کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران و سەپاندنەوەی تەحریمەکانی ئەمریکا

19:35 - 16 خەزەڵوەر 2718

شەش مانگ بەسەر ڕاگەیاندنی کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی بەرجام بۆ چارەسەری کێشەی دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران تێ دەپەڕێ. لەم شەش مانگەدا سەرۆککۆماری ئەمریکا بەردەوام کۆماری ئیسلامیی لە گێڕانەوەی ئەو بەشە لە سزاکانی ئەمریکا لەسەر ئێران، کە لە کاتی دەسەڵاتدارەتیی ئۆبامادا هەڵپەسێردرابوون، لە ئەگەری جێبەجێ نەکردنی مەرجەکانیان وریا کردوەتەوە. لە کۆتاییدا ڕۆژی ١٣ی خەزەڵوەر بڕیاری گێرانەوە و جێبەجێکردنی هەموو ئەو سزایانەی پێشتر کۆنگرە و مەجلیسی سێنا پەسەندیان کردبوو، دەرچوو. دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی کە لە تەواوی ماوەی دەسەڵاتدارەتیی ڕەشی خۆیاندا لاسارانە و بێ گوێدان بە بەها و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و بەدوور لە لەبەرچاوگرتنی هەرچەشنە ئەخلاقێکی سیاسی هەوڵی پەرەپێدانی دەسەڵاتی خۆیان بە شێوەی ناڕەوا داوە، لەدوای بەردەوامی لەسەر لاسارییەکانیان، ئەمجارە خۆیان لەبەرامبەر ئیرادەی نەگۆڕی ئیدارەی تڕامپدا دیتەوە کە هەست دەکرا دەیانەوێ سنوورێک بۆ سیاسەتی دەستدرێژیکارانەی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دیاری بکەن. ئەوان لە جیاتی بیرکردنەوە لە ژیانی خەڵک و چارەسەری کێشەکانیان، لە بازنەی کێشە و کێبەرکێی بەرژەوەندییەکانی ئورووپا، ڕووسیە و چین لەگەڵ ئەمریکا کەوتنە ململانێیەکی نابەرابەر و نابەجێ لەگەڵ ئەو وڵاتە، کە لە چەند مانگی ڕابردوودا بە کشانەوەی یەک لەدوای یەکی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ئورووپایی و ئاسیا لە گرێبەستەکانیان لە بوارە جۆراوجۆرەکانی بازرگانی لەگەڵ ئێراندا، دۆڕاویی ئەم سیاسەتە بەڕوونی دیار بوو. سیاسەتێک کە هەر لە سەرەتاوە ڕوون بوو جگە لە زیان پێگەیاندنی زیاتر بە ژیان و داهاتووی خەڵکی ئێران دەسکەوتێکی نەدەبوو. ئەمە جگە لەوەی کە پێگەی ناوچەیی ئێران بەهۆی هەڵوێستی شەڕەنگێزانەیان ڕۆژبەڕۆژ لاوازتر بووە و تەنانەت نزیکترین هاوپەیمانەکانیشیان لەو کێشەدا خۆیان لێ دەدزییەوە. هەرچەند ئیستا ئیتر وەک پێشوو تەنیا کێشەی دامەزراوە ناوکییەکانی نییە کە ئەمریکا خۆی پێوە سەرقاڵ کردبێ، بەڵکوو مەسەلەی تێرۆریزم، دەخالەتەکانی ئێران لە وڵاتانی ناوچە، پشتیوانی لە گرووپە تێرۆریستییەکان، مەسەلەی تاوانەکانی شەڕ، مافی مرۆڤ و هتد، بەشێکن لەو بابەتانەی کە پەروەندەیەکی قەبەی لەسەر کۆماری ئیسلامی لەلای ئیدارەی تڕامپ درووست کردووە و لە ئەگەری دەستهەڵنەگرتنیان، بۆ هەرکامیان ڕووبەڕووی سزای نوێ دەبێتەوە. بەپێی ئەو بڕیارەی دەوڵەتی دۆناڵد تڕامپ کە سەنعەتی نەوت و سەرچاوە بانکی و داراییەکانی ئێرانی کردووەتە ئامانج، کۆماری ئیسلامی بێبەری دەبێ لە هەر چەشنە مامڵەیەکی بانکی و فرۆشتنی نەوت کە بێگومان زیانێکی زۆر بە ئابووریی ئێران دەگەیەنێ و دەبێ چاوەڕوانی داڕمانی یەکجاریی ئابووری وڵات بکرێ. ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەڵاوسانی دراوی و چوونەسەرێی بایی هەموو پێداویستییەکی ڕۆژانەی ئاسایی کە شوێنەواری کورتماوەی فشارەکانی ئەمریکایە، نەک ئێستا بەڵکوو لە چەند مانگ لەمەوبەرەوە بەڕوونی خۆی دەرخستووە و، درێژەکێشانی ئەم وەزعە ژیانی خەڵکی لە ئێران بەرەوڕووی مەترسییەکی گەورە کردووەتەوە. ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی کە هەتا ئیستاش لووتبەرزانە قسە لە دۆڕاویی سیاسەتەکانی ئەمریکا دەکەن و خۆیان لە گوتنی ڕاستییەکان بە خەڵک دەدزنەوە و بە بەرزکردنەوەی ئەو دروشمانەی ساڵانێکە گوێی خەڵکی پڕکردووە و بە ئیدیعای تێپەڕاندنی قەیرانی تەحریمەکان و تێکشکاندنی ئەمریکا دەیانەوێ داماوی خۆیان بشارنەوە، بۆ خۆیان باش دەزانن کە ڕاوەستان لە وەها پێگەیەکدا چ زیانێکی گەورە بە خەڵک و داهاتووی وڵات دەگەیەنێ. بەڵام باش دیارە کە ئەوان تەنیا بیر لە پاراستنی دەسەڵاتە ڕەشەکەی خۆیان دەکەنەوە و لە پێناو ئەو مەسەلەدا بۆیان گرینگ نییە کە چی بەسەر ژیانی خەڵکدا دێ. بەمجۆرە و بە ڕاگەیاندنی ئەم بڕیارە، ئەگەر چاوەڕوانییەکان لەسەر ئەوەی کە ئەمریکا لە بەرامبەر داواکاری و فشاری زۆری وڵاتانی هاوپەیمانی لە ئاستی جیهانیدا و بە تایبەت وڵاتانی ئورووپایی کە کۆماری ئیسلامی بە بەردەوامی قسەی لە هەوڵی ئەوان لە پێشگیری لە کاریگەری هەڵوێستی ئەمریکا لە بەرامبەریاندا دەکرد، چ گۆڕانێک بەسەر سیاسەتەکانیدا دێنێ کۆتایی پێهات. بەمەش ڕێگەی چەواشەکاری و فریودانی خەڵک لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دەبەسترێ کە لەوە زیاتر نەتوانن بە ئومێدبەخشینی خەیاڵی تەنانەت هێزە فریودراوەکانی خۆیشیان لەسەر پێ ڕابگرن. ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی بە بەردەوامی هەوڵیان داوە بە گەورەکردنەوەی کێشە دەرەکییەکان کە خۆیان خوڵقێنەری بوون و هەمیشە حەزیان کردووە کە ئەو جۆرە کێشانە زیاتر لەوەی هەیە بخەنە بەرچاوی خەڵک، خۆ لە باس لە کێشە و قەیرانە بنەڕەتییەکە کە چاوەڕوانی و داواکاری جۆراوجۆری خەڵک لە بواری سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و ئابووریییەک کە پێوەندیی بە ژیانی ئەوانەوە هەبووە ببوێرن. ئەوان بەم شێوە مەبەستیان بوو کە بە نیشاندانی مەزڵوومییەتی خۆیان لە بەرامبەر ئەوەی بە دوژمنکاری دەرەکییان ناو دەبرد و گۆیا وڵات لەمەترسی دایە، خۆیان لە چارەسەری دەیان قەیرانی خوڵقاوی دەستی خۆیان لە نێوخۆ بدزنەوە و وڵامی داواکاریی چالاکانی نێوخۆ بە تۆمەتلێدان بە پێوەندی لەگەڵ دەرەوە بدەنەوە. لەولاشەوە کێشەکانی دەرەوە بە هۆکاری وێرانیی وڵات و خراپبوونی ژیان و گوزەرانی خەڵک لە قەڵەم بدەن. ئیستا گومان لەوەدا نەماوە کە خەڵک بە گشتی لە سیاسەتی دووڕوویانە و درۆزنانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە باشی تێگەیشتوون و ئەگەر بەشێک لەو خەڵکەش لە چاوەڕوانیی چارەسەری کێشە درەکییەکاندا بۆ گۆڕانی وەزعی وڵاتدا مابوونەوە، دەبێ بۆیان دەرکەوتبێ کە ئەوە کۆماری ئیسلامییە کە هەر هەموو ڕێگەکانی بەردەم چارەسەی کێشەکانی ئەوانی بەستووە. بەم جۆرە چاوەڕوان مانەوە نە تەنیا یارمەتییەک بە داهاتوویان ناکا بەڵکوو هۆکارێکی گرینگیشە بۆ ئەوەی سەرانی ڕێژیم بتوانن ئەو جۆرەی پێیان خۆشە و بەبێ گوێدان بە ژیان و داهاتووی خەڵک و وڵات، درێژە بە دەسەڵاتدارەتیی خۆیان و مانەوەی ڕێژیمەکەیان بدەن، ڕێژیمێکی لاواز کە هیچ داهاتوویەکی نەماوە. بۆیە گرینگە کە هەرچی زیاتر بۆ ڕزگاربوون لە چنگ زوڵم و زۆرداری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی پەرە بە ناڕەزایەتییە ڕەواکانی خەڵک بدرێ و نیشان بدەن کە ئەوان بەشێک نین لەو دامودەزگا مافیاییەی کە سزا دراوە و لەم ڕێگەوە بە خۆڕێکخستن و هاتنە مەیدان ئەوانێش ببنە هۆکارێکی فشار بۆ پاشەکشە بەو ڕێژیمە و گرتنەبەری ڕێگەی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان.