کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی مانگی سوور، سکاڵا لە سەر فەرماندەی پێشووی سپای پاسداران تۆمار دەکا

21:55 - 28 خاکەلێوه 2719

مانگی سووری کۆماری ئیسلامیی ئێران بەهۆی ترس لە گەمارۆ و گوشاری نێونەتەوەیی سکاڵای لەسەر سەعید قاسمی فەرماندەی پێشووی سپای پاسدارانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران تۆمار کرد. دوای ئەوەیکە دەوڵەتی تڕامپ سپای پاسدارانی خستە لیستی گرووپە تێرۆریستییەکانی وەک داعش و ئەلقاعیدە، سەعید قاسمی بەرپرسی پێشووی سپای پاسداران لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ڕایگەیاند کە لە سەردەمی شەڕی بۆسنی و هێرزگوین لە ساڵەکانی ١٩٩٢ تا ١٩٩٥ی زایینی، ئێمە لە بەرگی خاچی سووردا ڕاهێنانمان بە گرووپە جیهادییەکانی ئەو وڵاتە کردووە و هەروەها هەر لەوێ هاوکاری گرووپی ئەلقاعیدەشمان کردووە. شەڕی بۆسنی و هێرزگوین لەنێوان موسڵمان و سربییەکاندا، بوو بەهۆی کوژران و بێسەروشوێن بوونی ٩٨ هەزار کەس و ماوەی ٤٤ مانگ درێژەی هەبوو و گەلێک جینایەتی گەورەی تێدا ئەنجامدرا. ئەو کات ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی ئەو وڵاتە لە بەرگی هاوکاریی ئینساندۆستانەدا و بە نێوی مانگی سووری ئێرانی چوونە ئەو وڵاتە. عەلی خامنەیی ئەو کات ئەحمەد جەننەتی وەک نوێنەری خۆی بۆ کاروباری بۆسنی دیاریکرد. دیارە هەر وەک گەورە کاربەدەستی ڕێژیم سەعید قاسمی ئاماژەی پێداوە، لەبەرگی مانگی سووردا ڕاهێنانیان بە گرووپە جیهادییەکان کردووە و بە مەبەستی کاری مرۆڤدۆستانە نەچوونە ئەو وڵاتە. چەند سەرچاوەیەکی نێوخۆیی ئێران ئەوەیان پشتڕاستکردەوە کە بەشداریی سپای قودس لە بەرگی مانگی سووری ئێرانیدا هەر ئەو کات بوو بە هۆی ناڕەزایەتی وڵاتانی ئورووپایی. دوای بڵاوبوونەوەی چاوپێکەوتنی سەعید قاسمی، کاربەدەستانی ڕێژیم ترسیان لێنیشت و بەپەلە بەنێوی مانگی سووری ئێرانییەوە ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و بۆ چەواشەکردنی بیروڕای گشتیی نیوخۆیی و جیهانی پابەند بوونی ئەو ناوەندەیان بە یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە پشتڕاستکردەوە و ڕایانگەیاند کە سکاڵای یاسایی لەسەر ناوبراو تۆمار دەکەین. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە کە ناوبراو بێ پرس و ڕای ئێمە باسی لە ڕووداوەکانی ئەو کات کردووە و ئەگەر پرس و ڕاشی کردبا، بە دڵنیاییەوە ڕێگەمان پێنەدەدا کە ئەو لێدوانە بدا. بەپێی بەندەکانی کۆنوانسیۆنی ژنێڤ مانگی سوور یا خاچی سوور لە شەڕەکاندا بێ لایەنە و ئەرکی ئەو ناوەند پشتیوانی لە ئینسانییەت و هاوکاریی خەڵکی بێدیفاعە.