کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەواڵێکی لەپڕ و گورچووبڕ

15:50 - 14 خەزەڵوەر 2718

بەیانیی ڕۆژی دووشەممە ١٤ی خەزەڵوەری ١٣٩٧ بەرامبەری ٥ی نۆڤامبری ٢٠١٨ بە عادەتی ڕۆژانە ئینتەڕنێتم کردەوە و چاوێکم بە هەواڵ و ڕوداوەکاندا گێڕا. هێشتا پێنج دەقیقە تێنەپەڕیبوو بەرەوڕووی خەبەرێکی بەڕاستی دڵتەزێن بوومەوە کە ئیدی نەمتوانی درێژە بدەم و لاپتاپەکەمم وێک نا. دوکتۆر سەعدی قازی لە مەتنێکی کورتی هەشت نۆ دە خەتیدا بە زمانێکی ئەدەبی و پڕهەست کە دەکرێ بڵێم زووخاوی ژان و خەفەتی لێ دەچۆڕا هەواڵی مەرگی ژنە نووسەر و تێکۆشەری کورد و خوشکی خۆی مریەم خانمی قازیی ڕاگەیاندبوو، بێ¬ئەوەش کە ئاماژەیەک بە پێوەندیی خوشک¬وبرایەتیی خۆیان بکا. ناڵێم باوەڕم نەکرد، بەڵام بەڕاستی نەمدەویست قبووڵ بکەم کە دێوەزمەی مەرگ جارێکی دیکە شاڵاوی هێناوە و خەسارێکی وا قورسی لە بنەماڵەی قازی، لە کۆڕی ئەدیبان و قەڵەمبەدەستان، لە بزووتنەوەی مافخوازانەی کورد و بەگشتی لە خەڵکی شارە جوانیپەروەر و قارەمانپەروەرکەی مەهاباد و گەلی کورد داوە. مریەم خانمی جوانەمەرگ کچی بەڕێز کاک مستەفای قازی و یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵە ناودار و بەبەهرەکەی قازی کەریم بوو کە "گیا لەسەر پنجی خۆی دەڕوێتەوە" ئەدەب و هونەر و جوانی و شۆرشگێری و ئازایەتی لە هەناویدا مۆنجی دەدا. ئەوانەی بەرهەمی فکر و قەڵەمی مریەمی قازی¬یان دیوە و خوێندۆتەوە دەزانن کە ئەو خانمە بەڕێزە چ-بەهرەیەکی بەرفرەوانی لە بواری ئەدەبی کوردیدا پێ¬بڕابوو، و ئەوانەش کە لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا دەگەڵی بوون شاهیدی دەدەن کە خاوەنی چ-هەستێکی ئاگرینی نەتەوەپەرستی و چ¬غیرەت و ئازایەتییەکی کوردانە بوو. دوژمنانی ئازادی لە دامودەزگای کۆماری ئیسلامیدا زۆریان هەوڵ دا مریەمی قازی بێدەنگ بکەن و نەهێڵن بیروباوەڕی ئازادیخوازانەی خۆی لەنێو کیژولاوانی کورددا بڵاو بکاتەوە. چەندین جاریان پەلکێشی دەزگا ئیتتیلاعاتییەکان کرد و خستیانە بەر لێکۆڵینەوە و تەنانەت ڕەوانەی زیندانیان کرد، بەڵام ئاگرێک لە هەستی نیشتمانپەروەری کە لە دەروونی ئەو شێرەژنەدا داییسا لەوانە نەبوو کە بەلافاوی ڕق¬وقینی کۆنەپەرستان بکوژێتەوە و هەرجارەی شێلگیرتر لە جاری پێشتر دەهاتەوە مەیدان و زمان و قەڵەمی بۆ خزمەت بە بڵاوکردنەوەی هەست و هۆشیاریی نەتەوەیی و نیشتمانی دەکەوتنەوە گەڕ. هەر بۆیەش ئەو خانمە هەر لەتەمەنێکی زۆر کەمەوە جێگای خۆی لەنێو کۆڕوکۆمەڵە ئەدەبی و کۆمەڵایەتییەکاندا کردەوە و چ¬جێگەوپێگەیەکیش؟ تا ئەو جێگایە کە بۆخۆم بزانم مریەمی قازی ئەندامی هیچ حیزب و ڕێکخراوێکی سیاسی نەبوو. بەڵام چەندی بتەوێ بەرامبەر بەمەسەلەی ماف و ئازادییەکانی کورد دەروەست و بەرپرس بوو. هەربۆیەش پێوەندییەکی ڕووحی و ڕەوانیی دەگەڵ تێکۆشەرانی ڕێگای ڕزگاریی کورد و بەتایبەتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان، حیزبەکەی قازی موحەممەدی "مام"یدا هەبوو. ئەو پێوەندییە نەک هەر پێوندییەکی مەعنەوی بەڵکوو پێوەندیی هاوفیکری و هاوکاری بە ڕادەی گونجاویش بوو. هەر ئەوەندە بەسە کە بزانین دەگەڵ هەموو چاوەدێرییەکی دەزگا جاسووسییەکانی کۆماری ئیسلامی کە لەسەر ئەو و کەسانی وەک ئەو هەبوو، لە هاتوچۆیەکانی بۆ هەرێمی کوردستاندا تێکۆشەرانی حیزبی دێموکڕاتی دەدیت و تەنانەت دەهاتە سەردانیشیان و ئاڵوگۆڕی بیروڕای دەگەڵ دەکردن. لەبەر هەمووی ئەمانە ئەمن جوانەمەرگ¬بوونی مریەم خانمی قازی بە خەسارێکی گەورە بۆ هەموو میللەتی کورد، بەتایبەتی کۆڕوکۆمەڵە ئەدەبی و کۆمەڵایەتییەکان و بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستان دەزانم. بەبۆنەی ئەو خەسارە مەزنەوە پڕبەدڵ سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزی کاک مستەفای قازی و تێکڕای بنەماڵەی گەورەی قازییەکان و سەرجەم خەڵکی کوردستان بەتایبەتی کۆڕوکۆمەڵە ئەدەبی و ڕووناکبیرییەکان دەکەم. ئاواتەخوازم گیانی مریەم خانم بە بەهەشتی بەرین شاد بێ، ئەو ئاواتە پیرۆزانەی بە جوانەمەرگی بردنیە بن گڵ وەدی بێن و کەسوکار و نیزیکانی سڵامەت بن. ڕووحی شاد و ئاواتەکانی بەرقەرار.