کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەینەتیی کوردبوون

19:10 - 16 خەزەڵوەر 2718

مەینەتیی کوردبوون (ساڵێک دوای بوومەلەرزەکەی پارێزگای کرماشان) ٢١ی خەزڵوەری ٩٦ی هەتاوی لە مێژووی کارەساتەکانی مرۆڤایەتی و بەتایبەتی کورد، ڕێکەوتە لەگەڵ تاڵیادی کارەساتباری بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان، کە لەچەند چرکەسات گیانی سەدان کەسی ئەستاند و بەهەزاران کەسی بریندراو و بێ خانەولان کران و دەیان گوند بە تەواوی بوون بە کاولاش. شەوی ٢١ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی مەرگهێنەرترین بوومەلەرزەی ئەو ساڵە لە پارێزگای کرماشان و بەتایبەتی لە ناوچەی سەرپێڵزەهاوی دا. بەڵام لەوە کارەساتبارتر ئەمە کە لە یەکەم ڕۆژانی ئەو ڕووادەوە دڵتەزینەوە تا کوو ئەمرۆ پاش ساڵێک دەبینرێ ئەوەیە کە لە بەتاڵایی هەبوونی دەوڵەتێکی بەرپرسیار و خەمخۆر، لێقەوماوانی بوومەلەرزە لێدراو لە دۆخێکی زۆر خراپدا بەسەردەبەن و وادوە و بەڵینییەکانی دەوڵەتیش زۆربەی زۆریان هەر لە ئاستی قسەدا ماونەتەوە. ساڵی ڕابردوو بە هۆی بوولەرزەیەکی ٧.٣ ڕیشتەری بە ناوندێتی ئەزگەلە لە نێوان سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باشوور لە پارێزگای کرماشان نیزیک بە ٧٠٠ کەس گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە ٩ هەزار کەسیش بریندار و پتر لە ٧٠ هەزار کەسیش بێ خانەولان مانەوە. ڕاستە هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی ئەم کارەساتە هەرەوەزێکی بێوێنە لە کوردستان و ئێران بۆ یارمەتیدانی لێقەوماوان دەستی پێکرد و چالاکانی مەدەنی و کەسانی خۆبەخش و خێرخواز دەوری بەرچاویان هەبوو، بەلام بەهۆی قووڵیی کارەساتەکە و سستی و کەمتەرخەمیی دامودەزگا حکوومییەکان، دوای ساڵێکیش زۆر لە گرفتی خەڵکی لێقەوماو چارەسەر نەکراون و ئێستاش بەشی هەرەزۆری خەڵکی سەرپێڵیزەهاو کە زیاترین خەساریان لێکەوتووە، لەنێو کانێکس و خێوەتی ناستاندارد لە وەرزی گەرمادا بەگەرمای سوورەتاو و لە وەرزی سارد و تووشیشدا لەژێر ڕهێڵەی باران و سۆزی سەرمادا دەژین. وەک هەواڵنێرێک باسی دەکا، زۆر لە کانێکسەکان کە دەوڵەت وەکوو خزمەتکردن و پێڕاگەیشتن بە خەڵکی داوە، ناستاندارد و بەرگەی سووکترین با و سەرماش ناگرن هەربۆیە خەڵکی ماڵ و حاڵ شێواوی بوومەلەرزەلێدراو لە دۆخێکی نالەباردا دەژین و نەبوونی دەسەڵاتێکی خەڵکی و خزمەتگوزار، بۆتە حەسرەتی سەر دڵی دڵسۆزان و چالاکانی مەدەنیی کورد. لێکەوتەکانی بوومەلەرزەی کرماشان زۆر خاڵی نیگەتیڤی هەبوو کە یەک لەوان پەرەسەندنی خەمۆکی و مەلوولیی خەڵکی لێقەوماو بوو لەنێو دوو بەڕداشی ماڵوێرانی و نەبوونی دەوڵەتێکی کارا و خەمخۆر، ئەوەش گەیشتە ڕادەیەک کە دەیان حاڵەتی پەنابردن بۆ خوکوشتن لەو ناوچە ڕوو بدا. هەر چەند حەوتوو دوای ئەم کارەساتە بوو کە شەهاب نادری، نوێنەری هەورامانات ڕایگەیاند زیاتر لە ٢٠ حاڵەتی خۆکوشتن لە نێو خەڵکی بوومەلەرزە لێدراو ڕووی داوە، کە دڵتەزێنترینی خوکوشتنی پیاوێکی تەمەن ٧٨ ساڵ بە ناوی «موراد بووچانی»، خەڵکی سەرپێڵی زەهاو بوو؛ کە دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە حەوت مانگ لە کارەساتی بوومەلەرزەکە، بەهۆی ئاوارەی و دەربەدەری و خەمساردییەکانی حوکمەت، کۆتایی بە ژیانی هێنا. هەر لەو یەک ساڵەدا بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان گیانی چەند منداڵی و سەرەڕای ئەو هەمووە گیر و گرفتە دامودەزگا حکوومییەکان تەنیا سەیرکەری خەڵکی کارەساتلێدراون و لە جیاتی خزمەتکردن و پێڕاگەیشتن کە ئەرکیانە، کێشە و گرفتیش بۆ خەڵکی خێرخواز و یارمەتیدەر ساز دەکەن. ناوەندە ئەمنیەتییەکان دوای پەرەسەندنی هەرەوەزیی یارمەتیگەیاندن بە پارێزگای کرماشان کە هەستێکی مرۆڤدۆستانە و کوردانەی گەشە پێدا، دەستان کرد بە دەسبەسەرکردنی چالاکان و ڕێکخەرانی کەمپەین و ئەنجوومەنەکانی تایبەت بە یارمەتیگەیاندن بە خەڵکی زیاندیتووی بوومەلەرزەکە. وەک شایەتحاڵان باسی دەکەن دوای ساڵێک لەو ڕووداوە نە تەنیا ناوەندە دەوڵەتییەکان ئەرکی خۆیانیان بە جێ نەگەیاندوە، بەڵکوو دەستیان بەسەر کەلوپەلی کۆکراوەی خەڵکی یارمەتیدەریش داگرتووە و بەشێکی هەرەزۆریشی دزراون. کارەساتی بومەلەرزەی کرماشان و ڕەفتاری دەوڵەت ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە ئێران و بەتایبەت کوردستان هیچ متمانەیەک لەنێوان خەڵک و دەسەڵاتدا نەماوە، هەربۆیە خەڵک لە کاتی کۆکردنەوەی یارمەتییەکاندا کەسانی خۆبەخش و ناسراویان لەو بارەوە بە «ئەمین» دەزانی تا ناوەندە دەوڵەتییەکان، هەر ئەمەش بۆتە هۆی تووڕەیی ناوەندە ئەمنیەتییەکان و دامودەزگا حکوومییەکان و تەنانەت کەسانێکی وەکوو «عەلی دایی» و سادق زیباکەلام» کە ڕۆڵی گرینگیان لە کۆکردنەوەی یارمەتییەکان و گەیاندنیان هەبوو، بانگ کرانە دادگا. ئێستا دوای ساڵیک بەسەر کارەساتی بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان ناوەندە حکومییەکانیش نایشارنەوە کە خەڵکی لێقەوماو و ماڵوێران دوای ساڵێک لەگەڵ دەیان گرفتی چارەسەر نەکراو ڕووبەڕوون و لە دۆخێکی دژواردا دەژین. بۆ نموونە ماڵپەڕی «ئیرنا» دەڵێ ژنان و منداڵان بەهۆی سەرما و نەبوونی شوێنی حەسانەوە و ژیان لە نێو کانێکسدا تووشی نەخۆشی بوون و پێوەندیی بنەماڵەیی دابەزیوە و ئەندامانی بنەماڵەکان بەچووکەترین شت تووڕە دەبن و بە سەدان منداڵان وێڵ و وەیلانن و کەس ئاگای لێیان نیە. ئەو دۆخە نالەبارە لە کاتێكدایە کە دوای ساڵێک دەوڵەت و بەرپرسانی رێژیم بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچە ڕووخاوەکان دارێکیان لەسەر بەردێک دانەناوە و هەر ئۆرگانێک ئەوی دیکە بۆ کردنەکەی بە ئەرکدار و بۆ نەکردنەکەی بە تاوانبار دەزانێ و لەو نێوەشدا هەر خەڵکی لێقەوماون کە زەرەرمەندن. ئەگەرچی بە پێی ڕاپۆڕتی «پێگەی پێوەندییەکانی هەیئەتی دەوڵەت» بڕیاری ئاوەدانکردنەوەی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانی کرماشان و دابینکردنی کەلوپەل و پێداویستییەکانی خەڵکی لێقەوماو پەسند کراوە، بەڵام وێنە و گرتە ڤیدیۆیەکانی بڵاوکراو باس لەوە دەکەن کە ئەوەش کە کراوە بە هۆی هاتنە مەیدانی کەسانی خۆبەخش و مرۆڤدۆست بووە و دەنا سەرقاڵیی کۆماری ئیسلامی بە خزمەتکردنی خەڵکی سووریە و ئاژاوەنانەوە لە ناوچەکە مەجالی بۆ ئەوە نەهێشتووەتەوە کە بەگوێرەی پێویست خزمەتێ خەڵکی لێقەوماو بکا. ڕاستە دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی و هەواڵدەرییە حکوومییەکان لەهەوڵ دان ڕاستییەکانی ناوچە بوومەلەرزە لێداروەکان چەواشە بکەن، بەڵام هەموو خەڵکی کوردستان و بە تایبەت ئەوانەی سەردانی ناوچەکانی سەرپێڵزەهاو دەکەن، دەزانن کە واقعییەتەکان چۆنن.