کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاتەوە تەیرەکەی گەرمێنێ بە پەڕ و باڵی خوێناوی

16:56 - 1 خەزەڵوەر 2718

نیشتمان، ئەمساڵ لە پار دڵ بە خەمتر، لە ئاسۆی هەورینی پاییزی ڕەنگزەردەوە  دەڕوانێتە فڕینی باڵندە کۆچەرییەکان. پۆلێک مەلی پەڕ و باڵ خوێناوی بە ئاسمانی کوردستانەوە لە گەرمیانەوە بەرەو کوێستان بەرەو زێد و مەڵبەندی منداڵیی خۆیان، نزم دەفڕن. نزم دێن و نانیشنەوە. ئەوان گیانی ئەو دەستە هەڵۆ و شابازانەن چێشتەنگاوی خەرمانانێک، لەگەڵ ڕیزێک گرمەی ئاگرین و مەرگەساتێکی دۆزەخی، لە بانیژەی «قەڵای دێموکرات»ەوە ڕووەو ڕۆژهەڵاتی خەمین لە شەقەی باڵیان داوە. زامار و شەکەت و ماندوو لە گەرمێنەوە بەرەو کوێستان هاتوونەوە، لەو ساتەوە بە ئاسمانی نیشتماندا دەفڕن، لە سەر شار بە شار و گوند بە گوند و ماڵ بە ماڵی نیشتمان لەنگەر دەگرن. پێش کاروانیان دوو تەوارن، ئەنگاوتەی تیری زۆردارن. *** مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازیی نەتەوەی کورد، لەمێژ ساڵە، ئیدی هەر مێژووی پیاوانی خەباتکار نییە. میژووی ئەو ژنە خۆڕاگر و ئازادیخوازانەشە کە شانبەشانی پیاوان هەوراز و لێژی خەبات دەبڕن و لە سەنگەرە جیاوازەکانی تێکۆشاندا، لێهاتوویی و تواناکانیان دەنوێنن. با دوور نەڕۆین، سەرێک بە «قەڵای دێموکرات»دا بکەین. چاوێک بە ڕیزی ئامادەبووانی پلینۆمی ١٧ی خەرمانانی خوێناویدا بگێڕین. بڕوانینە سیمای سەرکردە و ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان. با لە ڕوخساری هەڵپڕووکاوی شەهیدانی کارەساتی مووشەکباران ڕامێنین، سەردانی برینداران و پێکراوانی نوێترین تاوانی دڕندانەی کۆماری ئیسلامی دژی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بکەین. لە سەر ئەکتەرانی هەستانەوەی دوای کارەسات هەڵوێستە بکەین تا بە چاوی خۆمان ژنان و کچانی خۆڕاگر بە ئیرادەی لەشکاننەهاتووە لە هەموو دیمەن و بڕگەکاندا ببینین. ئێستا ئیدی ناوی پیشمەرگە و فەرماندە و سەرکردە، بەرگێک نییە تەنیا بە بەژن و باڵای پیاوان بڕابێ.  ئەوەتا «نەسرین» و «سوهەیلا» بوون بە هێمای ژنانی پێشمەرگە، ژنانی مامۆستا، ژنانی ڕێکخەر و بەڕێوەبەر، ژنانی سەرکردە. ئەوان ئێستا هێمای خەباتێکی ڕەوای درێژخایەنن، زایەڵەی بەرخۆدانێکی لەشکان نەهاتوون. مەشخەڵی نەکوژاوەی خەباتی ڕزگاریخوازی و یەکسانیخوازیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن. سەمبولی خۆڕاگری و کۆڵنەدان و تێکۆشانن. ئەوان ئێستا میوانی هەمیشەیی هەموو دڵەکانن. سەربردەی نەسرین و سوهەیلاکان، بەسەرهاتی ئەو