کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی تاران لە نێوان شاتوشووت و شکستدا

17:24 - 1 سەرماوەز 2718

ڕێبەرانی باڵای ڕێژیمی تاران بەردەوام ئەو قسەیە چەند پاتە دەکەنەوە، کە گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریکا کاریگەرییان لەسەر ئابووریی ئێران نابێ و ئەوەی ئەمریکا دەیەوێ بەو گەمارۆیانە بیکات، پێشتر کردوویەتی. ڕێژیمی ئیسلامیی تاران لەوەتای هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکانی خۆی لەمەڕ تواناییەکانییەوە شاتوشووت دەکا و بەتایبەتیش تایبەتمەندیی شۆڕشگێڕانەی خۆی (کە بە ناوی هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامییەوە هەردەم بانگەشەی بۆ دەکا) دێنێتە گۆڕێ؛ بۆ ئەوەی زیانی چالاکییەکانی لە وڵاتانی ناوچەدا پەردەپۆش بکا. ئامانجی ڕێژیم لە بەکارهێنانی ئەو شێوازە ئەوەیە کە لە لایەکەوە کات بکوژێ و دەرفەتی دەربازبوون بدۆزێتەوە و لە لایەکی دیکەشەوە ئامانجی گەمارۆ ئابوورییەکان بەلاڕێدا ببا و مل بۆ ڕێکخستنی هەڵسوکەوتە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکانی لەگەڵ داوای کۆمەڵگەی جیهانی کەچ نەکا، چونکە سەرباری ئەو گوشارەی کە گەمارۆ ئابوورییەکان خستوویانەتە سەرشانی خەڵکی ئێران، کاربەدەستانی ڕێژیم هەرگیز بەو ئەنجامە نەگەیشتوون کە بچووکترین گۆڕان لە ڕەفتاری خۆیاندا پێک بێنن. دیارە ڕەفتاری ئەو ڕێژیمە پێوندییەکی نەپساوەی لەگەڵ چییەتی و ناسنامەکەی هەیە کە لەسەر بنەمای پێکهێنانی ئیمپراتۆریی شیعە و سڕینەوەی هەموو ئایین و ئایینزا و نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکان بنیات نراوە و ئەگەر کاریگەریی گەمارۆکانی ئەمجارەش نەگاتە تینی خەڵکی ئێران و ئەو ڕێژیمە لەنێو نەبەن، ئەوە ڕێژیم گوێی بە گەمارۆکان نابزوێ و هیچ گۆڕانێک لە ڕەفتاریدا پێک ناهێنێ. ڕێژیمی تاران بۆ ئەوەی کات بکوژێ و پارێزگاری لە ئامانج و ڕەفتارەکانی خۆی بکات، ئێستا ‹›ستراتیژیی ئارامگرتن››ی گرتووە پێش و بە تاکتیکی جۆربەجۆر دەیەوێ ئەو ستراتیژییە بەرەوپێش ببا، بۆیە لەم دواییانەدا جووڵەکانی سپای قودسی نهێنی کردووە، لە کاتێکدا کە ساڵێک لەمەوبەر قاسم سلێمانی وەک داشەهارەی دامە لە وڵاتانی ناوچەکەدا بەئاشکرا هاتوچۆی دەکرد. ئامانجی ڕێژیم لەم تاکتیکە لە چەند مانگی ڕابردوودا ئەوە بوو کە چاوەڕێی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران و سێنای ئەمریکا بوو، کە ئەگەر لە هەردوو پارلمانەکەی ئەمریکادا دێموکراتەکان سەرکەوتوو بوونایە، مومکین بوو ڕۆچنەی هیوایەک بۆ کەمبوونەوەی گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی تاران بۆ ئەو ڕێژیمە بەدی بهاتایە، بەڵام ئەو ئاواتەی ڕێژیم بەدی نەهات و زۆرینەی سێنا، کە کاریگەریی لەسەر سیاسەتی دەرەکیی ئەمریکا هەیە دیسان کەوتەوە دەست حیزبەکەی دۆناڵد