشتووە کەی ئێمە تەعەدامان لە خاکی خەڵک کردووە؟ و فەرموو وەرن گفتوگۆ لە گەڵ کورد بکەن و لەگەڵ کورد ڕێک بکەون. دیارە ئەبێ ئەوەش بزانن هیچ کات ئێرادەی کورد و سیاسەتی کورد بەو زەبروزەنگە ناشکێ و ئەوان بە زۆر لە هیچ شوێنێک نەیانتوانیوە ئیرادەی کورد بشکێنن. ئێمە ئەنفال کراین، کیمیاباران کراین و لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە ڕۆژئاوا و لە باکوور زۆرکارەسات ڕوویان داوە، بەڵام میللەتەکەمان هەر ماوە و ناتوانن بەوجۆرە کارەسات و بەکارهێنانی ئەم جۆرە ئیرادەی ئەو میللەتە بشکێنن تەنها ڕێگا ئەوەیە کە مل بدەن بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئەو میللەتە بۆوەی بتوانن لەگەڵیان بگەنە ئاشتی. بەڵام بەداخەوە ئێمە کێشەیەکمان هەیە، کێشەکەمان ئەوەیە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خۆی بێدەنگە لە ئاست ئەو هەموو کارەساتەی کە بەسەر کورد دێ و زۆر کەم باسی ئەم کارەساتانە دەکەن و بەداخەوە بێمافی و بەشمەینەتیی کوردیان وەک نەتەوەیەک قەبووڵ نییە و گرینگیی ئەوتۆی پێ نادەن. لێرەدا ئێمە ئەبێ چ بکەین بەرامبەر بەمە؟ گرینگ ئەوەیە ئێمە ڕابردووی ناکۆکییەکانمان وەلا بنێین و نەک هەر لە یەک پارچەی کوردستان پێکەوە، بەڵکوو پێکەوە لە هەموو بەشەکانی کوردستان هاوکاریی یەکتر بکەین و بتوانین کۆنگرەیەکی نەتەوەیی یان کۆبوونەوەیەکی نەتەوەیی بکەین و نوێنەرایەتییەکانی هاوبەشمان هەبێ و وەک نەتەوەیەک خۆمان پیشان بدەین و بەدوای کارەکانمانەوە بین. نابێ کاری بەرتەسکی حیزبی ئەرکە نیشتمانییەکانمان لەبیر بباتەوە و ئەوە باشترین وەڵامە بۆ ئەوەی ڕووحی شەهیدەکانمان شاد بکەین. کوردی باشوور ئەگەر دەیەوێ لە بەغدا شتێکی دەست کەوێ، یان کوردی بەشەکانی دیکە، ئەوە هەر بە هاوکاریی یەکتر دێنە دی. چونکی ڕێک دەبینین کە دوژمنانمان بۆ دژایەتیی ئێمە و مافەکانمان بەباشترین شێوە هاوکاریی یەکتر دەکەن. هەموو بینیمان کە دوای ڕێفڕاندۆمەکەی باشووری کوردستان، ئێران و تورکیە لەگەڵ بەغدا پێکەوە چۆن لە دژی ئێمە کاریان کرد. بۆیە ئێمە لە ئێستادا دەبێ بەرژەوەندیی حیزبایەتی وەلانێین و کوردایەتی و نەتەوەپەرەستی و نیشتمانپەروەری بخەینە پێشەوەی هەموو شتێک. لەو ماوەیەدا دەبینم حیزبەکانی ڕۆژهەڵات ناوەندێکی هاوکارییان درووست کردووە. ئەمن پیرۆزباییان پێ دەڵێم و هیوادارم ئەو ناوەندی هاوکارییە وردەوردە بڕوا بەرەو یەکگرتن و لەوێشەوە لەگەڵ پارچەکانی دیکە بتوانن جارێکی دیکە کۆنگرەی نەتەوەیی زیندوو بکەینەوە و ناکۆکیی حیزبی وەلانێین. بێگومان ئەگەر یەک نەبین و پێکەوە نەبین و وێڕای یەک کار بۆ نەتەوەکەمان نەکەین سەرکەوتنمان زەحمەتە و کێشەمان زیاتر دەبن و دوژمنانمان لەوە کەلکی خراپ وەردەگرن و زیاترمان بەسەر دێنن. ئەمن جارێکی دی هیوادارم حیزبی دێموکرات سەرکەوتوو بێ و سڵاو دەنێرمەوە بۆ گیانی پاکی ئەم شەهیدانە. سەرکەوتن بۆ نەتەوەکەمان و یەکگرتن بۆ هەموو لایەک چونکە یەکگرتوویی بەردی بناغەی سەرکەوتنە.