مرۆڤانەیە کەخۆیان و بنەماڵەکانیان، پشتاوپشت لە سەر ڕێچکەی ڕزگاریی نەتەوەکەیان، لەنێو حیزبی دێموکرات و لە ژێرئاڵای ڕێبەرانی سەمبولی گیانبازیدا، تا دواهەناسە خەباتیان کردووە. لە تێکۆشان و وەفاداری و نەوەستاندا تا ترۆپکی بەخشندەیی ڕۆیشتوون و لەوێوە بەرەو ئەبەدییەت فڕیون. *** نەسرین حەداد، ساڵی 1339(1960) لە بنەماڵەیەکی  ناسراو و خاوەن پێشینەی سیاسی و خەباتگێڕدا، لە شاری سەردەشت لە دایک بوو. بابی نەسرین، کەریم حەدداد، لە ئەندامان و کادرە چالاکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی سەردەشت بوو. نەسرین، سەردەمی منداڵیی خۆی دوور لە باوکی تێپەڕ کرد. کاک کەریمی باوکی لە درێژەی تێکۆشان و چالاکییە حیزبییەکانیدا، کەوتە ژێر تەعقیب و ڕاوەدوونانی ساواک و ژاندارمە و ناچار بوو نەسرین و بنەماڵەکەی بە گشتی بەجێ بێڵێ و ڕوو بکاتە گەرمێن و لەگەڵ ڕێبەران و تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات لە گەرمێن درێژە بە تێکۆشان بدا. کەریم حەدداد لە کۆنگرەی سێهەمی حیزبدا بە هۆی پێشینەی تێکۆشانی بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب هەڵبژێردرا. نەسرین، هەتا  سەروبەندی سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە سێبەری باوک بێبەش بوو. بەڵام دایە کافیەی دایکی و براکان و مامەکانی هاندەر و پشتیوانی بوون هەتا خوێندنی پێگەیاندنی مامۆستایانی لە دانیشسەرای مەهاباد تەواو کرد، و بە سەرکەوتنەوە قۆناغەکانی خوێندنی بڕی. *** سوهەیلا قادری، پۆلی دووی سەرەتایی دەخوێند کە شۆڕشی گەلانی ئێران سەرکەوت. بنەماڵەکەی، بەدوای داسەپانی شەڕی کۆماری ئیسلامی بە سەر خەڵکی کوردستاندا،  شاری پیرانشاریان بەجێ هێشت و لە ناوچەی ژێردەسەلاتی پێشمەرگە و لە نیزیک بنکە و بارەگاکانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات، جێگیر بوون. دایک و بابی سوهەیلا، کاک ئەحمەد قادری (ئەحمەد سیمبان) و دایە ئامین، بە هۆی متمانەپێکراوی و دلسۆزییان، لە ناوەندی سەرکردایەتیی حیزب، ئەرکی هەستیاریان پێ سپێردرا. کاک ئەحمەد کە شۆفیرێکی نموونە و خاوەن ‌ڕابردوو، هەر وەها شارەزای کاری بەرق بوو، بێ ماندووبوون لە بەشی خەدەماتیی بنکەی دەفتەری سیاسی قۆڵی لە کار هەڵماڵی. ئامین خانمیش بۆ ماوەی نزیک بە دوو دەیە ئەرکی ئاشپەزیی لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی گرتە ئەستۆ. خوشکە گەورەکانی سوهەیلا، لە قوتابخانەکانی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە کە ڕێژیم دایخستبوون و گەمارۆی خستبووە سەریان