کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئێسلامی و باسکە چەکدارەکەی

23:00 - 29 خاکەلێوه 2719

٤٠ ساڵ لە تەمەنی نگریسی ڕێژیمی سەدەکانی نێوەڕاست تێپەڕی، گەلانی چەوساوە و، بەگشتی هەموو خەڵکی ئێران ئاوات و ئارەزووی زۆریان هەبوو کە ڕێژیمی شا دەڕووخێ، ئەوە ژیان و گوزەرانیان باش دەبێ و، دادپەورەی و ئازادی دابین و سیستمی چەند حیزبی و دێموکراسی جێگە دەگرێ، بەڵام داخ و مخابن شۆڕشی گەلانی ئێران بە لاڕێدا چوو و ئاخوندەکان ئەوەی نەدەبوو بیکەن کردیان. لە سەرەتا ئەرتەشی ئێرانیان بۆیە بێهێز و بەتاڵ کرد، یەکەم لە ترسی کوودتا و دووهەم کە ڕۆڵی زۆر گرینگ بە سپا بدەن بۆ ئەوەی زۆر مەبەستی دیکەی پێ جێبەجێ بکەن. سپای پاسداران کاتێک دامەزرا، زۆری پێ نەچوو کە بەشێک لە تەناتەت گرووپە چەپە ئێرانییەکانیش پشتیوانییان لێکرد، سازمانی چریکی فیدایی بەشی ئەکسەریەت داوای کرد کە دەبێ سپای پاسداران بە چەکی قورس تەیار بکرێن. هەتا هات سپا خۆی زیاتر لە خومەینی و دواتر خامنەیی نیزیکتر کردووە، ئەم لێک نیزیکبوونەە دەرەنجامەکەی ئەوە بوو کە سپای پاسداران و خامنەیی بوونە هەمەکارەی ئێران، خامنەیی و سپا بوونە تەواوکەری یەکتر بەو مەبەستەی کە باشتر بتوانن درێژە بە جینایەتەکانیان بدەن و تەواو کەلكی خراپ لە هەموو بارێکەوە وەرگرن. سپا ئەمجار شاڕەگی ئابووریی وڵاتی بەدەستەوە گرت و سەدان قەراردادی ئابووری لەسەر دەستی ئەوان ئیمزا کرا. ئەوان نە هەر لە بواری نیزامی و سەرکوتکەری بوونە یەکەم، بەڵکوو لە باری ئابووریشەوە بوونە گەورە مافیای دەسەڵاتدار کە سەرۆکی وڵات بۆ هەموو شتێک پشتیوان و هاوکاریانە. جگە لە سەرکوتی خەڵکی ئێران و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان کە لە سەرەتای دامەزرانەوە دەستیان پێ کردبوو، سەدان تێرۆری گەورە و بچووکیان بە ئەرکی خۆیان بۆ پاراستنی دەسەڵات داناوە. سپای قودس کە بەشی دەرەکیی سپای پاسدارانە سەدان و هەزاران کردەوەی تێرۆریستی لە هەموو جیهان بە تایبەت لە ئورووپا و باشووری کوردستان و تورکیە، کردووە، کە بەداخی زۆر گرانەوە لە بەشی هەرە زۆریاندا سەرکەوتوو بووە و دیسان بەداخەوە قوربانییانی ئەم تێرۆرە پتر تێکۆشەرانی کورد بوون. تێرۆری ڕێبەرانی گەورەی دێموکرات دوکتور قاسملوو و شەڕەفکەندی و هاوڕێیانیان و سەدان کەسی دیکە لە ئۆپۆزیسیۆنی کورد و ئێرانی لە تێرۆر و جینایەتەکانی ڕێژیمی تێرۆریستیی ئێرانە کە بەداخی زۆرەوە، لە نێو کوردەکانیشدا گەورە قوربانیی تێرۆرەکان حیزبی دێموکراتی کوردستانە. هەر لە یەکەم ساڵەکانی بەدەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامییەوە، حیزبی دێموکرات هاوار دەکا کە کۆماری ئیسلامیی ئێران تێرۆریستە و دادگای میکۆنووسی ئاڵمان بە دەنگی بەرز گوتی گەورە دەسەڵاتدارانی ئێران لە پشتی تێرۆری میکۆنووسن بەڵام