کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوکێشەی سوود و زیان لە ڕوانینی د. قاسملوودا

16:54 - 1 خەزەڵوەر 2718

(خوێندنەوەیەک بۆ «گەلێک ئازادی بوێ، دەبێ نرخی ئەو ئازادییەش بدا») «گەلێک ئازادی بوێ، دەبێ نرخی ئەو ئازادیەش بدا.» ئەم وتەیە زۆر جار خوێندنەوەی هەڵەی بۆ دەکرێ و تەنانەت دەکرێتە پاساودەری کردەی سیاسیی کەم ‌دەسکەوت و پڕزیان. ئەم وتەیە هەڵگری سێ ڕەهەندی بیری قاسملوون: نرخی ئازادی، هاوکێشەی سوود و زیان و، مرۆڤتەوەری لە سیاسەتدا. وە بۆ ئەوەی خوێندنەوەیەکی درووست بۆ ئەم وتەیە بکرێ، دەبێ بخرێتە نێو کانتێکستی بیر و ئەندێشەی قاسملوو و کۆی ئەم ڕەهەندانەی بیری قاسملوو بەیەکەوە لەبەرچاو بگیرێن. ئەگەر ئەم وتەیە لە بەستێنی بیری قاسملوو جیا بکرێتەوە و بە شێوەیەکی ئینتزاعی(ئابستراکت) و تاکڕەهەندی بخوێندرێتەوە و شی ‌بکرێتەوە، دەبێتە هۆی خراپ ‌خوێندنەوە و هەڵە‌تێگەیشتن؛ هەڵە‌تێگەیشتنێک کە دەکرێتە پاساودەری ناعەقڵانیی سیاسی و کردەوەگەلێک کە زیانەکانیان زیاترن لە دەسکەوتەکانیان. دوکتور قاسملوو خاوەنی ڕامان و پێرسپێکتیڤێکی بەرینی سیاسی بوو. ئەو سیاسییەکی زۆر ژیر بوو. بەشێوەیەکی عەقڵانی و «زەمینی» سیاسەتی دەکرد و ڕەچاوی هاوکێشەی سوود و زیانی لە کایەی سیاسەت و پڕۆسەی خەباتدا دەکرد. ڕاستە دوکتور قاسملوو پێی وابوو گەیشتن بە ئازادی خوێن و قوربانیدانی دەوێ، بەڵام بەتەواوی شەهادەت‌تەڵەبی و بەخۆڕایی بەکوشتدانی مرۆڤەکان (پێشمەرگە)ی ڕەت دەکردەوە و بەدرووستی سنووری نێوانیانی دەكێشایەوە. لە شەهادەت‌تەڵەبیدا هاوکێشەی سوود و زیان هیچ جێگایەکی لە لێکدانەوەدا نییە، هاوکێشەیەک کە دوکتور قاسملوو پێداگری لەسەر دەکرد و بە مەرجی تێکۆشانی دروستی دەزانی. بەڵگەش بۆ سەلماندنی ئەم ئیدیعایە، ئەم وتانەی دوکتور قاسملوون کە دەڵێ: «پەیامم بۆ کادر و پێشمەرگە و بۆ هەموو ئەندامانی حیزب ئەوەیە کە ئینزباتی خۆیان بەرنە سەر؛ ڕیکوپێکتر کار بکەن؛ چۆنیەتیی تێکۆشانی خۆیان بەرنە سەرێ. زەربەلێدان لە دوژمن باشە بەڵام خۆ بپارێزن لە هێرشی بێسوود و پڕزیان. پایەگاگرتن باشە بەڵام بەهەموو نرخێک نا. پایەگاگرتن و زەڕبە لە دوژمندان زۆر باشە بە شەرتێک نرخی گران نەبێ. نابێ لە بیرمان بچێ کە پێشمەرگە و ئەندامی حیزب و بەتایبەتی کادری حیزب سەرمایەی هەرە بەنرخی حیزب و