کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامبوون لە بەئەمنیەتیکردنی داخوازییەکانی خەڵک

17:07 - 1 سەرماوەز 2718

هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان دژ بە نیزامی دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی ئێران و گوێنەدانی بەرپرسانی دەوڵەتی و حکوومەتی بە داواکاریی چین و تویژە جۆراوجۆرەکانی خەڵکی وڵات، دەزگا ئەمنیەتییەکانی ئەم ڕێژیمە دەستیان داوەتە گرتن و ڕاوەدوونانی چالاکان و جیابیران. لە ماوەی تەنیا ١٥ ڕۆژی ڕابردوودا کە شەپۆلێکی دی لە ناڕەزایەتییەکان لە نێو چین و توێژە جیاوازەکاندا لە ئێران دەستی پێکردۆتەوە و ئەگەری زیاتر پەرەسەندنیشی هەیە، لایەنی دەسەڵات هەمدیسان بەجێی گوێگرتن لە ویست و داواکارییەکانی خەڵک و هەوڵدان بۆ چارەسەریی کێشەکان لە ڕێگای وەدیهێنانی ویستی خەڵک، بە دەخاڵەتی هێزە سەرکوتکەرەکان و دەزگا ئەمنیەتییەکان، لە شەپۆلێکی نوێی سەرکوتدا بە دەیان کەس لە چالاکان، نوێنەرانی خەڵکی ناڕازی و جیابیرانیان دەستبەسەر کردووە و، ڕاپێچی بەندیخانەکانیان کردوون. ناڕەزایەتییە بەرینەکانی کرێکارانی حەوتتەپەی نەیشەکەری خوزستان و مانگرتنی بەربڵاوی مامۆستایانی قوتابخانەکان لە زۆرێک لە شارەکانی ئێران و کوردستان، کە ویستەکانیان ڕەوا و بەرحەقن، تا ئێستا جیا لە هاشاول بۆ بردنیان، بریندارکردن و دەستبەسەرکردنیان هیچ وڵامێکی شیاوی لە لایەن دەسەڵاتەوە وەرنەگرتووەتەوە. کرێکارانی نەیشەکەری حەوتتەپە کە بە شێوەیەکی تەواو مەدەنی و ئاشتیخوازانە و لە خۆنیشاندانێکی هێمنانەدا و بە دیاریکردنی نوێنەرانی خۆیان بۆ تەرحی داواکارییەکانیان، دژ بە دەستحەقی وەدواکەوتوویان و نیزامی بەڕێوەبەریی ئەم شیرکەتە کە وەک خۆیان باسی دەکەن بە شێوەیەکی زۆر لاواز و ناشارەزایانە بەڕێوە دەچێت، هەڵوێستیان گرتووە. کەچی نەتەنیا بەرپرسێکی دەوڵەتی و ئیداری گوێی لێ ڕانەگرتوون، هێزی دژە شۆرشیان کردوونە سەر و بە باتۆم و گازی فرمێسکڕێژ هێرشیان کراوەتە سەر و نوێنەرانیان قۆڵبەست و بۆ لێپێچینەوە ڕەوانەی گرتووخانەکان کراون. مامۆستایانی ناڕازیی بە مووچەی دواکەوتووی چەند مانگەیان و نیزامی ئامووزشیی سەقەت و پێڕانەگەیشتن بە بارودۆخی قوتابخانەکان، کە لە حەرەکەتێکی مەدەنی و شارستانیانەدا مانیان گرت و بۆ ماوەی تەنیا دوو رۆژ خۆیان لە چوونەسەر کلاس بوارد، بە توندی بەرخورد لە گەڵ نوێنەرانیان کرا و چەند کەسێکیان لێ دەستبەسەر کراوە. لەم پێوەندییاندا دەوڵەت وەک هەمیشە دەریخست کە چەندە بێدەسەڵات و نامەسئولە و لە وەخی و ساتی ئاوادا ئەوەی لە بیری نامێنێ ئەرک و دەروەستی و بەڵێنەکانیەتی. لە بۆشایی وڵامدەربوونی دەوڵەت و وەزارەتە پێوەندیدارەکانی کار و پەروەردەدا، ناوەندە سەرکوتکەر و ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم هاتوونە دەنگ و بە توندترین شێوە بەرانبەر بەم ناڕەزایەتییانە وەک هەمیشە رێکاری سەرکوتکارانەیان