کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەرمانان و دوو ڕووداوی لەبیرنەکراو

17:30 - 1 سەرماوەز 2718

ڕۆژی ١٧ی خەرمانان بە هەموو تاڵی و سوێرییەکانی چووە نێو مێژووی حیزبی دێموکرات و گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لەو ڕۆژەدا کۆماری ئیسلامی هەم هێرشی کردە سەر قەڵا وەک مەکۆی پارێزگاری لە تێکۆشەرانی دێموکرات و هەم بە ئێعدامی چەند ڕۆڵەیەکی تێکۆشەری سیاسیی کورد ویستی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات چاوترسێن بکا. نەفسی ئەم کارە بێجگە لەوەی نیشانەی لێکگرێدراویی ئەو دوو بەستێنەیە، هەڵگری دوو پەیامیشە لەو پێوەندییەدا. یەکەم؛ ویستی بە حیزبی دێموکراتی کوردستان بڵێ کە چیدی تەحەممولی گوتاری سیاسی و تێکۆشانی ڕێکخراوەیی ناکا، و پێویستە سنوورێک بۆ هەڵسوکەوتی سیاسی و ڕێکخراوهیی ڕوو بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دابنێ. دوهەم؛ ویستی بە خەڵکی کوردستان و لاوانی کورد بڵێ کە ئەگەر وەدوای حیزبی دێموکراتی کوردستان کەون بەرەوڕووی ئەو مەترسییانەش دەبنەوە. ڕێژیم لە خۆڕا قەڵای دێموکراتی بە ئامانج نەگرت. ئەم قەڵایە ئەگەر لە لایهک بنکەی سەرەکی حیزبی دێموکراتی کوردستانە و حیزبی دێموکراتیش یەکێک لەو هێزانەیە کە گوتار و سیاسەت و پڕاکتیکەکەی لە نێو خەڵکدا زۆرترین پێشوازیی لێ دەکرێ، لەلایهکی دیکەوە ئەو قەڵایە سهمبولی خۆڕاگریی پارێزەرانی ڕۆژهەڵاتە. بۆیە ئەگەرچی ڕووی پەیامی کۆماری ئیسلامی دە قەڵایە، بەڵام لە ڕێگای قەڵاشەوە پەیامێکە بۆ هەموو لایهنەکانی نێو بزووتنەوەی کورد و گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. شەهیدبوونی ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆڵە هەڵکەوتووەکانی حیزب لەو هێرشەدا، بێجگە لەوهی کەلێنێکی ڕێبەری و مودیریەتییە بۆ حیزب، کەلێنێکی گەورەشە بۆ بنەماڵە سەربەرزەکانیان. هەرکام لەو شەهیدانە بەرهەمی سێ تا چوار دەیە تێکۆشانی هەمەلایەنە لە بەستێنی جۆراوجۆری خەباتی چەکداری، کاری مەیدانی و سیاسی و دیپلۆماسی و هەروها ڕێکخستن بوون. ئەو شەهیدانە لە ڕێژی ئەو تێکۆشەرانەدا بوون، کە بۆماوەی زیاتر لە دوو دەیە و نیو، ئەو کاتە کە بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات لە نێو ڕکوودێکی سیاسیدا بوو، بە پشوودرێژی لەو بەستەڵەک و بنبەستەدا، بە هیواداری بە داهاتوو بەرگەیان گرت و ئاڵای بەربەرەکانییان شەکاوە ڕاگرت. هەر ئەوانە بوون کە بەرگەی تیری لۆمەی یار و نەیاریان گرت، کە تەوس و توانجیان تێ دەگرتن و پێیان دەگوتن کە لە ‹›دەشتی کۆیە زەمینگیر بوون››؛بەڵام تەوس و توانجی هیچ لایهک کاری لەسەر ورەی پۆڵایین و پشوودرێژیان نەکرد، چونکە دهیانزانی کە لە کوێ ڕاوەستاون و چ ئاڵایهکیان بەدەستەوهیە. ئەوان