کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی ھەیئەتێکی کۆمیتەی دەرەوەی وڵات لە کۆبوونەوەی کۆنگرەی نەتەویی کوردستاندا

23:11 - 25 سەرماوەز 2718

رۆژی ١٥ ی دیسامبر لە سەر بانگھێشتنی کۆنگرەی نەتەویی کوردستان ھەیئەتێکی کۆمیتەی دەرەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە پێکھاتبوو لە خالید حەسەنپوور ئەندامی رێبەری، سوڵتان گوڵاوی بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە ئاڵمان و محەمەد ئاقایاری ئەندامی لەمێژینەی حیزب لە شاری برۆکسێل بەشداریان لە کۆبوونەوەی کۆنگرەی نەتەویی کرد . شایانی باسە کە کۆبوونەوکە بۆ باس و ڕاوێژ لەسەر دیاریکردنی خەڵات بۆ سەری سێ سەرکردەی پێکاکا لەلاێەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێکھاتبوو . لەو کۆبوونەوەدا خالید حەسەنپوور وتارێکی پێشکەش بە بەشداران کرد کە دەگەڵ خۆشحاڵی بەشداران رووبەروو بوو . خالید حەسەنپوور لە قسەکانیدا وێڕای خۆشحاڵی لە بانگھێشت‌کردنی کۆنگرەی نەتەویی، باسی ئەوەی کرد کە ئەگەرچی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ پرسی خەڵات بۆ سەری ئەو سێ سەرکردەیەی پێکاکا راگەێندراوی فەرمی دەرنەکردوە، بەڵام لەسەر زاری بەرپرسانی خۆیەوە ئەوکارەی بە کارێکی نەخوازراو داوەتە قەڵەم و، مەحکوومی کردوە . لەدرێژەی قسەکانی‌دا خالید حەسەنپوور پێداگری کرد کە خەباتی گەلی کورد لە ھەموو بەشەکانیدا، لە پێناو دێموکراسی، پاراستنی مافی مرۆڤ و دیاریکردنی مافی چارەنووسی گەلی کوردە و، ئەو پرسە بنەڕتییانە ھیچ دژایەتێکیان دەگەڵ پرینسیپەکانی مافی مرۆڤ و دێـموکراسی نیە کە لە رۆژئاوا بەگشتی و کۆمەڵگای ئەمریکادا نەھادینە بوون . بۆیە حیزبی ئێمەو گەلی کورد چاوەڕوانییان لە گەورە ھێزێکی وەک ئەمریکا ھەیە، کە لەو وڵاتانەی کە کێشەی کوردیان تێدایە، ئەگەر ئەمریکا لە پێوەندی لە گەڵ پرینسیپە دێموکراتیکەکانی خۆی پشتگیری جووڵانەوەی کورد وەک گەڵێکی چەوساوەو ژێردەستە ناکا، لانیکەم لە بەرامبەر ویست و داخوازییەکانی ئەو گەلە ڕاوەنەستێ . لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا حەسەنپور باسی لەوە کرد کە گەلی کورد لە مێژووی خۆیدا نیشانی‌داوە کە دژی ھەموو چەشنە سەرەرۆییەکە، ھەر لە سەرەرۆیی مەزھەبیەوە بگرە ھەتا سەرەرۆیی قەومی .و لەو بارەوە خەباتی گەلی کورد لە ھەموو بەشەکانیدا خاوەنی پتانسێلێکی دێموکراتیکە، کە پشتیوانی لە خەباتی ئەو گەلە لە رۆژھەڵاتی ناوەراست، پشتیوانییە لە ڕەوتی دێموکراتیزەکردنی ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەراست . پێچەوانەکەشی ، ھەتا کێشەی کورد لەو ناوچەیە ڕێگا حەلێکی درووستی بۆ نەدۆزرێتەوە، ناوچەکە ڕووی ئارامیش بەخۆیەوە نابینێ و شەڕ و کێشە درێژەی دەبێ . لە کۆتایی‌دا خالید حەسەنپوور داوای لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کرد کە چاوێک بەو بڕیارەدا بخشێنێتەوە . شایانی باسە کە ھەیئەتی حیزب لەو کۆبوونەوەدا لەسەر پرسە جۆراوجۆرەکان بەشداریی چالاکانەیان ھەبوو .