کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دژکردەوەی سپای پاسداران لەسەر قسەکانی سەعید قاسمی

21:51 - 29 خاکەلێوه 2719

سەعید قاسمی یەکێک لە فەرماندەرانی پێشووی سپای پاسداران لە چاوپیکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ڕایگەیاند کە کاتی خۆی لە ژێر ناوی "مانگی سوور" ڕاهێنانیان بە گرووپە جیهادییەکانی بۆسنی کردووە. دوابەدوای قسەکانی ئەو فەرماندەیەی سپای پاسداران کە لە تەلەڤزیۆنی ڕەسمی ئێران بڵاوبۆوە، کاربەدەستانی ڕێژیم ترسیان لێنیشت و مانگی سووری ئێران بەپەلە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتبوو کە قسەکانی سەعید قاسمی دوورن لە ڕاستی و کاری ئێمە کارێکی ئینسانییە و پێوەندی بە کاری سەربازی و چەکدارییەوە نییە. دوای ڕاگەیەندراوەکەی مانگی سووری ئێران، دوێنی چوارشەممە ٢٨ی خاکەلێوەی ١٣٩٨ی هەتاویی، ڕەمەزان شەریف وتەبێژی سپای پاسداران ڕایگەیاند کە قسەکانی سەعید قاسمی هیچ ئێعتبارێکیان نییە و سپای پاسداران قسەکانی ناوبراو ڕەتدەکاتەوە. سەعید قاسمی کە کاتی خۆی لە بەرگی کاری ئینساندۆستانەدا مەئمووریەتی ڕاهێنانی گرووپە جیهادییەکانی پێسپێردراوە، دوای ماوەیەکی دوورودرێژ پەردە لەسەر ئەو پیلانەی ڕیژیم هەڵدەداتەوە. دانپێدانانی پیلانێکی دژە ئینسانی لەژیر ناوی کاری ئینساندۆستانە و لە ژێر چەتری ڕێکخراوێکی ناسراوی جیهانی وەک مانگی سوور خۆی لەخۆیدا جێگەی باس و تێڕامانە، بەڵام لە ماوەی چل ساڵ لە تەمەنی کۆماری ئیسلامییدا ئەوە یەکەم جار نییە کە پەردە لە سەر کردەوە ئاژاوەگێڕییەکانی ئەو ڕێژیمە هەڵدەدرێتەوە. کۆماری ئیسلامی بە ناوی کاری خێرخوازانە و مرۆڤدۆستانە لە چەند وڵاتێکی وەک لوبنان، یەمەن، عیراق، سووریە، ئەفغانستان و چەند شوێنیکی دیکە بە پارەی خەڵکی ئێران دەیان گرووپی تێرۆریستی و جیهادی ڕاهێناوە و بۆ مەبەستە ئاژاوەگێڕییەکانی خۆی کەڵکی لێوەرگرتوون. لەم کاتەدا کە ڕێژیم گڕۆڵەی کەوتۆتە لێژی و کەوتۆتە ژێر باری قورسی گەمارۆ ئابوورییەکان و هەروەها هەر لەو چەند ڕۆژی دواییدا گەورەترین هێزی چەکداری ئەو ڕێژیمە کەوتە لیستی ڕەشی تێرۆرەوە و لەمەوبەدوا وەک ئەلقاعیدە و داعش مامەڵەی لەگەڵ دەکری، دانپێدانانی گەورە تیرۆریستێکی وەک سەعید قاسمی بە پیلانەکانی ڕێژیم، ئەویش لە ژێر ناوی مانگی سووردا، کاردانەوەی جۆراوجۆر بەدوای خۆیدا دێنی و ماهییەتی چەپەڵی ئەو ڕێژیمە زیاتر لە جاران بۆ بیروڕای گشتی ئاشکرا دەبێ.