کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داپۆشینی تاوانە تێرۆریستییەکان لە پێناو چیدا؟

16:59 - 1 خەزەڵوەر 2718

لە ١٧ی مانگی خەرماناندا کۆماری ئیسلامی لە درێژەی کردەوە تێرۆریستییەکانیدا بە مووشەکبارانی قەڵای دێمۆکرات بە وتەی خۆیان هەوڵی لەنێوبردنی ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان دا و وەک لە بەیاننامەکانی دوای کارەساتەکەدا ئاشکرایان کرد ئامانجیان لە نێوبردنی حیزبێک بووە کە وەک خۆیان دەڵێن ئەمنییەتی نیشتمانیی ئێرانی خستووەتە مەترسییەوە. ئەمە یەکەم جار نییە کە بە بیانووی هاوشێوە حیزبی دێمۆکرات دەکەوێتە بەر پەلاماری تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامی و لە ساڵانی ڕابردووشدا لە دەیان کردەووەی تێرۆریستیدا بە سەدان کەس لە ئەندام و پێشمەرگە و تەنانەت ڕێبەرانی هەڵکەوتووی حیزبیان کردوەتە ئامانج و شەهیدیان کردوون. کە نموونەی هەرە بەرچاویان شەهیدکردنی دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی لە ئۆتریش و ئاڵمان لە دوو کردەوەی تێرۆریستیی جیاوازدا بوو. تێرۆرگەلێک کە دەکرا و دەبوو بە هۆیانەوە فشارێکی جیددی بخرێتە سەر نیزامی کۆماری ئیسلامی، بە جۆرێک کە بەربەستێک بوایە لە بەردەم دامودەزگا تێرۆریستییەکانی نیزام، کە وەک ئێستا هەموو وڵاتانی جیهان نەخاتە بەر هەڕەشەکانی خۆی. هەر لەو مانگەشدا مەسەلەی تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی و هەوڵی باندە تێرۆریستییەکانی نیزام بۆ ئەنجامدانی کردەوەیەکی تێرۆریستی لە فەڕانسە، ئورووپای بە خۆیەوە سەرقاڵ کرد. ئەویش لە کاتێکدا کە ڕووحانی، سەرۆککۆمارەکەیان لە سەفەرێکی ئورووپایی بۆ بەدەستهێنانی پشگیری وڵاتانی ئورووپایی لە بەرامبەر فشارەکانی ئەمریکادا کە بەشێکی گرێدراوە بە تێرۆریزمی نێودەوڵەتیی ئێرانەوە، گەشتێکی دیپلۆماسی دەست پێکردبوو. بەدوای ئەوەدا کە پۆلیسی فەڕانسە زانیاری بەدەست هێنابوو کە تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی مەبەستیان بووە کۆبوونەوەیەکی ڕێکخراوی موجاهیدین بە دانانەوەی بۆمب وەبەر پەلامار بدەن، ڕاونان و دەستگیرکردنی ئەو تێرۆریستانە لە فەڕانسە و ئاڵمان و بێلژیک پەردەی لەسەر ئەو پیلانە تێرۆریستییە هەڵ دایەوە. ئەم جارەش بە دەستگیرکردنی "اسداللە اسدی" یەکێک لە دیپلۆمات تێرۆریستەکانی ڕێژیم، دیسان ئەو ڕاستییە حاشاهەڵنەگرەی ئاشکرا کردەوە کە دیپلۆماتەکانی کۆماری ئیسلامی کەس نین جگە لەو پاسدارە دەورەدیتووانەی کە بە ناوی ئەرکی دیپلۆماسی وڵاتەوە بەڕێ دەکرێنە ئەو شوێنانەی بە ناوی باڵوێزخانەوە کراونەوە و وەک پێشتر زۆرجار گوتراوە شوێنێک نین جگە لە بنکەیەکی جاسووسی کە بۆ بەڕێوەبردنی ئەرکی وەدواکەوتنی دژبەرانی ڕێژیم و جێبەجێ کردنی پیلانە تێرۆریستییەکانیان بەکاری دێنن. لەم پڕۆسەی وەدواکەوتنەدا جگە لە جەنابی دەبیری سەفارەتی ئێران لە ئۆتریش کۆمەڵێک کەسی دیکەش دەستگیر کراون کە دەوڵەتی بێلژیک بە ئاشکراکردنی ناوی دووکەس کە هەڵگری مادەی تەقینەوە بوون ڕێگەی حاشالێکردنی لە هەموولایەک بەست. لێرەدا ئەوەی جێی سەرنجە قسەکانی مانوێل مەکرۆن سەرۆکی فەڕانسەیە کە کاتێک ئەو هەموو بەڵگانە لەبەردەست دایە و ناتوانێ حاشا لە بوونی ئەو پیلانە تێرۆریستییانە بکا هەوڵ دەدا بۆ پاکانە کردن بۆ نیزامی کۆماری ئیسلامی، پەنا بەرێتە بەر دەستە دەستەکردنی نیهاد و دەزگا ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی و خۆ بدزێتەوە لەو بەرپرساتییەی کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ نیزامێکی تێرۆریستی کە وڵاتەکەی ئەویان کردووەتە مەکۆی کارە تێرۆریستییەکانیان لەسەر شانیەتی. ئەوە لە حاڵێک