کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کورد و چوار دەیە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی

23:35 - 16 رێبەندان 2718

گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە یەک سەدەی ڕابردوودا بەردەوام لە خەباتدا بووە بۆ گەیشتن بە ئازادی و مافە نەتەوەییەکانی. لە حەوت دەیەی ڕابردووشدا و بە دوای دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بە پێی بەرنامەیەکی دیاریکراو خەباتگێڕانی کورد شێلگیرانە خەباتیان کردووە و لە تێکۆشان ڕانەوەستاون. دامەزرانی کۆمار کە یەکێک لە شانازییە نەتەوەییەکانی کوردە، بەشداری لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵەکانی ٣١ و ٣٢ ، خەباتی چەکداریی ساڵانی ٤٦_٤٧ و خۆڕاگری لە بەرامبەر دەزگای پۆلیسی ساواکی شادا چەند نموونەیەکن لەو هەنگاوە بەرزە شۆڕشگێڕانەی تێکۆشەرانی دێموکرات و ئازادیخوازی کورد، بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان. ئاکامی ئەم دەورە لە خەبات هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانی خەڵکی ئێران لە دژی دەسەڵات ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی و ڕزگاربوونی خەڵکی کوردستان بوو لە چنگ ستەمی ئەو ڕێژیمە. چل ساڵ لەمەوبەر و بە دوای لە نێوچوونی دەسەڵاتی پاشایەتی خەڵکی ئێران بە گشتی و خەڵکی کوردستان بە تایبەتی کە لەپێناو وەدەستهێنانی ئازادیدا قوربانیی زۆریان دابوو، بەهومێد بوون کە بەری خەبات و چەند دەیە هەوڵ و تێکۆشانیان بچننەوە و لە سێبەری ئازادیدا بحەسێنەوە. حیزبی دێموکراتی کوردستان کە لە تەواوی ئەو ساڵانەدا لێبراوانە لە دژی رێژیمی شا خەباتی کردبوو و لەو پێناوەدا قوربانیی زۆری دابوو بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لە سەرکەوتنی شۆڕش کرد. حیزبی دێموکرات هەر زوو ڕایگەیاند کە... ل٢خەڵکی کوردستان بۆ وەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی خەباتی کردووە و دەرکەوت کە ڕێژیمی شا بە هەموو ئیمکاناتییەوە نەیتوانی ئەم خەڵکە مەجبوور بکا واز لە داخوازییەکانیان بێنن. هەر بۆیە باش وایە ڕێبەرانی شۆڕش لە ئیستادا پەیامی ئاشتیخوازانەی خەڵکی کوردستانیان لەبەرچاو بێ و وەک بەڵێنیان داوە مافەکانی خەڵکی کوردستان دەستەبەر بکەن. بەداخەوە لە یەکەم کاردانەوە بەرامبەر ئەم پەیامەی خەڵکی کوردستان و لە سەری ساڵی ١٣٥٨دا، بە پیلانی هاوبەشی ئاخوندەکان و پاشماوەکانی ئەرتەشی شا کە لە کوردستاندا تا ئەو کاتەش فەرماندەیی پادگانەکانیان دەکرد، لە پادگانی سنەوە ئەم شارەیان دایە بەر هێرشی تۆپخانە و بە پشتیوانی هێلیکۆپتر خەڵکی ئازادیخوازی ئەو شارەیان خەڵتانی خوێن کرد و نەورۆزی خوێناویی سنەیان بۆ چاوترسێن کردنی خەڵک خوڵقاند. ئەوان بەمەش نەوەستان و ئەوجا هەمان ئەو باندانە لە ورمێوە گەڵاڵەی تێکدانی میتینگی حیزبی دێموکرات و قەتڵوعامی کوردەکانی نێشتەجێی نەغەدەیان داڕشت و لە بانەمەڕی هەمان ساڵدا ئەم هێرشەیان جێبەجێ کرد کە بوو بە هۆی شەهیدبوونی دەیان کەس و ئاوارەبوونی هەزاران کەس لەو شارە. حیزبی دێموکراتی کوردستان کە بە دەرکی دروستی لە بیرکردنەوەی مەلا تازە بەدەسەڵات گەیشتووەکان هەبوو، مەترسیی هێرش و شەڕی لە کوردستان هەست پێکردبوو. هەر بۆیە لەگەڵ خۆ ئامادەکردن بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر پیلانێک لە دژی خەڵکی کوردستان، هەموو هەوڵی خۆی دا کە لە ڕێگەی ئاشتی و وتووێژەوە کێشەی کوردستان چارەسەر بکرێ. بەڵام بیری شەڕەنگێزانەی خومەینی و دارودەستەکی گەیشتە ئەو ئاستەی لە ٢٨ی گەلاوێژدا، خومەینی بڕیاری