کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چ بکرێ؟!

06:35 - 21 خەزەڵوەر 2718

وەگەڕخستنەوەی سەرلەنویی گەمارۆکان بۆ سەر ریژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و دۆخی ناسەقامگیری ناوخۆی ئێران کە پێدەچێ کۆمەڵێک رووداوی چاوەڕوانکراو و هێندێک جارێک چاوەڕواننەکراوی لێ بکەوێتەوە، خەڵکی ئەم وڵاتەی تووشی جۆرێک لە قەلەقی و دڵەڕاوکێ کردوە. هەڵبەت بە پێی رەوتی رووداوەکانی ئەم چل ساڵەی  ناوخۆی ئێران و ئەو سیاسەتانەی لەم چوار دەیەدا لە لایەن دەوڵەتان و کۆمەڵگای جیهانییەوە خراوەتەسەر ئێران کە زیاتر ئاکامەکەیان بۆتە خولانەوە لە نێو بازنەیەکی پڕ لە سات و سەودای بەرژەوەندییەکان و بێ‌هیوایی خەڵک، ئەم تەلەق‌بوونە پێدەچێ شتێکی سرووشتی بێت. بەڵام ئەمەی ئێستایان لە جۆرێکی دیکەیە. ئێران لە رووی ناوخۆییەوە لە بارودۆخێکی تا ڕادەیەک جیاوازتر لە ڕابردوو دایە، بەتایبەت ئەوەندەی پێوەندی بە ژیان وگوزەرانی خەڵکەوە هەبێ، فشارەکان لەچاو رابردوو قابیلی بەراوەردکردن نین. نارەزایەتییەکانی خەڵک بەکردوە چۆتە قۆنا‌غێکی دیکەوە و خەڵک کەمترین متمانەی بە نیزام و چاکبوونی دۆخەکە نەماوە و لە هەمووی گرینگتر لە نەبوونی رێبەر و ئاڵترناتیڤ و بێ‌بەرنامەیی بۆ داهاتووی ئێران پڕ نیگەرانن. کۆمەڵگای سیاسیی ئێران کە بریتی بێت لە تەیف و لایەن و گرووپە جۆراوجۆرەکانی دەرەوەی بازنەی بەیتی رێبەری و باڵی بناژۆخواز چیدیکە وەک جاران باوەڕیان بە  شانسی هەستانەوەی رەوتی رێفۆرمخواز نەماوە و وەک خۆیان باسی لێوە دەکەن گەندەڵی سەرتاپای پەیکەرەی سیاسی و ئابووری ئەم ریژیمەی داتەنیوە. ئەوەیکە لە داهاتوودا چ دەکرێ و چ دەبێ بکرێ پێوەندی بە دوو ڕەهەندی ناوخۆیی و دەرەکییەوە هەیە. بە ڕواڵەت دیارە کە بە شێوەی ڕەسمی فشارە دەرەکییەکان  بۆ سەر رێژیم، مانای تێکەوەپێچانی ئەم رێژیمەی لێ‌ناکەوێتەوە. هەرچەند بەشێک لە کاربەدەستانی کۆشکی سپی لەم ماوەیەدا جارجار باسیان لەوە کردوە کە ئامانجی گەمارۆکان "سەقەتکردن"ی رێژیمە. بەڵام لانیکەم لە شێوەی بەرخوردی ژووری پێوەندییەکانی کۆشکی سپی لە گەڵ ئۆپۆزیسیۆنی رێژیمی کۆماری ئیسلامی‌دا، ئەو بەرداشتە ناکرێ کە ئامانجەکە رووخانی ریژیم بێت. بۆیە لە سەر ئاستی نێوخۆییە کە زیاتر هیوا بە گۆڕانکاری قوڵ و بنەڕەتی لە ئێران‌ لە ئارا دایە و قسەی لە سەر دەکرێ. ئەگەر لەم پێوەندییەدا جارێ واز لە ئۆپۆزیسیۆنی سەرانسەری ئێرانی بهێنیین کە چ بەرنامەیەکی بۆ داهاتووی ئەم وڵاتە هەیە و چۆن دەتوانێ ئیستعدادی بەئاڵترناتیڤ‌بوونی هەبێ و متمانەی کۆمەڵگا بۆ لای خۆی راکێشێ، پێویستە بە کورتی قسەیەک لە سەر ئەرکی حیزبەکانی کوردستان بکەین. بارودۆخی کوردستان ئەمڕۆژانە زۆر زیاتر لەوەی حیزبەکان بیری لێ دەکەنەوە ئاڵۆز و ناسەقامگیرە. ئەگەر لە سەر ئاستی ئێران‌دا تا ئێستا خەڵک بۆ گۆڕانکارییەکان و رێبەریکردنی ئەم گۆڕانکاریانە هیچ ئاڵترناتیڤێکی دیار و هەمگیر نابینێ و جارێ بۆی پەیدا نەبووە، دۆخەکەکە بە نیسبەت کوردستانەوە زۆر جیاوازە. حیزبەکانی