کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرگریی ڕەوا وەک ماف لە بەرامبەر سەرکوت و توانەوەدا

19:45 - 23 خەزەڵوەر 2718

(لە پەراوێزی وتووێژەکەی باڵوێزی ئێران لە عێڕاق لە تەلەڤیزیۆنی "ڕووداو"دا) چەند شەو لەوە پێش لە بەرنامەی "ڕوودای ئەمڕۆ" لە تەلەڤیزیۆنی "ڕووداو"دا چاوپێکەوتنێک لەگەڵ باڵوێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێڕاق کرا کە باس لە پێوەندیی جۆری هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق و هەرێمی کوردستاندا بوو. ئاغای مەسجدی، باڵوێزی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق لە تەواوی وتوێژەکەدا هەوڵی دا کۆماری ئیسلامی وەک دۆستی حکومەت و خەڵکی عیراق و هەرێمی کوردستان نیشان بدا و هەموو دەستێوەردانێک لە کاروباری نێوخۆیی ئەو وڵاتەی ڕەت کردەوە و وای لێک دایەوە کە ئەوەی لە عێڕاق و هەرێمی کوردستان کردوویانە لە پێناو خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئەم وڵاتە بووە. ئەوەی کە نەخشی ئێران لە عێڕاق و هەرێمی کوردستان و بەرنامە و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی چەندە لە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی عێڕاق و هەرێمی کوردستاندا بووە و چەندە هۆی ناسەقامگیریی ئەم وڵاتە، با وەڵامەکەی بۆ خەڵک و دەسەڵاتی سیاسی لە عێڕاق و هەرێمی کوردستان بەجێ بێڵین؛ بەڵام هەندێ قسەی جەنابی باڵوێز لە پێوەندی لەگەڵ پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها سیاسەتی حیزبە کوردییەکانی ئێران جێگای تێڕامان و وەڵامدانەوەن. ناوبراو کە دێتە سەر باسی حیزبەکانی هەرێمی کوردستان بە ئاشکرا وتەنانەت بە "لاتاو" باسی لە دۆستایەتیی نزیکیان لەگەڵ کەسایەتییەکان و حیزبەکان لە هەرێمی کوردستان دەکا و سەروبنی قسەی لەو پێوەندییەدا ئەوە بوو کە کۆماری ئیسلامی چ پێش ڕوووخانی دەسەڵاتی سەدام حوسین و چ دوای ڕووخانی ئەم دەوڵەتە، یار و پشتیوانی ئەم حیزبانە بوون و لە بواری ئاوەدانی و ئابووری و پێشکەوتنەوە هاوکاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان کردووە و وەها بە تەئکیدەوە باسی ئەو پیاوچاکییەی! خۆیانی دەکرد کە ئەننەهوو  ئەوە کۆماری ئیسلامی نەبووە و نییە کە ماوەی نزیک بە بیست ساڵە هەموو سنوورەکانی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی بە دانانی پایەگای گەورە و بچووک تەنیوە و بە جۆرێک هەرێمی کوردستانی ئابلۆقە داوە کە هەر دەڵیی سەردەمی شەری ئێران _ عێڕاقە. یان وەک بڵێی خەڵکی کوردستان هەڵوێستی دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامی لە شەڕی نێوخۆیی ڕا بگرە هەتا پرسی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی لە باشووریان بیر چووبێتەوە! یان ئەو کاتەی ڕێژیمەکەی جەنابیان بە تەڕاتێن لە باشووری کوردستان ئەو بەشە لە نیشتمانی کوردانیان کردبووە قەتڵگەی خەباتگێرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە نەوەدەکاندا (دەیەی 70ی هەتاوی) سەدان چالاکیی سیاسیی کوردیان تێرۆر کرد و بەو کردەوە تێرۆریستییانە بە تەواوی ئەمنییەتی هەرێمی کوردستانیان خستبووە مەترسییەوە. هەروەها هەمووان و خەڵکی باشووری کوردستانیش پێچەوانەی ئیدیعاکانی جەنابی باڵوێز باش دەزانن کە هەر ئەو دەوڵەتە قانوونمەندەی جەنابیان چەندین جار سنووری  نێودەوڵەتیی خۆیان لەگەڵ ئەم وڵات و هەرێمە بەزاندووە و لە ڕێگەی ئاسمان و وشکاییەوە بە بۆمباران و مووشەکباران و هێنانی هێزی چەکدار بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات