کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئنیستگرام لاپەڕەی فەرمی گەورە بەرپرسانی ڕێژیمی داخست

15:30 - 28 خاکەلێوه 2719

دوای ئەوەی کە دەوڵەتی ئەمریکا سپای پاسدارانی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی خستە نێو لیستی تێرۆرەوە، دوێنێ سێشەممە ٢٧ی خاکەلێوەی ١٣٩٨ی هەتاوی، تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستگرام لاپەڕەی فەرمی هەر یەک لە گەورە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و سپای پاسدارانی وەک عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، قاسم سلێمانی فەرماندەی سپای قودس و یەکێک لە تێرۆریستە ناودارەکانی ئێران و ناوچەکە، محەممەد باقری قالیباف ئەندامی کۆڕی گشتیی هەڵسەنگاندنی بەرژەوەندییەکانی نیزام، عیزەتوڵڵا زەرغامی بەرپرسی پێشووی تەلەفزیۆن و ئەندامی باڵای شۆڕای چاودێری بەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا کە یەکێک لە سانسۆرچیەکانی کۆماری ئیسلامی، سەعید قاسمی یەکێک لە فەرماندە پلە باڵاکانی سپای پاسداران و مووسا کەماڵی سەرۆکی ناوەندیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕیژیمی داخست. داخستنی لاپەڕەی شەخسی ئەو گەورە تێرۆریستانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرەتا و دەسپێکی گەمارۆکان و بە تێرۆریست ناساندنی ئەندامانی سپای پاسدارانە لە لایەن ناوەند و ڕێکخراو و دەوڵەتانی دیکەی جیهانەوە. ئێستا هەوڵێکی دیکە هەیە بۆ کۆکردنەوەی ئیمزا هەتا تەلەڤزیۆنی دەنگ و ڕەنگی ڕیژیم کە ماوەی چل ساڵە دەنگ و ڕەنگی ئازادیخوازن و گەلانی ئێران سانسۆر دەکا بخرێتە لیستی گەمارۆکانەوە. کۆمپانیای ئینستگرام وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، ڕایگەیاند کە هۆی داخستنی لاپەڕەی فەرمیی کاربەدەستانی ئێرانی دەگەڕیتەوە بۆ بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران لە لایەن دەوڵەتی ئەمریکاوە. داخستنی لاپەڕەی فەرمیی ئەندامانی سپا کاردانەوەی جۆراوجۆری بەدوای خۆیدا هێنا ولە مێدیاکانی جیهان بڵاو کرایەوە کە کۆمپانیای ئینستگرام بە تۆمەتی تێرۆریستی لاپەڕەکانی داخستوون. داخستنی لاپەڕەی کاربەدەستانی ڕێژیم بە تۆمەتی تێرۆریستی لەباری مەعنەوییەوە زەرەبەیەکی قوڕسە لە پەیکەری کۆماری ئیسلامی و گەورە تێرۆریستی جیهان عەلی خامنەیی ڕێبەری ئەو ڕێژیمەی کە ماوەی چل ساڵە دەیهەوێ بە کوشتن و سەرکوت و سێدارە دەنگ و ڕەنگی خەڵکی ئێران کپ بکا.