کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چ بکرێ؟! (بەشی پێنجەم و کۆتایی)

21:13 - 13 سەرماوەز 2718

هێزی لەبڕاننەهاتووی بزووتنەوەی بێ‌پشتیوانی کورد لە ڕۆژ‌هەڵاتی کوردستان، خەڵکەکەیەتی. رۆڵی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە پشتیوانیکردنی بزووتنەوەی مافخوازانەی خۆیان کە حیزب و لایەنە سیاسییەکان رێبەرایەتیی دەکەن، هێندە بەرز و بەرچاوە کە شەهید دوکتور قاسملووی رێبەر وەک یەکێک لە سێ هۆکاری سەرکەوتنی دوارۆژ باس لێوە دەکات. دوکتور قاسملوو کە باس لە خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستان و ئایەندەی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی دەکات، هاوکات لە گەڵ ئاماژەدان بە رۆڵی بەرچاوی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و خوێندنەوە وهەڵوێستی درووست، پێی وایە "مادام ئەم بزووتنەوە پشتیوانیی هەراوی خەڵکی کوردستانی لەگەڵە، سەرکەوتنی مسۆگەرە". بۆیە لە ئێستای دۆخی خەباتی سیاسیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان‌دا، ڕۆڵی خەڵک لە رەفتاری رۆژانەیان بەرانبەر بە سیاسەتەکانی دەسەڵاتی زاڵ بەسەر کوردستانەوە بگرە تا پشتیوانییان لە هێزە سیاسییەکان جێی بایەخ و هەڵوێستە لەسەر کردنە. ئەگەر ٢٠ ساڵ پێش ئێستا خەڵک لە سۆنگە داکۆکیکردن لە مافەکانیان زیاتر چاویان لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان و حیزبە سیاسییەکان بوو، ئێستا و لە ماوەی ئەم دە بۆ پازدە ساڵەی ڕابردوودا بە تەواوەتی دۆخەکە گۆڕانێکی جەوهەری بەخۆوە بینیوە. خەڵک ئێستا ڕاستەوخۆ مەیدانداری دەکات و رۆژانە داکۆکی لە ماف و ئازادییەکانی خۆی دەکات و لە رێکخستنێ جەماوەریی بەربەرین‌دا دژ بە کردەوە و سیاسەت و پیلانەکانی دوژمن، رەفتار دەکات. لەم پێوەندییەدا کۆمەڵگای مەدەنی و گوتار و روانینی ئەمڕۆژیانەی بەشێک لە حیزبە سیاسییەکانی کورستان، رۆڵی سەرەکییان هەبووە و هەیە. بەرزبوونەوەی رۆژ لە گەڵ رۆژ زیاتری ئاستی هوشیاریی نەتەوەیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە خاوەنی پاشخانێکی دەوڵەمەندی سیاسی – نەتەوەیی وەک کۆماری کوردستان و حیزبی دێموکرات و مێژوویەک پڕ لە سەورەییە، توانیویەتی جۆرێک لە هەمگەرایی کۆمەڵایەتی چێ بکات کە پێویستە لە ڕوانگەی نەتەوەسازییەوە هەوڵی تەقوییەتکردنی بدرێ. پشتیوانیکردن لە کۆمەڵگەی مەدەنی و رێزگرتن لە چالاکانی نێوخۆی وڵات و پشت‌بەستن بە هێزی کۆمەڵانی خەڵک و هەروەها ڕەنگدانەوەیان لە روانین و سیاسەتی حیزبە سیاسییەکان‌دا دەتوانێ رێگایەک بێ بۆ ئەم بەهێزکردنە. بەڵام دیسانیش ئەوەی دەتوانێ مانا بە هێزی جەماوەر ببەخشێ و خەڵک بتوانێ ڕۆڵی خۆی لە بازنەی پرسە گەورەکەدا بگێڕێ، هەمدیسان یەکڕیزی و پێکەوەبوونە. بە سەرنجدان بەو جووڵە جەماوەرییانەی کە لە ماوەی لانیکەم دە ساڵی ڕابردوودا لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە بۆنەوەی جۆراوجۆرەوە روویانداوە، لە گەڵ ئەوەیکە گۆڕانێکی هەستپێکراوی دیار لە رەفتاری خەڵک‌ بە نیبسەت مەیل بە یەکگرتوویی و پێکەوە بوون خۆی نیشان داوە، بەڵام دیسانیش کۆمەڵێک کەمایەسیی دەبیندرێ کە پێت وایە ئەم یەکگرتوویی و یەکڕیزییە وەک ئەمرێکی پێویست و ژیاری بۆ خەڵک نەبۆتە باوەڕ. بۆیە لەم پێوەندییەدا کۆمەڵگەی مەدەنی ئەرکدارە بەوەیکە زیاتر لە هەمیشە خۆی بە ڕۆچوونە نێو تۆییەکانی کۆمەڵگەوە خەریک بکات و کار لە سەر ئەم زەروورەتە بکات. بۆ بەرجەستەکردنەوەی ئەم زەروورەتە، تێکۆشەران و چالاکانی نێوخۆی وڵات لە هەموو بوار و بەستێنەکان‌دا بێ ئەوەی بتوانن لەنێوخۆیان‌دا واز لە هێندێک وردە ناکۆکی و دڕدونگی بهێنن، ناتوانن ببنە ئولگوویەکی گونجاو کە سەرنجی کۆمەڵگە بۆ ڕەعایەتکردنی زەروورەتی یەکگرتوویی و، لە قۆناغی دواتردا باوەڕمەندبوون بەم زەروورەتە رابکێشن. قسەی کۆتایی: "یەکگرتوویی"، پێش ئەوەی کردەیەکی سیاسی بێت، بابەتێکی کۆمەڵایەتییە کە ڕیشەی لە رەفتار، باوەڕ و بەها کلتوورییەکانی میللەتێک‌دا هەیە. ئێمەی کورد کە زیاتر لە هەموو کەس خۆمان هەست بە دەردی نالێکبوون و نایەکگرتووی و نەحەوانەوە لە گەڵ یەکتر دەکەین، هەر ئەوەیکە ناتوانین ئەم کەماسییە بەم زووانە چارەسەر بکەین، نیشانەی ئەوەیە کە کارێکی ئاسان نیە. گۆڕینی بەها کۆمەڵایەتییەکان و کارکردن لە سەر بۆڵدکردنەوەی بەرژەوەندییە نیشتمانی و نەتەوەییەکانمان کە ئەرکی هەموو لایەکمانە، دەتوانێ لە گەیشتن بەم زەروورەتە کۆمەڵایەتی و سیاسییە نزیکمان بکاتەوە. ئەوەی لەم پێوەندییەدا گرینگە ئەوەیە کە وەک ئەرزشێکی ئەمڕۆیی ژیانی هەموو تاکێکمان سەیری ئەم زەروورەتە بکەین و لە هەموو بەشتێنێک‌دا؛ بنەماڵە، قوتابخانە، ناوەند و ئەنجوومەن، رێکخراو و حیزب و بە گشتی کۆمەڵگە‌، کاری بۆ بکەین.