سەروەرییەکانی هەرێمی کوردستانیان پێشێل کردووە و زیانیان بە بەرژەوەندییەکانی دەسەڵات و خەڵکی ئەم هەرێمە گەیاندووە. جەنابی باڵوێزی کۆماری ئیسلامی کە وا ڕووهەڵماڵاوانە باس لە دۆستایەتیی دەوڵەتەکەی لەگەڵ حیزبەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکا، لە بیرخۆی بردووەتەوە کە چۆن دوای گشتپرسیی سەربەخۆیی لە هەرێمی کوردستان تەواوی سنوورە ئاسمانی و ویشکاییەکانی بە سەر هەریمی کوردستاندا داخست و بە تەواوی ئابلۆقەی ئابووری و سیاسیی خستە سەر ئەم هەریمە و، تەنانەت ئامادەکاریی بۆ هێرشی نیزامی و بەزاندنی سنوورەکان و داگیرکردنی خاکی هەرێمی کوردستانیش کردبوو...  ئەوانە و دەیان فەکتی دیکە بەڵگەن بۆ سەلماندنی ناڕاستیی قسەکانی جەنابی باڵوێز لەم دیمانەیە و لەم پێوەندییەدا. بەڵام ئەوەی لێرەدا مەبەستی ئەو نوسینەیە، زیاتر ڕوونکردنەوەی ئەم بابەتەیە کە جەنابی باڵوێز لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئۆپۆزیسیونی ڕێژیمەکەی، بەتایبەت حیزبی دێموکرات و مووشەکبارانی ئەم دواییانەی بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان خستیە بەرباس. لە پێشدا جەنابی باڵوێز خۆی لە وەڵامی ئەسڵی پرسیارەکە لادا کە لە مووشەکبارانی بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە شاری کۆیە لە باشووری کوردستان فڕۆکەی بێ فرۆکەوان لە کەرکووکەوە هیدایەت کراوە بۆ کارئاسانی ئەم مووشەکبارانە؛ بەڵام باڵوێز لە وەڵامدا لە ڕوانگەی ڕێژیمەکەیەوە پێناسەی ئۆپۆزیسون دەکا و دەڵێ ئەو لایەنانەی دەست بۆ چەک دەبن و بە دژی دەوڵەت ڕادەوستن ناتوانن ئۆپۆزیسون بن، بەڵکوو ئەوانە دەچنە خانەی حیزبەکانی ڕووخێنەر و ئەو بە کۆماری ئیسلامی قەبوول ناکرێ. لە حاڵێکدا ئەو باش دەزانێ کە هۆکاری ئەو هێرشانە تەنیا چەکهەڵگرتن و خەبات بۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی نییە و ئەوان بە گرتن و ئێعدامی بەردەوامی چالاکانی مەدەنی کە لە بوارە جۆراوجۆرەکانی کاری فەرهەنگی، هونەری، ژینگەپارێزیهەوڵی پاراستنی ڕەسەنایەتی کوردستان دەدەن، دڵڕەشی خۆیان لەگەڵ هەرکەس کە بۆ کورد کارێک بکا دەرخستوە. جگە لەوەش لێرەدا پێویست بوو ئەم پرسیارە لە جەنابی باڵوێز کرابا کە دەستبردنی حیزبی دێموکرات بۆ چەک لە بەرامبەر چیدا بووە؟ خۆ لە جێدا حیزبی دێموکراتی کوردستان دامەزران و تێکۆشانەکەی وەک حیزبێکی سیاسیی خەڵکی و مەدەنی بوو، بەڵام ئەوە ڕەوتی ڕووداوەکان بوو وایکرد بۆ پارێزگاری لە دەسکەوتەکانی لە بەرامبەر دوژمنکارییەکانی دەوڵەتی ناوەندیدا دەست بۆ چەک بەرێ. دوای ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتیش گەلی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستان چاوەڕوانی ڕۆژانی گەشیان دەکرد و ئومیدیان وابوو کە سەردەمی ئینکاری کورد تەواو بووە و کوردیش دەتوانی وەک هەموو گەلانی بەختەوەری سەر گۆی زەوی لە مافە سروشتی و سیاسییەکانی خۆی بەهرەمەند بێ، بەڵام جەنابی باڵوێز باش دەزانی و خۆی لە گیلی دەدا کە هۆی ئەوەی حیزبی دیموکرات و حیزبەکانی دیکەی کوردستان دەست بۆ چەک ببەن کۆماری ئیسلامی لە تەواویەتی خۆیدا بوو و، لە نێو دامودەزگای کۆماری ئیسلامیشدا کەسانی وەک ئەم جەنابە کە ئیستا وەک دیپڵۆماتکار خۆی دەر دەخا کاریگەری ڕاستەوخۆیان بووە لە سەر ئەوەی کە حیزبەکانی کوردستان بۆ بەرگری لە خۆیان و خەڵکەکەیان تاو بدەنە چەک. فەرمانی جیهاد خومەینی لە ٢٨گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨ باشترین بەڵگەیە بۆ دژایەتیی و