کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە میلیتاریزەکردنی کوردستانەوە بۆ پاکسازیی کۆمەڵگەی مەدەنی

16:42 - 1 خەزەڵوەر 2718

لە تێگەیشتن و ئەدەبیاتی دەسەڵاتی ناوەندگەرای ئێراندا پرسی نەتەوەی کورد نەتەنیا لە چوارچێوەی ئەم وڵاتەدا بەڵکوو بە گشتی وەک پرسێکی «ئەمنیەتی» سەیر دەکرێ. بە مانایەکی دیکە ئەقڵییەتی نیزامی سیاسیی دەسەڵاتدار لە تاران لانیکەم لە ماوەی زیاتر لە سەدساڵی ڕابردوودا، هیچ کات «ئێعترافی سیاسی»ی بە پرسی کورد نەکردووە، بەو مانایە کە نەتەنیا «میللەتێک»، بەڵکوو تەنانەت قبووڵیان نییە کە کۆمەڵە خەڵکێک خاوەنی کۆمەڵە داخوازییەکی سیاسین و پێویستە گوێیان لێ ڕابگیرێ. پرسی کورد لە ڕوانگەی تارانەوە پێناسەیەکی ڕووتی ئەمنیەتی هەیە کە ئامانجەکانی بریتین لە: «لە مەترسی‌ خستنی ئەمنیەتی میللی!، لە مەترسی ‌خستنی یەکپارچەیی خاکی ئێران! و لە کۆتاییدا جێبەجێکردنی پیلانی دابەشکردنی ئێران! ئەوەشە کە تا ئێستا کارکردن و تێکۆشان بۆ هەرکام لەم ئامانجانە لە یاسای بنەڕەتی و مافی کەیفەریی نیزامی سیاسیی ئێستای ئێراندا نەک وەک «تاوانی سیاسی» داناندرێ، بەڵکوو لە چوارچێوەی کردەوەی ئەمنیەتیدا بەرخوردی پێ دەکرێ. ئەم ئەقڵییەت و تێگەیشتنەی تاران بە نیسبەت کوردستانەوە بە درێژایی مێژوو تا هاتووە تێکەڵ بە جۆرێک لە «دوژمنایەتی» بەرانبەر بە میللەتێک و خاکەکەی بووە، کە لە هەر کوێ کوردێک هەبووبێ و هەر کوێ خاکێک بە ناوی کوردستانەوە هەبێ، سیاسەتی «دژی‌گەلییانە»ی بەرانبەر ڕەچاو کراوە. بە واتایەکی دیکە درێژبوونەوەی ئەم ئەقڵییەتە ئەمنیەتییەی دەسەڵاتی سیاسیی ناوەندگەرای ئێران بەنیسبەت داخوازییە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستانەوە، لە کۆتاییدا هەڵوێست و سیاسەتی دژی‌گەلییانەی ڕێژیمەکانی تاران بەرانبەر بە «کورد و کوردستان»ی لێ کەوتۆتەوە. لە ئێستادا تەنیا بزووتنەوەی سیاسیی خەڵکی کوردستان بە ڕێبەرایەتیی حیزبەکانی نییە کە نیزامی سیاسیی لە تاران بە چاوی ئەمنیەتییەوە سەیری دەکا، بەڵکوو ئەوە کۆی ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی ئەم بزاڤە مافخوازانەیە کە لەژێر هێژموونیی ڕوانینی ئەمنیەتیدا، بەرخوردی دژی‌ گەلییانەی پێ دەکرێ و هەر لە یەکەم هەنگاوەکاندا هەوڵی سڕینەوەی دەدرێ. میلیتاریزەکردنی کوردستان لەلایەن دەسەڵاتی سیاسی لە تاران کە سیاسەتی هەمیشەیی ڕێژیم بووە و لە ئێستادا بەرچاوتر لە هەمیشە بەڕێوە دەچێ، چیدیکە لە چوارچێوەی حزووری هێزە سەرکوتکەر و ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم و هێنانی چەک و چۆڵ و جێگیرکردنیان لە شارە سنوورییەکاندا کورت ناکرێتەوە، بەڵکوو پانتاییەکی بەرفراوانتر بەخۆوە دەگرێ. ڕێژیم بە دەخاڵەت و دەستێوەردان لە هەموو بوارەکانی فەرهەنگی، ئەدەبی، ژینگەپارێزی، وەرزش و بە گشتی هەموو بوارەکانی جموجۆڵی مەدەنیش، ئێستا لە هەوڵ ‌دایە هێژموونیی ئەم ڕوانینە ئەمنیەتییەی خۆی زیاتر لە هەمیشە بەسەر