کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوەکان لە هەمبەر هێنانی گرووپ و میلیشیاکان بۆ ئێران

17:53 - 31 خاکەلێوه 2719

دوابەدوای لافاوەکانی ئێران کە ٢٣ پارێزگای وڵاتی گرتەوە و بە هۆی ئەو لافاوانەوە زیاتر لە ٧٨ کەس گیانیان لەدەستدا و زەرەر و زیانێکی زۆر وەبەر خەڵکی لافاولێدراو کەوت، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بیانووی هاوکاریی بۆ خەڵکی لێقەوماو چەند هێزێکی بێگانەی هێنایە نێو خاکی ئێرانەوە. هێنانی گرووپ و میلیشیاکانی بێگانە بۆ نێو خاکی ئێران کاردانەوەی جۆراوجۆری لێکەوتەوە. ئەو هێزانە لە گرووپی چەکداری سێ وڵاتی لوبنان، عێراق و ئەفغانستان پێکهاتوون و هەر سێ هێزەکە دەسکردی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامین لە ناوچەکەدا. بە فەرمانی ئەو ڕێژیمە گرووپە چەکدارەکان سیاسەتەکانی ئێران لە ناوچەکەدا پەرەپێدەدەن و لە زۆر شوێن بوونە هۆی سەرئێشە بۆ دەوڵەت و وڵاتەکانیان. لە سەرەتای هاتنی حەشدی شەعبی لە عێراقەوە، خەڵکی ئێران و بەتایبەت لافاولێدراوان بێزاری و ناڕەزایەتی خۆیان لە هەمبەر ئەو هێزە دەربڕی، بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران کە ڕێز لە سەروەری خاکی ئێران و بیروڕای خەڵک ناگرێ، دوابەدوای هێنانی حەشدی شەعبی، هێزەکانی فاتمیون و گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵلای لوبنانی هێنایە ناوچە لافاولێدراوەکان. کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند کە ئەو هێزانە بۆ بە هانەوە هاتنی لافاولێدراوان هاتوون، بەڵام بۆچوونێکی دیکە ئەوەیە کە ڕێژیم لە ترسی سەرهەڵدان و ناڕەزایەتی خەڵکی ئێران ئەو هێزانەی هێناوەتە ئێران ودەیهەوێ لە ڕێگای ئەوانەوە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک سەرکوت بکات. بێجگە لە ناڕەزایەتی خەڵک، دوو ئەندام پارلەمانی ئێرانیش ناڕەزایەتی خۆیان گەیاندە حکوومەت و لە دەرەوەی وڵاتیش ئازادیخوازان و دژبەرانی ڕێژیم ناڕەزایەتی خۆیان لە هێنانی ئەو هێزانە دەربڕی و چوار لایەنی سیاسیش بە دەرکردنی ڕاگەیەندراوێک هاتنی ئەو هێزانەیان مەحکووم کرد. بێجگە لەوانەش هەر بەپێی قانوونی بنەڕەتیی ئێران هیچ هێزێکی بێگانە ناتوانێ بنکەی لەنێو خاکی ئێراندا هەبێ. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران نەک ڕێز بۆ یاساکانی نێوخۆی ئێران و بیروڕای خەڵکی ئێران دانانی، بەڵکوو بە سیاسەتە ئاژاوەگێریی و تێرۆریستییەکانی خۆی ناو و ناوبانگی ئێران و خەڵکی ئێرانی بەخراپ زڕاندووە و هیچ ڕێزێک بۆ کەرامەتی تاکەکان و کۆمەڵگەی ئێران دانانێ. سیاسەتی هەڵە و هەوڵە تێکدەرەکانی بوونە هۆی ئەوەی کە خەڵکی ئێران باجی هەڵەکانی ئەو ڕێژیمە بدەن و بەهۆی گەمارۆکانەوە تووشی برسیەتی و نەبوونی و نەهامەتی بن. هێنانی ئەو گرووپ و میلیشیایانە ئەگەر بەپێی قسەی کاربەدەستانی ڕێژیم بۆ هاوکاری خەڵکی لافاولێدراویش بێ، ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە ئەو ڕێژیمە چەندە ناکارامە و بێ کفایەتە کە بەو هەموو هێزە ئینسانییەوە و بەو هێزە نیزامییە گەورەوە کە بە قسەی کاربەدەستانی ئێران لە بەرانبەر گەورەترین زلهێزی دنیادا ڕادەوەستن، ناتوانن بەفریای کۆمەڵێک خەڵکی لافاولێدراوەوە بچن و داوای هاوکاری و فریا کەوتن لە هیزێکی بەدناو و تێرۆریست و رێسوای وەک حیزبووڵڵای لوبنان دەکەن.