کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەژاری و داڕمانی بنەماکانی کۆمەڵگەی ئێران

19:02 - 16 خەزەڵوەر 2718

ئاستی هەژاری و برسییەتی لە ئێرانی ژێردەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا هیچ کات نەگەیشتووەتە ئەو ڕادەیە کە ئێستا چین و توێژە هەژارەکان لەگەڵی بەرەوڕوون و لەبەری دەناڵێنن. زیاتر لە سەدا هەشتای خەڵکی ئێران لەژێر هێڵی هەژاری دان و ناتوانن بژیوی ژیانیان ئەوجۆرەی کە پێویستە دابین بکەن. هەروەها بە داننانی نوێنەرانی مەجلیس و تەنانەت کاربەدەستانی دەوڵەتی ڕووحانیش، نیزیکەی پێنج میلیۆن کەس لە کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لەژێر هێڵی برسێتی دان و ناتوانن ژەمەنانی خۆیان و منداڵەکانیان دابین بکەن و شەوانە بە زگی برسی سەر دەنێنەوە. ئەو کارەساتە لە حاڵێکدایە کە بەهۆی سیاسەتە دژی گەلییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات بۆ جارێکی دیکە گەمارۆ ئابوورییەکان بەسەر ڕێژیم و ئابووریی داڕماوی ئێراندا سەپاوەتەوە و لەو بەینەدا ئەوەی تێچووەکەی دەدا کۆمەڵانی هەژار و برسی و بێدەرەتانیی خەڵکی ئێرانە. داتەپینی ئابووری، چوونەسەرێی نرخیی پێداویستییە سەرەتاییەکانی بنەماڵە، بێکاری و نەبوونی داهاتی سەقامگیر و متمانەپێکراو و لە ئاکامدا پێوەستبوونی میلیۆنان کەس لە چین و توێژەکانی مامناوەندی بە هەژار و دەسکورتەکان، کۆمەڵگەی ئێرانی تووشی شڵەژان و زۆر نەخۆشیی کۆمەڵایەتی کردووە کە ڕەنگە ئێرانی ئێستا هەر لەگەڵ وڵاتە هەژارەکانی ئەفریقا و یەمەن و ئەفغانستان و بەنگلادێش بەراورد بکرێ. ئەو دۆخە نالەبارە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی تاوانە کۆمەڵایەتییەکانی وەک دزی و کوشتن، لەشفرۆشی و تووشبوون بە ماددە هۆشبەرەکان و گۆڕخەوی و دیاردەی منداڵانی سەرشەقام و هەروەها فرۆشتنی منداڵی ساوا، تەنانەت بەر لەدایکبوون و قاچاغکردنیان بۆ وڵاتانی کەنداو و زۆر دیاردەی دزێوی دیکە کە بەرهەمی چوار دەیە دەسەڵاتداری ڕێژیمی گەندەڵی کۆماری ئیسلامییە. بۆ دەرکی ئەو کارەساتەی لە ئێرانی کۆماری ئیسلامیدا ڕوو دەدا و خەریکە بەخێرایی تەواوی بنەماکانی کۆمەڵگەی ئێران کرمۆڵ دەکا، چەند نموونەی بچووک دەتوانێ قووڵایی کارەساتەکە نیشان بدا. ــ هێڵی هەژاری بەرز بووەتەوە و لە ئێستادا بەپێی دابەزینی نرخی بەرانبەری تمەن لە چاو دراوە دەرەکییەکان و هەروەها چوونەسەری نرخی پێداویستییەکان و تەنانەت بەرهەمە خۆماڵییەکان، هێڵی هەژاری پێنج میلیۆن تمەنە. واتە بنەماڵەیەکی چوار پێنج کەسی لە شارەگەورەکان ئەگەر داهاتی مانگانەی لەو بڕە پارەیە کەمتر بێ ئەوە دەکەوێتە ژێر هێڵی هەژاری. ئەوە لە حاڵێکدایە داهاتی کرێکارێک و بنەماڵەیەکی چوارکەسی، دیارە ئەگەر کاری بەردەوامی هەبێ، شتێکە لە دەوری میلیۆنێک هەتا میلیۆن و نیوێک لە مانگدا، لە شارە بچووکەکان ئەو داهاتە کەمتر لە میلیۆنێکە. جگە لەوەش هەروەک دەبینین زۆر لە کارخانە و ناوەندە پیشەسازییەکان بەهۆی قەیرانی ئابووری، ناکارامەیی کەرتی تایبەت لە بەڕێوەبردن و ڕاگرتنی ئاستی بەرهەمهێنان و زۆر هۆکاری دیکە کە سەرەداوەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵات دادەخرێن و کرێکاران یان لە کارەکانیان دەردەکرێن یان حەقدەستەکانیان پێ نادەن. هەر ئەوەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ناڕەزایەتی و مانگرتنی بەربڵاوی کرێکاران لە زۆربەی شارەکاندا. دۆخی کارمەندانی دەوڵەتی و ئەوانەی