کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چیرۆکی حەماسەخوڵقێنیی پێشمەرگەکانی دەڤەری شیمالی کوردستان

17:14 - 1 سەرماوەز 2718

لە هەموو شۆڕشێک و بە تایبەتی شۆڕشی کورد و بە تایبەتیتر خەبات و بەرخودانی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دژی کۆنەپەرستی و زۆلـم و زۆرداران، دەیان و سەدان حەماسەی گەورە و چووکە و لەخۆبوردووییان لە ئاسمانی خەباتی ڕەوای گەلی کورددا وەک ئەستێرەیەکی پرشنگدار ماوەتەوە و مێژووی خەباتی گەلەکەمان بەو حەماسانەوە دەناسرێتەوە. لەو پێوەندییەدا حیزبی دێموکرات ڕێگایەکی دوورودرێژی بڕیوە. ئەگەر باسی خەبات و بەرگرییە چەکدارییەکەی بکەین ڕێگایەک بووە کە دوژمن بەسەریدا سەپاندوە و کە پڕ لە تەنگ و چەڵەمەش بووە، لە هەوراز و نشێو، لە شکست و سەرکەوتن، بەڵام لەو هەمووە کەند و لەندەدا هیچ هەلومەرجێکی سەخت و دژوار، تەنانەت هیچ سەردەمێکی ڕەش نەیتوانیوە بەر بە درێژەدانی خەباتی تێکۆشەرانی بگرێ و ئەوان لە هەموو هەلومەرجێکی ناسکدا توانییان ئاڵای خەبات هەر شەکاوە ڕابگرن. خۆی ئەو خەباتە نیشانەی بەرحەقبوونی ئامانجەکانی و ئازایەتیی ڕۆڵەکانیەتی. بە هاتنی هەر وەرزێک لاپەڕەیەکی زێڕین لە خەبات و تێکۆشانی هێزی پێشمەرگە دەنووسرایەوە. لاپەڕەیەک کە بە پانتایی و درێژایی کوردستان جێگای هیوا و هومێدی هەموو گەلانی ئێرانیش بوو. خەڵک و پێشمەرگە لە کوردستان وزە و توانای خۆیان یەک دەخست و بە گژ دوژمنی کورددا دەچوونەوە. سەرماوەز ساڵی ١٣٦٤ بوو، سەرماوەزێکی زۆر سارد و تووش نا، بەڵام لە ناوچەی شیمالی کوردستان بەهۆی کوێستانی بوونی ناوچە بارودۆخەکە جیاواز بوو. مانگ مانگی پێشمەرگە بوو، مانگێک کە پێشمەرگەی پێ ناودێر کرابوو. ڕۆژی ٥ی سەرماوەز بەفر زۆر جێگای کوردستانی سپی کردبوو. هێزەکانی کۆماری ئیسلامی کە لە دەرفەتێک دەگەڕان بتوانن زەبرێک لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بدەن، لەم ڕۆژەدا پەلاماریان بردە سەر گوندی «مسکێنی» لە ناوچەی شیمالی کوردستان بۆوەی خەڵکی ئەو گوندەش وەک زۆر لە گوندەکانی دیکەی کوردستان قەتڵوعام بکەن. هەواڵی هێرشی هێزی داگیرکهر بە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات لەو ناوچەیە گەیشت. هێزی پێشمەرگە لێ بڕان دەرسێکی باش بە هێزەکانی دوژمن بدەن و وەهایان بتاسێنن چیرۆکەکەی زاربەزار بڕوا و سینگ بە سینگ بگوازرێتەوە. هێزی پێشمەرگەی بەجەرگ و خاوەن ئەمەگی نیشتمان لەو مەڵبەندە، مەچەکی پیاوەتی وئازایەتییان لێ هەڵ کرد و چەکی دیفاع و مان و مەوجوودیەتی گەلەکەیان تاو داو بڕیاریان دا ڕێگای شەڕەف ببڕن و سەرکەوتنیان بە خوێن بکڕن. ئەوانە ڕۆڵەی تۆڵە و دهریای خرۆشانی ڕقوقین لە دوژمنان و خوێنمژان و دەستە بەری ئازادی نیشتمان بوون کە لە ماوەیەکی کەمدا لە شەڕێکی حەماسە خوڵقێندا توانیان گورهانی زەربەتی تیپی «جنداللە» لە دهوروبەری ئاوایی لە داو بخەن و زەبرێکی کاریگەر لە دوژمن بدەن. تێکۆشەرانی دێموکرات بەجۆرێک لە دوژمن ڕاسان کە مهجالی دەستکردنەوەیان لێ بڕین و هێزە کۆک و پۆشتەکەی جەماران