گرتۆتە بەر. لێدان و بێڕێزیکردن بە کرێکارانی حەوتتەپەی خۆزستان، هەڕەشە و گوڕەشە لە کرێکارانی ناڕازی، گرتن و بێ سەروشوێنکردنی نوێنەرانی شووڕا کرێکارییەکان تا ئێستا تەنیا جوابگەلێک بوون کە بەرانبەر بە ویستە ڕەواکانی ئەم توێژە زەحمەتکێشەی کۆمەڵگا گیراوەتە بەر. ئێستا کە ناوەندە ئەمنییەتییەکان ئەرکی دامرکانەوەی ئەم ناڕەزایەتییانەیان گرتووتە دەست، هەوڵ دەدەن نێوەرۆکی حەرەکەتە ناڕەزایەتییەکان و فۆڕمی ئەم ناڕەزایەتیانە بەلارێدا بەرن. ئەوان بە پێچەوانەی مەدەنیبوونی فۆرمی نارەزایەتییەکان، بە خزاندنی کەسانی سەر بە خۆیان لەو چەند ڕۆژەدا بۆ نێو ڕێزی خۆپیشاندەران، هەوڵیان داوە شکڵی ئەم ناڕەزایەتییانە بگۆڕن بۆ هەڵوێستی توندوتیژ بۆ ئەوەی بیانووی سەرکوتی زیاتری کرێکارانیان دەست بکەوێ. تەنانەت وەک کرێکارانی ناڕازی خۆیان باسی دەکەن لەو چەند ڕۆژەدا دەستوپێوەندەکانی دەزگای ئەمنیەتیی رێژیم کە بۆ ئەوان ناسراون، هەوڵیان داوە بە مەترەحکردنی داواکاری و دانی درووشمی جێی گومان کە لە ویست و داخوازیی کرێکارانەوە دوورە، نێوەرۆکی داواکارییەکانی ئەوان بەلارێدا بەرن. هەر بۆ ئەم مەبەستە پیلانگێڕییە، وەک بەشێک لە گیراوانی کرێکاری باسیان کردوە، ناوەندە ئەمنییەتییەکان ویستوویانە لە ژێر هەڕەشە و گوڕەشە و ئەشکەنجەدا، ناچاریان بکەن کە بەپێچەوانەی ئیرادەی خۆیان دان بە هێندێک شتدا بنێن کە پێی تۆمەتبار بە دەستێوەردانی دەستوپێوەندی دەرەکی بکرێن. هەر لە پێوەندی لەگەڵ گرتن و ڕاوەدوونانی چالاکان و جیابیراندا، لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا لە کوردستان شەپۆلێکی دیکە لە گرتنی چالاکانی سیاسی، مەدەنی و فەرهەنگی دەستی پێکردوە کە دەری دەخا دەسەڵات لە دۆخی ئێستای خۆی ترسی ڕێ نیشتووە و بەم جۆرە دەیهەوێ وەک سیاسەتی کۆنی هەمیشەیی خۆی خەڵک چاوترسێن بکا. بەڵام بەخۆشییەوە ئاستی وشیاریی خەڵک و بەرینبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان و بێئاکامبوونی سیاسەتی سەرکوت و تۆقاندنی رێژیم، چیدیکە ناتوانێ پێش بە ڕەوتی خێرای گۆڕانکارییەکان لەم وڵاتەدا بگرێ و داهاتوویەکی گەش چاوەڕوانی خەڵکی ئێران بە هەموو پێکهاتە و چین و توێژەکانییەوە دەکا. ئامارە ڕەسمییەکان دەڵێن یەک لە سێی خەڵکی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریی موتڵەقدا دەژین و نیزیک سەتا دەی خەڵکی وڵات لەژێر "هێڵی برسێتی"دا جێ دەگرن، کاربەدەستانیش نایشارنەوە کە نیزیک بە دوو میلیون کەس لە ئێران توانای دابینکردنی ژەمە خواردنەکانی ڕۆژانەیشیان نییە و حکومەتیش تەنیا بە توندوتیژی وەڵامی ئەم داخوازانەو دەداتەوە. لەو نێوەدا زۆربەی کۆمەڵناسان ڕایان وایە خەڵک چەندی هەژارتر بن ئەوەندە زیاتر لە جیاتی ئەوەی لە ڕێگای دێموکراتیکەوە بەدوای ماف و داواکانیانەوە بچن، مەیلی سەربزێوی و سەرهەڵدان پاڵیان پێوە دەنێ و بەرەو ڕووخاندنی حوکمەت هەنگاو دەنێن. ***