وەک مامۆستای شۆڕش، ملیان لە خزمەتی منداڵانی کوردستان نا و سوهەیلاش هەر لەو قوتابخانانە درێژەی بە خوێندن دا. *** ساڵی ١٣٥٨-١٣٥٩ کاتێك ڕێژیمی تازەی ئێران، هێرشی کردە سەر کوردستان و دەستی بە سەر شارەکان دا گرتەوە، زۆربەی ئەندامانی بنەماڵەی کاک کەریم حەدداد، پەڕیوەی ناوچەی ژێردەسەلاتی  پێشمەرگە بوون. نەسرین، وەک کچێکی خوێندەوار شانبەشانی باوک و براکانی چووە سەنگەری تێکۆشانەوە و لە گوندەکانی ناوچەی سەردەشت، وەک مامۆستای شۆڕش دەستبەکار بوو. نەسرین حەداد، بەو پەڕی هۆگرییەوە، بۆ خوێندەوارکردنی منداڵان و گەورەساڵانی نەخوێندەوار تێ دەکۆشا. بەڵام هەر بەوەندە نەدەوێستا. لە هەر گوند و ناوچەیەک خزمەتی کردبا، دەبووە ئەمینی کچان و ژنانی ئەو مەڵبەندە، گوێی لە گرفت وسکاڵاکانیان دەگرت، دەبووە ڕێنوێن و پشتیوانیان و لە بواری جۆراوجۆر دەبووە ڕێنیشاندەریان. هانی دەدان بەرگری لە مافەکانی خۆیان بکەن و بێنە نێو کار و تێکۆشانی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە. کۆڕ و کۆبوونەوەی بۆ پێک دێنان تا لە باری کۆمەڵایەتی، سیاسی، کولتووری و  لەشساغییەوە، یارمەتی بە چوونە سەرێی ئاستی زانیاری و تێگەیشتنیان بکا. *** سوهەیلا قادری، قوتابیی قوتابخانەی شۆڕش بوو. وەک منداڵانی هاوچەشنی، ماڵیان، قوتابخانەکەیان و ژینگەکەیان، نێوەندی کوردایەتی و ئازادیخوازی بوو. شەو و ڕۆژ لە نزیکەوە شایەدی هەڵسووڕان و تێکۆشان و هەڵسوکەوتی ڕێبەران ‌و کەسایەتییەکانی حیزبەکەی بوو و تا دەهات خۆشەویستیی حیزبی دێموکرات پتر تێکەڵاوی هەست و بیری دەبوو. لەم  ژینگەیە زمانی بە سروودەکانی «ئەی ڕەقیب» و «خوایە وەتەن ئاواکەی» پشکووت. لە قوتابخانە بەشداریی کۆڕسی سروود و گرووپی شانۆ و هەڵپەڕکێ بوو. تۆپباران، بۆمباران، ئاوارەیی و ژیان لە نێو تاڵی ‌و خۆشییەکانی خەباتێکی شۆڕشگێڕانەدا بوون بە بەشێکی ئاسایی لە ژیانی ئەو. بۆیە هەر کە پێی نایە قۆناغی مێرمنداڵی، ڕووی کردە کار و تێکۆشان لە ڕیزەکانی یەکیەتیی لاوان و یەکیەتیی ژناندا. ساڵانێک دواتر بەشداری خولی تایبەتیی مامۆستای گەورەساڵان بوو و شانبەشانی کاروباری دیکە، خۆی بۆ ڕاهێنان و فێرکردنی خوێندنەوە و نووسین بە گەورەساڵان لە نێوبنەماڵەکانی سەر بە حیزبی دێموکرات تەرخان کرد. *** نەسرین حەدداد، ڕەشەمەی ١٣٦٤لە گەڵ خزمێکی نزیکی خۆی ژیانی هاوبەشی پێک هێنا. ئەو، بۆ هاوڕێیەتیی ژیانی سەخت و شۆڕشگێڕانە، محەممەد حەسەنپوور، کادری لێوەشاوەی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی هەڵبژارد.  