دوژمنایەتیی  دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ سەرجەم داوا ڕەواکانی گەڵی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. دەبوا باڵوێزی کۆماری ئیسلامی لە خۆی پرسیبا کە ئاخۆ ئێستاش دوای چل ساڵ لە سەرکوتی گەلی کوردستان و شەڕفرۆشتن بە حیزبی دیموکرات و حیزبەکانی دیکەی کوردستان دەسکەوتی کۆماری ئیسلامی چ بووە و توانیویەتی پێگەی خۆی لە کوردستان قایم بکا و پێگەی حیزبەکان و جووڵانەوەی کوردستان کە بۆ وەدستهێنانی مافەکانی خەبات دەکەن لاواز بکا؟ و ئایا بە مووشەکباران کردنی بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان توانیویەتی وەری خەباتگیرانی دێموکرات لاواز بکا؟ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە پێویست بە خۆ ماندووکردن ناکا تەنیا ئەوەند بەس بوو لە جەنابی باڵوێز پرسیار بکری ئەی چۆن دەروانێتە مانگرتنی سەرانسەریی خەڵکی کوردستان لە 21ی خەرمانان کە وەک کاردانەوە بە  مووشەکبارانی بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان و لە سێدارەدانی سێ چالاکی مەدەنی لە کوردستان وەڕێ خرا؟ ئەگەر لەگەڵ خۆمان بە ئینساف بین دەبینین دوای چل ساڵ داسپاندنی شەڕ و سەرکوتی بێبەزەییانەی خەڵک و ئیعدامی لاوانی کوردستان، ئەو مانگرتنە وەک ڕێفراندۆمێک بوو لە نیوان پێگەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پێگەی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان و؛ ئەوەی لێی ڕووسوور هاتە دەرێ حیزبەکانی گۆڕەپانی خەبات بە دژی کۆماری ئیسلامی بوون و دۆڕواوەکەش ڕێژیمەکەی جەنابیان بوو. خاڵیکی دیکە کە لەو وتوێژەدا پێویستە سیرنجی پێ بدرێ خۆشحاڵیی جەنابی باڵوێزە لەوە کە دوای هەڵبژاردنی ئەو دواییانەی هەرێمی کوردستان پارلمانی ئەو هەریمە هەمە ڕەنگ و هەمە دەنگە و هەموو حیزبەکانی کوردستانی عێڕاق و پێکهاتەکانی ئەو هەرێمە نوێنەریان هەیە و ئەوە دەتوانی یارمەتیدەر بێ بۆ پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان لە بواری سیاسیی وئابووریدا. بەڵام ئاغای باڵوێز کە ئەوەندە ڕازی و خوشحاڵە لەو شێوە هەڵبژاردنەی پارلمانی هەریمی کوردستان، ئەدی بۆ ماوەی چل ساڵە ئیزن نادەن هەڵبژاردنێکی ئازاد لە ئێرانەکەی خۆیاندا بکرێ تا ئەم پێشکەوتنەش بە نەسیب وڵاتەکەی خۆیشیان بێ؟ لێ جەنابی باڵوێز ئەو ڕاستییە دەزانی کە هۆکاری ئەمەی تەرکیبی پارلمانی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە ڕێک خراوە سیستمی دیموکراسییە کە بە هەموو کەموکورتییەکەی لە ماوەی دامەزرانی هەرێمی کوردستانەوە لەو هەریمە پێڕەو کراوە، بەڵام  ئەمە لە ئێرانی سەرتاپا نادێموکراتیک بە قانوونی بنەڕەتیی ئەم ڕێژیمە نایەتە دی؛ هەر بۆیە ئەم قسانەی جەنابی باڵوێز تەنیا ڕووکەشێکە و دەرخەری ڕووی ڕاستەقینەی ناوبراو و نیازی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی نین دەرحەق بە دەسەڵاتی هەریم و خەڵکی کوردستان. لە کۆتاییدا پێویستە پێ لەسەر ئەوە دابگرینەوە ئەوی بوو بە هۆکاری ئەوەی کە حیزبەکانی کوردستان بەگشتی و حیزبی دیموکرات بەتایبەتی دەست بۆ چەک بەرن، نیزامی سیاسی، قانوون و سیاسەتە دوژمنکارانی کۆماری ئیسلامی بووە دەرحە‌ق بە خەڵکی کوردستان و ئەو حیزبانە، و ئەوەی نەیهێشتووە نانێکی ئاسوودە لە گەرووی خەلکی کوردستان بڕواتە خوارێ هەر کۆماری ئیسلامی بووە؛ بەڵام بە خاترجەمی دەتوانین بڵێین کە دواڕۆژی گەش و سەرکەوتوانە ئی جووڵانەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستانە وشکان و نەمانیش ئی کۆماری ئیسلامییە.