داهاتی مانگانەیان دیاریکراوە، زۆر باشتر لە کرێکاران نییە و بە پێی گرانی و چوونەسەری نرخی پێداویستییەکان، ڕۆژ لە ڕۆژ زیاتر هێزی کڕینیان دادەبەزێ، لەبەرامبەردا داهاتی مانگانەیان هەروەک خۆیەتی و بەدەگمەن لەئاست نرخی بازاڕ و ئاوسانی ئابووری زیاد دەکا. مانگرتنی بەربڵاوی مامۆستایان لە زیاتر لە ٥٠ شاری ئێران و کوردستان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە ژیان و گوزەرانیان لەم دواییانەدا، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە. ــ ڕێژەی تاوانە کۆمەڵایەتییەکان وەک دزی و کوشتن بۆ پارە و هێرش بۆ سەر ماڵی خەڵکی و بانک و ناوەندە ئابوورییەکان لە بەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو زۆر زیادی کردووە و ئەوەش بووەتە هۆی نائەمنی و ترس و دڵەڕاوکێی خەڵکی. جگە لەوەش خەڵک بەهۆی مایەپووچبوونی بانک و ناوەندە ماڵییەکانی نێوخۆیی کە زۆربەیان سەر بە دەستە و تاقمەکانی نیزیک لە دەسەڵاتن، متمانە و باوەڕیان بۆ ئەسپاردنی سەرمایەکانیان نەماوە و ناچارن ئەوەی هەیانە بیکەنە زێڕ و دۆڵار و دراوی جێباوەڕی دیکە. بە پێی ئاماری ڕێکخراوی بەندیخانەکان هەتا ساڵێک لەمەوبەر زیاتر لە ٢٠٠ هەزار تاوانبار لە بەندیخانەکان دان کە تاوانەکانیان زیاتر لەپێوەندی لەگەڵ بازرگانیی ماددە بێهۆشکەرەکان و هەروەها دزی و کوشتنی بەئانقەستە. هەروەها لەو پارێزگا و ناوچانەی کە لە زۆر بارەوە لە ئاست ناوچە پیشەسازییەکانی دیکە بێبەش کراون و پەراوێز خراون، وەک چوار پارێزگاکەی کوردستان، بەلووچستان و... هەژاری و برسییەتی تەنگی بە خەڵکی هەڵچنیوە و دۆخەکە زۆر خراپتر لە شوێنەکانی دیکەیە. لە کوردستان خەڵکی شار و ناوچە سنوورییەکان ناچارن بۆ بژیوی ژیان ڕوو لە کاری مەترسیدار و تاقەتپڕووکێنی کۆڵبەری بکەن و بەبێ لەبەرچاو گرتنی هەموو مەترسییەکانی وەک، تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم و کەوتنە نێو مەیدانی مین و هەڵدێران لە بەرزایی و زۆر مەترسیی دیکە، ژەمە نانێک بۆ بنەماڵەکەیان پەیدا بکەن. تەنانەت لەو نێوەدا پیرەپیاو و ژنانی بەساڵاچوو و خوێندکاران و کەسانی خاوەن بڕوانامەی باڵای خوێندنیش ناچارن ڕوو لەکۆڵبەری بکەن. ئەوه لە کاتێکدایە کە هەر لە سەرەتای ڕەزبەری ڕابردووهوه تا نیوەی یەکەمی مانگی خەزەڵوەر نیزیکەی ٣٠ کۆڵبەری کورد لە ناوچە سنوورییەکان بە هۆی تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم و مەیدانی مین و هەڵدێران لە بەرزاییەکان کوژراو و بریندار بوون. جگە لەوەش بێکاری و هەژاری بۆتە هۆی کۆچی خەڵک بۆ شارە گەورەکان و ناوەندە پیشەسازییەکان و کوورەخانەکانی خشتبڕی لە پارێزگاکانی دیکە کە ئەوەش زۆر لێکهوتهی کۆمەڵایەتی وەک نەخۆشی و تێکچوونی تەندرووستی و «زوو پیربوون»ی لەش و تەنانەت پڕووکانەوەی منداڵان و نەخوێندەواریی لێ کەوتووەتەوە. ئێستا لەکۆمەڵگەی نەخۆش و لەهەمان کاتدا ئاوسانی ڕاپەڕینی ئێراندا متمانە بە ژیان و داهاتوو، ئومێد بە باشبوونی دۆخەکە و ڕزگاربوون لە دۆزەخی بێکاری و برسییەتی و دەیان دیاردەی دیکە لە نێو کۆمەڵانی خەڵکی ئێراندا نەماوە و هەموو لایەک تەنانەت کاربەدەستانی ڕێژیمیش دەزانن مەترسیی «ڕاپەڕینی هەژاران» و خێڵی دەیان میلیۆنیی برسییەکان زۆر جیددییە. لە ئەگەری وەڕێکەوتنی وەها ڕاپەڕینێکدا کۆماری ئیسلامی بە هەموو هێزە سەرکوتکەرەکانیەوە ناتوانێ بەر بەو ڕاپەڕینە بگرێ کە خوازیاری پارووە نانێک و تێرکردنی زگی قوپاوی منداڵەکانیەتی. سروشتی ئەو