محەممەد، هاوژیانی نەسرین حەدداد، سەرەڕای خزمایەتیی بنەماڵەیی لەمێژینە، کۆمەڵێک تایبەتمەندیی دیکەی وێکچوو لەگەڵ هاوسەرەکەی هەبوو.  بنەماڵەی حەسەنپووریش، وەک بنەماڵەی حەدداد، لە حیزبییە کۆن و لە مێژینەکانی سەردەشت بوون. منداڵیی محەممەدیش وەک منداڵیی نەسرین، بە هۆی بەندکرانی باوکی لە زیندانی ڕێژیمی شایەتی، دوور لە ناز و سێبەری باوک تێپەڕ بوو. هەر دوو بنەماڵە دوای شەڕی داسەپاوی ڕێژیمی خومەینی، تووشی ئاوارەیی و گیرسانەوە لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی شۆڕش ببوونەوە. هەر دوو بنەماڵە لە خۆشەویستان و متمانەپێکراوانی ڕێبەریی حیزب بوون. دوای پێکەوەنانی ژیانی هاوبەش، نەسرین بە هۆی ئەرک و بەرپرسایەتیی هاوسەرەکەی، لە بنکەی پێوەندییەکانی حیزب لە بەغدا، ئەرکی تازەی گرتە ئەستۆ. چەند ساڵ دواتر نەسرین حەداد، وەک مامۆستایەکی لێهاتوو، لە قوتابخانەی نیشتمان و لە کۆڕی پەروەردە و فێرکردنی حیزب، پیشەی مامۆستایەتی و پەروەردە و خوێندەوارکردنی منداڵانی درێژە پێ دا و وەک مامۆستا و ڕاهێنەرێکی سەرکەوتوو، لێهاتوویی و تواناکانی خۆی سەلماند. *** سوهەیلا قادری، ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوی لە گەڵ هاوڕێ مەنسوور خوسرەوی، کادری لە مێژینەی ڕادیۆ دەنگی کوردستان، ژیانی هاوبەشی پێک هێنا. سوهەیلاش وەک نەسرین حەدداد و وەک سەرجەم خوشکەکانی خۆی، بە دوای پێکەوەنانی ژیانی هاوبەشدا، گەرموگوڕتر لە پێشوو درێژەی بە کار و تێکۆشانی حیزبی دا. بە هۆی وریایی و زیرەکی و بوێربوونی لە قسەکردن لە کۆڕ و کۆبوونەوەدا، جار بە جار ڕۆڵ و ئەرکی زیاتری لە نێو تەشکیلاتی ژنانی ئەندامی حیزب و لە ڕیزەکانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتدا دەگرتە ئەستۆ. ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران، ئەو چرایە بوو بە سەدان هەزار بنەماڵە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لێی کۆدەبوونەوە، مەنسوور و سوهەیلاش پەپوولەیەک لەدەوری ئەم چرایە. ڕادیۆ لە کوێ بوو ئەوانیش لەوێ. سوهەیلا، لە نێوەڕاستەکانی دەیەی ٧٠ی هەتاوییەوە، کار لەم ڕادیۆیەی لە وەرگرتنی پێوەندییە تەلەفۆنییەکانی نێوخۆی ئێران و دەرەوەی وڵات دەست پێکرد و بۆ زۆر کاروباری دیکەی ڕۆژانە، هاوکارێکی باشی پێرسۆنێلی ڕادیۆ بوو. بە هۆی مایەی باشی بۆ بێژەری، چەند ساڵێک لە تەلەڤیزیۆنی کۆیە، بەرنامەیەکی ئەدەبیی حەوتووانە کە بۆ خۆی ئامادەی دەکرد، پێشکێش کرد. بە دوای داسەپانی لەتبوون بە سەر حیزبی دێموکراتدا، سوهەیلا قادری لەو یەکەم کەسانە بوو کە قۆڵی هیممەت لە وەکارخستنەوەی