بەداخەوە زۆر درەنگ لە ٤٠ ساڵەی تەمەنی نگریسی ڕێژیمی تێرۆریستی بایکۆتی ئابووری کرا و؛ سپای پاسداران هاویشترا نێو لیستی تێرۆری ئەمریکاوە. سپای پاسداران نە هەر بە تێرۆری دژبەرانی کورد و ئێرانی، بەڵكوو ژومارەیەکی بەرچاو یەهوودی و ئەمریکاییان کوشت کە ژوماری ئەمریکاییەکان بەپێی ئەوەی کە دەوڵەتی ئەمریکا بلاوی کردۆتەوە ٦٠٢ کەسە. پشتیوانی لە ئاستی جیهانی لە تێرۆریستان و هەروەها پشتیوانیی تەواو لە گرووپە تێرۆریستییەکانی وەک حیزبوڵڵای لوبنان و حەماس و گرووپە توندئاژۆ و تێرۆریستییەکانی دیکەی ناوچە و، هەروەها حووسیی یەمەن کە لە هەموویان بۆ ترس و تۆقاندن و گەشەدان بە دەسەڵات و نفووزی هێزەکەی لە ناوچەدا کەلک وەر دەگرێ. بۆ نموونە حیزبوڵڵای لوبنان لە شەهیدکردنی دوکتور شەڕەفکەندی و هاوڕێیانی لە ئاڵمان، سپای پاسداران و حەشدی شەعبی لە داگیرکردنەوەی کەرکووک و سەرکوتی پێشمەرگەی کوردستان کەلکی تەواویان لێ وەرگرتووە. سپای پاسدارن بە ترساندن و کوشتوبڕ، گەشەی بە دەسەڵاتی خۆی لە نێوخۆی ئێران داوە و هەروەها لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش بە تێرۆر و دەستێوەردان، ڕێژەی ڕەخنەکردنی کۆماری ئیسلامی گەلێک زۆر کردووە، کە لە عێراق و سووریە ئەم ڕەخنەکردنە گەلێ بەرچاوە؛ تەنانەت هەتا ئەو ڕادەیەی کە ماوەیەک لەمەوبەر دەوڵەتی ئەمریکا کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە دەستێوەردان و حەولدان بۆ سازکردنی هێژمۆنی لە عێراق تۆمەتبار کرد. دەوڵەتی ئەمریکا پاش بایکۆتی ئابووریی کۆماری ئیسلامی هاتە سەر ئەو باوەڕە کە دەبێ باسکی نیزامی و مافیایی ئێران لە لیستەی تێرۆر بهاوێ و، هەموو کۆمپانیا و شیرکەتەکانی کە پێوەندی لەگەڵ سپای پاسداران درێژە بدەن ئەوە سەزا دەدرێن. بەو شێوە ڕێژیمی ئێران و مافیای ئەو وڵاتە واتە سپای پاسداران پتر فەلەج دەبێ و، لە ئەگەری ڕووخانی ڕێژیم بەدڵنیاییەوە دەبێ بگوترێ کە ئاستی تێرۆر لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگاتە ئاستی هەرە کەمی خۆی. وڵاتانی ئورووپایی کە پێشتر لەبەر بەرژوەندیی ئابووری و ترس و تۆقان لە ئەگەری ڕوودانی تێرۆری زیاتری تێرۆریستەکانی ئێران لەو وڵاتانەدا، هەتا ئێستا چاوپۆشییان کردووە و زۆر کات بێدەنگیان هەڵبژرادووە. ئەمجارە دەبێ ئەوانیش فشار بێنن و بە جۆرێک کە مافیای سپای پاسداران کۆتایی بە هەموو تێرۆرەکانی بینێ و، هەروەها ئورووپاییەکان پێویستە هاوکاری گەلانی ئێران بن هەتا کۆتایی بە شەڕ و کێشە و ئاژاوە بێ. ئەوان بۆ خۆیان دەزان ڕێژیمی تاددان تەیار بە چەک، پێویستە فشار و زەختی لەسەر بێ بۆوەی بڕووخێ و، ئەوانیش لەو بارەوە دەبێ پشتیوانی خەڵک بن هەتا نەک هەر کوردستان و ئێران بەڵکوو هەموو ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ڕووی ئاسایش وئارامی بە خۆیەوە ببینێ .