کۆمەڵگەی کوردستاندا بسەپێنێ. دەستئاوەڵا هێشتنەوەی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتری دامودەزگا ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم لە کوردستان و دەستێوەردانە بەرچاوەکانی سپای پاسداران لە هەموو بوارەکانی فەعالییەت و تێکۆشانی مەدەنیی کۆمەڵگەی کوردستاندا، هەوڵێکی ئاشکرایە بۆ میلیتاریزەکردنی زیاتری کوردستان. پێشگیری لە بەڕێوەچوونی کۆڕی نووسەران و ئەدیبانی کورد لە ئیلام بە تۆمەت و بیانووی ئەوەی یەکێک لە حیزبەکان لە پشت ئەم کارەوەیە، پیلانگێڕیی سپای پاسداران بەهۆی کردنەوەی پێشانگایەک پڕ لە سووکایەتی و بێڕێزی بە بزووتنەوەی خەڵکی کوردستان و ڕێبەرانی لە پەراوێزی «کۆنگرەی ئەزموونی ڕۆمان و چیرۆکی کوردی» لە شاری شنۆ، هێرش بۆ سەر ژینگەپارێزانی وڵات و گومانی دەستتێداهەبوونی هێزەکانی ڕێژیم لە گیانلەدەستدانی کۆمەڵێک لە ژینگەپارێزانی شاری مەریوان و بەرگرتن بە تێکۆشان و چالاکیی تێکۆشەرانی مەدەنی بە بیانووی هاوکارییان لەگەڵ حیزبەکان، هەر هەموویان نموونە گەلێکی سەلمێندراون بۆ ئەوە کە سیاسەتی میلیتاریستیی ڕێژیم لە کوردستان تا دێ بەرفراوانتر دەبێ. ڕێژیم بەم ڕوانین و هەڵوێستانەوە لە چوارچێوەی تێگەیشتن و ئەقڵییەتی دژی‌گەلییانەی خۆی بەرانبەر بە کورد و کوردستان، سەرەتا دەیهەوێ کۆمەڵگەی کوردستان و بەتایبەت چالاکانی چاوترسێن بکا و هەزینەیەکی قورس بخاتە سەر جموجۆڵ و تێکۆشانیان. بۆیە بە ڕوانینێکی ئەمنیەتییەوە بەرخورد بە هەموو جووڵەیەکی کۆمەڵگە دەکا. بە زمانێکی سادەتر ڕێژیم دەیهەوێ بە قورسکردنی هەزینەی یاسایی لە سەر ئەو جموجۆڵە مەدەنییەی کە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا لە کوردستان دەستی‌ پێكردووە، بە جۆرێک کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و چالاکانی بوارە جۆراوجۆرەکان تووشی وەستان و پاشەکشە بکا. جموجۆڵی مەدەنی لە کوردستان کە بە ڕێکخستنی جووڵە و هەڵوێستی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە توانیویەتی جۆرێک لە جموجۆڵی جەماوەری و گشتگیر چێ بکا، نیزامی دژ بە کوردی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی زیاتر لە هەمیشە تووشی ترس و دڵەڕاوکێ کردووە. بۆیە هەوڵ دەدا بە بەرجەستە کردنەوەی ئەو ڕوانینە ئەمنیەتییەی کە بۆ سەر پرسی کورد و بزووتنەوەکانی ئەم میللەتە هەیەتی، کۆمەڵگەی کوردستان لەم مەیدانەدا تووشی ترس و پاشەکشە بکا. بۆ ئەم مەبەستە هەر وەک بە نموونە ئاماژەمان پێ کرد، بەشێک لە کارەکانیان دەستێوەردان و کۆسپ درووستکردن بۆ کۆڕ وکۆبوونەوە و چالاکیی تێکۆشەرانی مەدەنییە. ئێستا کە ئەم ئەرکە خراوەتە سەر دامودەزگا ئەمنیەتییەکانی وەک ئیتلاعات و سپای پاسداران، بە بیانووی جۆراوجۆری ئەمنیەتی لە سەر کۆڕ و ناوەند و ئەنجوومەنەکان لە کوردستان هەوڵی جێبەجێکردنی دەدرێ.  