کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قووڵبوونەوەی قەیرانەکانی ڕێژیمێکی قەیرانخوڵقێن

14:47 - 6 خەزەڵوەر 2718

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران کە بە مەبەستی داپۆشینی قەیرانە ناوخۆییەکانی سیاسەتی قەیرانخوڵقێنی لەسەر ئاستی ناوچەکە و وڵاتانی دەوروبەر گرتۆتە پێش، وێدەچێ چیدیکە نەتەنیا ناتوانێ بە کەیفی خۆی قەیرانخوڵقێنی بکات، بەڵکوو قەیرانە ناوخۆییەکانی تا دێ قووڵتر دەبنەوە و چیدیکە ناتوانێ بیانشارێتەوە. ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ٥ی خەزەڵوەری ١٣٩٧ی هەتاوی، هاوکات لەگەڵ کۆبوونەوەی ئاشکرای مەجلیسی شوڕای ئیسلامی ئێران کە تیادا حەسەن ڕۆحانی، سەرکۆماری ڕێژیم چوار کاندیدی بۆ چوار وەزارەتی کابینەکەی (وەزارەتەکانی ئابووری، پیشەسازی، رێگاوبان  و کار) ناساند و نوێنەران بە مخالف و موافق قسەیان لە سەر دەکردن، چوار وڵاتی ڕووسیە، ئاڵمان، فەڕانسە و تورکیە بە میوانداریی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە تورکیە لەسەر ڕاوەستانی شەڕ لە ئێدلێب و چۆنیەتی کۆتایی هێنان بە شەڕی نێوخۆیی لە سووریە کۆبوونەوە. بە وردبوونەوە لە پێکهاتەی کۆبوونەوەکەی تورکیە کە ئێرانی تێدا غایب بوو لە لایەک و، بە وردبوونەوە لە پرسی ناساندنی چوار وەزیرە پێشنیارکراوەکەی ڕۆحانی بە مەجلیس بۆ دەنگ وەرگرتن و ئەو باسانەی لەم کۆبوونەوەدا کران، دەردەکەوێ کە ئێران چ لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێونەتەوەیی و چ لەسەر ئاستی نێوخۆیی لە بارودۆخێکی قەیراناویی قوڵ دایە. بانگهێشت نەکردنی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ کۆبوونەوە چوارقۆڵییەکەی ڕۆژی شەممە لە تورکیە کە تەوەری سەرەکیی باسەکان لەسەر بارودۆخی ئەمڕۆی سووریە (ئاگربەس لە ئێدلێب) بوون، ناتوانێ بۆ ئێران هەواڵێکی خۆشی تێدا بێت. ئێرانێک کە لە سیاسەتی قەیرانخوڵقێنی، دەستێوەردان و بەئەمنیەتیکردنی ناوچەکە‌دا کە بێگومان لە پلانێکی گەورەتری ئیستراتژیکد‌ا بیر لە بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکاتەوە، سووریە بە حەسار خەڵوتی خۆی دەزانێ و لە ماوەی بەتایبەت نزیک بە حەوت ساڵی ڕابردوودا دنیایەک هەزینەی ماڵی و گیانی کردوە، حەزفکردنی لە وەها کۆبوونەوەیەکدا ناتوانێ هەروا ئاسان و بێ لێکدانەوە بێت. بەشداری پێنەکردنی ئێران لە کۆبوونەوەکانی تایبەت بە سووریە کە بە جۆرێک هەم ڕەزایەتی زیاتری بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی ئەم وڵاتەی لێکەوتەوە و تا ڕادەیەک  ئیسرائیلیەکانیش نەرمتر لە جاران قسەیان لەسەری کرد، پێدەچێ کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و بەتایبەت وڵاتانی خاوەن بەرژەوەندی لە سووریە بەو قەناعەتە گەیشتبێتن کە حەزفی ئێران و پشتگوێخستنی دەتوانێ یارمەتی بە ئاساییکردنەوەی بارودۆخی سووریە بکات. بە مانایەکی دیکە دەکرێ بڵێین دەرکیان بەو ڕاستییە کردبێ کە هۆکاری سەرەکیی کێشەکانی سووریە کە نزیک بە هەشت ساڵە تەمەنی شەڕ، خوێنڕشتن، وێرانی و ئاواریی تێدا درێژ دەبێتەوە، دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانە. گومانی تێدا نیە کە ئەگەر ئەم کۆبوونەوە و تەکبیرکردنانە لە داهاتووی سووریە کە ئێرانی تێدا غایبە، بتوانێ بە ئاکام بگات - کە شکی تێدا نیە کە ئەگەر ئەم وڵاتانە هەوڵی کەمکردنەوەی نفووزی ئێران لە ناوچەکە بدەن- دەگاتە ئەنجامی گونجاو، کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بە دوور لە درووشمدان، بە یەکجاری دەگاتە ئەو قەناعەتەی کە ئێران ماکەی هەموو ئاژاوە و نەهامەتیەکانی ناوچەکەیە و هەوڵ دەدەن دەستی کورت بکەنەوە. لەسەر ئاستی نێوخۆش جیا لە بزووتنەوەی مافخوازانەی پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی خەڵکی ئێران، ئەم ڕێژیمە لەسەر ئاستی بەڕێوەبەریی وڵات و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ قەیرانەکاندا لەوپەڕی دەستەوەستانی وبێتەدبیریی خۆی دایە. بۆ نموونە لە ڕووی ئابوورییەوە لەگەڵ ئەوەیکە وڵاتێکی دەوڵەمەند و پڕ‌سامانە، بەڵام بە هۆی بێبەرنامەیی و پشتگوێخستنی هێزی پسپۆڕ و لێهاتووی سەربەخۆ، توانای چارەسەرکردنی قەیرانەکانی تایبەت بەم بەستێنە لە مودیرییەتی وڵاتیان نیە. ئەمڕۆ لە ناساندی چوار وەزیری پێنشیارکراوی دەوڵەتەکەی بە مەجلیس و دیفاعی وەزیرەکان لە کاندید بوونیان کە هەرچواریشیان دەنگی متمانەیان لە مەجلیس وەرگرت، دەرکەوت کە نە جەنابی سەرکۆمار و نە کاندیدەکانی کە ئەرکەکانیان پێوەندیی ڕاستەوخۆیان بە ژیان و گوزەرانی خەڵک لە بوارە جۆراو جۆرەکانەوە هەیە و، تەنانەت ئیدیعایکانی بەرەی مخالف لە پارلمانیش، نەتەنیا هیچ پڕۆژەیەکیان بۆ چارەسەری کێشەکان نەبوو، بەڵکوو دەرکێکی درووست و واقعییان لە بارودۆخ و ژیان و گوزەرانی خەڵکی لێقەوماوی وڵات نیە. ئەم ڕێژیمە کە بۆ داپۆشینی قەیرانە ناوخۆییەکان و شاردنەوەی ڕەفتار و هەڵسووکەوتە سەرکوتکارییەکانی خۆی دەرحەق بە خەڵکی مافخوازی پێکهاتەکانی ئێران و جیابیران، لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی سیاسەتی قەیرانخوڵقێنی پەیڕەو دەکرد و دەیکات، ئێستا زیاتر لە هەمیشە لە هەموو ئاستەکاندا تووشی قەیرانگەلی قووڵ هاتوە و چیدیکەیش توانای شاردنەوەیانی نابێ.