میللەتن و نابێ بەخۆڕایی بە فیڕۆ بچن.» بۆ ئەوەی خوێندنەوە و شیکردنەوەیەکی درووست بۆ «گەلێک ئازادی بوێ، دەبێ نرخی ئەو ئازادییەش بدا»، بکەین، دەبێ ئەم وتانەی قاسملوو لەبەرچاو بگرین. لێرەدا دوکتور قاسملوو بە ڕوانینێکی بایەخداری مرۆیی دەڕوانێتە کادر و پێشمەرگە و ئەندامی حیزب و لە هەمبەریاندا خۆی بە بەرپرسیار دەزانێ. بە ڕاشکاوی دەڵێ نابێ بەخۆڕایی لەدەست بچن. ئەمەش واتا گرینگیدان بە گیانی پێشمەرگە و پاراستنی پێشمەرگە. بە دەربڕینێکی دیکە قاسملوو وەک کەرەسە و ئامراز لە پێشمەرگە ناڕوانێ بەڵکوو بە ڕوانینێکی ئۆمانیستی، وەک مرۆڤ لێیان دەڕوانێ کە دەبێ بپارێزرێن و بەخۆڕایی فیدا نەکرێن. ئەمەش واتا ئەخلاقمەداری لە سیاسەتدا؛ واتا مرۆڤتەوەری لە خەباتدا. وەرگێڕانی ئەمڕۆیی ئەم وتانەی دوکتور قاسملوو ئەوەن کە لەپێناو بەڕۆژەڤبوونی کاتی و کورت ‌ماوەدا و، لەپێناو پڕۆپاگاندایەکی زووتێپەڕی (فەزای مەجازی)دا نابێ کادر و پێشمەرگە فیدا بکرێن. سەرنج بدەن چۆن قاسملوو بەخشینی نرخ لەپێناوی ئازادیدا، هاوکێشەی سوود و زیان و، مرۆڤتەوەری و ئەخلاقمەداری لە سیاسەتدا بەیەکەوە کۆ دەکاتەوە و پێوەندییەکی درووست و لۆژیکی لەنێوانیاندا وێنا دەکا. هیچ کامیان لەبەر ئەوەی دیکە وەلانانێ و چاوپۆشی لێ‌ناکا. ڕوانگەیەکی یەکگرتوو لە کۆی هەر سێکیان دەخەمڵێنێ و پێشکەش دەکا. ئەوانەی کە لەو سێ تێڕمە تەنیا بەخشینی نرخ لەپێناوی ئازادیدا دەبینن و دوو تێڕم و تێفکرینەکەی دیکە فەرامۆش دەکەن، دیارە لە قاسملوو تێنەگەیشتوون؛ دیارە توانای دیتنی هەموو ڕەهەندەکانی بیری قاسملوویان نییە؛ دیارە خوێندنەوەیەکی کەمو‌‌کورت و ناتەواویان لە وتەکانی قاسملوو هەیە. دوکتور قاسملوو لەلایەک دەڵێ کردەی شۆڕشگێڕانە، کردەیەکی کوێرکوێرانە و بێ ‌پلان و بێدەسکەوت نییە، لەلایەکی دیکە وەک کەسێکی مرۆڤتەوەر، گیانی پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبی بەلاوە زۆر گرینگ و بایەخدارە، کە نابێ بەخۆڕایی بەفیڕۆ بچن. لێرەدا «عەقڵ لە سیاسەتدا» و «مرۆڤتەوەری و ئەخلاق لە شۆڕشدا» بەرجەستە دەبنەوە. لە نەبوونی ئەم مەفهوومانەدا سیاسەت و شۆڕش لە ماناکانی خۆیان بەتاڵ دەبنەوە؛ واتا لە سیاسەتدا کەفوکوڵ و هەستەکان زاڵ دەبن و لە شۆڕشیشدا ئامانجەکانی شۆڕش دێنە ژێر پرسیار و لە نێوەرۆکی مرۆیی خۆی بەتاڵ دەبێتەوە. کاتێک