جیهادی لەدژی خەڵکی کوردستان ڕاگەیاند و لە پاوەی خۆڕاگرەوە پەلاماریان بۆ سەر کوردستان دەست پێکرد کە بە شەڕی سێ مانگە ناوبانگی دەرکرد و لەو سێ مانگەدا پاش شکانی یەک لە دوای یەکی هێرشەکانی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی و خەسارێکی زۆر، لە ٢٦ی خەزەڵوەردا و بە دوای پەیامی خومەینی بۆ ڕاوەستانی شەڕ و وەڵامی ئەرێنی حیزبی دێموکرات کۆتایی بەم دەورە لە شەڕ هات. حیزبی دێموکراتی کوردستان هەر ئەو کات بۆ جارێکی دیکەش لەسەر ڕێگەچارەی ئاشتیخوازانە و وتووێژ بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک کە مافی خەڵکی کوردستان دابین بکا، پێداگری کرد. بەم جۆرە هاتوچۆی نوێنەرانی دەوڵەت بۆ کوردستان و دانیشتن لەگەڵ هەیئەتی نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستان دەستی پێکرد. سەرەتا گەڵاڵەیەکی ٢٦ مادەیی ئامادە کرا کە دواتر لە درێژەی کاری هەیئەتی نوێنەرایەتیدا لەگەل هەیئەتی دەوڵەت خرایە بەر باس. بەداخەوە هاوڕانەبوونی لایەنەکانی دیکەی بەشدار لە هەیئەتدا لەگەڵ حیزبی دێموکرات و جیاوازیی ڕوانین لە چۆنیەتیی وتووێژ لەگەڵ دەسەڵات بیانووی دایە دەست دەوڵەت بۆ خۆ دزینەوە لە وتووێژەکان. حیزبی دێموکرات کە وەک هەمیشە بەرپرسانە دەیڕوانییە هەلومەرجەکە، دەیزانی کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە بەهانە دەگەڕێ بۆ دەسپێکردنەوەی پەلامارەکانی بۆ سەر کوردستان. بەڵام ئەوەیشی نەدەشاردەوە کە هەر ڕۆژێک شەڕ درەنگتر دەست پێبکا بە قازانجی خەڵکی کوردستانە. هەر بۆیە بۆ ئەوەی هەم دەرفەتی وتووێژ لەکیس نەچێ و هەم کاتی زیاتر بۆ خۆ ئامادەکردن لەگەڵ شەڕفرۆشییەکان ڕێژیم بەدەستەوە بێ، دوای هەڵبژاردنی بەنی سەدر بۆ سەرۆککۆماری لە دیداری هەیئەتێکی حیزب لەگەڵ ناوبراو، بە پێی تەوافوقی هەر دوولا گەڵاڵەیەکی شەش مادەیی بۆ وتووێژ خرایە بەر دەستی بەنی سەدر، سەرۆک کۆماری کاتی ئێران. ئەوەش بڵێین کە ئەوەندەی لەلایەن حیزبەکانی دیکەوە سیاسەتەکانی حیزب بە «فورسەت تەڵەبی» لەقاو دەدرا، زیاتر لەوە خەڵکی کوردستان کە خوازیاری جێبەجێبوونی داواکانیان لە ڕێگەی ئاشتییەوە بوون متمانەیان بە حیزبی دێموکراتی کوردستان هەبوو و پاڵپشتییان دەکرد. بەداخەوە وەک چاوەڕوان دەکرا بیری کۆنەپەرستیی زاڵ بەسەر دەسەڵاتی تازەدا، لەبەر ئەوەی لە بنەڕەتدا بیری لە ئازادی و مافەکانی خەڵک نەدەکردەوە، ڕێگەی درێژەدانی شەڕی لە کوردستان هەڵبژارد. شەڕێک کە ئەگەر بەپێی ئامارە تەواو نەکراوەکانیش لانیکەم لە دەوری دوو سەد هەزار چەکداری ڕێژیمی تێدا کوژرا و بە سەدان هەزار بریندار و دیلیشیان هەبوو، هەتا ئێستاش بە میلیتاریزە کردن و بڕەودان بە فەزای ئەمنییەتی، سێبەری شوومی بەسەر کوردستانەوە ماوە. بەو حاڵەش لەگەڵ ئەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستان شێلگیرانە لە بەربەرەکانێ بۆ پاراستنی کەرامەتی خەڵکی کوردستان و هەوڵدان بۆ وەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەییەکانیان لە خەبات بەردەوام بووە، هەمیشەش وەک پرێنسیپێک چاوی لە دیالۆگ و ڕێگەی چارەی ئاشتییانە کردووە. حیزبی دێموکرات هاوکات لەگەڵ خەباتی بەردەوام بۆ ڕووخاندنی ڕێژیمێک کە توانای وڵامدانەوەی بە دابینکردنی مافە ڕەواکانی خەڵک نییە کە ئەوەش بە دوور نابیندرێ، نەیشاردووەتەوە کە هەر کات دەرفەتی وتووێژیکی ئوسوولی و مەنتقی لەگەڵ دەسەڵات بێتە پێش، وەک یەکێک لە شێوازەکانی خەبات چاوی لێدەکا و بە مەبەستی دوورخستنەوەی مەترسییە بەردەوامەکانی سەر خەڵک و هەوڵدانێک بۆ گەیشتن بە ئامانجە لە مێژینەکانیان کەڵکی لێوەردەگرێ.