کوردستان سەرەڕای هەموو کەم‌وکوڕی و ڕەخنەیەک کە لە سەریانە، ئێستایش جێی هیوا و هۆمێدی خەڵکی کوردستانن. ئەمە تەنیا ئیدیعا نیە، هەڵوێستیی گشتیی خەڵکی کوردستان لە ٢١ی خەرمانانی ئەمساڵدا سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە. ئەوەیکە لەم شەرایەتەدا حیزبەکان دەبێ چ بکەن، باسێکی ئەساسی و بنەڕەتییە کە وەزیفەی حیزبەکانە دەروەستانە هەنگاوی بۆ بنێن. ئەوان پێویستە کارێک بکەن کە خەڵکی کوردستان لێیان چاوەڕوان دەکات. رۆژانە خەڵک کە قسە لە دۆخی ئێستا و داهاتووی ئێران و کوردستان دەکەن، پێش هەموو شتێک رووی دەمیان لە حیزبەکانە. خەڵک چاوەڕوانییەکی سەیروسەمەرەیان لە حیزبەکان نیە، تەنیا داوایان ئەوەیە کە پێکەوە بن و بە یەکگرتوویی بیر لە ئایەندەی خاک و خەڵکی خۆیان بکەنەوە، پێکەوە بیر لەوە بکەنەوە کە چۆن کوردستان ئیدارە دەکەن، بیر لەوە بکەنەوە کە چۆن پێکەوە لە گەڵ تاران دەسازێن و چۆن پێکەوە دەتوانن پێش بە دووبارەبوونەوەی ئەزموونە شکستخواردوەکانی رابردوو بگرن و بە گشتی چۆن دەتوانن کوردستان لە مەترسییەکانی ئێرانی داهاتوو بپارێزن. بۆیە لە دۆخی ئێستادا حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەرکە لە سەر شانیان کە زیاتر لە دەوری یەکتر کۆببنەوە و قسە لە چۆنیەتی رووبەرووبوونەوە لە گەڵ پێشهاتەکان بکەن. بەداخەوە لەم ماوەیەدا کە خەڵک چاوەڕوانیی ئەوەی هەیە کە حیزبەکان زیاتر چاویان بە یەکتر بکەوێ و زیاتر لە سەر کارەهاوبەشەکانی داهاتوویان لە گەڵ یەکتری کۆببنەوە، جۆرێک لە کەمتەرخەمی و گوێنەدان باڵی پێوەندییەکانیادا کێشاوە. ئەم خەمساردییە ڕاستەوخۆ کاریگەریی لە سەر بیرکردنەوەی نوخبەی سیاسی لە ناوخۆی وڵات داناوە و تووشی دڵەڕاوکێ کردوون. ئێستا کە حیزبەکان زەرفێکیان بە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکان بە دەستەوەیە کە هەر لە سەرەتاوە ئامانجەکەی هەر بۆ ئەمەبوو کە حیزبەکان پێکەوە بیر لە کاری هاوبەش و خۆرێکخستن بۆ داهاتوو بکەنەوە، پێویستە خۆیان زیاتر لە هەمیشە بە بەرپرسیار بەرانبەر بەو میللەتە بزانن و لەم ناوەندەدا وێڕای بەرفراوانکردنی، پێکەوە بیر لە داهاتوو بکەنەوە و قسەیان بۆ خەڵک پێ بێ. بەشێک لەو قەلەقی و دڵەڕاوکێیەی کە لەم هەلومەرجەدا بە سەر بیرکردنەوەی خەڵکی خاوەنەزەر و تەنانەت خەڵکی کوردستان بە گشتی‌دا زاڵە، دەکرێ پێوەندی ڕاستەوخۆی بەم کەمتەرخەمییەی حیزبەکان و بێ‌بەرنامەییان بۆ چۆنیەتی رووبەرووبوونەوە لە گەڵ پێشهاتە سیاسییەکان هەبێت کە ئەمەیان لەم هەلومەرجەدا قابیلی قبووڵ نیە. هەر لەم پێوەندییەدا مادام ئێمە پێمان وایە لە نێوخۆی وڵاتیش چالاکانی سیاسی و مەدەنی و بە گشتی کۆمەڵی چالاکان، رۆڵ و کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لە سەر کۆمەڵگا و رووداوەکان هەیە، پێوستە ئەوانیش زیاتر لە هەمیشە بە کۆبوونەوە لە دەوری یەکتر و بە پاراستنی یەکڕیزی خۆیان زیاتر لە هەمیشە کار لە سەر رێکخستنی کۆمەلگای کوردستان بەمەبەستی مودیریییەتکردنی رەفتاری خەڵک بکەن.