ترامپ، کە بێگومان دەبێتە هۆی دژوارتربوونی گەمارۆکان و لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە ئاخۆ دیسان ڕێژیم دەتوانێ ددان بە خۆیدا بگرێ و بیر لە تاکتیكی دیکە بۆ تێپەڕاندنی کات بکاتەوە، یان گەمارۆکان بڕستی لێ دەبڕن. ئەویش لە کاتێکدا کە وەک نەخۆشێکی لەپێکەوتوو دەست بۆ هەر جێیەکی دەبا هاواری لێ هەڵدەستێ. چەند ڕۆژ لەوە پێش بوو کە لە کۆبوونەوەی ناساندنی حەسەن شەریعەتمەداری، وەک وەزیری نوێی کاری ئێراندا، وەزیری پێشوو، عەلی ڕەبیعی بە ئاماژە ڕایگەیاند کە سندووقەکانی خانەنشینیی ئێران مایەپووچ بوون و ڕێژیمی ئیسلامییان خستووەتە مەترسییەوە. ڕەبیعی هۆشداریی دا کە گرینگترین شۆڕشەکانی سەدەی ڕابردوو، لەوانە شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ لە ئەنجامی گۆڕانی جەماوەریدا ڕوویان داوە و ئێرانی ئێستاش ‹›لەگەڵ هەمان گۆڕان بەرەوڕوو بووەتەوە››، سەرباری ئەوەی کە ئێرانی ئێستا کۆمەڵێک کێشە و قەیرانی گەورەی وەکو هەژاری، بێکاری و مایەپووچیی سندووقەکانی خانەنشینیشی هاتووەتە سەرشان. هەر لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی دووشەممەدا جێگری یەکەمی سەرۆککۆمار، ئیسحاق جیهانگیریش هۆشداریی داوە کە دوو هۆکاری بێکاری و دابەزینی توانای کڕینی خەڵک، کە لە سۆنگەی گەمارۆکانەوە بەدی هاتوون، هەڕەشە لە ڕێژیمی ئیسلامی دەکەن. ئێستا ڕێژیمی تاران سەرگەردانە لە نێوان ئەو شتەدا کە دەیەوێ و ئەو شتەی کە بۆی دەلوێ. هەرچەند کاربەدەستانی ڕێژیم بە شاتوشووتە باوەکەی خۆیان ئیدیعا دەکەن کە گەمارۆکان کاریگەرییان لەسەر ئابووریی ئێران نابێ، بەڵام هەرکەسێک بەخێرایی چاوێک بە دۆخی ئابووریی ئێران لە ساڵانی ١٣٩١ و ١٣٩٢ی هەتاویدا بگێڕێت، کە گەمارۆکانی ئەوکات خەریکبوون گەرووی ئابووریی ئێرانیان ڕێک دەگوشی و گەیاندبوویانە ئاویلکە، کۆمەڵێک ئامار و ژمارەی دێتە بەرچاو، کە نەک سەرسووڕهێنەرن، بگرە بە شێوەی هێزەکی دەتوانن ئەمجارە زۆر گورچووبڕتر کاریگەری لەسەر ئابووریی ئێران دابنێن. ساڵانی ١٣٩١ و ٩٢ی هەتاوی گەشەی ئابووریی ئێران لە نێزیکەی سەرووی لەسەدا پێنجەوە (+5%) دابەزی بۆ ژێر لەسەدا حەوت (-7%). ئامارەکانی ئەوکات نیشان دەدەن کە سفرەی ئابووریی ئێران لە ماوەی دوو ساڵدا، کە گەمارۆکان لە لووتکەدا بوون، نێزیکەی لە سەدا نۆ (٩%) بچووک بووەوە. دیارە کە ئەوکاتیش ڕێبەرانی ڕێژیم حاشایان لە کاریگەریی گەمارۆکان دەکرد. هەر بەو ئاوڕدانەوە خێرایە بۆ سەر کاریگەریی گەمارۆکان لە ساڵانی ١٣٩١ و ٩٢ی هەتاویدا ڕەنگە بتوانین پێشبینی بکەین کە گەمارۆ تازەکان چی بەسەر ئابووریی ئێران دێنن. ئەمجارە دەبێ ئەوەش لەبەرچاو بگیرێ کە ئەو دەوڵەتەی ئێستا لە کۆشکی سپیدا فەرمانڕەوایی دەکا بۆ جێبەجێکردنی گەمارۆکان زۆر زۆر لە دەوڵەتی ئەمریکا لە ساڵانی ١٣٩١ و ٩٢ی هەتاویدا ڕژدتر و شێلگیرترە.