ناڕەزایەتییە تەنیا ناڕازیبوون لە سیستەمی دەسەڵاتداری و دیکتاتۆڕی و سەرەڕۆیی دەسەڵاتداران نییە کە کۆماری ئیسلامی مۆرکی دژی شۆڕش و بەستراوەبوون بەناو دوژمنانی دەرەکی! و... لێ دەدا، سروشتی ئەو ناڕەزایەتییانە تەنیا لە چوارچێوەی ویست و داخوازە سیاسییەکانی وەک ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادیی ژنان و جلوبەرگ و دژایەتیی لەگەڵ لەژێرپێنانی یاساکان لەلایەن کاربەدەستانەوە نییە کە بە هێزی سەرکوتکەری بەسیج و سپا و دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە دامرکێتەوە؛ سروشتی ئەو ناڕەزایەتییە کە خەریکە وەک گڕکان خۆی دەخواتەوە، ئابوورییە و نانە و گازەندە لە برسیەتییە کە ئەگەر بتەقێتەوە، دەبێتە «ڕاپەڕینی هەژارەکان» و ئەو هێزەی هەیە کە چارەنووسی ڕێژیم بە ئاقارێکی دیکەدا بەرێ و یەکلایی بکاتەوە. بەدڵنیاییەوە کۆمەڵانی هەژار و برسیی خەڵکی ئێران هیچ ترسێکیان لە ئاکامی وەها ڕاپەڕینێک نییە، چونکە ئاستی نەهامەتی و تووڕەیی خەڵکی داماوی ئێران لەو دۆزەخە گەیوەتە ڕادەیەک کە تەنانەت ئەگەر گرتن و ئەشکەنجە و کوژرانیشی تێدا بێ، ئەوا لە مەرگ لە برسییەتی و ڕووزەردبوون لە ئاست بنەماڵەی چاولەدەست زۆر باشترە و کورد گوتەنی مردن جارێک و شیوەنیش جارێک! کۆمەڵانی خەڵکی ئێران باش دەزانن ئەو نیزامە گەندەڵە چ لە سەرمایەکانی ئێران دەکا و چۆن بۆ درێژەدانی سیاسەتەکانیی خۆی لە نێوخۆ و لە دەرەوە، بەفیڕۆی دەدا. ئەوان باش دەزانن سپای پاسداران چنگی بەسەر ئابووریی ئێراندا گرتووە و بووەتە دەوڵەتی هاوتەریب و لەگەڵ بنکە و بنیاتە زۆر و زەبەلاحەکانی سەر بە ڕێبەری ڕێژیم وەک زەروو خەریکی مژینی خوێنی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران و زیادکردنی هەژار و برسیییەکانن. ئێستا پرسیار ئەوەیە ئایا کۆماری ئیسلامی توانای چارەسەری کێشەی هەژاری و برسییەتی، لە نێو لەسەدا هەشتای خەڵکی ئێراندا هەیە؟ ئایا ئەو ڕێژیمە لەبری بەرنامە مووشەکییەکانی، هەوڵدان بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکە کۆمەڵکوژەکان، دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچە و ئاژاوەنانەوە و هەروەها یارمەتیدانی دەستە و تاقمە تێرۆریستییەکان کە دەیان میلیارد دۆڵار تێچووی ساڵانەی لەسەر دەستی خەڵکی ئێران داناوە، ئاوڕێک لە «خێڵی برسییەکان» دەداتەوە؟ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانە دەبێ چاوێک بە کارنامەی کۆماری ئیسلامی بخشێنینەوە کە لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا تۆماری کردووە! ئەو ڕێژیمە دژی گەلییە و سپای پاسداران ئامادە نین واز لە سیاسەتەکانی خۆیان بێنن و ڕێگایەک بگرنە بەر کە لەوە زیاتر کۆمەڵانی خەڵکی ئێران تووشی داماوی و نەهامەتی نەبن. ئەو ڕێژیمە گەندەڵە لە تەواوەتیی خۆیدا بەرەو داڕمان دەڕوا و ڕووداوەکانی داهاتوو لە ناوچە و لە نێوخۆدا بەقازانجی تەواو نابن. گومان لەوەدا نییە لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا و بەتایبەت پاش تەواوبوونی پاشکەوتی دراویی دەوڵەت و ویشکبوون یان کەمبوونەوەی داهاتەکانیی ڕێژیم لە فرۆشی نەوت و سەرچاوەکانی دیکەی داهات، کۆماری ئیسلامی لەگەڵ قەیرانی زۆر قووڵتر لەوەی کە تا ئێستا خوڵقاندوویەتی بەرەوڕوو دەبێتەوە و لە وەها دۆخێکدا هیچ دوور نییە ئێران و جیهان شاهیدی «ڕاپەڕینی هەژاران» بن. ئەو دەیان میلیۆن هەژار و برسییەی کە هیچیان نییە لە دەستی بدەن، جگە لە هەژاری و برسییەتی.