لەبەرامبەر هێزی ئاوا قارەماندا جگە لە کونجی چارەڕەشی هیچ ڕێگایەکی دیکەیان بۆ خۆیان نەهێشتەوە. لەو حەماسەیەی هێزەکانی پێشمەرگەدا هەر هەموو گورهانەکە لەبەر یەک هەڵتەکا و ئاداری بەسەر پادارییەوە نەما. ئەوەی لای فەرماندەرانی پێشمەرگە گرینگ بوو ئەمە بوو کە لە مەیدانی شەڕدا بیر لە زۆر لایەنی ئەو شەڕە کرابۆوە کە یەکێک لەوانە کەمین نانەوە لە سەر ڕێگای هێزی یارمەتیدەری دوژمن بوو، هەر بۆیەش دوژمن کە بۆ پاکسازیی ئەو گوندە هاتبوو، هێزێکی تازە نەفەسی بەڕێی شوێنی لەداوکەوتووهکان کرد، کە ئەوانیش لە شوێنێکی دیکە کەوتنە کەمینی پێشمەرگەوە و ژمارەیەکی زۆریان لێ کوژران و بریندار بوون و ناچار بە شکان و پاشەکشە کران. ئەوەی لەو عەمەلیاتەدا جێگای باسە مەسەلەی غافڵگیری دوژمنە کە یەکێک لە ئەسەڵەکانی شەڕی پارتیزانییە و بەهۆی گۆڕینی گۆڕەپانەکانی شەڕ لە کوردستان لە شەڕی جیبهەییەوە بۆ شەڕی پارتیزانی، هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بە وردی هەنگاوی بەرەو ئەو تاکتیکە هەڵ دێناوە. دیارە ئەگەرچی هێزی پێشمەرگە ماوەیەکی دوورودرێژ بوو بەشەڕی جبهەیی ڕاهاتبوون، بەڵام ئەو ساڵە بە گۆڕینی ئەو تاکتیکە ئەزموونی باشیش دەست کەوت، لایەنێکی دیکەی ئەو عەمەلیاتە گرینگییەکەی لەوەدا بوو کە هەموو کارەکان وەک داڕشتنی گەڵاڵەی شەڕ و دابەشکردنی ئەرک و بەرپرسایەتییەکان و جێگیربوونیان لە شوێنەکان لە ماوەی نیو سەعاتدا جێبەجێ کرابوون و کاتێک دوژمن دەنگی تەقەی تفەنگی پێشمەرگەی بیست سەری سووڕ ما و بەتەواوی سەری لێ شێوا. خاڵی موسبەتی دیکەی ئەو عەمەلیاتە لەوەدا بوو کە هەموو بەشەکانی عەمەلیاتەکە، واتە تیمی کەمین، تیمی هێرش، تیمی کێشانەوەی بریندار، تیمی پشتیوانی، تیمی ئاوری توند، تیمی کۆکردنەوەی دەسکەوت و تیمی ڕاگواستنی دیل بەباشترین شێوە کارەکانیان بەوەخت ڕاپەڕاند. ئەویش لەحاڵێکدا کە تازە هێزی پێشمەرگە قۆناغێکی نوێی لەو جۆرە تاکتیکانەی شەڕدا دەست پێکردبوو، و ئەمە ئەزموونێکی زۆر باش و سەرکەوتوو بوو. بەرگی براوەی ئەو عەمەلیاتە بێجگە لەوانەی ئاماژەیان پێکرا، دوو مەسەلەی زۆر گرینگ بوون. یەکیان نەزم و دیسیپلین کە سەرکەوتنی بۆ هێزی پێشمەرگە مسۆگەر کرد. دووهەم نهێنی کاری و ئەسڵی غافڵگیریی دوژمن بوو، بۆیەش هێزەکانی ڕێژیم وەها تاسابوون کە توانای دەستکردنەوەیان نەبوو. هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوە کە قارەمانەکانی دێموکرات لاپەڕەیەکی دیکە لەسەرکەوتنەکانی خۆیان بۆ نەتەوەکەیان لە مێژوودا تۆمار کرد. لەم شەڕەدا کە ڕۆژی ٥ی سەرماوەز کرا و ماوەی 10 سەعاتی خایاند، زیاتر لە٨٠ کەس لە هێزەکانی ڕێژیم کوژران و بریندار بوون و چەندین کەسیشیان لێ بە دیل گیرا. هەروەها دەیان قەبزە چەکوچۆڵی جۆراوجۆری دوژمن بە دەسکەوت گیران، ئەوەش کە تاڵیی ئەو شکستەی بۆ دوژمن چەند قات کردبوو ئەوە بوو کە تاقە یەک پێشمەرگەش لەو شەڕەدا لووتی لە خوێن نەهاتبوو و هێزی پێشمەرگە لەنێو خۆشحاڵیی خەڵکدا، ساغ و سڵامەت و بە سروودی هێزی پێشمەرگە نابەزن لە مەیدانی شەڕ دوور کەوتبوونەوە.