و هاوڕێیهکانیان بە ئێسک و پێستەوە ئەوهیان دەرک کردبوو کە، بۆ ئەوەی دڵی حیزبی دێموکرات وەک هێزێکی کاریگەر لە جووڵانەوەی کورد، لە لێدان نەکەوێ و بە گەشاوهیی بمێنێتەوە، پێویستە ئەوان ژیانی خۆیان بکەنە قۆچی قوربانی. بۆیە هەرچەند خۆڕاگری و فیداکاری هەرکام لەو شەهیدانە و هاوڕێ زیندووهکانیان لە گۆڕەپانەکانی شەڕ دژی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستاندا، لاپەڕهیهکی زێڕینە لە ژیانی ئەوان و حیزبەکەیاندا، بەڵام لەوەش گرینگتر مانەوه و خۆڕاگرییە لە نێو قەڵای دێموکرات لە بیست و پێنج ساڵی ڕابردوودا. ئەو خۆڕاگری و پشوو درێژییە بە سەرنجدان بە باندۆری سیاسی، ئیتلاعاتی و سەربازی ڕێژیم لە نێوخۆ و دەرەوەدا، دەچێتە خانەی خۆڕاگرییهکی کەموێنە لە چەشنی خۆڕاگری قەڵای دمدمەوە. یەکێک لەو لاپەڕە زێڕینانەی دیکە کە بەدوای ئێعدامی لاوانی کورد و مووشەکبارانی قەڵای دێموکراتدا ڕووی دا، مانگرتنە گشتییەکەی ڕۆژی ٢١ی خەرمانانی گەلی کورد بوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەو مانگرتنە ئەگەرچی لەلایەن ناوەندی هێزەکانی کوردستانی ئێران بە ڕاوێژ دەگەڵ چالاکانی بوارە جۆراوجۆرەکان لەنێوخۆ بانگەشەی بۆ کرابوو، بەڵام قووڵایی سیاسەتی درووست و ئوسوولی حیزبی دێموکراتی له مهڕ خەباتی مەدەنی و جەماوەری دەرخست، کە نیزیکەی یەک دەیەیە بانگەشەی بۆ دەکا. حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر بنەڕەتی خوێندنەوهیهکی درووست لە بارودۆخی جووڵانەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات و، هەڵسەنگاندنی وەزعی نیزامی ڕێژیم، خەڵکی کوردستان و هێزەکانی ڕۆژهەڵات، بەو ئاکامە گەیشت کە دەگەڵ ئەوەی خەباتی پێشمەرگانە و لەوەش بەربڵاوتر خەباتی چەکداری بهرامبەر بەو ڕێژیمە کە لە هەموو شێوازەکانی سەرکوت کەلک وەردەگرێ ڕەوایە، بەڵام بەسەرنجدان بە گۆڕانی پارسەنگی هێزی سەربازی بە سوودی ڕێژیم، پێویستە لە پتانسێلەکانی دیکەی خەبات و تێکۆشان دژی ڕێژیم و بۆ بەدیهێنانی مافەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات کەلک وەرگیرێ. گرتنەبەری سیاسەتێکی ئەوتۆ پەیوەندی بە دوو فاکتۆری دیکەوە هەبوو، کە یەکیان سیاسەتی ڕۆژهەڵات تەوەری و ئەوی دیکەش وێژمانێکی نوێ لهبارهی شێوازی خەباتی سیاسی_مەدەنی بوو. دەگەڵ ئەوی ئەو دوو تەوەرە پێوەندییهکی سروشتی و دەکرێ بڵێین مەنتیقییان پێکەوە هەیە، بەڵام لە عەینی حاڵدا یەکیان بەستراوەتەوە بەوی دیکەوە. لەو هەلومەرجەدا بەتەنێ گوفتمانی خەباتی سیاسی_مەدەنی بە بێ دیاریکردنی چوارچێوهیهکی وەک ڕۆژهەڵات تەوەری زەحمەت بوو. چوونکە دەگەڵ ئەوەی ئەوشێوازە خەباتە پێش گوفتمانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەم و زۆر دەگۆڕێدا بوو. بەڵام هەم ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و هەم هێندێک لایەن خەریک بوون بەملاولادا بە لاڕێیدا ببەن. بۆیە وێژمانی ڕۆژهەڵات تەوەری لەلایهک خۆی کردە ساحەبی جووڵانەوەی مەدەنی_سیاسی کە لە حاڵی پەرەگرتندا بوو و، لەلایهکی دیکەوە نووکە ڕمبی ئەو شێوە خەباتەی لە نێوەخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بۆ دەرەوەی کوردستان گۆڕی و ڕووی پێ لە حاکمییەتی کۆماری ئیسلامی کرد. ڕەنگبێ ئەوە یەکێک لەو هۆکارانە بێ کە حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو چەند ساڵەدا بۆتە نووکی هێرشی کۆماری ئیسلامی. حیزبی دێموکراتی کوردستان بە دەرککردنی ئەو ڕاستێە کە ڕێژیم لەو چەند دەیەی ڕابردوودا، هەم لە نێوخۆی ئێران و هەم لە ئاستی ناوچەدا پەرەی ئەستاندبوو، و بە کردەوە هێزەکانی کوردی ڕۆژهەڵاتی لە بەستێنی خۆیان دوور خستۆتەوە، یان دەبوو تەسلیمی ئەو چارەنووسە بێ کە ڕێژیم بۆی هەڵبژاردووە و لە چوارچێوەی بازنەیهکی داخراودا بسووڕێتەوە، یان دەبوو ئەوچارەنووسە بگۆڕێ و بە سەر ئەو ئۆردووگایانەدا لە ڕووی فکرییەوە باز بدا و، سیاسەت بەرێتەوە نێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و دەور و نەقش بداتەوە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان. ئەوە بوو کە تاکتیکی کەلکوەرگرتن لە دەرفەتەکانی وەک تەوەری سەرەکی خەبات و تێکۆشان بۆ خەڵک دەستنیشان کرد، کە ئەو شێوازە بەکردەوە دەگەڵ هەلومەرجی خەباتەکە و ژیانی خەڵکەکە دەگونجا. بەو کارەش حیزبی دێموکرات هەنگاوێکی درووستی لە ڕێگایهکی درووست هەڵێناوە. ئەگەرچی بانگەشەی مانگرتنی گشتی لە لایەن ناوەندی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتەوە هاتە کایەوە، بەڵام بێگومان ئەو مانگرتنە بەبێ ژێرساختێک کە لە سەر شانی چالاکانی مەدەنی پێکهاتووە و هەروهها ئینتیمایهکی کە ئەو ژێرساختە لە ڕووی سیاسییەوە دژی ڕێژیم هەیبوو، نەدههاتە دی. ئەوە هەمان جووڵانەوهیە کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا حیزبی دێموکراتی کوردستاندا لە تەشویق و هاندانیدا دەوری هەبووە و زۆرجاریش لەسەری پیاوخراپ بووە. لە ڕاستیدا ڕۆژی ٢١ی خەرمانان دۆست و دوژمن چاوی بە هەستانەوەی گەلێک کەوت کە کوشتاری بەکۆمەڵ، ئێعدام و ئەشکەنجەی ڕۆڵەکانی و لێدانی سەری بزووتنەوەکەی، هێشتا لە پێی نەخستووە و بە بەژنی بریندار و شەڵاڵی خوێنەوە، خەریکە به گژی ڕکەبەرەکەیدا کە کۆماری ئیسلامییە دهچێتهوه. ئەوە وەک داستانی ئەو قارەمانەی مشتەکۆڵە دەچێ، کە دوای ئەوەی ١٢ ڕاند لە ژێر زەبری ڕکەبەرەکەی دایە، لە ڕاندی سێزدە لە حاڵێکدا ئارەقە و خوێن لە هەموو لەشی دەتکێ، بە هێزی بیروباوەڕ خۆ دەگرێتەوە و ڕووبەڕووی حەریفەکەی دەبێتەوە و بە سەریدا زاڵ دەبێ و شکستی دەدا.