کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

«وەلفەجری ٩» و تاکتیکی نوێی پێشمەرگەکانی بانە

18:58 - 16 خەزەڵوەر 2718

کۆتایی زستانی ساڵی ١٣٦٤ بوو. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە بەرەبەری عەمەلیاتی «وەلفەجری ٩»دا بوو کە هێزێکی بەرچاوی لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان و بەتایبەتی لە ناوچەی بانە کۆ کردبۆوە و لە زۆر لە پایەگاکانی ئەو ناوچەیە هێزەکانی زیاد کردبوو. ڕێژیم نەک بەنهێنی بەڵکوو بە ئاشکرا باسی عەمەلیاتی «وەلفەجری ٩»ی دەکرد و لە ناوچە، ئامادەکاریی بۆ دەکرد. ئەوەش بۆ خەڵکی بانە و دەوروبەر و بەتایبەتی ناوچەی خێڵەڕەش و پشتی ئاربابا دۆخێکی تایبەتیی خوڵقاندبوو. خەڵک کەوتبوونە نێو بەرداشی شەڕی ئێران و عێڕاق و بەو زستانە سەخت و تووشە تەنیا ڕێگەیەک شکیان دەبرد چۆلکردنی ماڵ و حاڵیان بوو. بەم زستانە وێرانکردنی ماڵەکانیان و چۆلکردنی بۆ ئەوان کارێکی ئاسان نەبوو هیچ ڕێگایەک بێجگە لە چۆلکردنی ماڵەکانیان بەدی نەدەکرا چونکی شەڕ لە نێوان دوو دەوڵەتی داگیرکەر لە خاکی کوردستاندا ڕووی دەدا. لەو سەروبەندەدا پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی خێڵەڕەش دوور کەوتبوونەوە و لە نەبوونی ئەواندا هێزەکانی دوژمن توانیبوویان چەند پایەگا و بنکەی نیزامی نوێی لێ دابمەزرێنن و دەسەڵاتی نگریسی خۆیان بەسەر خەڵکی ئەو ناوچەیەدا بسەپێنێن. ئەو ناوچە لەسەر سنوور هەڵکەوتووە و زیاتر لە دە گوندی لە خۆ دەگرت. بە نیزیکبوونەوە لە دەسپێکی عەمەلیاتی بەناو «وەلفەجری ٩» کۆبوونەوەی فەرماندەرانی ڕێژیم لە هەموو نیهادە نیزامییەکان و تەنانەت جاشەکان بۆ بەشداریی لەو عەمەلیاتەدا کرا. لەو کاتەدا حیزبی دێموکراتی کوردستان تازە کۆنگرەی 7ی خۆی گرتبوو و ڕێژیم هەستی بە لەکەمیدانی هێزی پێشمەرگە لە ناوچەدا کردبوو. وەک باس دەکرا لەو کۆبوونەوەی فەرماندەرانی هێزەکانی ڕێژیمدا فەرماندەری جاشەکان گوتبووی ئامادەن بۆ کۆتاییهێنان! بە حزووری پێشمەرگە لە ناوچە، بەڵام بەو مەرجەی لە عەمەلیاتەکەی وەلفەجری 9دا بەشدار نەبن و دەرفەتیان بۆ پاکسازیی ناوچەی بانە لە هێزەکانی حیزبی دێموکرات هەبێ! لە وەها بارودۆخێکدا پێشمەرگەکانی ناوچەی بانە گەڕانەوە و بە سەر وەزعێکی زۆر نالەباردا کەوتن و دیتیان کە خەڵکێکی زۆر لە ترسی ئەوەی شەڕێکی گەورە بەڕێوەیە لە ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارە بوون. لەو کاتەدا بێجگە لە حیزبی دێموکرات هیچ هێزێکی دیکەی دژبەری ڕێژیم لەو ناوچەیهدا نەبوو. ڕۆژی ٢٧ی ڕەشەمە بوو. پێشمەرگەکان پاش گەڕانێکی باش لە ناوچە و لەقاودانی سیاسەتەکانی ڕێژیم لە گوندەکانی «واژە»، «کەندەڵ» و «گوێزلێ» دەمێننەوە. لە دەوروبەری شوێنی مانەوەی پێشمەرگەکان و لە چەند «کۆخ» و ئاواییەکی نیزیکیش هێزی دوژمن بە تەواوی جێگیر ببوون. دیارە گرینگترینی ئەو شوێنانە بەرزایی «گردی گۆیل» بوو کە دەڕوانێتە سەر گوندەکانی «ساڵۆک»ی سەرێ و خوارێ و شوێنێکی ستراتیژیک بوو. پێشمەرگەکان تازە گەیشتبوونە ئەو ناوچەیە کە هێزەکانی دوژمن لە ئاواییەکانی «سپیدارێ»، «بەردەڕەش» و «هەلاسبار» و، هەروەها لە کۆخەکانی «قولینگ»، «سێکانیان»، «بۆکز» و «عەبەشەریف» جێگیر بوون. ئامانجی ڕێژیم لەو عەمەلیاتەدا گۆڕینی تاکتیکی نیزامیش بۆ بهرهوڕوو بوونهوه لهگهڵ هێزی پێشمهرگه بوو. چونکی تا ئەوکاتە دوژمن هەر شەڕی جیبهەیی لەگەڵ پێشمەرگە کردبوو، بەڵام کاتێک پیشمەرگە تاکتیکی گۆڕی بۆ شەڕی پارتیزانی؛ ئەمجارەیان فەرماندەرانی هێزی چەکداری ڕێژیم ڕێگەچارەی بەربەرەکانی لەگەڵ جووڵەی پێشمەرگەیان تەنیا لە چەند تاکتیکی نیزامیدا دەدیتەوە کە بریتی بوون لە: «کەروێشکەڕاو»، «چەکوچ و سندان»، «ڕاوەدوونان و زەبرلێدان» و «هێرش و گەمارۆ». ڕێژیم ئەو ڕۆژە تاکتیکی «چەکوچ و سندان»ی گرتبووە بەر کە بریتی بوو لە یەکەم هێزی «چەکوچ»؛ واتە کێن ئەوانەی هێرش دەکەن. دووهەم، «سندان»؛ واتە پێش بە پاشەکشەی پێشمەرگە بگیرێ. سێهەم، هێزی یارمەتیدەر کە هەر کات پێویست بوو بە هانای هەرکام لە لایەنەکانی دیکە، واتە چەکوچ یا سندان بکەوێ. لەو تاکتیکەدا ئامانجی هێزی چەکوچ پاشەکشەکردن بە هێزی پێشمەرگەیە کە خۆی بە لای هێزی سنداندا بکا و لەوێ پرێس ببێ و ئیدی بە قەولی خۆیان جووقەواری پێشمەرگە لە ناوچەکەدا ببڕن... بەڵام 7 ساڵ شەڕی پڕ دەسکەوتی هێزی پێشمەرگە لەگەڵ دوژمن ئەوانی خاوەنی گەلێک ئەزموون و ڕۆڵەی لە کڵ دەرهاتوو کردبوو. بەرەبەیانی ڕۆژی ٢٨ی ڕەشەمە کاتژمێر ٦ی بەیانی تەقە لە کۆخی «عەبەشەریف» دەستی پێکرد. زۆربەی شوێنە ئەستەمەکان لە پاوانی هێزی دوژمندا بوون. بۆیە دەستەیەک لە پێشمەرگەکان ئەرکیان بۆ دیاری دەکرێ کە لە هێزی چەکوچی ڕێژیم بدەن، چونکی بە شکانی هێزی چەکوچ لە بنەڕەتدا هێزی «سندان»یش شکاوە. دوای ئەو بڕیارە پێشمەرگەکان هەموو توانای خۆیان وەگەڕ خست و گرینگترین نوقتەی ستراتیژیی شەڕگەیان گرت. بەگرتنی بەرزاییەکانی شەڕگە پێوەندیی بەشێکی زۆری هێزی ڕێژیم کە خۆیان بۆ ڕووناکی هەوا ئامادە کردبوو پچڕا و، تووشی سەرلێشیواوی هاتن؛ بەتایبەت بەگیرانی چەند بێسیمی هێزەکانی ڕێژیم هێزی چەکوچ بە تەواوی تووشی سەرلێشیواوی و پەڕشوبڵاوی بوو. شەڕ لە هەموو شەڕگەکان دەستی پێکرد و. دەستەیەکی دیکە لە پێشمەرگەکان خۆیان لە هێزی «سندان» نیزیک کردەوە و بە گورجی لێیان دان. ڕێژیم لە ماوەیەکی کەمدا کە هەر بە خەیاڵیشیدا نەدەهات شکستی خوارد و هێزی پێشمەرگە لە ماوەی ٥ سەعات شەڕدا هەموو شوێنێکیان لە هێزی داگیرکەر پاک کردەوە. پاشان هێزی یارمەتیدەر کە ئەویش چاوەڕوانی ئەو شکانە نەبوو بە چەکی قورس و نیوە قورس دەستبەکار بوون و سەنگەری پێشمەرگەیان ئاورباران کرد، کەچی بەو حاڵەش هێزەکانی دوژمن ورەی هاتنە پێشیان نەبوو... ئەوەش لە خۆڕا نەبوو، چونکی لە ماوەی ئەو چەند سەعاتەی یەکەمی شەڕدا زیاتر لە 100 کەسیان لێ کوژرابوو و بریندار ببوون. هەروەها چەند کەسیشیان لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە بە دیل گیرابوو و بەدەیان قەبزە چەکی جۆراوجۆریان کەوتبووە بەر دەستی هێزی پێشمەرگە. سەرکەوتن لەو شەڕە بۆ پێشمەرگە بوو، بەڵام خوێنبایی ئەو سەربەرزییە گیانی پاکی ٣ قارەمان بە ناوەکانی عەبدول فاتحی، کەریم قادری و عەبدوڵلا ڕەحیمی بوو. دیارە شەهیدبوونی سێ ڕۆڵەی نیشتمان ئازارێکی بەژان بوو، بەڵام مایەپووچکردنەوەی تاکتیکی نیزامیی دوژمن بۆ پێشمەرگە دەسکەوتێکی گەورە بوو.