کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە حیزبی "بیت نهرین دێموکرات"

20:56 - 31 خاکەلێوه 2719

ڕۆژی ٢٩ی خاکەلێوەی ١٣٩٨ی هەتاوی هەیئەتیکی دەفتەری نۆینەرایەتی حیزب لە هەولێر بە سەرپەرستی بەڕیز خالید وەنەوشە سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی "بێت نهرین دێموکرات"ی لە عەنکاوە کرد کە لە لایان سکرتێری حیزبی ناوبراو، بەڕێز "ڕومیو هەکاری" پیشوازیان لێکرا. لەو دیدارە دۆستانەیەدا باس لە پێوەندی دوولایەن کرا و هەیئەتی حیزب سپاسی پێشوازیی بەڕێز "ڕومیو هەکاری" و ئەندامانی ڕێبەریی حیزبی بێت نەهرینی دێموکراتی کرد. لەو دیدارەدا بە تێروتەسەلی باسی دۆخی ناوچەکە و کوردستان کرا. کاک خالید باسێکی لە سەر دۆخی ژیانی خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سیاسەتەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد. بەشیکی باسەکەی تەرخانکرد بۆ دۆخی لافاولێدراوان و خەمساردی کۆماری ئیسلامی و بەهانەوەچوونی خەڵکی کوردستان بۆ لێقەوماوانی ئیلام و لوڕستان و ناوچەکانی دیکەی ئێران. لە بەشیکی دیکەی دیدارەکەدا باس لە گەمارۆکانی سەر ئێران، بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دۆخی نالەباری ژیانی خەڵکی ئێران کرا.