کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

۷۳هەمین ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان وڵاتی دانمارک پیرۆز کرا

14:00 - 10 رێبەندان 2718

کۆمیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی دانمارک ڕێوڕەسمێکی بە شکۆی بۆ بەرز و پیرۆز ڕاگرتنی ٢ی ڕێبەندان، ۷۳هەمین ساڵەوەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان پێکهێنا . ئێوارەی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ۲٦ی ژانوییەی ۲۰۱۹ی زایینی بە مەبەستی بەرز ڕاگرتنی یادی ۷۳ ساڵەی کۆماری کوردستان ڕێوڕەسمێکی پڕ شکۆ بە بەشداری ڕادەیەکی زۆر لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و نوێنەر و ئەندامانی حیزب و لایەنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستانی لە دانمارک پێک هات . ڕێوڕەسمەکە کاتژمێر ۷ی ئێوارە لە لایەن بەرێوەبەری بەرنامە خاتوو سروە فەتاحی و بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یاد و ڕوحی شەهیدانی سورخەڵاتی حیزب و گەل دەستی پێکرد. پاشان پەیامی کۆمیتە حیزبی دیموکراتی کوردستان لە لایەن خالید ڕەواندووست بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی دانمارک خوێندرایەوە. لە پەیامی کۆمیتە دا وێڕای پیرۆزبایی ڕۆژی ۲ی ڕێبەندان ۷۳یەمین ساڵوەگەری کۆماری کوردستان، سپاس و بەخێرهاتنی بەشداران کرا و ئیشارە بە کۆمار و ڕووداوە چارەنووس سازەکەی ۲ی ڕێبەندان وەک نوقتە گۆڕانێکی گرینگ لە مێژووی کورد وکوردستان، کە وەبیر هینەرەوەی قۆناغێکی زێڕین و لێواولێو لە سەروەری بۆ نەتەوەی کوردن کرابوو. هاوکات تیشک خرابووە سەر کەسایەتی بێ وێنە و گرینگی پێشەوای نەمر قازی محەممەد وەک ڕێبەرێکی بڵیمەت کە لە ئاسمانی مێژووی خەباتی نەتەوایەتی بۆ ڕزگاری، لە ناو سیاسەتوانان و ڕێبەرانی بزوتنەوە وەک ئەستێریەکی پرشنگدار، درەوشاوەیە و ڕێبەڕێکی بە مانای واقیعی کاریزماتیک بوو، کە ئازایانە کۆماری کوردستانی لە سەر بنەمای بیری کوردستانی بوون و باوەڕمەندی بە دێموکڕاسی دامەزراند و بوو بە بنچینە و باوەڕێک کە دوای ۷۳ساڵ ئێستاش دەکرێ وەک هەوێنی یەکبوونی کورد و هێزە سیاسییەکان سەیری بکرێ . لە درێژەی وتارەکەدا هاتبوو کە هەرچەند تەمەنی کۆمار کورت بوو بەڵام کارنامەیەکی درەوشاوەی لە خزمەت کردنی خەڵک و بەرەو پێش بردنی خەباتی گەلەکەمان تۆمار کردووە و هاوکات سیاسەت و ڕوانگەی کۆماری کوردستان بەرامبەر دێموکڕاسی و خزمەت بە گەلان بێ جیاوازی نەتەوەیی، زمانی و ئایینی شایانی لێ فێربوونە و سەرچاوەیەکی باشی مێژوویین بۆ داهاتووی دەسەڵاتداری کوردی. لە بەشێکی دیکەی وتارەکەدا ئیشارە بە پێویستی یەکگرتوویی و یەکڕیزی خەڵک و هێزە سیاسێکان کرابوو و هەلومەرجی هەنووکەیی بە هەلومەرجێکی هەستیار بۆ ناوچەکە پێناسە کردبوو. بڕگەی کۆتایی ڕێوڕەسمەکە بە موزیک و گورانی هونەرمەندان شیروان عەبدوڵڵا و ئاوارە جوانمێری و ژەنیاری بە توانا ئادەم سەلاح و هەڵپەڕکێی بەشداران هەتا درەنگانی شەو درێژەی کێشا . جێی ئاماژەیە ئەو حیزب و لایەنانەی خوارەوە پەیام و برووسکەی پیرۆزباییان پێشکەش کرد. – پارتی دێموکڕاتی کوردستان ، لێژنەی ناوچەی دانمارک – پارتی دێموکڕاتی کوردستانی سوریە ، کۆمیتەی دانمارک – حیزبی شیوعی کوردستان – کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ، کۆمیتەی دانمارک – حیزبی سوسیالیستی کوردستان باکوور