دایە کە پێشتر وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی، ئاماژە بۆ وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم دەکا لە بەڕێوەبردنی ئەم پیلانە تێرۆریستییەدا و ئەوان وەک ڕێکخەری ئەم هەوڵە تێرۆریستییانە دەناسێنێ. ئاغای مەکرۆن لە وتووێژێکیدا دەڵێ ئێران لە هێندێک بابەتدا دەستەبەندی و کێشەی خۆیان هەیە و ناکرێ بڵێین دەستووری ئەم کارە لە سەرەوە هاتووە یا هی ئەم یا ئەو دەزگای ئەمنیەتییە. بەڵام داخۆ سەرۆککۆماری وڵاتێکی وەک فەڕانسە نازانێ کە هەموو ئەو نیهاد و دەزگا ئەمنیەتییانە لەژێر چاوەدێری و بە ئەمری "سەرەوە" ئەویش دەزگای ڕێبەری کار دەکەن و لەوێ بڕیاریان لەسەر دەدرێ و جێبەجێکردنیان بەم یا ئەو دەزگای جیاواز دەسپێردرێ؟ لە دوای پیلانی تێرۆری دوکتور عەبدوڕەحمان قاسملوو کە بەداخەوە سەرکەوتووانە بەڕێوەچوو و لەگەڵ هاوڕێ عەبدوڵڵا قادری ئازەر شەهید کران، دەسەڵاتی ئەو کاتی ئۆتریش وەک ئێستای ئاغای مەکرۆن پەنای بردە بەر خۆدزینەوە لە ڕاستییەکان و هەتا ئێستاش ئامادە نەبووە لەسەر ئەم تێرۆرە ناجوامێرانە شتێکی ڕەسمی بڵاو بکاتەوە. بەڵام کاتێک کە سکرتێری دواتری حیزبی دێمۆکرات دوکتور سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی لە بێرلین بە دەستی تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی شەهیدکران و بۆ لێکۆڵینەوە لەو پرسە، دادگای بەناوبانگی میکۆنووس کە وەک نوێنگەی دەسەڵاتێکی سەربەخۆی دادوەری لە جیهاندا وەدەرکەوت، بە  ئاشکراکردنی ناوی بڕیاردەران و جێبەجێکارانی ئەو کردەوە تێرۆریستییە کە لەسەرووی هەمووانەوە ناوی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی عەلی خامنەیی هاتبوو، هیچ گومانێکی بۆ کەس نەهێشتەوە کە ئەو تێرۆرانەی دەکرێن ڕاستەوخۆ دەستوورەکەیان لە کوێوە دێن. هەربۆیە ئەو کات هەموو وڵاتانی ئورووپایی ئەگەر لەبەر پاراستنی ئابڕووی خۆیشیان بووبێ و، بە شێوەی کاتیش بووبێ بە کێشانەوەی باڵیۆزەکانیان لە تاران ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕی. بێگومان ئێستاش کە فەڕانسە وەک وڵاتێک ناسراوە کە هەمووکات پاڵپشتی لە ئازادی و مافی مرۆڤ کردووە و ئەم شانازییە زۆرتر بەوان بڕاوە کە بە نیشتمانی لە دایکبوونی دێمۆکراسی ناوزەد بکرێ، و بە تایبەت کە لە گرووپی هاوپەیمانی نێودەوڵتی دژی تێرۆردا ئەندامێکی دیار و کارایە، ئەو چاوەڕوانییەی لێ دەکرێ کە بە چاونووقاندن لە سیاسەت و کارە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی لە پێناو بەرژەوەندییە ئابوورییەکان و سات و سەودای نێودەوڵەتی ڕێگەخۆشکەر نەبن بۆ درێژەپێدانی بەرنامە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمێک کە هیچ بایەخێک بۆ باوەڕەکانی ئەوان لەسەر ئازادی و مافی مرۆڤ دانانێ. ڕێژیمێک کە بە پێی بنەما فکرییە داسەپێندراوەکانی، مرۆڤ لە ئاستی خوارووتر لە کۆیلەدا دەبینێ ناکرێ بەسەر دەستە و نیهادی باش یا خراپدا دابەش بکرێ. چاوەڕوانیی زیاتر ئەوەیە کە دەوڵەتی فەڕانسە لەگەڵ هاوپەیمانە ئورووپاییەکانی، هاوکار و یارمەتیدەر بن بۆ لەقاودانی هەرچی زیاتری سیاسەت و کردەوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمێک کە مانەوەی خۆی نە لە ڕێککەوتنێکی ڕاستەقینە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەڵکوو لە بەکارهێنانی ساتوسەودا بازرگانییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ئورووپاییدا دەبینێ، بۆ ڕێخۆشکردنی تێرۆر و لەنێوبردنی دژبەرە ئازادیخوازەکانی ئێران لە هەر شوێنێک کە فرسەتی هەناسەدان و دەنگ بەرزکردنەوەیان هەبێ لە دژی ئەو هەموو ستەمەی کە کۆماری ئیسلامی بە خەڵکی ئێرانی ڕەوا دیتووە.