ئیدیعای بەستراوەبوونی ئەم کۆڕ و ئەنجوومەن و ناوەندە مەدەنییانەی کوردستان بە حیزبە بەرهەڵستکارەکانی کوردستان، ڕاست پیلانی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمە بە مەبەستی پێشگیری لە جموجۆڵ و چالاکییەکانیان. ئەوان بەم شێوەیە دەیانهەوێ هەزینەی ئەمنیەتیی لە سەر چالاکییەکانی ئەم ناوەند و ئەنجومەنانە بەرنە سەرێ و چالاکانی بوارە جۆراوجۆرەکان ناچار بە ترس و پاشەکشە بکەن. لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوودا هاوتەریب لەگەڵ چڕکردنەوەی جموجۆڵی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە کوردستان و هێنانی هێزێکی زۆری ڕێژیم لە شارەکانی دیکەی ئێرانەوە بۆ کوردستان و جێگیربوونیان لە سنوورەکان و هەروەها هاوتەریب لەگەڵ نمایشی چەکوچۆڵی جۆراوجۆر لە گۆڕەپانی شارەکانی کوردستان بە مەبەستی تایبەت و گەیاندنی پەیامی تایبەت بە خەڵکی کوردستان و هێزە سیاسییەکانی، ناوەندە ئەمنیەتییەکانی سپای پاسداران، ئیتلاعات و حەراسەت لە کوردستان پیلانەکانیان بۆ سەر کۆمەڵگەی مەدەنی لە رێگای دەستێوەردان و کۆسپ درووستکردن بۆ کۆڕ و ناوەند و ئەنجوومەنەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، چڕتر کردۆتەوە. هێنانی هێزێکی زۆر و زەوەندی پڕچەک بۆ کوردستان و جێگرکردنیان لە ناوچە سنوورییەکان و مانۆڕ و نیشاندانی چەکی جۆراوجۆر لە شارەکانی کوردستان و ئەو تەبلیغاتە چڕوپڕەی کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا لە ڕاگەیاندنەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بۆ دژایەتی دەکرێتە سەر کورد و بزووتنەوە مافخوازانەکەی لەلایەک و، ئەو پیلانگێڕییانەی هەر لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا دەرحەق بە کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕەچاو دەکرێ لەلایەکی دیکەوە، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە ڕوانینی ئەمنیەتیی نیزامی سیاسیی ناوەندگەرای ئێران لە تاران بۆ سەر کورد و کوردستان بەداخەوە لە پەرەئەستاندن دایە. لە بارودۆخی ئێستادا کە دەسەڵاتدارانی تاران ڕێژیمەکەیان لە بەرانبەر کۆمەڵێک قەیرانی قووڵی مەترسیداردا دەبینن، تەقوییەتی ئەم ڕوانینە ئەمنیەتییە بۆ سەر کوردستان، وەک پێویستییەکی ئەمنیەتی سەیر دەکەن. بۆیە هەوڵ دەدەن لەم دەرفەتە بە مەبەستی جێبەجێکردنی سیاسەتە دژی‌گەلییەکانی خۆیان هاوکات لەگەڵ هێرش بۆ سەر حیزبەکان(مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات و تۆپبارانی بنکەی پێشمەرگەکان لە ناوچە سنوورییەکان)، هەوڵی پاکسازییەکی کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردستانیش بدەن. بۆیە جێی خۆیەتی کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردستان بە پشت بەستن بە هێزی جەماوەری کوردستان- وەک تا ئێستا کردوویەتی- بە گرتنە پێشی هەڵوێستی ئەقڵانی، پێش بە پیلانە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم بۆ سەر خۆی بگرێ و لە خانەی بەراوردی هەزینەکاندا ڕەفتارەکانی خۆی بە قازانجی بەرژەوەندیی گشتیی کۆمەڵگە ڕێک بخا.