ڕادیۆی دەنگی کوردستانیان هەڵماڵی. کاتێکیش تەلەڤیزیۆنی کوردکاناڵ  دەستبەکار بوو، سوهەیلا دوای ماوەیەکی کەم بوو بە هاوڕێ و ئەنیسی کوردکاناڵ. بوو بە یەکێک لە بێژەرە خۆشەویست و سەرکەوتووەکانی ئەم تەلەڤیزیۆنە و لە ڕێگای کوردکاناڵەوە، میوانی هەمیشەیی دڵانی هۆگری دێموکرات بوو. سوهەیلا بە هۆی حەز و تاسەی بۆ کاری ئەدەبی و هونەری و فەرهەنگی و هەر وەها نیشاندانی لێهاتوویی لە بێژەری و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمە سیاسی و کولتوورییەکاندا ، نەک هەر لەنێو حیزبی دێموکراتدا بەڵکوو، لە فستیڤاڵ و بۆنە تایبەتەکانی شاری کۆیەشدا، وەک بێژەر و بەڕێوەبەرێکی سەرکەوتوو پشتی پێ دەسپێردرا. *** نەسرین و سوهەیلا، سوهەیلا و نەسرین، پشتیوان و هاندەر و هاوکارێکی باش بۆ  هاوسەرەکانیان لە جێبەجێکردنی ئەرک و بەرپرسایەتیی حیزبیدا بوون. دایکێکی باش بوون بۆ جگەرگۆشەکانیان. نەسرین، هەر وا کە لە دەرەوەی ماڵ مامۆستا و بەڕیوەبەرێکی سەرکەوتووی قوتابخانە بوو، بۆ ژیلوان و  ژیواری بەرهەمی ژیانی هاوبەشی خۆی و محەممەدی هاوسەری، دایکێکی بە مشوور و پەروەردەکارێکی دڵسۆز بوو. سوهەیلاش، سەڕەڕای سەرقاڵبوونی بە کار و تێکۆشانی حیزبی و ڕاگەیاندن، بۆ «نەمام» و «ئارام»ی خۆی و مەنسوور، نموونەی دایکێکی مێهرەبان بوو. ئەوان هەر کەس و پەنا و خەمخۆری منداڵەکانیان و هاوسەرەکانیان نەبوون، بەڵکوو هاوخەم و هاوڕاز و مشوورخۆری ژنان و کچانی پێشمەرگە بوون. بۆ پێشمەرگە لاوەکان، دایک و خوشک بوون. هۆشی تێکۆشەرە بەساڵداچووەکانیان هەبوو، ئاگایان لێ دەبوون. لە کۆنگرەی چاردەیەمی حیزبدا، نەسرین حەداد بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و سوهەیلا قادری بە ئەندامی جێگری کۆمیتەی ناوەندی هەڵ بژێردران و لە کۆنگرەکانی ١٥ و ١٦ش سەرلە نوێ بە ئەندامی ڕێبەریی حیزب هەڵ بژێردرانەوە. لەو ساتەوە تا کاتی شەهیدبوونیان وەک ئەندامی ڕێبەریی حیزب، ئەرک و بەرپرسایەتیی جۆراوجۆریان گرتە ئەستۆ. نەسرین حەداد، ساڵانێک لە بەڕێوەبەریی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان، بنیاتی پشتیوانی لە ڕێکخراوە سینفییەکان و کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی حیزب، بەرپرسایەتیی یەکەمی لە سەر شان بوو، بۆ ماوەیەکیش لە کۆمیسیۆنەکانی سیاسی- نیزامی و فێرکردن، ئەرک و بەرپرسایەتی لە سەر شان بوو. سوهەیلا قادریش، جگە لە دوو دەورە سکرتێریی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان، لە دەزگای ڕاگەیاندنی حیزبیش بەردەوام ئەرک و بەرپرسایەتیی لە سەر