میللەتێک بڕیار دەدا بە ئازادی بژی، دەبێ خەبات بکا و لە ڕەوتی ئەم خەباتەشدا لەدەستدانی کادر و پێشمەرگە چارەهەڵنەگرە؛ چونکە خەبات بەبێ خوێن و قوربانیدان ناکرێ، بەڵام قسە لێرەدایە کە بارتەقای هەر پێشمەرگەیەک کە لەدەست دەچێ، دەبێ زەربە لە دوژمن بدرێ. ئەگەر لە نەبوونی پلانێکی تۆکمە و ستراتیژیکدا و، لە ئەنجامی گرتنەبەری ڕێکارێکدا، تێچووی زۆر بدەی و سەرمایەیەکی مرۆیی زۆر لەدەست بدەی، بەڵام بارتەقای ئەو تێچووە، دەسکەوت بەدەست نەهێنی و زەربە لە دوژمن نەدەی، ئەوە لەگەڵ عەقڵانییەتی سیاسی و ئەو تێکۆشانە دروستەی کە قاسملوو باسی دەکا، نایەتەوە. بەردەوامبوون لەسەر ڕێکارێک کە تێچووی زۆرە و دەسکەوتی کەمە، واتا گرینگینەدان بە گیانی ئەو کەسانەی پەیوەستی ڕیزەکانت دەبن؛ واتا وەک کەرەسە و ئامراز مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوانەی پەیوەستت دەبن؛ واتا دوورکەوتنەوە لەو مرۆڤتەوەرییەی کە ڕۆحی وتەکانی دوکتور قاسملوون. ئەوانەی «گەلێک ئازادی بوێ دەبێ نرخی ئەو ئازادیەش بدا»، وا لێک دەدەنەوە کە بەبێ ڕەچاوکردنی هاوکێشەی سوود و زیان، دەبێ تێچوو بدەی و سەرمایەی مرۆیی لەدەست بدەی، لە قاسملوو تێنەگەیشتوون؛ چونکە ئەو بە ڕاشکاوی دەڵێ زەربەلێدان لە دوژمن باشە بەڵام بە شەرتێک نرخەکەی گران نەبێ. ئەگەر زەربەیەکی ئەوتۆت لە دوژمن نەدا بەڵام نرخی گرانیشت دا و لەسەر ئەم ڕێچکەیەش هەر بەردەوام بووی، واتا قوتابیی باشی قاسملوو نیت و بە گوێرەی پێناسە و شیکردنەوەکانی بۆ خەبات، ناجووڵێیەوە. بەپێی وتەکانی دوکتور قاسملوو، لە هەر کار و کردەوەیەکدا دەبێ نرخەکەت لەبەرچاو بێ، نابێ کارێک بکەی کە نرخی زۆر بێ و دەسکەوتی کەم؛ ئەمەش واتا عەقڵانییەتی سیاسی. عەقڵانییەتێک کە لە نەبوونیدا سیاسەت واتای خۆی لە دەست دەدا. ڕێنوێنی قاسملوو بۆ ڕێبوارانی ڕێبازی، ئەوەیە کە ئاستی تێکۆشانی خۆیان بەرنە سەر، بۆ ئەوەی لە بەرامبەر نرخی کەم دەسکەوتی زۆر بەدەست بێنن. لەژێر تیشکی ئەو وتانە و بەگشتی بیری قاسملوودا، دەتوانین ئەوە بڵێین کە بوونی هێزی پێشمەرگە لە نێوخۆ و حزووری فیزیکی و مەیدانیی پێشمەرگە لە نێوخۆ ئەرکێکی پیرۆز و باشە بەڵام بە هەموو نرخێک نا؛ و نابێ ئەم حزوورە کەم دەسکەوت و پڕزیان بێ. ئەمەیە ئەو عەقڵانییەتەی لە وتە و بیری سیاسیی قاسملوودا بوونی هەیە.