شان بوو. ئەو لە ڕادیۆی دەنگی کوردستان و تەلەڤیزیۆنی کوردکاناڵ، نەک هەر وەک بێژەر و پێشکێشکارێک، بەڵکوو هەر کارێک هاتبایە پێش و لە خۆی ڕادیبا، شانی دەدا بەر. لە دەستگرتن و هاندان و پێگەیاندنی کچان و کوڕانی لاوی نێو حیزبەوە بۆ کاری میدیایی بگرە تا ئامادەکردنی بەرنامە و ڕاپۆرتی تەلەڤیزیۆنی،  بەڕێوەبردنی بۆنە و ڕێوڕەسمە جۆراوجۆرەکان. لە پەنا هەمووی ئەمانەشدا جاروبار دەستی بۆ قەڵەم دەبرد و پەخشان و هۆنراوەی دەنووسی بۆ ئەوەی خەمی دووریی ئازیزان و مەینەتییەکانی ژیانی شۆڕشگێڕانە بە سۆزی ئەدەبی بڕازێنێتەوە. *** نەسرین و سوهەیلا، سوهەیلا و نەسرین، دوو تەواری ڕیزی پێشەوەی باڵندە ئەنگاوتەکانی مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات، ڕۆمانێکن بێ کۆتایی. سەربردەیان بەسەرهاتی مرۆڤە شۆڕشگێرەکانی سەردەمێکی ئەستەمی پارچەی ڕۆژهەڵاتی نەتەوە و نیشتمانێکە. «نەمام»ی سوهەیلا و «ماردین»ی وەهاب میرخزریی تێکۆشەری دێموکرات، لە دوورە وڵاتی، هێشتا «ئەلەند»نۆبەرەی ژیانی هاوبەشیان بە ڕێگاوە بوو، کە کاک وەهاب، باپیرەی ئەلەندیان لە تەقینەوەکەی شەوی یەلدا‌دا لە دەست دا. سوهەیلا، هەمیشە دڵ بە خەمی ئەوە بوو کە «ئەلەند» و بابی ماردین، حەسرەتی یەکتر دیتنیان لە دڵدا مایەوە. مخابن بۆ خۆشی بە حەسرەتی دیتنی «ئەلەند»ەوە ، سەری نایەوە.  نەسرین و محەممەدیش، کە خۆیان بۆ بەهاری داهاتوو و گەڕانەوەی «ژیوار» و «ژیلوان» ئامادە کردبوو، دەستی تاوان و جەوری زۆردار، قەدەریانی گۆڕی و لە سەفەری هەرماندا دەست لە نێو دەستی یەکتر، لە شەقەی  باڵیان دا. *** «له‌ناو خوێندا ده‌تلێته‌وه‌ لاوی به‌زیپک و به‌ سبات به‌ڵام هه‌روا ده‌چێته‌ پێش بێ وچان کاروانی خه‌بات»(١) لە گەڵ هەمووی ئەمانەشدا، لە گەڵ ئازار و ژانی لە دەستدانی ئەم هەمووە قارەمانەشدا، کاروانی ئێمە هەروا بەڕێوەیە هەتا دوا مەنزڵ، هەتا سەرکەوتن هەتا ڕزگاری، هەتا وەدیهێنانی ئامانجەکانی نەسرین و سوهەیلا وشەهیدانی دیکەی ١٧ی خەرمانان. *** قەڵایەک دەکێشمەوە: چراخانی شەهید، بەسەر بەرزترین پیتی پێکەنینەوە تۆش خاوەن شکۆ!! لەئەرشیفی دەنگتەوە هەموو ڕۆژێ بڕازێنەوە هەواڵەکان سوور... سپی.... سەوز...   قەڵایەک دەنووسمەوە: شان بە شانی خۆر پەیڤی هەزار تیشکی بزێو بە لووتکەی شاخەوە» ئەی ڕەقیب»!!! قەڵایەک دەگێڕمەوە: لە حیکایەتی دایکاندا: «گورگە شەوێ، گورگانە شەوێ لە خەوی زاڕۆکان دوورۆ کەوێ بڕوا بڕوا لە چاڵی ڕەشی نەفرەت کەوێ»(٢)   *** پەراویز: (١)- لە شێعری «کاروانی خەبات»ی مامۆستا هێمن وەرگیراوە (٢)- شێعری باخی زەیتوون